٢٤\١\٢٠١٦
هەرێم لە
قەیرانەوە بۆ قەیران!

ئاریتما موحهمهدی
ھەرێم و بەغدا ھەر دوو نەوت دەفرۆشن، لە باری سەقامگیریی ئەمنیشەوە
دۆخی ھەرێم زۆر باشترە لە بەغدا، یەکێ لە دەروازە ھەرە گرینگەکانی
ھاوردەکردنی شتومەک گوموورگی ئیبراھیم خەلیلە کە لە کوردستان
ھەڵکەوتووە، دەروازەیەکی دیکەش سنووری پەرویزخانە و لەگەڵ چەندین
دەروازەی دیکەی لاوەکیی دەلاقەی ھەرێمیان بە ڕووی دەرەوەدا کردووەتەوە،
کەچی بەغدا دەڵێت ئەگەر ھەرێم نەوت نەفرۆشێ یان لەژێر چاوەدێری ئێمەدا
ئەو کارە بکات، ئێمە بووجەیان بۆ دەنێرین!
لە ھەموو گرینگتر ئەوەیە کە سەرچاوەی داھاتی ھەرێم و بەغدا نەوت و
داھاتی نێوخۆییە، بەڵام بەغدا پارەی ھەیە و ھەرێم نییەتی. حوکوومەتی
ھەرێم کێشەی کەمیی بووجە و نەدانی مووچە بۆ دابەزینی نرخی نەوت
دەگڕێنێتەوە، بەڵام کێشەی کەمیی بووجە و نەدانی مووچە و نەبوونی پارە
لە ھەرێم بۆ پێش دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە!
دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەگەڵ کۆمەڵگا ڕاستگۆ نین و خۆیان لە ڕوو کردنی
ڕاستییەکان دەدزنەوە، بێگومان خۆیان باش دەزانن کە کێشەی سەرەکیی
ھەرێم چییە! بەڵام لە ھێنانەئارای گۆڕانکاریی بنەڕەتیی خۆیان دەبوێرن،
چونکە ئەم دەسەڵاتە حیزبیی و حوکوومییە بە بەشێک لەو قەیرانە کە خۆی
لەژێر ناوی گەندەڵیدا پێناسە دەکات، دەبینێتەوە.
ئیتر ئەو دەستەواژەیە کە پێشتر بەکار دەھات لە ژێر ناوی ئەم حوکوومەتە
ساوەیە و نەیاری سیاسیمان زۆرە و داگیرکەرانی کوردستان ھەوڵ بۆ
ناسەقامگیریی سیاسیی کوردستان دەکەن، بەسەر چووە، چونکە ئیستا دۆستە
سەرەکییەکانی ئەم ھەرێمە داگیرکەرانی کوردستانن و ئەم دەسەڵاتە زۆربەی
قەیرانەکانی لەنێوخۆ دایە نەک لە دەرەوە. واتا قەیرانەکان دەرەکیی
نین بەڵکوو نێوخۆیین.
بۆیە ئەو دەستەواژەیە کە پێشتر بۆ ساوابوونی ئەم حوکوومەت و دەسەڵاتە
بەکار دەھات، بووە ھۆکاری پەرەسەندنی گەندەڵیی و ھەرکەس ڕەخنەی لەم
دەسەڵاتە دەگرت دەمانوت ئەم حوکوومەتە ساوایە و دەورووبەری ھەرێم پڕە
لە جەردە کە ھەوڵی تێکدانی کوردستان دەدەن. ئیستا دەبینین کە ئەم
حوکوومەتە ساوا نییە و خەریکە پیریش دەبێ کەچی کێشەکانی ھەر سەرەتایەتی.
بۆیە ڕەخنەگرتن بە شێوازی درووست دەبێتە ھۆی بەخۆداچوونەوەی دەسەڵات و
ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵگا لە گەندەڵییەکان و ھاوکات بە مەدەنیی کردنی
چینوتوێژەکانی کوردستان کە ھەمیشە ھەوڵ بدەن کە بە چەشنی مەدەنییانە
دەسەڵات بخەنەژێر گوشارەوە. پێچەوانە، پشتیوانی کردنی دەسەڵاتی ھەرێم
لەژێر ناوی ساوا بوونی حوکوومەت کە گوایە کوردستان نەیاری دەرەکیی زۆرە،
کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و لێدوانی لەو چەشنەش لە قازانج و بەرژەوەندیی
کورد نابینم و دۆخەکەش پتر بەرەو ئاڵۆزیی دەبات.
پێویستە کۆمەڵ بەخۆیدا بچێتەوە و ئیتر کۆتایی بەو یارییە حیزبییە
بھێنێت کە بووەتە سەرچاوەی ھەموو کێشەکان، دەبێ حیزبیبوون کەمڕەنگ
بکرێت و نشتیمانیبوون زاڵبێ بەسەر ھزری حیزبیبوون دا، ئەو کات ھیوای
چاکسازیی بنەڕەتیی دێتەکایەوە، بەڵام لەم دۆخەدا حیزبەکان مووچەخۆریان
ھەیە و مووچەخۆرەکانیش مووچەکەیان لە قوڕووگی حیزبدا دەبینن، کەواتا
دەنگ بە ھەمان حیزب دەدەن کە مووچەیان پێ دەدەن و چاکسازیی لە بوونی
مووچەدا دەبینن.،
کێشەکان کاتێک چارەسەر دەبن کە ھیچ دەسەڵاتدارێک بۆ ھەمیشە لە پێگە
سیاسییەکەیدا نەمێنێتەوە یانخود بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەسەڵاتدا نەبێ، با
جمگەکانی دەسەڵات لەنێوان پێکھاتە سیاسییەکاندا بەبێ جیاوازیی دابەش
بکرێت. نابێ دەسەڵاتەکانی ڕاپەڕاندن، جێبەجێکار و چاوەدێریی لەژێر
دەست و ھەژموونی سیاسیی و ئیداریی یەک لایەندا بێ، چونکە ئەو کات ئەو
حیزبە دەتوانێ بە گەندەڵیی تێوەبگلێت.
کوردستان بە قەد وڵاتێکی ئەورووپی پێشکەوتوو نییە کە بتوانێ تا ئاستێک
ڕێ لە گەندەڵیی بگرێت و ئەگەر حیزبێکیش لە دەسەڵاتدا بێ بە گەندەڵییەوە
تێوەنەگلێت. دەسەڵاتی سیاسیی لە وڵاتانی پێشکەوتوو زوو ئاڵووێڵی پێ
دەکرێت و حیزبێک ناتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر بەتەنیا لە دەسەڵاتدا بێ.
یانخود سیاسییەکانی ھەرێم ھێندە لە خوا ترس نین کە بە گەندەڵیی و
خواردنی ماڵی گشتیی تێوەنەگلێن، لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەسەڵاتی حیزب و
حوکوومەت لێک جیایە.
ئەم حوکوومەتە وەک دەڵێن حەوسەد ھەزار مووچەخۆری ھەیە، کۆی
دانیشتووانەکەی ھەرێم دەگاتە نزیک پێنج ملیۆن کەس، وڵاتی چین کە کۆی
دانیشتووانەکەی دەگاتە سەروو یەک ملیارد و پێنسەد ملیۆن نەفەر ھێندە
مووچەخۆریی فەرمیی نییە! یانخود وڵاتی ھیند ھێندە مووچەخۆری نییە!
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە چەندین بابەتدا ئاماژەم بەوە کردووە
کە ئەگەر سیاسەتەکانی ھەرێم بەو چەشنە بەردەوام بێ و خاوەن
ستراتیژییەکیی سیاسیی، ئابووریی و نیشتمانیی نەبێ و کۆمەڵگای ھەرێم لە
دەرەوەی کوردستان کرێکار ھاوردە بکەن، ھەرێم تووشی بێ پارەیی دەبێ و
قەیران ڕووی تێ دەکات.
زۆربەی ھەرە زۆری کرێکارەکانی ھەرێم لە دەرەوەی ھەرێمەوە ھاتوون،
بێگومان ئەو پارەیە کە لەو ھەرێمەدا بەدەست دێ لە ڕێگای جۆربەجۆرەوە بۆ
دەرەوەی ھەرێم ڕادەگوازرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی بێ پارەیی، بۆ دەبێ
پەروەردەی ئەم ھەرێمە ھێندە سەقەت و ناتەواو بێ کە خەڵک لە کوردستان
کرێکاریی نەکەن و پێیان وابێ کە کرێکاریکردن مایەی سەرشۆڕییە! بەشێک
لەو کەسانەی کە لە ھەرێم کرێکاری ناکەن کاتێ دێنە ئەورووپا یان لە
کارگەکانی ئۆتۆمووبیل شۆردن، یان لە کارگەکانی خاوێن کردنەوە یانخود لە
خواردنگەکاندا قاپشۆریی دەکەن، بەشێکی کەمیشیان دەبنە فرۆشیاری مادەی
ھۆشبەر!
ھیچ پیشەیەک بەدەر لە پیشەکانی زیانھێنەر نابێتە مایەی سەرشۆڕیی، بەڵام
بۆ لە ھەرێم کار ناکەن کە دێنە ئەورووپا بەو کارە ھەڵ دەستن، تازە
دەستیشیان ناکەوێت و بە شێوەی یاساییش مووچەیان پێ نادرێت و کاتژمێرە
کارییەکانیشیان لەسەروو دە کاتژمێرە و شەش یان حەوت کەس پێکەوە لە
ھۆڵێکی بچووکدا ژیان بەسەر دەبەن.
حوکوومەت دەبێ ڕێژەی فەرمانبەرانی دابەزێنێت، نرخی شتوومەک سەقامگیر
بکات و ھەوڵ بدات کە ببێتە ھەرێمێکی بەرھەمھێنەر، پتر ھەناردە بکات
تاکوو ھاوردە، ئابوورییناسان پێیان وایە ھەر وڵاتێک کە ڕێژەی ھەناردە
کردنی لە ھاوردە کردنی کەمتر بێ، تووشی قەیرانی ئابووریی و کورتھێنانی
بووجە دەبێت. سیاسەتی حوکوومەتداریی لە ھەرێمی کوردستاندا تووشی
قەیران ھاتووە، کەواتا ئەم ئەزموونە سەرکەوتوو نەبووە و پێویستە
ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت.
با ھەناردە کردنی نەوت و داھاتەکەی لەژێر چاوەدێری پارلەمانی
کوردستاندا بێ، بەڵام پەرلەمانێک کە چالاک کرابێ و نوێنەرایەتیی سەرجەم
خەڵکی ھەرێم بکات، نابێ ھەناردەکردنی نەوت لەژێر دەستی وەزارەتیی
سامانە سرووشتییەکاندا بێ. ھەرێم وڵاتێکی بێ ئەزموونە لە ھەناردەکردن
و دەرھێنانی نەوت دا، کەواتا نابێ چاو لە وڵاتان بکرێت کە کەرتی
نەوتیان بە وەزارەتێکی تاییبەت بە نەوتەوە گرێ داوە. تاکوو ھەنووکە
پارەی نەوت بە بارووت و تۆپ دراوە و کوردی پێ کوژراوە، نابێ پاش ئەوە
نەوت ببێتە ھۆی ماڵوێران کردنی کورد بە چەشنێکی دیکە.
دۆڕاندنی ھەرێم بە کۆمپانیاکان لە سیاسەتی ھەناردەکردن و دەرھێنانی
نەوتدا بە واتای سیاسەتی ھەڵە لە بەڕێوەبردنی نەوت دێت. ھەرێم لە
سیاسەتی نەوتدا تووشی قەیران ھاتووە، خێری نەوتی ھەرێم بۆ تورکیە دەبێ،
لەلایەکی دیکەوە ئەم نەوتە کە تاکوو ھەنووکە خێری بۆ ئابووریی کوردستان
نەبووە کەچی ئیستا بووتە ھۆکاری کێشە و ئاڵۆزیی سیاسیی نێوان
لایەنەکانی ھەرێم.
ھەرێم حەوتسەد ملیار دۆلار قەرزارە لە کاتێکدا کە نەوتیشی فرۆشتووە،
ئەگەر وابێ ھەرێم ھەموو نەوتەکەی بفرۆشێت لەوانەیە نەتوانێ قەرزەکانی
بداتەوە. کەواتا دەبێ لەو گرێبەستانەی کە ھەرێم دۆڕاندووێتی
بکۆڵرێتەوە، لەوانە کەسانێک بە ئەنقەست گرێبەستی لەو چەشنەیان لەگەڵ
کۆمپانیاکان بەستبێ و خۆیان لەژێرەوە لەو پارەیەی کە لە ھەرێمی دەستێنن
ھاوبەش بن.
پێکھاتن لەگەڵ بەغدای لاواز باشترە یانخود لەگەڵ وڵاتێکی وەک تورکیە
کە لە ماوەی ڕابردوودا و بەتاییبەت لە کاتی دەسپێکردنی شەڕی داعش
سەلماندی کە دۆستی کورد نییە، جیابوونەوە لە ئێراق دەبێ بە تێگەییشتنی
ھاوبەش لەگەڵ بەغدا بێ، ئەو وڵاتانی دەرەکیش ناتوانن دژایەتی بکەن،
بەڵام ئەگەر یەکلایەنە بڕیاری جیابوونەوە بدرێ و کارئاسانیی بۆ نەکرابێ
دەبێتە ھۆی قەیرانێکی گەورەتر. بەڵام ھاوکات دەکرێ کە پێوەندی نزیک
لەگەڵ تورکیەشدا ھەبێ، بێگومان تورکیە وڵاتێکی گرینگی ناوچەکەیە و
بەرژەوەندیان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.
ماڵپهڕی
ئاریتما موحەمەدی
|