په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢١

هەر لەو گۆڕەی نییە زۆرینەی کوردان لایەنگری ئەردۆگانن!

دارا خونچە       


هەرچەندە نەفت و گاز و سوودەکی بێ هەژمار بە زانست و تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤ دەگەینن.. لێ هاوکاتیش چەندین زیانیان هەیە وەک پیسکردنی ژینگە لە رێی بڵاوکردنەوەی بڕەکی زۆر لە گاز و شلەمەنیی زیانبەخش و دژ بە سروشتی ژینگەی سەر زەوی.. دروستکردنی چەک و تەقەمەنی دژ بە مرۆڤ و تەواوی ژینگە.. داگیرکردن و چەوسانەوەی گەلان لە لایەن دەوڵەتە بەهێزە داگیرکەرەکان بە هۆی ئەوەی نەفت و گاز لە نێوچەکانیان زۆرن، هەروا گرنگیینەدانی دەسەڵاتدارانی هەندەک وڵات بە کار و ئەفراندن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکەی بەرهەمهێنان بە هۆی ئاسانیی وەدەستکەوتنی پارە لە رێی فرۆشتنی نەفت و گاز و دروستکردنی بازرگانیی چەتەگەریی و گەندەڵیی وەک ئەوەی لە کوردستان و زۆر وڵاتی دیکەش هەن.

''ئاور''یش کە لەوەتەی مرۆڤ هەیە ئەفراندنی پێوە دەکا و ژیان و گوزەرانی خۆی پێ پێشدەخا.. بە هەمان شێوە بێجگە لە سوودە زۆرەکانی زیانەکانیشی یەکجار زۆرن.. وەک:


١- ئاوری سروشتیی گڕکانەکان: ئەو جۆرە ئاورە زیانەکی زۆر بە خاک و ژینگەی سەر زەوی دەگەینی.. لێ نە زانست و تەکنەلۆژۆیا هێندە پێشکەتینە تا بتانن بەری پێبگرن.. نە سیستەمی باوی ئێستاش کە سەرمایەدارییە و لەسەر بنچینەی چەوسانەوە دروستبوە دەیەوێ زانست و تەکنەلۆژیا لە پێناو بەرپێگرتنی یان بە لایەنی کەم کەمکردنەوەی زیانەکانی بخاتەگەڕ.

٢- ئاورکەوتنەوەی سروشتیی: ئەوەیان بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی دروستدەبی و سەرەنجام دەبتە هۆی سوتانی (دار و دەوەن و خاک و زیندەوەر و گیاندارانی دیکە و ئاوەدانیی و تەنانەت زۆر جار مرۆڤەکانیش لێی دەرباز نابن ئەوە سەرەڕای ئەو هەموو گازە خراپەی بە ژینگەدا بڵاویدەکاتەوە)، هەرچەندە سیستەمی نێودەوڵەتیی دەتانی لە رێی دابەزاندنی ئاستی پلەی گەرمیی چارەسەری ئەو گرفتە بکا لێ دیسان سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان قازانجیان لەوە نییە و نایکەن! دەسەڵاتدارانی وڵاتانیش بە هۆی ئەوەی کۆمەڵە فەرمانبەرەکی ملکەچی کۆمپانیایەکانن و لەبەر ئایدیۆلۆژیایە پووچەکانیان و پاراستنی دەسەڵات و کارە گەندەڵییەکانیان بەریان بەوە نییە یان هەر نایانەوێ لە رێی بەرنامەگەلەکی گونجاو دارستانە سروشتیی و دەستکردەکان بپارێزن و لە دروستکردنی هەر پڕۆژەکی بەرهەمهێنان و ئاوەدانیی نەخشە و رێکاری پێویست دژ بە روودانی ئاورکەوتنەوە بگرنەبەر.

٣- ئاورکەوتنەوە بە هۆی فەرامۆشیی و گرنگیینەدان: هێشتا مرۆڤگەلەکی زۆر هەن چ لە نێو دەسەڵات چ لە دەرێی دەسەڵات لەبەر خۆپەرستیی خۆیان و گرنگیینەدان بە ژیانی ئەواندیکە ناتانن مرۆڤپەروەرانە و ژینگەدۆستانە لە ژیان بڕۆنن و هەر لەسەر بنچینەی ''ئاورە سوورە.. لە خۆم بە دوورە!'' بەرخورد دەکەن.. بە لایانەوە گرنگ نییە و نایانەوێ لە جێی کار و ژیانیان بەرپرسیارانە و خۆبەخشانە رێ لە ئاورکەوتنەوە بگرن.. ئەو کەسانەشیان کە کارەکەیان رێگرتن لە ئاور و ئاورکوژاندنەوەیە زۆربەی زۆریان درێخیی لە کارەکەیان دەکەن و بە شێوەکی دروست جێبەجێی ناکەن، ئەوەش هەمووی هەر پەیوەستە بە سیستەمی پەرورەدەی دامودەزگە بەڕێوەبەرییەکان و تەرخاننەکردنی توانستی مادیی پێویست لە لایەن دەسەڵاتدارن و خراپیی یاسا رێسا و رێنماییەکانی خۆپاراستن لە ئاور.

٤- ئاورتێبەردانی بە ئەنقەست: ئەوەیان دوو بەشە:


• ئاورتێبەردانی بە ئەنقەست لە کۆگا و کارگە و باڵەخانەکان و خەلەوخەرمان و دارستانەکان لە لایەن کەسانەک کە بە هۆی ململانێیان لەگەڵ کەسانی دیکە و تۆڵەکردنەوە لێیان ئەو کارە نابەجێی و نامرۆییە ئەنجامدەدەن.. لەبەرئەوەی لە ژێر هەژموونی فەرهەنگەک پەروردە بوونە چاویان بە ژیانی باشی خەڵکانی دیکە هەڵنایێ.. حەز و خولیایەکی دوژمنکارانەی وەهایان هەیە چێژ لەوە دەبینن ئاور لە هەر تشتەک بەربدەن جا ئی هەر کەس و لایەنەک تەنانەت ئەگەر ئی پڕۆژەکانی بەرژەوەندییە گشتییەکانیش بن کە زۆر جار زیان بە خودی خۆشیان دەگا! دەسەڵاتدارانیش وەک ئەوەی لە خاڵی سێیەم ئاماژەم پێیدا ئەوە بە گرنگ نازانن و نایانەوێ راشکاوانە رووبەڕووی ببنەوە! ئاورتێبەردانی پەرتووکخانەیەک ''ماڵی وەفایی'' لە لایەن ''فەرهاد پیرباڵ''ەوە نموونەیەکە لەوانە! (نموونەی دیکە زۆرن لەو بارەوە لێ ئەوەیانم لەبەرئەوە خستەڕوو کە فەرهاد پیرباڵ بەرهەم و دەرهاوێشتەی ئەو ئەکادیمیایە پڕوپووچەی زانکۆیەکانی سەردەمی بەعسی و زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا و خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئێستا نەوەکانمان تێیدا پەروەردە دەبن)!

• ئاورتێبەردانی بە ئەنقەست لە هەمان ئەو جێیانەی کە لە بەشی یەکەمی خاڵی چارەم ئاماژەم پێیاندا لە لایەن دەسەڵاتداران و پارتییەکانەوە ئەویش لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و هۆکارگەلەکی وەک داگیرکاریی و ململانێ لەسەر دەسەڵات و سەرکوتکردنی راپەڕینی چەکدارییانە یان ئاشتییانەی جەماوەریی، ئەو جۆرەیان هەم راستەوخۆ لە کاتی شەڕەکان (شەڕی نێوان وڵاتان، شەڕی نێوخۆی دەسەڵات، شەڕی وڵاتان لە بەرانبەر گەلانی بندەست و ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان) هەم ناڕاستەوخۆش بە شێوەی نهێنیی لە کاتی شەڕی بڕیکاریی و شەڕە ساردەکان روودەدا، ئەو شێوە ئاگرتێبەردانە لە هەموویان مەترسییدارتر و گورچکبڕتڕە چونکێ رامیاربازە داگیرکەر و دژە یەکسانیی و سەرکوتگەرەکان دەتانن زۆر بە ئاسانیی لە ژێر ناوی پاراستنی وڵات و ئاسایشی نیشتیمانیی و لە رێی ورژاندنی هەست و سۆزی رەگەزپەرستیی و کەونەپەرستیی دینیی و پیاوسالاریی و شکۆمەندیی مێژوویی و شارستانیی و شیرینکردن و بەچاکپێشاندانی دابونەریتە کەونەپەرستییەکان و... تد زۆربەی زۆری میللەت تێوەربدەن و لە هەردوو رووی فەرهەنگیی و کردەییەوە بیانکەنە پێخۆری پیلانە چەوسێنەر و نامرۆییەکانیان!

جا کە دەسەڵاتداران و پارتییەکان ئەوەیان لێدەوەشێتەوە و لەدەستیاندێ وەک ئەو نموونەی کە حکومەتی تورکیای فاشیست و داگیرکەر شەڕی سەرتاسەریی دژ بە هەموو کوردستان راگەیاندیە و رۆژانە بێجگە لە بڕینەوەی دار زەیتوونەکانی رۆژاوا و دار بەڕووەکانی باشوور هەر بە ئەنقەست رەز و دارستانەکانی باشوور گڕتێبەردەدا.. زۆر ئاساییە و دەشێ ئەو ئاورکەوتنەوەی هەنووکەی دارستانەکانی تورکیاش هەر ئەوان لە پشتیەوە بن و بە ئەنقەست ئەنجامیبدەن چونکێ ئەو دەسەڵاتە هەمیشە خەریکی پیلانی لەو جۆرەیە لە پێناو گەیشتن بە خواستە داگیرکارییەکانیان و بەڕێوەبردنی ململانێیە نێوخۆییەکانیان و لەو لاشەوە سەرقاڵکردنی ئازادییخوازان و سەرجەم کوردان و گەلە بندەستەکانی تورکیا و ورژاندنی هەستی رەگەزپەرستیی لە نێوان گەلانی کوردستان و گەلانی تورکیا و بەگژیەکوەنانیان! لە راستییدا پێویستە زۆر بە راشکاوییەوە وەدووداچوون لەسەر ئەو ئاورکەوتنەوە بکرێ و نهێنییەکانی ئاشکرا بکرێن چونکێ هەم ئاورێکی زۆر گەورە و ناوزاەیە و روودانەکەی جێی گومانە هەم ئەردۆگانیش ئەوەی لێدەوشێتەوە!

هەڵبەتە ختووکەدانی هەستی رەگەزپەرستی لە لایەن هەندەک رامیاربازی نێو خەڵکی کوردستانیش کە هەمیشە بە نەزانیی و گەمژەیی خۆیان بوونەتە یەکەک لە هۆکارەکانی وەدواخستنی چارەسەرکردنی پرسە نەتەوەیی و نیستیمانییەکانی خەڵکی کوردستان.. هیچی لە رەگەزپەرستیی دەسەڵاتدارانی تورکیا و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان کەمتر نییە، خۆ ئێستا تێکڕای دارستانەکانی تورکیاش بسوتێن نەک هەر دەسەڵاتی تورکیای پێ ناڕووخێ بەڵکە هیچ کارتێکردنەکیشی لەسەر دانانێ.. ئاخر دەسەڵاتی تورکیا هەر خودی خۆی یەک بڵێسە ئاوری زۆر گەورەیەو بەربوویتە گیانی هەموو خەڵکی کوردستان و سەرجەم گەلانی تورکیا! ئەوە چ جۆرە هۆشمەندییەک و چ مەژییەکی پڕوپووچە لە جیاتی تێکۆشان و بەرانگژبوونەوە و راپەڕینی جەماوەریی دژ بە داگیرکاریی و سەرکوتگەریی عوسمانییە تازەکان خەنیخۆشیی بە دارودرەخت سوتان دەردەبڕن! لە راستییدا ئەمن هیچ سەری لێدەرناکەم تەنێ ئەوە نەبی کە بێژم 'هەبی و نەبی ئەوانە ئەو نهێنییەیان ئاشکرا کردیە کە خەریکە درەختەکانی تورکیا بەسەرپێ دەکەون و دەیانەوێ بەرەو کوردستان بێن تا ئەوانیش وەک ئەردۆگان داگیریبکەن!! جا بەرلەوەی ئەوە بکەن با (خودا بە گەورەیی خۆی!) ئاوریان تێبەربدا و ببنە سەرکەبزۆت! هەر بژی (کوردایەتی) لەسەر کێش و سەروای (تورکایەتی)ی ئەردۆگانیی''! ئیدی هەر لەو گۆڕەی نییە زۆربەی زۆری کوردانی باکوور و زۆرینەی پارتی و لایەنەکانی باشوور لایەنگری (خەلیفە ئەردۆگان)ن!

سەت خۆزیی بە منداڵان کە هۆشمەندیی ئەوەیان نییە یارییکردن بە ئاور زیانیان پێدەگەینی، سەردەمەکی چەند عەنتیکەیە؛ ئێستا لە کاتەکدا دەسەڵاتدارە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکانی رۆژەڵاتی ناوین هێندە خۆیان پێ زیرەک و هۆشیارە کە دەتانن هەموو میللەت بەڕێوەببەن.. کەچی گەمژەترین رامیاربازی وڵاتە رۆژاواییەکان لە بنەوە تیختیخەیان دەدەن و لە سەرەوەش وەک منداڵی چەند ساڵە بەرخوردیان لەگەڵ دەکەن و پێاندەبێژین ''نا دانیشن.. یاریی بە ئاورەوە مەکەن''!


٤\٨\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک