په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٠\٢٠١٠

     حەرفە ماندووەکانى سەفەر .

سەرهەنگ خامۆش

گۆرانیەکان
لێرەوە دەست پێ دەکەن
نۆتەکان
بارگەی کۆچیان
دەپێچنەوە
تەنیا من
لەدەڤەری سوتماکەکانی عیشق
بۆ ئاوازە تۆراوەکانی سەفەر
دەگریم

کەجێت هێشتم
بەچاو تروکانێک
تەنها ئەوەندەی تەنیایی چرکەیەک
ماچێکم کردی
لەوساتەوە
هەست بەبوونی لێوم ناکەم

کە بووی بە هاوڕێی پاساریەکان
پێلوەکانم
تا چاو بڕکا
سیمای تەڵخی فڕۆکەیەکیان
بە ڕێ کرد
لەپڕ ئاسمان
پڕبوو لە وێنەی تۆ

لە پەنجەرەی فیراقەوە
لێم مەڕوانە
لەگەڵ کزەبایەکی نەرم دێم
لەنێو دڵۆپە ڕۆندکێکی قەتیس ماو
بە برژانگەکانی موحیبەت
زامی دووریت
دادەپۆشم

دێم..
لەژێر تونێلەکانی
کاروانسەرای ئەوینی شەو
تاوێک دەسێمەوە
دەبمە هاوڕێی ئەستێرەکان
ژوان لەگەڵ مانگ دەبەستم
لەگەڵ تریفەی
حەرفە ماندووەکانی سەفەر
هۆنراوەیەک دادەڕێژم
پڕ بێت
لە سۆزی دووری تۆ

کە ڕۆیشتی
ماڵەکەت پڕ کردم لە تەنیایی
گشت سوچێک
بۆنی هەناسەی تۆی لێ دەهات

لە تارمایی هەنگاوەکانم
گوێم لە دەنگی پێی تۆ دەبێ
کە سەیری ئاوێنەش دەکەم
لەنێو خۆمدا
تۆ دەبینم

دڵتەنگ نابم
سەفەریش کەی
تۆ لەدڵمای
لە ناخمای
لە هیمۆگلۆبینی خوێنماى..

ئێمە دوو توخمین
ئاوێتەین
هەرگیز لێک جیا نابینەوە...

ماڵپەڕی سەرهەنگ خامۆش