په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٠\٢٠١٣

هێڕش بۆ سەر سکۆلاریزم و نمایشی دەمارگیریی پیاوسالاریی له کۆمەڵگای کوردستان!


لاوژە ماهیە       


بە دوای شکاندن و سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستیی و شکاندنی کێلی گڵکۆی شێرکۆ بێکەس، ماچی کچێک و کوڕێک وەک ناڕەزایەتی لە شوێنی پەیکەرە سوتاوەکە وەک بوومەلەرزەیەک کوردستانی هەژاند. کار گەیشتە ئەوەی کە بە ناوی تێکدانی ئادابی گشتیی داوا لە لایەن داواکاری گشتییەوە لەسەر ئەو دوو خۆشەویستە تۆمار بکرێ.


ماچکردنی دوو کەس شتێکی زۆر کەسیی و تایبەتە و پەیوەندیی بە هیچ کەسێکەوە نییە و زیان بە هیچ کەسێک ناگەیەنێ، بە تایبەت ئەم دوو کەسە وەک ناڕەزایەتی و پرۆتێست ئەو کارەیان کردوە.


ئادابی گشتیی و بەهای کۆمەڵایەتی کامانەن؟


کەلێنی چینایەتی واتا جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند، نابەرابەریی و چەوساندنەوەی بازاڕی کار، تیرۆر و ڕەشەکوژیی ژنان و دەستدرێژیی رۆژانە بۆ سەر مرۆڤەکان بە شێوازی جۆراوجۆر، کاری پێدۆفیلی واتا سێکس لەگەڵ کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی لە چوارچێوەی یاسا و لە دەرەوەی یاسا، تەراتێنی تۆڕی لەشفرۆشیی لە سەر ئاستی کۆمەڵگا و دەیان بنکەی لەشفرۆشیی لە جەرگەی شارەکان، مەسەلەی گێچەڵکردن و دەستدرێژیی سێکسیی، ناچارکردنی ژنان و منداڵان بۆ بازاڕی لەشفرۆشیی، خەتەنەکردنی کچان بە گوێرەی سەدەکانی ناوەڕاست. دیاردەی دەست بۆ بردنی سێکسیی بە ژنانی کرێکار لە ناو بازار و شوێنە گشتییەکان، راپێچکردنی منداڵان بۆ بنکەی دینیی و تۆقاندنیان بە ئاگری دۆزەخ، ئەمانە و دەیان نموونەی دزێو و نەخوازراویتر کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر دەبەن بەڵام کەس ئاوڕیشی لێناداتەوە و هەڵوێستی لە بەرامبەر، کەس لەسەری نایەتە جۆش و بە ناوی بەدڕەوشتیی لە لە دەیناسێنن. بۆچی دەبێ پەیکەرێکی بێ گیان ئاکاری شار تێک بدا و ماچی دوو خۆشەویست ئادابی کۆمەڵگا لەکەدار بکا و بە دەردی گالیلۆ بچێ؟ ئەگەر لە جیاتی ماچ پیاوێک ژنێکی بکوشتبا، ئیسلامیی سیاسیی یەخەی خۆی بۆ دادەدڕی؟ وەڵامەکەی روونە.. هەرگیز، دەیان هەزار ژن بوونەتە قوربانی ئابڕووپەرستیی و پیاوسالاریی و بەڵام لە رەوانگەی ئیسلامیی سیاسییەوە تەنها بێ رەوشت بوون.


بەهای گشتیی کاتێک دەتوانێ بەهای گشتیی بێ کە تێیدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بایەخدار دوور لە هەڵاواردنی ڕەگەزیی، ئاین، نەتەوە، پێگەی چینایەتی و تەمەن سەیر بکرێ و بنەماکانی تەنها لەسەر پاراستنی شکۆمەندیی مرۆڤ چەقی ببەستبێ، ئەو کاتە هیچ کەس و لایەنێک ئایدۆلۆژیای خۆی بەسەر ئەوەی تردا ناسەپێنێ و وەکو چوارچێوەیەک کۆمەڵگا لە قالب نادا، کەس هەڵناکوتێتە سەر کەس، کەس بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئارەزووەکانی خۆی مافی کەسی تر پێشێل ناکا. رەخساندنی کەش و هەوایەک کە هەموو کەس دەرفەتی گوزەراندنی ژیان و گەشەکردنی پێ بدرێ بە بێ ئەوەی هەست بە چەوسانەوە بکا.


بەرهەڵستی و بەرپەرچدانەوەی ئێمە دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە؛ یەکەم دەرهێنانی کۆمەڵگا لەو یەک رەنگییە دووەم بەرگریی لە ژنان وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ و خاوەن هەست و هۆشمەندیی.


ئیسلامیی سیاسیی لە ڕۆژی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا ئاراستەیەکی دیاری کراوی گرتووە پێش ئەویش ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستانە و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت، ئیسلامیی سیاسیی چ بە رووە راستەقینەکەی وەک تیرۆر و چ لە بەرگی میانڕەوییدا وەک بزووتنەوەی گۆڕان ەکنۆکرات - ئیسلامیی) و هاوپەیمانەکانی هەمووان یەک ئامانجیان هەیە و یەک پەیامیان پێیە، بە ئیسلامیی کردنی کۆمەڵگا، پڕوپاگەندەی دروشمی عیسا بە دینی خۆی و موسا بە دینی خۆی تەنها هی قۆناغی مەککەیە، ئەمانە ئەگەر دەسەڵات بگرن کۆمەڵگا دەبێتە دۆزەخ، هێشتا لە دۆخی ئۆپۆزسیۆنن توانای قەبوڵکردنی ماچکردنێکیان نییە و تێکدەری پارکی ئازادیی بە قارەمان و بت شکین دەزانن.


لەوانەیە هەندێ کەس ناوزەدکردنی بزووتنەوەی گۆڕان وەک حیزبی ئیسلامیی بە بێ ویژدانیی بزانێ، بەڵام ئەوەی ئەوان لە گوتارەکانیاندا جەختی لەسەر دەکەنەوە، تەنها پیشەی ئەو حیزبانەیە کە ویستویانە هەلپەرستانە باوەڕ و باوەڕداریی بەشێک لە خەڵک بکەن بە ئامرازی گەیشتن بە دەسەڵات و ئاین لە دۆخی باوەڕی تایبەتی تاکەکانەوە بگۆڕن بۆ دەستوور و بڕیارگەلێک کە بنەمای ژیانی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی خەڵکی پێ لە قاڵب بدەن و تاکڕەوانە ئایدئۆلۆژیایەکی دیاریکراو بکەن بە سەر پەرچەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پێوەرێک بۆ هەڵسوکەوتی خەڵک.


پێداگریی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پارێزگارییکردن لە شتە نەگۆڕ و جێگیرەکانی ئیسلامیی تەنها ئەو دەرەئەنجامە وەدەستدێنێ کە کۆمەڵگا لە ناو بازنەیەکی ئامانجخوازیی وشک و ناڕۆشن بسوڕێتەوە کۆمەڵگای مۆدێڕنی ئەمڕۆی کوردستان بە پێی رووداوگەلی ئەو سەردەمە رێک بخا کە دینەکان تێیدا سەریان هەڵداوە، بە دیارکراویی هەموو دەرگاکان بە رووی داهێنان و بیری نوێدا دابخا. ئەوپەڕی دیموکراسییەتێک کە لە ڕێگەی پابەندبوون بە بنەما و شتە نەگۆڕ و جێگیرەکانی دینییەوە دێتە کایەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگا بە پێی ئاراستەیەکی دیارکراو ڕێکبخرێ و چوونەدەرەوە لەو چوارچێوە دیارکراوە بە بەدڕەوشتیی سزا بدرێ و وەکو تێکدەری ئاسایشی گشتیی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ.


ئەو گفتوگۆ و مشتومڕانەی لە چەند رۆژی دواییدا بەڕێوەچوو بە ئاشکرا ئەوە نیشاندەدا کە تا ئێستا بەرەی کۆنەپەرستیی کە نایەوێ ژنان وەک و مرۆڤ سەیربکرێن هێشتا بەرفراوانە، ئەگەر لە گفتوگۆیەکان وردبینەوە بە زەقیی دەبینین نووکی رمەکە رووی لە ژنانە. بۆ نموونە پێداگریی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەپاندنی هەرچی زیاتری ژێردەستەیی ژنان لە رێگای داکۆکیی لە شتە نەگۆڕ و جێکیرەکانی دینی، بەرزکردنەوەی پلاتفۆڕمی فرەژنیی لە لایەن ئیسلامییەکانەوە تا دەگاتە ئەو گفتوگۆیانەی کە لەو چوارچێوەیەدا کران زیاتر هێرش دەکرایە سەر ژنان و ژنی تێدا تاوانبار دەکرا.


ئەو هێرشانەی دژی خۆشەویستیی دەکرێن زۆربەی لە روانگەیەکی پیاوسالارانەیە و کە دەیەوێ ژن رەت بکاتەوە و لە رێگای یاسا و کارگێڕیی ناو بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە زیاتر سەرکوتی بکا و نەهێڵێ وەکو مرۆڤێک سەرهەڵبڕێ. ئەم هێرشانە بۆ ئەوەیە کە پێیان بڵێن ئێوە ژنن، ئێوە تەنها ئامرازێکن بۆ تەواوکردنی ژیانی پیاوان، ئێوە بۆتان نییە هەست و سۆز و خۆشەویستییتان هەبێ.


ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە، لەو کەش و هەوایە کۆنەپەرستانە و ناڕەوایەی کە هەڕەشە لە کۆمەڵگا دەکا، بزووتنەوەی ژنان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بێدەنگن و وەکو پێویست دەنگیان هەڵنەبڕیوە. من پێموایە ئەمە زەنگێکی ترسناکە بۆ سەر مافە رەوایە مرۆییەکانی ژنان.


جێگای خۆیەتی بزووتنەوەی یەکسانییخوازیی ژنان لە ئاستێکی بەرین هەڵوێست بگرن و بە چاونەترسیی و بەرچاوڕۆشنیی بچێتە ئەم بەربەرەکانێەوە، ئەمە بێجگە لەوەی کە بەرگرییە لە هەموو ئازادییەکان و شکۆمەندیی تاک، هاوکات خۆچەسپاندنی ژنە لە کۆمەڵگا وەک مرۆڤێکی تەواو و بونەوەرێکی سەربەخۆ و خاوەن بیر و هۆشمەندیی و هەروەها ژنان خاوەنی هەست و سۆزن و دەبێ پێ بە پێی پیاوان مافی ئەوەیان هەبێ هەست و سۆز و خۆشەویستیی خۆیان دەرببڕن و هەموو ئەو بۆچوونە کۆنەپەرستانە رەت دەکاتەوە کە ژنان دەبێت هەست و سۆزیان سەرکوت بکرێ و بە نهێنیی لە سەر دڵیان بمێنێتەوە.


باشترین چارەسەر ئەوەیە دین لە دەوڵەت و بواری پهروهرده و فێرکردن جودا بێ و ئازادییەکان به پێوانهی مرۆیی و تێڕوانینی سەردەم دیاربکرێ. لێرهوه ئەو قەیرانەی ئێستای دوای هەڵبژاردنەکان، کهبزوتنهوهی گۆڕان و ئیسلامیی سیاسیی تووشی کۆمەڵگای کردووە، دهبێ کۆتایی پێ بێ. ئهمه به هاتنهمهیدانی بهرهی سکۆلار دهبێ و به بێ ئهوەش زهنگێکی ترسناک به گوێی کومهڵگا لێدەدرێ.

 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک