٢١\١٢\٢٠١١
ئێران/
تورکیا:
ھێرشەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١١ بۆسەر ھاووڵاتیانی مەدەنی
کوردستانی عێراق
لانی
کەم ١٢ کەس کوژراوون و بە ھەزارانی تر ئاوارە بوون.
(بەغداد-١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١)- ھیومان
ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی
تەموزەوە تا کۆتایی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ھێرشە سنوریەکانی سوپای
ئێران و تورکیا، کوژرانی زیاتر لە ١٢ ھاووڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی
ھەزارانی تری لێکەوتوەتەوە. تەنانەت بەو ناوچانەشەوە کە وا دەردەکەوێت
ھیچ ئامانجێکی سەربازیان تێدا نەبووە.
ئێران و تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ھێرشەکانیان وەڵام و کاردانەوەی
سنوربەزاندن و ھێرشە چەکداریەکانی گەریلا و گرووپە چەکداریەکانە. بەڵام
دانیشتوانی ئەو ناوچانەو بەرپرسە عێراقیەکان بە ھیومان ڕایتس وۆچ، کە
پێشترو لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا سەردانی ناوچە زیان
لێکەوتووەکانی کردبوو، ووت زۆرێک لەو ناوچانەی بوونەتە ئامانجی
ھێرشەکان تەنھا ناوچەی مەدەنین و چالاکی ھیچ جۆرە گرووپێکی چەکداری
تێدا نیە تالێیانەوە ھێرش بکەنە سەر ئێران و تورکیا ھەروەھا ھیچ
ئامانجێکی سەربازی لەو ناوچانەدا بوونی نەبووە.
سارا لی ویتسن بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ھیومان ڕایتس
وۆچ ووتی، “ڕەنگە ئێران بڵێ بۆردومانەکانیان کاردانەوەی ئەو ھێرشە
چەکداریانەیە کە لەناو خاکی کوردستانی عێراقەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە،
بەڵام ھێرشە مووشەکیەکانی سوپای ئێران بۆ سەر گوند و گوندنشینەکان
گەورەترین زیانی بە ھاوڵاتیانی مەدەنی ئەو ناوچانە گەیاندووە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی ژیان و ئازادی کوردستان (پژاک)
کە بارەگا و چالاکیەکانیان نزیکە لە ھەندێک لەو ناوچانەی ھاوڵاتیانی
مەدەنی لێ نیشتەجێن لەناو کوردستانی عێراقدا. ھەروەھا ھیومان ڕایتس وۆچ
ووتی کە پێویستە ھەردوو گرووپ چالاکیە چەکداریەکانیان بە دوور بگرن لەو
ناوچانەی ھاووڵاتیانی مەدەنی لێیە.
بەرپرسانی ناوخۆی حکومەت بە ھیومان ڕایتس وۆچیان ووت کە لە دواین ھێرش
و بۆمبارانەکانی فرۆکەکانی سوپای تورکیا لە شەوی ٢٢ی تشرینی دووەمی ئەم
ساڵدا بۆسەر ھەندێک لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی
ھاووڵاتیەکی مەدەنی تەمەن ٢٠ ساڵ بریندار بووەوەو زەرەروو زیانێکی زۆری
گەیاندووە بە کشتوکاڵ و مەڕوماڵاتی گوندنشینەکان، ئەمە لە کاتێکدایە کە
ھیچ ئامانجێکی سەربازی لەو ناوچانەدا بوونی نەبووە.
پاش ئاگربەستی سوپای ئێران و پارتی ژیان و ئازادی کوردستان (ئەم گرووپە
لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە پەیوەندیەکی بەھێزی ھەیە بە پارتی کرێکارانی
کوردستانەوە) لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵدا،.بارودۆخی ناوچە زەرەروو زیان
لێکەوتووەکان بەھۆی بۆمبارانەکانی سوپای ئێرانەوە باش بووە.
ھیومان ڕایتس وۆچ لە دووری یەک کیلۆمەتر لە گوندێکی ناوچەی پشدەر
پاشماوەی ڕۆکێتێکی ئێرانی (شاھین ٣٣٣ ملم) بینی و وێنەی فوتۆگرافی
گرتووە. ئەم ڕۆکێتە لە کۆتایی مانگی (ئاب) لەلایەن سوپای ئێرانەوە
ھاوێژراوە بۆ ئەو ناوچەیە، کە نەدەبووایە ئەم جۆرە ڕۆکێتە لەو مەودا
دوورەوە بەکاربھێرایە، چونکە لەو دووریەوە ئامانجەکانیان بە باشی
ناپێکن ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی بۆردومان کردنی کوێرانەی ئەو ناوچانە.
بەپێی ووتەی بەرپرسە ناوخۆیەکان، ھێرشەکان لە مانگی تەمووز تا تشرینی
دووەمی ئەم ساڵدا ئاوارەبوونی نزیکەی ١٣٥٠ خێزانی (٨٠٠٠ کەس)
لێکەوتەوە، ھەرچەندە زۆرێک لە خێزانە ئاوارەبووەکان ئێستا کامپەکانیان
جێھێشتووە بەھۆی سەرمای زستان و نەبوونی خزمەت گوزاری پێویست و داخستنی
ئەو کامپانە ھەروەھا باش بوونی بارودۆخی ناوچەکانیان.
لە نێوان ٧ تا ١٠ ی مانگی ڕابردوودا ھیومان ڕایتس وۆچ سەردانی ١٨ گوندی
ناوچە شاخاویەکانی قەڵادزە، قەندیل، سەنگەسەر، ژاراوە و سیدەکانی کرد.
ھەروەھا گفتوگۆی لەگەڵ زیاتر لە ٤٠ گوندنشینی ئاوارەی ناوچە زیان
لێکەوتووەکان کردووە کە لە مانگی ئابی ئەم ساڵەوە ماڵ و حاڵیان
بەجێھێشتووە. بە ووتەی خۆیان لە ژێر گوشاری بۆمبارانەکاندا بۆ سەر
گوندەکانیان یاخود نزیک گوندەکانیان ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە. پاش
سەردانەکەی بۆ ناوچە زیانلێکەووتوەکان ھیومان ڕایتس وۆچ بۆی دەرکەوت لە
ئەنجامی بۆردوومانەکان دەیان ماڵ وێران بوون و زیاتر لە ١٠ گوند چۆڵ
کراون. ھەروەھا دوو کامپی کاتی بۆ نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە ناوچەی
سیدەکان بنیاتنرابوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ھیومان ڕایتس وۆچ جموجۆڵ و
چالاکی گەریلاکانی لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی قەڵادزە و قەندیل بەدیکرد.
بە تایبەت لە ھەندێک لەو شوێنانە پژاک و پەکەکە خاڵی پشکنینیان ھەیە.
گوندنشینەکانیش جەختیان لە بوونی ئەم دوو گرووپە لە ناوچەکانیاندا
کردەوە. بەڵام دانیشتوان و بەرپرسە ناوخۆییەکان ووتیان گرووپە
چەکدارەکان ھیچ جۆرە چالاکیەکیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سیدەکان و
سەنگەسەرو ژاراوە ئەنجام نەداوە. ھیومان ڕایتس وۆچیش سەردانی ئەم
ناوچانەی کردووە.
ھەروەھا ھیومان ڕایتس وۆچ گفتوگۆی لەگەڵ ھەندێک لەو خێزانە ئاوارانەی
ناوچەی ڕانیە کرد، کە لە ماڵی خزم و کەسیاندا نیشتەجێبوون لەبری چوونە
ناو کامپی ئاوارەکان. ئەو خێزانانە بێبەشن لە وەرگرتنی یارمەتی
ڕێکخراوە مرۆییەکان. ھەموو ناوچە زیانلێکەووتوەکان دەکەونە سنووری
پارێزگای ھەولێر و سلێمانیەوە. ئەم ناوچانە دەکەونە ژێر ئیدارەی
دەستەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەرچەندەچەکدارەکانی پارتی
کرێکارانی کوردستان و پارتی ژیان و ئازادی کوردستاندان دەستەڵاتیان
بەسەر بەشێکی ناوچەکانی قەڵادزە و قەندیل.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە ، ھیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتی
دۆکیومێنتاری ئامادەکردووە لەسەر قوربانیانی ھاووڵاتی مەدەنی و وێران
بوونی ماڵ و حاڵیان لە دەرەنجامی ھێرشە سنوریەکانی سوپای ئێران و
تورکیا. لەگەڵ دەرخستنی ئەو بەڵگانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن ھێرشە
بەردەوامەکانی سوپای ئێران ڕەنگە ھەوڵێک بێت بۆ وەدەرنانی ھاووڵاتیانی
مەدەنی ھەندێک لەو ناوچانەی نزیکن لە سنورەکانی ئێرانەوە. ئێران
بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ھەموو ھێرشەکانیاندا ئەو ناوچە شاخاویانەی
سەر سنور دەکەنە ئامانج کە گرووپە چەکدارەکان چالاکی تێدا ئەنجام
دەدەن. ھەروەھا تورکیاش دەڵێ تەنھا پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەنە
ئامانجی ھێرشەکانیان کە بە درێژایی دەیان ساڵە لە جەنگ و ململانێدایە
لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا.
ھەردوو گرووپی چەکدار بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە ھێرشەکانیان دژی
سەربازانی تورکیا و ئێران زیاد دەکەن و بەردەوام دەبن لە خەبات کردن لە
پێناو یەکسانی نەتەوایەتی بۆ گەلی کورد لەو ووڵاتانەدا. لە مانگی (ئاب)
ی ڕابردووەوە، ھێرشە تیرۆرستیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا
کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی لە شارەکانی ئەنقەرە،
باتمان، سیرت، بینگۆل و تونسێلی لێکەوتووەتەوە.
ھێرشەکان بۆسەر کوردستانی عێراق زەرەروو زیانی بە ئابووری ناوچە
زیانلێکەوتووەکان گەیاندووە. بەرپرسە ناوخۆیی و گوندنشینەکان بە ھیومان
ڕایتس وۆچیان ووت کە ساڵانە لە ئەنجامی ھێرشە سنوریەکانی ھەردوو
ووڵاتەوە بە سەدان جووتیاری ھەژار ناچار دەبن ڕەزو و دانەوێڵەکانیان
جێبھێڵن و ھەروەھا بەشێکی زۆری بەرھەمی ئەو ساڵەیان کە بۆ زۆرێکیان
تەواوی داھات و سەرچاوەی بژێوی ئەو ساڵەیانە لەناودەچێت. ژمارەیەک
جووتیار ووتیان بە ھیومان ڕایتس وۆچ، لەبەرەوەی بۆمبارانەکان ھەموو
ساڵێک لە وەرزی چاندن و دورینەوەدایە لەو بڕوایەدان ئەوە ھەولێکی
ئەنقەست بێت بۆ وەدەرنانی ھاووڵاتیانی مەدەنی ئەو ناوچانە ئەوەش
بەلێدانی سەرچاوەکانی بژێوی ژیانیان. بەشێکی تری ئەو زیانانە بریتیە لە
وێران بوونی ماڵ، قوتابخانەو بیری ئاو و مۆلیدەی کارەبایی ھەروەھا
کوشتنی سەدان سەر مەڕ و ماڵات.
ھەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا، ئاسان نەبووە بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان و
شارەوانیە ناوخۆییەکان ھەستن بە دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی
ئەو خێزانانەی کە ھەڵھاتوون لە ترسی ھێرشەکان. بە گووتەی ڕێکخراوە
مرۆییەکان و خێزانەکان تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بەشێکی زۆری
خێزانە ئاوارەکان کامپەکانیان جێھێشتووە زۆرێکیان بەھۆی سارد و سەرمای
زستان و نەبوونی خزمەت گوزاری وەک ئاو، سوتەمەنی و قوتابخانەی
منداڵەکانیان.
ویتسن گووتی، "پێویستە تورکیا و ئێران بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن لە
بەرامبەر ھاوڵاتیانی مەدەنی، تەنانەت ئەگەر لە نزیک ناوچەکانیشیان
چالاکی گرووپە چەکداریەکان ھەبێت.”ھەروەھا پێویستە پژاک و پارتی
کرێکارانی کوردستان بە شێوەیەکی نا یاسایانە ژیانی ھاووڵاتیانی مەدەنی
نەخەنە مەترسیەوە ، چ لە شێوازی ئەنجامدانی چالاکیە چەکداریەکانیان یان
مانەوەیان لە نزیک ئەو ناوچانەی ھاووڵاتیانی مەدەنی لێ نیشتەجێن.
بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی زیاتری ھیومان ڕایتس وۆچ لەسەر عێراق، تکایە
سەردانی ئەم ماڵپەرە بکە
:http://www.hrw.org/en/middle-eastnafrica/iraq
بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی زیاتری ھیومان ڕایتس وۆچ لەسەر ئێران، تکایە
سەردانی ئەم ماڵپەرە بکە:
http://www.hrw.org/en/middle-eastnafrica/iran
بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی زیاتری ھیومان ڕایتس وۆچ لەسەر تورکیا، تکایە
سەردانی ئەم ماڵپەرە بکە:
http://www.hrw.org/europecentralasia/turkey
بۆ زانیاری زیاتر تکایە پەیوەندی بکە بە:
سارا لی ویتسن لە نیو یۆرک (بۆ زمانی ئینگلیزی) ٠٠١٢١٢٢١٦١٢٣٠ یان
٠٠١٧١٨٣٦٢٠١٧٢ whitsos@hrw.org
سامر موسقەتی لە ڤانکۆڤەر ( بۆ زمانی ئینگلیزی) ٠٠١٦٤٧٩٧٧٤٥٤٣
muscats@hrw.org
مەریوان حەمە سەعید لە نیو یۆرک (بۆ زمانەکانی کوردی، عەرەبی،
ئینگلیزی) ٠٠١٥٣٠٧٩٨٨٣٧٨ saêdm@hrw.org
فەراز ێانعی لە نیو یۆرک (بۆ زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی)
٠٠١٣١٠٤٢٨٠١٥٣ saneif@hrw.org
ئێما سینکیولەر لە ئیستەنبوڵ (بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی)
٠٠٩٠٥٣٨٩٧٢٤٤٨٦ sinclae@hrw.org
عومەر ئەلعیساوی لە دەوحە (بۆ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی)
٠٠٩٧٤٥٥٤٠٦٦٨ issawio@hrw.org
مارک ھیزنەی لە واشنتۆن دی سی (بۆ زمانی ئینگلیزی) ٠٠١٢٠٢٦١٢٤٣٥٣
hiznaym@hrw.org
بۆردومانەکانی تورکیا.
لە ناوچەی سیدەکانی نزیک سنوری تورکیا لەسەر ڕێگایەکی شاخاوی، ھیومان
ڕایتس وۆچ کامپێکی کاتی بەسەر کردەوە کە ١٠٠ خێزانی ئاوارەی گوندەکانی
گۆڵێ، لێتان، بەسەرکان، شێخ ڕەش، ناو دارۆک، دارۆک، بێی کەم، سونای و
پێی ڕابرای لەخۆ گرتبوو بەبێ بوونی ھیچ خزمەت گوزاریەکی پێویست وەک ئاو
و سوتەمەنی. ئەم خێزانانە گوندەکانیان جێھێشتبوو لە ترسی بۆردومانەکانی
تورکیا لە مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا. ئەسعەد عەلی
مستەفا، قایمقامی قەزای سیدەکان ووتی بە ھیومان رشایتس وۆچ، لە مانگی
٩ی کانوونی دووەمدا ھەستاوە بە پاکردنەوەو ئامادەکردنی زەویەکی ٢٠٠
مەتری بۆ ئەو خێزانانەی لە ترسی بۆمبارانەکانی تورکیا ھەڵھاتوون.
"حەوت لە گوندەکان بە تەواوی چۆڵکراون ھەروەھا دوو گوندی تریش زۆرێکی
دانیشتوانەکەی ھەڵھاتوون لە ترسی تۆپبارانەکان، کە تا ئێستاش ڕۆژانە
ئەو گوندانە تۆپباران دەکرێن. مستەفا ئەم قسانەی دەکرد لە کاتێکدا
ووردە ووردە بەفر دەھاتە خوارەوە لە دەووروبەری خێمەکانی ناو کامپەکە.
"پارتی کرێکارانی کوردستان بوونیان ھەیە لە ھەندێک لە ناوچەکانی
کوردستان، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک بوونیان لەم گوندانەدا نیە. خەڵکی ئەم
گوندانە ھیچ گوناھێکیان نیە، سەرمای زستان بە تەواوی زۆری بۆ ھێناون،
منداڵەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە قوتابخانە. لە ڕووی دەروونیەوە ئاوارە
بوون کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئەم خێزانانە بە جێھێشتووە.
دانیشتوان و بەرپرسانی ناوخۆیی ناوچەکە ڕایانگەیاند، بەھیچ شێوەیەک
تێبینی جموجۆڵی چەکدارانی پەکەکەیان لە ھیچ کام لەو ٩ گوندەدا نەکردووە
ھەروەھا بەھیچ شێوەیەک پەناگایان بۆ ئەم چەکدارانە دابین نەکردووە چ لە
ڕابردوو ئێستا و کاتی ھێرشەکاندا. ھەروەھا گووتیان ھیچ ئامانجێکی
سەربازیان لە دەووربەری گوندەکانیاندا بەدی نەکردووە.
مەلا عیسا، ووتەبێژی ئاوارەکانی کامپەکە ووتی بە ھیومان ڕایتس وۆچ:
چەکدارانی پەکەکە گوندەکانمان بەکار ناھێنن. لە ڕابردوودا ھەستمان
دەکرد کە تورکیا ھەوڵدەدات ناچارمان بکات تا گوندەکانمان جێبھێڵین
بۆئەوەی شەڕی چەکدارانی پەکەکە بکات لەھەر شوێنێک کە بیەوێت. بەڵام
بۆمبارانەکانی ئەم دواییەی تورکیا بە تایبەت لەسەرەتای مانگی تشرینی
یەکەمی ئەم ساڵەوە، کە ماڵەکانمان دەکاتە ئامانج وامان لێدەکات ھەست
بکەین کە ئێستا تورکیا ئێمە دەکاتە ئامانجی ھێرشەکانی.
فەوزیە ڕسول، تەمەن ٤٢ ساڵ ووتی بە ھیومان ڕایتس وۆچ، چڕبوونەوەی ھێرشە
ئاسمانیەکانی تورکیا بە تایبەت لە مانگی ٥ی تشرینی یەکەمەوە بۆ سەر
گوندەکەیان (گوندی باسەرکان) ناچاری کردن گوندەکەیان چۆڵبکەن.
کاتێک تۆپبارانەکان دەستی پێکرد، دەستم کرد بە گریان و ھاوار کردن.
ھەندێک ھەوڵیاندا بە زووی گوندەکە بەجێبھێڵن، ھەندێکی تر ھەوڵیاندا
خۆیان حەشار بدەن لەژێر تاشە بەردە و ئەشکەوتەکاندا. ناتوانم
منداڵەکانم بەم شێوەیە بەخێو بکەم، ھەمیشە لەترس و دڵە ڕاوکێدان کە
لەھەر ساتێکدا فڕۆکەکان بێن بۆردوماننمان بکەن. خانووەکەمان بە تەواوی
وێران بووە. ھەموو پەنجەرەکانی شکاوە. ١١ سەر مەڕمان لەناوچووە. ھیچ
پارەمان نیە، خەسارەتێکی زۆرمان لێکەوتووە.
قاسم ڕەسولی تەمەن ٤٠ ساڵ ووتی، لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا خانووەکەی داڕما بەسەریدا و
بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەژێر خۆڵ و خاشاکی خانووەکەیدا گیری خواردوو بوو
ھەتا ئەوکاتەی ڕزگارکرا. "گوزەران لەناو گوندەکەدا نەماوە،”لە
تۆپبارانەکانی ساڵانی ڕابردوودا، پاش چەند ڕۆژێک یان ھەفتەیەک
دەگەڕاینەوە بۆ گوندەکانمان بۆ چاودێری کردنی مەڕو ماڵاتەکانمان، بەڵام
بۆردومانەکانی ئەم ساڵ ھەموو ڕۆژێک بەردەوامن. زۆربەی مەڕو
ماڵاتەکانمان لەناوچوون. زیاتر لە ٥٠٠ سەر مەڕ و بزن لە گوندەکەماندا
لە ناوچوون.
لە ڕاپۆرتەکەی مانگی ئەیلولی ھیومان ڕایتس وۆچ دا ھاتووە، بەپێی
لێدوانی کەس و کاری کوژراوەکان و ڕاپۆرتی میدیاکان و بەرپرسانی ناوخۆیی
لە ٢١ی ئابی ئەم ساڵدا، فرۆکەکانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبیلێکی مەدەنیان
کردە ئامانج لە ئەنجامدا حەوت لە ئەندامانی خێزانێک بوونە قوربانی.
بەڵام تورکیا ڕەتی کردەوە کە فڕۆکەکانیان بەرپرسیار بووبن لەو ھێرشە.
خێزانەکە کە لە نێویاندا چوار منداڵ ھەبوون لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی
لەناو پیکابێکی نیسان ٢٠١١ دا گەشتیان دەکرد لە گوندەکەیان (بۆڵێ) وە
بۆ شاری ڕانیە بۆ سەردانی خزم و کەس و کاریان. لە بەرواری ٩ی تشرینی
دووەمی ئەم ساڵدا ھیومان ڕایتس وۆچ، پشکنینی کرد بۆ پاشماوەکانی
ئۆتۆمبیلەکە لەگەڵ شوێنی ڕووداوەکە، کە نزیکە لەو ناوچانەی چەکدارانی
پەکەکەی لێیە، دەرکەوت ئەو ڕێگەیەی ئوتومبێلەکەی تێدا کرایە ئامانج
ڕێگەیەکی سەرەکیە و ھاوڵاتیان بەردەوام گەشتی لەسەر دەکەن.
لە کاتی سەردانەکانی ھیومان ڕایتس وۆچ دا بۆ گوندەکانی سیدەکان و
سەنگەسەر و ڕانیە زیاتر لە دەیان جار دەرکەوت کە گوندنشینەکان دەکەونە
دڵە ڕاوکێ کاتێک دەنگێک دەبیستن کە لێکچووە لە دەنگی فڕۆکە بێ
فڕۆکەوانەکان، یەکسەر بەخێرایی منداڵەکانیان کۆدەکەنەوە لەژێر خێمە یان
ماڵەکانیاندا. گوندنشینەکان ووتیان ھەرپاش کەمێک لە بینینی ئەم فڕۆکانە
بەدوایدا بۆمباران دەست پێدەکات. ئاماژەیان بەوەکرد کە شێوە و دەنگی
ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لە فڕۆکەی
ئاسایی.
لە بەرواری ١٤ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا، بەرپرسێکی پەنتاگۆن ووتی بە
پەیامنێران کە وویلایەتە یەکگرتووەکان فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی جێگیر
کردووە لە نێوان سنوری عێراق و تورکیادا بە مەبەستی چاودێری کردنی
جموجۆڵی چەکدارانی پەکەکە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، پەنتاگۆن
فرۆشتنی سێ ھیلیکۆپتەری کۆبرای لە جۆری (ئەی. ئێچ ١) بە تورکیا
ڕایگەیاند. ھیومان ڕایتس وۆچ داوای لە بەرپرسانی وویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان بەکارنەھێنن بۆ
پشتگیری کردن لە ھێرش و بۆردومانەکان دژی ھاووڵاتیانی کوردی مەدەنی لە
گوندەکانی سەر سنوردا.
بەپێی یاسا نێو دەوڵتیەکان پێویستە لایەنە شەڕکەرەکان لە ھەموو کاتێکدا
جیاکاری بکەن لە نێوان ھاووڵاتیانی مەدەنی و جەنگاوەراندا. ھەر بەپێی
یاسا نێو دەوڵەتیەکان، چالاکی سەربازی دەبێت تەنھا لە دژی جەنگاوەران و
ئامانجە سەربازییەکان ئەنجام بدرێت. نابێت بە ھیچ شێوەیەک ھاووڵاتیانی
مەدەنی بکرێنە ئامانجی ھێرشەکان. ھەر ھێرشێکی بە ئەنقەست و کوێرانە دژی
ھاووڵاتیانی مەدەنی و سەر و ماڵیان قەدەغەیە.
بەڵگەی ھێرشە ڕۆکێتیەکان لەلایەن ئێرانەوە.
بەپێی ووتەی بەرپرسانی ناوخۆیی و گوندنشینانی قەزای پشدەر، لە مانگی
ئەیلولی ڕابردووەوە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و پژاکدا،
تۆپبارانەکان لەلایەن ئێرانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە بۆ ناو
بە ناو ھاویشتنی ھاوەن. سەرەڕایی وێرانکاریەکی بەرفراوان لە زۆرێک لە
گوندەکاندا بەڵام بە دەیان خێزان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان. چەند
خێزانێک ووتیان بە ھیومان ڕایتس وۆچ، کە بارو دۆخەکە لە ئێستادا باش
بووە. ئاماژەیان بەوەکرد کە تۆپبارانەکانی ئەم ساڵ زۆر چڕو پڕ تربوون
بە بەراوورد بە ساڵانی ڕابردوو ھەروەھا زەرەروو زیانێکی زۆریشی
گەیاندووە بە گوندەکانیان.
لە بەرواری ٧ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا، یەک کیلۆمەتر لە دووری گوندی
شەھید ئەیھان لە ناوچەی قەڵادزە ھیومان ڕایتس وۆچ ئاسەواری ڕۆکێتێکی
ھاوەنی بەدیکرد کە بە ھێماکەی سەریدا دەناسرایەوە لە جۆری (ئێف. ئێڵ
٢-ئەی) ٣٣٣ ملم ی ئێرانی بوو. ئەم جۆرە ڕۆکێتە لە ساڵی ٢٠١٠ دا
دروستکراوەو ناتوانێت ئامانجەکانی بەشێوەیەکی وورد بپێکێت، لەبەرەوە
بەکارھێنانی ئەم جۆر ڕۆکێتانە بۆ مەودای دوور دەچێتە چوارچێوەی ھێرشی
کوێرانە.
بەپێی یاسا نێو دەوڵتیەکان، ھێرشی کوێرانە بۆ سەر یان نزیک ئەو
ناوچانەی ھاووڵاتیانی مەدەنی لێیە قەدەغەیە. ھێرشی کوێرانە بریتیە لەو
ھێرشانەی کە ئاراستەی ئامانجێکی سەربازی دیاریکراو ناکرێن یاخود بنەما
و شێوازەکانی جەنگ بەکارناھێنرێ بۆ ئاراستەکردنی ئامانجێکی سەربازی
دیاری کراو یان زەرەروو زیانەکانی ناتوانرێت سنوردار بکرێت.
دانیشتوانی گوندی شەھید ئەیھان ووتیان بە ھیومان ڕایتس وۆچ، یەکەم جار
شوێنی ڕۆکێتەکە لە کۆتایی مانگی ئابدا دۆزرایەوە. یەکێک لە
گوندنشینەکان ووتی، کە شەوی پێشتر دوو تەقینەوە ڕوویداوە لە ئەنجامی
بڵاوبوونەوەی پارچەی یەکێک لە تەقینەوەکان زەرەروو زیانی گەیاندووە بە
ماڵەکەی. ھیومان ڕایتس وۆچ ئاسەوارو پارچەی دوو گولە ھاوەنی تری لە
ھەمان جۆر بەدیکرد بە دووری ٥٠ مەتر لە گوندی زێوکێ کە یەکێکیان لە
تەنیشت جۆگەلە ئاوی سەر ڕێگایەک بوو.
ھیومان ڕایتس وۆچ ھەروەھا بینی کە چەکدارانی پژاک لە دەوروبەری ئەو
ناوچانەدا چالاکیان ھەبوو، گوندنشینەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە
چەکدارانی پژاک ئامادەیی بەردەوامیان لەو ناوچەیەدا ھەیە تەنانەت لە
مانگی ئابی ئەم ساڵیشدا لەو ناوچەیە بوون لەو کاتەی ھێرشی گولە
ھاوەنەکان ئەنجامدراون. چەکدارانی پژاک کە لەو دەوروبەرەدابوون ووتیان
بە ھیومان ڕایتس وۆچ کە بوونیان ھەیە لە ناوچەکانی قەڵادزەدا بەڵام ھیچ
جۆرە چەکێکی دوور ھاوێژ یان فرۆکەیان نیە تاکو لەنێو ھاوڵاتیانی مەدەنی
ئەو ناوچانەوە ھێرش بکەنە سەر ئێران.
زیاتر لە ١٠ گوندنشین کە لەو ناوچانەی نزیک ئاسەواری گوللە ھاوەنەکان
دەژین ئاماژەیان بەو کاریگەری و زیانانە کرد لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەم
جۆرە گوللە ھاوەنانەدا ڕوودەدات، وەک بڵاووبوونەوەی پارچەی زۆر لێیان
بە بەراوورد بە گوللە ھاوەنەکانی ساڵانی ڕابردوو.
پیرەژنێک لە گوندی ماریدۆ ووتی بە ھیومان ڕایتس وۆچ:
تەقینەوەکانی ئەم ساڵ جۆرێکی نوێن کە ھەموومانی زۆر ترساندووە. ھەروەھا
ووتی، بەردەوام دەنگی تەقینەوەکان دەبیستن بەڵام تەقینەوە نوێیەکان
دەنگیان زۆر بەرزترە. کاتێک گوللە ھاوەنەکان دەتەقنەوە زەرەروو زیانیان
زۆر زیاترە چونکە ھەزارەھا پارچەیان لێدەبێتەوە بە دەوروبەردا.
تەقینەوەی گوللە ھاوەنەکانی تر تەنھا ٢ یان ٣ سەر مەڕ دەکوژێ بەڵام
تەقینەوەی ئەم گوللە ھاوەنە نوێیانە لە ھەندێک لە گوندەکانی ئەم
ناوچەیەدا تەواوی ڕانە مەڕی لەناوبردووە.
بەپێی ووتەی گوندنشینەکان، ھەموو دانیشتوانی گوندی ماریدۆ کە نزیکەی ٥٠
خێزان دەبوون لەو کاتەدا لە مانگی تەمووزی ڕابردووەوە چوار جار
گوندەکەیان چۆڵ کردووە لە ژێر فشاری تۆپبارانەکانی ئێراندا. لەکاتی
سەردانەکەدا، تەنھا پێنج خێزان لە گوندەکەدا مابوونەوە، زۆرێک لە
خانووەکانی گوندەکەش ئاسەواری وێرانکاریان پێوە دیار بوو.
بەدەنگەوەھاتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکان.
بەرپرسانی ناوخۆیی حکومەتی ھەرێم ژمارەی ئەو خەڵکانەی ئاوارە بوون لە
ئەنجامی بۆردومانە سنوریەکانی تورکیا و ئێران لە نێوان مانگی تەمووز تا
تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بە نزیکەی ١٣٥٠ خێزان کە دەکاتە ٨٠٠٠ کەس
دەخەمڵێنن. بەڵام بە پێچەوانەی ووتەی بەرپرسانی ناوخۆیی حکومەت،
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن ژمارەی خێزانە
ئاوارەکان ٨٥٠ خێزانە کە دەکاتە ٥٠٠٠ کەس. ئەمە لەکاتێکدایە کە
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران ئەو خێزانانەی ھەژمار نەکردووە کە تەنھا بۆ
ماوەیەکی کورت لەناو کامپی ئاوارەکاندا ماونەتەوە پاشان ڕۆشتوون و لە
شوێنانی تر نیشتەجێبووون. ھەرچەندە کۆمسیۆنەکە ووتی ناکۆک نیە لەگەڵ
خەمڵاندنەکەی بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمدا. ھەروەھا سەرژمێریەکە ئەو
خێزانانەی نەگرتۆتەوە کە ناونووس نەکراوون لە کامپی ئاوارەکاندا، لەگەڵ
ئەوانەی لەگەڵ خزم و کەس و کاریان یان لە شوێنانی تر نیشتەجێبوون.
ھیومان ڕایتس وۆچ ووتی، ھەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێکخراوە
فریاگوزاریەکان و شارەوانیە ناوخۆییەکان نەیانتوانیوە بە ئایاسانی
ھەڵستن بە دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆ ئاوارەکانی ئەم
کامپانە. بەڵام پلانەکانی پارێزگاری ھەولێر بۆ دروستکردنی زیاتر لە ٥٥٠
یەکەی نیشتەجێبوونی نیمچە-درێژخایەن بۆ ئاوارەکان لە ناوچەکانی چۆمان و
سیدەکان و ڕەواندووز بەپێشکەووتنی باش لەقەڵەمدا، بەڵام لە ھەمان
کاتیشدا، دروستکردنی ئەم یەکانە ئەوە نیشان دەدات کە ئاوارەبوونی ئەم
گوندنشینانە لەسەر ماڵ و حاڵیان بەردەوام دەبێت. مستەفا، قائمقاقی
قەزای سیدەکان ووتی، "ھەموو ساڵێک، خەڵکانێک کە ماڵ و حاڵیان
جێھێشتووەو ئاوارەبوون ھیچ شوێنێکیان نەبووە تێیدا بژین، بۆیە پێویستە
پلانی پێش وەختمان ھەبێت بۆ ڕووبەڕبوونەوەی ئەم قەیرانە.” .
بەپێی ووتەی بەرپرسانی ناوخۆیی و ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان تا کۆتایی
مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ تەنھا نزیکەی ١٠٠ خێزان لە نێو ئەو
کامپانەدا مابوونەوە کە لەلایەن شارەوانیە ناوخۆییەکانەوە بنیاتنراوون.
بەپێی ووتەی دانیشتوانی کامپەکەو ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان، زۆر جار
خێزانەکان کامپی ئاوارەکان جێدەھێڵن نەک لەبەرەوەی بارودۆخی ئەمنی
ناوچەکانیان باش بووە بەڵکو لەبەر سەرمایی زستان و نەبوونی خزمەت
گوزاری پێویست لە نێو ئەم کامپانەدا وەک ئاوی خواردنەوە، سوتەمەنی و
خوێندنی منداڵەکانیان. ھەرچەندە بەرپرسانی ناوخۆیی حکومەت بانگەشەی
ئەوە دەکەن کە خێزانەکان بۆیە کامپەکان جێدەھێڵن تا بگەڕێنەوە
گوندەکانیان، بەڵام زۆرێک لە گوندنشینان ووتیان بە ھیومان ڕایتس وۆچ،
کە ناچار بوون بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی تری نیشتەجێبوون ھەروەھا زۆرینەی
دانیشتوانی گوندە دوور دەستەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا گوندەکانیان
چۆڵکردووە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا، کاتێک ھیومان ڕایتس وۆچ سەردانی
کامپی کۆجاری کرد لە پارێزگای سلێمانی کەمپەکە بە تەواوی چۆڵ کرابوو.
بەرپرسانی ناوخۆیی و ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕایانگەیاند لە مانگی تەمووزی
ڕابردووەوە ٢٧٥ خێزانی نیشتەجێی کامپەکە "گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی
خۆیان". بەڵام چەند شایەت حاڵێک ووتیان بە ھیومان ڕایتس وۆچ کە لە
مانگی ٩ی تشرینی یەکەمدا بەرپرسانی ناوخۆیی کارەبای کامپەکەیان بڕیوەو
مۆلیدەکەیان گواستوەتەوە ھەروەھا تەواوی ئاوی خواردنەوەی تانکیەکانیان
بەتاڵ کردوەتەوە ئەمە لە کاتێکدا ھێشتا زیاتر لە ٣٠ خێزان، کە دەترسان
بگەڕێنەوە گوندەکانیان، لە ناو کامپەکەدا مابوونەوە. لە بەرواری ٧ و ٨ی
مانگی تشرینی دووەمدا ھیومان ڕایتس وۆچ سەردانی شەش گوندی کرد لە
ناوچەی قەڵادزە کە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی گوندەکانیان بەجێھێشتبوو.
دووان لە خێزانەکانی ئەو گووندانە ووتیان کە پێشتر لە کامپی کۆجار
نیشتەجێبوون کاتێک بیستیان بۆردومانەکان کەمبوونەتەوە بڕیاریان داوە
بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان. ئەندامانی خێزانێکی تر گووتیان کە
کامپەکەیان جێھێشتووە لەبەر سەرما و بێ خزمەت گوزاری. زۆرێکی تریان
ووتیان کە لەگەڵ خزم و کەس و کاریان لە ڕانیە و ناوچەکانی دەووروبەری
ماونەتەوە. زۆرینەی خانووەکانی ئەو شەش گوندە ھێشتا بە چۆڵی مابوونەوە.
rahmangarib@yahoo.com
|