١٢\١١\٢٠١٠
ھەر سەرۆک جاشێک
ژیانی زۆرتر لە ھەزار کوردی لە مردن پاراستووە، عەلە لوت ماسی وەک
نموونە!

دەرسیم دیبەگەیی
- بەشی نۆیەم -
ئیبراھیمی شێخ نەسرەدین بەرزنجی سەرۆک جاشی
فەوجی (١٠٢)ی جاشە سووکەکان، لە روونکردنەوەیەکدا کە لە رۆژنامەی
ھاوڵاتی، ژمارە (٦٥١)ی رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی (٤.٨.٢٠١٠)دا، کە لە
لاپەڕە (١٧)دا بڵاوکراوەتەوە، باسی ئەوە دەکات کە ھەر سەرۆک جاشێکی
سەدام و بەعس توانیوێتی لە سەروو ھەزار کورد بپارێزێت لە مردن و
تیاچوون. سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ناوونیشانی ووتارەکەم لە
لێدوانەکەی ئەو وەرگیراوە، پاشانیش دەمەوێت چەند نموونەیەک ھەڵبژێرم
لەو سەرۆک جاشانەی سەدام کە گوایە بە قسەی سەرۆک جاشی فەوجی (١٠٢)ی
جاشە سووکەکان ژیانی ھەزار کوردیان پاراستووە، با بزانین قسەی سەرۆک
جاشی ناوبراو وا دەردەچێت یان نەک پێچەوانە بەڵکو ھەندێک سەرۆک جاش بە
دەیان و سەدان ھاووڵاتی و پێشمەرگەیان شەھیدکردووە!
پێویستە ئەوە بڵێم، سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکەم کە ھەر ھەڵەیەک یان
ناتەواوییەک لە نووسینەکانمدا ھەبێت، ھەوڵی راستکردنەوە و پڕکردنەوەی
ناتەواوییەکان دەدەن، چونکە بەدڵنیایی نامەوێت شتێک بنووسم کە وانەبێت،
ئەگەر ھەر ھەڵەیەکیش لە نووسینەکانمدا ھەبێت بەزووترین کات ھەوڵی
راستکردنەوەی دەدەم، بەڵام کاتێک کە ھەڵەیەکی بێ مەبەست روودەدات و خۆم
پێم خۆش نییە، کەچی کەسانێکی پاشەڵ پیس و گەورە بوو لە تەوێڵەی
جاشایەتی بیانەوێت قسەی ناشیرینم پێ بڵێن (کە جاشی دۆڕاو ھەر جاشە لە
ھەر کوێیەک بێ)، تەنیا پەندێکی (ئاری)یان بە نموونە بۆ دێنمەوە کە
دەڵێت: (ھیچ بەرکەوتنێکی ئەو جۆرە کەسانە نامشکێنی، نەک لەبەرئەوەی لە
پۆڵا دروست کرابم، بەڵکو ئەوەی کە زامدارم دەکات، ئەوەندە ناھێنێ
لەپێناویدا بشکێم).
خوێنەرانی بەڕێز، لە بەشی نۆیەمدا عەلی تۆفیق محەمەدی ناسراو بە (عەلە
لوت ماسی) وەکو نموونە دێنینەوە، کە بەمشێوەیە لە پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای
تاوانبارانی ئەنفال و کوردۆسایدکردنی گەلی باشووری کوردستان)دا باسی
کراوە.
عەلی تۆفیق محەمەد (عەلە لوت ماسی)، لە سەرەتای ھەشتاکاندا مەفرەزەی
تایبەتی ژمارە (٨٥)ی سەربە ئیستخباراتی شیمالی ھەبووە.
یەکێک لە تاوانە گەورەکانی عەلە لوت ماسی ئەوەیە کە بە ھاوکاری سەرۆک
جاشی فەوجی (٢٠٢)ی فەوجە سووکەکان (حەمەخان حاجی دارا رەشید) لە
رێکەوتی (٢٨.٦.١٩٨٣)دا حەڤدە پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە
گوندی قڕگەی نزیک سلێمانی لەناو تراکتۆرێکدا شەھیدکرد، کە شەھیدەکان
ئەمانەن: (ئاراس محەمەد عەزیز ھەمزە، ئازاد شەریف عارف عەبدوڵڵا، ئاگری
نوری رەزا، ئامانج عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەکر رەحمان حوسێن محەمەد، تەھا
عەبدوڵڵا محەمەد سەعید، دڵشاد نەوزاد مستەفا، رەحیم عوسمان کەریم
ئەحمەد، سالار فەتحوڵڵا محەمەد عەلی، شێخ محەمەد شێخ ئیبراھیم، کاروان
غەریب شا محەمەد، عیسا غەفور محەمەدئەمین حوسێن، عومەر شەریف مستەفا
عەبدولڕەحمان، غەفور عەبدولکەریم ئەمین، محەمەد کەریم تاھیر ئەحمەد،
محەمەد عەبدولڕەحمان ئەحمەد قادر و نەوزاد محەمەد تاھیر ئەحمەد).
دووەم تاوانی گەورەی عەلی تۆفیق محەمەد (عەلە لوت ماسی) ئەوەبوو کە لە
رێگای ژنێکەوە بەناوی (نەرمین حەوێز)، کە ژنی کادیری دێرینی کۆمەڵە و
پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەبار عەلی حەوێز بوو، توانی لە
رێکەوتی (٢٤.١١.١٩٨٧)دا کۆمەڵێک بەرپرسی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)،
سەرکردەی کورد، پێشمەرگە و ئەندامانی چەندین خێزانی پێشمەرگە لە گوندی
(سێروان)ی نزیک گوندی مەرگە ژەھر خوارد بکات بە ژەھری سالیۆم.
قوربانییەکانی ئەو ژەھر خواردکردنەی عەلە لوت ماسی و نەرمین حەوێزی
سیخوری ناوبراو بریتین لە ھەریەک لە: (دکتۆر مەحمود عەلی عوسمان عومەر
(دکتۆر مەحمود عوسمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەوسای حزبی سۆسیالیستی
کوردستان و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی ئێراق – لەسەر لیستی پارتی
دیموکراتی کوردستان)، عەدنان رەشاد محەمەد عوسمان موفتی (عەدنان موفتی،
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان)، دکتۆر شوان محەمەد عەزیز (وەزیری مافی مرۆڤ لە
کابینەی پێنجەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان)، مستەفا قادر مەحمود (مستەفا
چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، سامی فەتاح
لەتیف عەبدولوەھاب (سامی شۆڕش، ئەندامی ئەوسای یەکێتیی نیشتمانی
کوردستان و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی ئێراق – لەسەر لیستی پارتی
دیموکراتی کوردستان)، تریفە محەمەد سەعید، عومەر عەلی ساڵح، وە ھەریەک
لە پێشمەرگەی دێرین و کادیری ناسراو و پێشکەوتووی کۆمەڵەی رەنجدەرانی
کوردستان بێستون مەلا عومەر، خەدیجە حوسێن (دایکی مستەفا چاوڕەش) و
سەریعە مەلا موحەڕەم لە ھەمان رۆژدا واتە لە رێکەوتی (٢٤.١١.١٩٨٧)دا
گیانیان لە دەستدا).
عەلە لوت ماسی ھەر لە رێگای نەرمین حەوێز، پێشتریش کۆمەڵێک پێشمەرگەی
تری لە رێکەوتی (١٠.١١.١٩٨٧)دا بە سالیۆم ژەھر خوارد کردبوو، بەڵام
پێدەچوو بڕی ژەھرەکە کەم بووبێت بۆیە کاریگەری زۆری نەکردۆتە سەر
تەندروستی و ژیانی ژەھر خواردووەکان کە بریتیبوون لە ھەریەک لە: (مستەفا
قادر مەحمود (مستەفا چاوڕەش)، ھاوار مەحمود، جەلال ئەمین بەگ، خالید
حوسێن، رێزان مەحمود قادر (خوشکی مستەفا چاوڕەش)، مەحمود ناوێک و عومەر
بۆتانی، پێشمەرگە و ئەندامی ئەوکاتی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیستی
کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی
(١٩٩٢)دا تاوەکو رۆژی کۆچکردنی لە رێکەوتی (١٩.٤.٢٠٠٥)دا، کە دوای
پشکنینی پزیشکی دوای روودارەکە دەرکەوت کەمێک مادەی سالیۆم لە گیانیدا
ھەیە).
جەبار عەلی حەوێزی ھاوسەری نەرمین حەوێز، کادیر و پێشمەرگەی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان لە کۆتایی گفتوگۆی یەکێتیی و رژێمی بەعسدا لە ساڵی
(١٩٨٥)دا لە لایەن رژێمەوە گیرا. نەرمینی ھاوسەری ناوبراو پێدەچێت بەبێ
ئاگاداری جەبار لەگەڵ ئیستیخبارات و عەلی تۆفیق محەمەد (عەلە لوت ماسی)
پێکھاتبێ لەبری ئازادکردنی مێردەکەی کار بۆ رژێم بکات، ئەوەبوو پاش
نزیکەی دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر گیرانی جەبار رژێم ناوبراوی بە
گۆڕینەوە ئازادکرد. جەبار عەلی حەوێز دوای ئازادکردنی دیسان بووەوە بە
پێشمەرگە، نەرمین حەوێزی ژنی ناوبراو بەگوێرەی پلانی دەزگاکانی سەربە
رژێم خۆی گەیاندە ناوچە ئازادکراوەکان، بەڵام نزیکەی دوو ھەفتەیەک بەر
لەو تاوان و کارەساتە گەورەیە جەباری عەلی حەوێز خۆی گواستبووەوە بۆ
مەڵبەندی یەکی قەرەداغ و نەرمینی ژنی رەوانەی سلێمانی کردبووەوە، کەچی
دوای نزیکەی ھەفتەیەک نەرمین بەبێ ئاگاداری جەباری مێردی دێتەوە گوندی
سێروان و دەچێتە ماڵی مستەفا چاوڕەش. نەرمین لە ماڵی مستەفا چاوڕەش
بەناوی ھاوکاری کردنی ژنانی ئەو ماڵە خواردنی ئامادە دەکرد، پاش
ماوەیەک لە دەرفەتێکدا کە کۆمەڵێک سەرکردەو پێشمەرگە میوانی ماڵی
مستەفا چاوڕەش دەبن، ژەھری سالیۆمی کردبووە ناو ماستاو و دوای
ئەنجامدانی پلانەکەی دوژمنان و ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەستبەجێ بەرەو
سلێمانی رایکردبوو.
دوای ئەو تاوانەی نەرمین حەوێز، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە
بروسکەیەک داوای لە جەبار عەلی حەوێزی پێشمەرگە و کادیر کرد کە بگاتە
سەرکردایەتی، کاتێک دوای چەند رۆژێک جەبار گەیشتە بارەگای سەرکردایەتی
یەکسەر گیراو خرایە نێو زیندانی بەرگەڵوو، ئەوەبوو دوای نزیکەی
تێپەڕبوونی دوو مانگێک بەسەر زیندانیکردنیدا، لە سەرەتای مانگی دووی
ساڵی (١٩٨٨)دا لە نزیک زیندانەکەی بەرگەڵوو بە چەند فیشەکێک کۆتایی بە
ژیانی پێشمەرگەی ناوبراو ھات.
عەلی تۆفیق محەمەد (عەلە لوت ماسی) فەرماندەی مەفرەزەی ژمارە (٨٥)ی
سەربە ئیستخباراتی شیمالی، بەشداری ئەنفالی شاڵاوی ئەنفالی ماوەت و
چوارتای کردووە، کە دەکاتە شاڵاوی ئەنفالی یەکەم – سەرچاوە: (زیاد
عەبدولڕەحمان، تونی مەرگ، چاپی دووەم، ل٢٤٣).
نەرمین حەوێزی تاوانبار ھەر لەدوای راپەڕین و رزگارکردنی شاری ھەڵمەت و
قوربانی شاری سلێمانی شەھیدان، لە رۆژی (٧.٣.١٩٩١)دا لەلایەن کۆمەڵانی
خەڵکی دڵسۆز و تێکۆشەری ئەو شارەیە ناسرایەوەو دەستبەجێ کوژرا، کەچی
عەلی تۆفیق محەمەد (عەلە لوت ماسی) دوای راپەڕینی ساڵی (١٩٩١)،
کوردستانی جێھێشت و روویکردە بەغداو دوای رووخانی رژێمیش ھەر لە بەغدا
مابوو، وەلێ لە ساڵی (٢٠٠٨)دا گەڕایەوە سلێمانی و دوای سکاڵای بنەماڵەی
ھەندێک لە شەھیدان و بەتایبەت سکاڵای مستەفا چاوڕەش، ئاسایشی گشتیی
کوردستان لە سلێمانی گرتی و نزیکەی مانگێک لە زیندان مایەوە، کەچی لەپڕ
بەھۆی ھەوڵ و داکۆکیکردنی بەردەوامی حەسەن حەمید رەحیم ناسراو بە (مام
رۆستەم کەرکوکی) سەرکردەی سەربازی قارەمان و تێکۆشەری دیاری ئەوسای ناو
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھەڵسوڕای بەرچاوی ئێستای بزووتنەوەی
گۆڕان لەو تاوانبارە و بەھۆی دەستەبەری کردن (کەفالەت) لەلایەن کەسێک
بەناوی زیاد رەسوڵ سەعدی کە بۆتە دەستەبەری عەلی لوت ماسی، ئەوەبوو
ناوبراو لە مانگی تەموزدا ئازاد کرا.
عەلی لوت ماسی، دوای ئازادکردنی بە چەند رۆژێک بەرەو سوریا رایکرد.
ئاسایشی گشتی کوردستان لە سلێمانی لە رێکەوتی (٢٣.٧.٢٠٠٨)دا
دەستەبەرەکەی ناوبراوی دەستگیرکرد کە ناوی زیاد رەسوڵ سەعدی بوو، بەڵام
دوای چەند رۆژێک ئەویش لە رێگای ھەوڵی بێوچانی چەند بەرپرسێکی کوردی
سەربە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئازادکرا.
عەلی تۆفیق محەمەدی ناسراو بە (عەلە لوت ماسی)، لەلایەن (دادگای باڵای
تاوانەکانی ئێراق)ەوە، بەھۆی بەشداریکردنی لە شاڵاوی ئەنفالەکاندا
فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووەو، ژمارە (٢٠٩)ی دراوەتێ لە لیستی ناوی
داواکراوەکان.
___________________________________
تێبینی:
داواکارم و ھیوادارم ھەر کەسێک ھەر تاوانێکی تری عەلە لوت ماسی دەزانێت،
بەھۆی ئەو ئیمێیڵەیە (darsim٢٠٠٦@hotmail.com)،
ئاگادارم کاتەوە لە ناوی قوربانییەکان، سەربە چ لایەنەکن، شوێن، رۆژو
ساڵی تاوانەکە ئەگەر بیزانێت.
١٠\١١\٢٠١٠
ماڵپهڕی
دهرسیم دیبهگهیی
|