١٥\٨\٢٠٢٠
هێرشکردنە سەر
شاسوار عەبدولواحێد بێڕەوشتییەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بوو.

جیهاد محەمەد
ئەو هێرشەی لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا کرایە سەر بەڕێز شاسوار
عەبدولواحێد، هێرشێکی سیاسیی بوو، هێرشێک بوو تەنها دەسەڵات تاوانبار
نییە تیایدا، بەڵکو زۆرێک لەو بە ناو ناڕازیە حیزبیی و گروپە سیاسیانەی
دژی ئەم بارودۆخەی کوردستانن تاوانبارن لەم هێرش و پەلامارە
دڕاندانەیەدا.
هەموومان ئەوە دەزانین کە دەسەڵاتی حوکمڕان و بە تایبەتی پارتی و
یەکێتی بە تەواوەتی نوزەیان لە ئازادی و دیموکراتیەت لە کوردستاندا
بڕیوە، بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە خەڵک نادەن ئازادانە خۆپیشاندان دژی ئەو
هەموو ستەمکارییەی لێیان دەکرێ بکەن، بەڵام پێبەپێی دەسەڵاتیش
ئۆپۆزسیۆنێکی حیزبیی هەیە، کە هەم قاچێکیان لە دەسەڵاتدایە و هەم
خۆشیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت لە
هەردوو بەری جۆگەکە بخۆن، لەگەڵە ئەوەشدا هەڵگری کولتووری قۆرخکارین
وەک دەسەڵات، شەقام بە موڵکی خۆیان دەزانن، بۆیە دەیانەوێت کەس
نەتوانێت شەقام بجوڵێنێت جگە لە خۆیان، لە کاتێکدا کە خۆیان نەک هەر
شەقام ناجوڵێنن دژی دەسەڵاتە حوکمڕانە شەریکەکەیان، بەڵکو دژایەتی هەر
جۆرە جوڵانەوە و خۆپیشاندانێک دەکەن. ئەم کولتوورە ترسناکترین کولتوورە،
لە کولتووری دەسەڵات زۆر ناشیرینتر و ترسناکترە، چونکە دەسەڵاتی
حوکمڕانی پارتی و یەکێتی یەکلابوونەتەوە، خۆشیان نایشارنەوە کە هەموو
کوردستان بە موڵکی خۆیان دەزانن و دەیانەوێت هیچ کەس فزەی لە دەم
نەیەتەدەرەوە بە بێ ئەمری ئەوان، ترسناکی ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەوەدایە کە
درێژەدەدات بە هەمان کولتووری حوکمڕانیی ستەمکاری و قۆرخکاری پارتی و
یەکێتی.
ئەو هێرشە وەحشیگەرییەی کرایە سەر سەرۆکی نەوەی نوێ گوایە ئەو گەنجانە
بوون کە خێزانەکانیان بەشیان لە پڕۆژەکانی شاسوار عەبدولواحێدا هەیە،
گوایە شاسوار زوڵمی لێکردوون، ئێمە بەرگری لە شاسوار عەبدولواحێد
ناکەین، خەڵکیش مافی خۆیانە داوای گەڕانەوەی مافەکانیان بکەن لە شاسوار
عەبدولواحێد، بەڵام هەموو ئەوانەی پشکیان لە چاڤی لاند و پڕۆژەکانی
ناوبراودا هەیە، دیارە بە گرێبەستێکی یاسایی هاوبەشییان کردووە، هەر
بەو یاسایەش دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر سەرۆکی نەوەی نوێ و داوای
مافی خۆیان بکەن، خۆ ئەگەر بڕواشیان بە تووندووتیژی هەیە، کەس دەستی
نەگرتوون و ئەوە ماڵ و حاڵ و چاڤیلاند و پڕۆژەکانی شاسوار لەبەردەستان،
ئەگەر ئەمە دەستێکی سیاسیی لە پشتەوە نییە بۆچی لە کاتی خۆپیشانداندا
پەلاماری شاسوار عەبدولواحێد دەدەن.
هەڵبەت دەسەڵاتیش لە پشتی ئەم هێرشە بێ مانا و دڕندەیەوەیە، دەنا لە
هەموو دنیادا ئەرکی دەسەڵاتە کە لە کاتی خۆپیشانداندا پۆلیس ئەبێت
خۆپیشاندەران و دامەزراوە حوکمییەکان و ماڵی خەڵک بپارێزێت و نەیەڵێت
پشێوی دروست بێت.
من هەرچەندە هیچ پەیوەندیم بە نەوەی نوێوە نییە، تەنانەت بۆ جارێکیش
لەگەڵ بەڕێز شاسوار عەبدولواحێدا قسەم نەکردووە و نایناسم، بەڵام وەک
هاوڵاتیەک زۆر بە تووندی ئەو هێرشە ناڕەوا و دڕندانەیە ڕەتدەکەمەوە و
ئیدانەی دەکەم. لە ڕاستیدا ئەو هێرشە تووندە ئەوپەڕی نائەخلاقی بوو
بەرامبە بە شاسوار عەبدولواحێد و خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی کرا.
شاسوار عەبدولواحێد، ئەمسەرو ئەوسەری شەقامەکانی سلێمانی بە بلۆک
هەڵنەچنیەوە تا ئێوەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن نەتوانن خۆپیشاندان و نمایشی
نارەزاییەتیەکانتانی تێدا بکەن، ئێوە هیچتان لەباردا نییە و دیارە
شاسوار عەبدولواحێد بەرنامەکەی هەرچی بێت بوێر و ئازایە و دەتوانێت
بەشی خۆی شەقام بجوڵێنێت. شورەییەکی گەورەیە ئێوەی بەناو ئۆپۆزسیۆن
لەگەڵ دەسەڵاتدا گەنجانی خوێنگەرم هانبدەن دژی جوڵەی شەقام.
شەرمەزاری بۆ دەسەڵات و ئەوانەی ئەوانەی لە پشتی ئەو هێرشە سیاسیەوە
بوون.
٢٢\٨\٢٠٢٠
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|