١٠\١١\٢٠١٠
حەرفە
دوورەکانی من و تۆ.

رۆژ هەڵەبجەیی
(١)
ببورە گەر
زاھیدانە لە تۆ دووام،
بەبێ ھەناسە سەوزەکانی تۆ،
کەناری ئەم ئاوەدانییە دڵۆپە دەکا
تژی لە تەماشای باغەیی و مەوجدان لە مردن...!
(٢)
بێدەنگیم پێوە ئەدەم،
تۆفانی خامۆشیم ئەدوورم...
ئەو کاتەی لە تروپکی لەرزیندام
ئێوارەیەکی بچوکم داوە بەخۆمدا،
پڕە لە نوێژی تۆ...!
(٣)
گەر لە بیرم بێ بخەوم،
دەستەکانم دەکوژێنمەوە و
سێوەکانم ھەڵدەکەم....
گیرفانی خەیاڵەکانم قوڵتر دەکەم لە تۆ...!
(٤)
ھەندێ جار تا بەرەبەیان بێدارم بێ تۆ..
چەند حەرفێک ڕەنگ دەکەم،
بە سمێڵەکانی سلفادۆر دالی...
لەسەردەمی سریالیستیشەوە،
کە کراسێک قسە دەکا
دەکەمە بەری سپێدە تا ئاوا نەبیت تۆ..!
(٥)
ئەوەچراکانی منن دەستیان پڕە،
لە لەفافی زیوین...
ئاخر شەوەکان سەریان دەشکێ لە فیراقی تۆ،
تاوێک وەرە قۆپچەی ئەم شەوە بکەرەوە،
کە چرا پێدەکەنێ و
فیراق دەڕوات بەرەو فەنا بوونی فەنا.
(٦)
دیوارەکان بڕێک جار نەخۆش دەکەون،
چونکە دڵیان دەکێڵن بە بزماری قسەکانی تۆ...
دیوارەکان قاقا دەژەنن..
چونکە بڕێ جار ھەتوانی ھەتاوی تۆ،
باڵایان دائەگیرسێنێ...!
(٧)
کە کاتێک باران لە ئاسمانی چاوەکانمەوە
بینینم تۆخ دەکا...
ئەوە پەژارەی پەڵە ھەورێکە،
بۆ دایکم دەگەڕێ ئینجا تۆ...!
(٨)
کە کورسییەک دەشکێ،
لە ڕۆحی ڕۆمانسییەتی منەوە
ئێوارەم پێکراوە بە حەرفی شکستە،
کەچی تۆ لەولاترەوە ئاخی درەختێکی،
بە دەزووی تۆپەڵێک خەمەوە شپرزە...!
(٩)
مانگ مناڵێکە لە کۆڵانەکانی ئاسماندا
گەمە ناکا..
لە باخەکانیا بۆنی گوڵ نادزێ،
لە حەوشەکانیا تۆپ تۆپێن ناکا..
مانگ مەعدەنێکە پڕە لە مناڵی و ڕۆمانسی
تەماشای من و تۆ گرێ ئەداو
کە گوێشی لە پیادەڕەوی ئاوێک دەبێ،
وورد وورد دەبێتە پێڵاوی...!
(١٠)
زۆر جار شەو دەکەوێت بە دەمدا ودەشکێت،
لە پارچەکانی سێبەر ھەڵدەقوڵێ...
من دەنکە سێبەر دەکەمە ملوانکە،
تۆش پارچە سێبەرەکانی
دەکەیتە بۆینباخ و شەبقە..!
(١١)
ھەر کاتێک مردن فوارەی زەوقی بەر ئەداتەوە
ژیان ختوکەی دێ....
مردن جێنوێنی لەسەر چرپاکەی ژیانە...
ژیان ھەر بەو دەگاتە ئۆرگازم ،
نەک من و تۆ...!
(١٢)
من کەی خەڵکی ووڵاتی کاتم
تۆ دەڵێی چی؟؟
کات شمشێرەو ھەموو شتەکان سەر دەبڕێ....
کەچی شیعری من ووڵاتی کات سەر دەبڕێ..!
(١٣)
ئاوەدانی لە درەختا نیشتەجێیە
نەک لە حەرفە دوورەکانی من و تۆ
ئەو کە سەوزی ئاوڕشێن دەکا،
دەبێتە ماڵی چۆلەکە و کۆتر و کەناری و کەنەسمە...!
(١٤)
من وتۆ لەیەک ناچین،تۆ جانتایەکت ھەڵگرتووە
قورس بە حەرفە دوورەکانی دوێنێ،
ئەمە نامەیەک بوو لە دەستی (با) بە جێما
من جانتایەک لە دڵمایە قاچەکانم،
دەکاتەوە بۆ سەفەر فڕینی تیا ھەڵدەگرم،
ئەمە نامەیەکە ڕەشنووسی مناڵیم...!!
(١٥)
گەوجێتی ئەقڵ ڕاو دەکا...
ھەندێ جاریش دەگاتە من و تۆ،
ئەو کاتەی پێکێک ژەھر،
لەشەرابەکانی ئەزموونەوە فڕ دەکەین...
ئەو کاتەی بە گرەوی گەمەوە دەست شکاندن،
لەگەڵ شێردا دەکەین....!!
٦\١٠\٢٠١٠
- سلێمانی
ماڵپهڕی رۆژ ههڵهبجهیی
|