په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٦

ھەرێمی قەیران.

شێرزاد وڵاتدۆست     


دوای ٢٥ ساڵ لە حکومڕانی ، شکستھێنان و ئیفلاسبوون بوو بە بەشی دەسەڵاتداری حزبی و مافیایی لەم ھەرێمە ، دەسەڵاتداریەک ٢٥ ساڵ بێت لە ژێر فەرمانی کەسانی نەزان و شکستخواردوو دابێت بێگومان ئاقیبەتی ھەر بەم جۆرەی ئێستا دەبێت، کەسانێک کە بە پێڵاوی دڕواوە بە ناو جۆگەلەی خوێنی خەباتی ئەم گەلە دا ھاتن و گەیشتن بە دەسەڵات و بوون بە بزنسمان و ئەم نیشتمانەیان بەش بەش و ھەراج کرد بۆ زیاتر بوونی پارەی حساب بانک و دامەزراندنی گرووپی کۆمپانیای مەزنتر.


ئەگەر ئەم نیشتمانە بێ خاوەنە توانیبای قسەبکاو ھاتبا گۆ ، ڕەنگە نەفرینی لە ھەموومان کردبا بۆ بێ دەنگی و ترس و لەرزمان لەبەرامبەر ستمەکار و گەندەڵچیەکانی ئەم ھەرێمە ، نیشتمان و میللەتێک دوای سەدان ساڵ لەداگیرکاری کوشتن و بڕین چاوەڕێ بوو بە خەبات و تێکۆشانی نەبڕاوەی خۆری ئازادی و سەربەخۆی لێ ھەڵبێت ، ئەگەرچی ٢٥ ساڵ لەمەبەر ئەم خۆرەمان لێ ھەڵھات بەڵام ھەر زوو کەسانێک وەک شەمشەمەکوێری برسی بە کۆمەڵ دەرکەوتن و بەری ئەم خۆرەیان بە ڕەشی خۆیان لێل و تڵخ کرد و دوای ٢٥ ساڵ لە حکوم ھەموو شتێکیان لەم ھەرێمە لە پێناو مەرامی خۆیان توشی قەیران کرد ، دواتریش لیژنەی بێکرداری زۆر و زەوەندیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە دروستکرد.


ئەگەر ھاوشێوە وەک حکومەتە دیموکراتەکانی دونیا لەم ھەرێمە حکوم کرابە، ئەوا بێگومان دەبوا لەم ٢٥ ساڵە لە حکومڕانی سەدان جار بە ھۆی زۆری قەیران و شکستی مەزنەوە حکومەت ھەڵبوەشێندرابایەوە، بەڵام بۆ تەنھا جارێکیش نەمانبینی لە پێنج کابینەی حکومەت ھیچیان ھەڵبوەشێندرێتەوە ھیچ وەزیر و بەرپرسێک دەستلەکاربکێشێتەوە ، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنیان و کۆمەڵێک کەس وەک لیژنە ڕادەسپێردێن ، کە لەڕاستیدا زۆرجار خودی ئەوکەسانە بەشێک بوون لە ھۆی دروستبوونی ئەم قەیرانانە! مێژووی دروستبوونی قەیران و دروستکردنی لیژنە لەم ھەرێمە مێژوویەکی ٢٥ ساڵییە لەگەڵ دەستپێکی حکومڕانی کوردی ، بەجۆرێک ھاوڵاتیان ئاشنایەتی زۆریان بەم دوو وشەیە پەیداکردەوە ھەموو ڕۆژێک بێ بەش نابن لە بیستنی و بینی ناوی قەیران و لیژنەی نوێ!


زۆر و زەوەندی قەیران ھەنوکە و دەسەڵاتی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان ئیفلیج کردەوە ، بەشێوەیەک ئەم جارە دروستکردنی سەدان لیژنەوەو کۆبونەوە دادی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە نادات بەشێوەیەکی تەواو ، گەورەترین قەیران لە ئێستادا قەیرانی داراییە کە کاریگەری تەواوی ھەبووە لەسەرکۆی گشتی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان ،ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت یەکێک بێ لە ھۆکارە سەرەکیەکانی قەیرانی دارای لە ھەرێم ، ئەوە بێگومان ھۆی ڕاستەقیەنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لەپێناو دەنگی زیاتر و مانەوە لە کورسی دەسەڵات سەدان ھەزار کەسی حزبەکانیان وەک موچە خۆری بندیوار لە سەر بودجەی گشتی دامەزراندووە ، بەشێوەیەک ژمارەی موچە خۆرانی گەیشتووەتە ١.٤ ملیۆن کەس ، لە کاتێک ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان خۆی ٥ ملێۆن کەس تێپەرناکا! لەگەڵ قەیرانی دارایی چەندان قەیرانی تریش ڕۆژانە بەرۆکی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەی گرتووە وەک قەیرانی کەمی کارەبا و سوتەمەنی و دەرمان و قەیرانی گرانی شتومەک و چەندان قەیرانی تری دروستکراو لەلایان دەسەڵاتەوە ، ئەوەی پێویستە ھەموومان بیزانین ئەوەیە ھیچ کات ئەم جۆرە لەدەسەڵات کە کەسانێک بەڕێوەی دەبەن تا سەرئێسقان توشی گەندەڵی بوون ، ھیچ کات ناتوانن چارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ چارەسەکردنی ئەم ھەموو قەیرانە زۆر و زەوندەی ڕووی لەم مەملەکەتە کردووە ، چونکە ھەر ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردن ئەوا بێگومان کۆمپانیا حزبی و کەسەکانیان توشی شکست دەبێت ، زۆر ڕوونە ھۆی سەرەکی سەرھەڵدانی ئەم قەیرانانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھەم دز و گەندەڵیەی ئەو کەسانە لە لەماوەی ئەم ٢٥ ساڵە کردویانە ، بۆیە گونجاو دەبێت لەمەو دوا ناوی ھەرێمی کوردستان بنێین ھەرێمی قەیران.

 

 

sherzad.wllatdost@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک