٢٤\٦\٢٠١١
هەر سێ
سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و حیزبەکان،
سەبارەت بە رووداوەکانى کوردستانى رۆژئاوا بێهەڵوێستن.

ئا: فەرەیدون بێوار
ماوەی سێ مانگ خۆپیشاندان لە سوریا بەتایبەتی لە بەشە کوردستانییەکەی
بەردەوامە و رژێمەکەی بەشار ئەسەد بەشێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە تەقە
لە خۆپیشاندەران دەکەن، تائێستا نزیکەی (1300) شەهید و زێتر لە (5000)
هەزار برینداری لێکەوتۆتەوە و بەسەدان کەسیش قۆڵبەست کراون و زیاتر لە
(10) هەزار هاوڵاتیش بەرەو سنوورەکانی تورکیا کۆچیان کردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە تاوەکو ئێتستا سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی
هەرێم و سەرجەم حزبەکانیش، هەڵوێستیان نەبووە و بەیانی ئیدانە کردن دژ
بە رژێمەی بەشار یان پشتگیری کردنیان بۆ شۆڕشەکەی کوردستانی رۆژائاوا
دەرنەکردووە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ حکومەتی سوریا
هەیە و سکرتێرەکەشی سەرۆک کۆماری عێراقە، تائێستا کارە توندتیژییەکانی
رژێمەکەی بەشار ئەسەدی ئیدانە نەکرووە و بەیانی ئیدانە کردنی
دەرنەکردووە. ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، لەمبارەیەوە
دەڵێت "بۆچی یەکێتی بەیانی ئیدانە کردنی دەرنەکردووە، دەبێ ئەو پرسیارە
لە وتەبێژی یەکێتی بکەیت. بەڵام مام جەلال لە وتارەکەیدا لە 16 زۆر
بەزەقی ئەو مەسەلەیەی باس کرد و پشتیوانی لە خەباتی ئازادیخوازان و
مەدەنی کوردستانی رۆژائاوا و باکور کرد".
ئەوەشی وت "ئێمە پشتیوانی لە مافی رەوای نەتەوەی کورد دەکەین بەو
شێوازانەی کە دەگونجێ هاوکاریانین لە پێناو گەیشتن بەئامانجەکانیان،
دڵنیاییشەوە یەکێتی پشتیوانی لێکردوون، بەڵام بەشێوازی دیاریکراو نەک
بەو شێوازەی کە ئەوان دەیانەوێ. ئێمە پەیوەندییەکی دێرین و مێژوییمان
لەگەڵ دەوڵەتی سوریا و حزبە کوردییەکانی کوردستانی رۆژئاوا هەیە".
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، یەکێکە لەو حزبە ئیسلامییانەی کە زۆر جاران
لەسەر کارە توندوتژیەکانی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستن،
هەڵوێستی نواندووە و هەندێکجار کۆڕ و سیمناریشیان رێکخستووە، بەڵام
بەرامبەر بزوتنەوە جەماوەرییەکەی کوردستانی رۆژائاوا و توندوتیژییەکانی
رژێمی سوریی بێهەڵویستن. عەبدولستار مەجید ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ،
دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا ئەو رەوشەیان دیراسە نەکردووە و بەپێویستیشی
نازانێت بەیانی ئیدانە کردن دەربکەین. ئەو بۆ (رووبەر) وتی "ئێمەوە
وەکو حزب بەپێویستمان نەزانیوە بەیانی ئیدانە کردن دەربکەین و تائێستاش
دیراسەی ئەم مەزوعەمان نەکردووە تا هەڵوێستی خۆمانی لەبارەوە
رابگەیەنین، پێشموایە ئەمە پەیوەندی بە دەرەوەی ئێمەوە هەیە، ئێمە
لەناوخۆ هێندە کێشەمان هەیە کە پێوەی سەرقاڵ بین. پێویستە حکومەت یان
سەرۆکایەتی هەرێم ئەو هەڵوێستە بنوێنێ. یان حکومەتی عێراقی بیکات".
روونیشیکردەوە کە "پێویست دەکات لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی قسە
لەسەر ئەم پرسە بکەین و هەڵوێستمان لەمبارەیەوە روون بکەینەوە".
پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەتا ئێستا توندوتیژییەکانی حکومەتەکەی
سوریای ئیدانە نەکردووە. دکتۆر چنار سەعد، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی،
لەمبارەیەوە دەڵێت "من دڵنیام لەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر
بەیاننامەشی لەو ڕووەوە دەرنەکردبێت، بەڵام لەچەندین لێدوان و
گفتوگۆکردنەکانی ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە هەڵوێستی خۆی لەهەمبەر
ئەو ڕووداوە خوێناویەی وڵاتی سوریا ئاشکرا کردووە. پارتی مێژوویەکی
دوورودرێژی لە خەبات لە پێناو ئازادی و مافە مرۆیی و مەدەنییەکان هەیە،
هەربۆیە هەمیشە پاڵپشتی لەهەر میللەتێک دەکات کە بەهەمان شێوە
بەگرتنەبەری ڕێگای شارستانی دوور لە توندو تیژی بۆ ئازادی و چەسپاندنی
دیموکراسی تێبکۆشێت. ئێمە نیگەرانین لە خوێنڕشتنی هاوڵاتیانی ئازادی
خواز لە سوریا و بەتایبەتی کوردەکانمان لەو وڵاتە، ئومێد دەکەین لەبری
پەنابردنە بەر توندوتیژی، حکومەتی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی ئاشتیانە
داواکاریەکانی میللەتی خۆی جێ بە جێ بکات".
بەرپرسەکەی پارتی راشکاوانە ئەوەشی وت "پارتی پشتیوانی لە هەموو شۆڕش و
بزاڤێکی ئازادیخواز و دیموکرات دەکات، کە لە خزمەت باشترکردن و
پێشڤەچونی دیموکراسیەت و خۆشگوزورانی و دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی
بێت لەو وڵاتانەدا، جا ئەمە بەڕێگای گۆڕینی ڕژێمەکان یاخود مانەوەیان
بێت لەسەر حوکم".
پەرلەمانی کوردستان، وەک دەزگایەکی شەرعی و دەستووری کە مەرجەعی گەلی
کوردە، ئەویش سەبارەت بەو رەوشەی سوریا بەتایبەتی کوردستانییەکەی
بێهەڵوێستە. سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی
کوردستانی، داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات کە راشکاوانە هەڵوێستی
خۆی روون بکاتەوە. ئەو پەرلەمانتارە بە (رووبەر)ی راگەیاند "گرنگە
پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی خۆی هەبێت بۆ ئەو رووداوانەی کە ئێستا
لە رۆژهەڵاتی ناوین روو دەدەن، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردی لێیە.
بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان لە ئێستادا راشکاوانە هەڵوێستی خۆی
روون بکاتەوە سەبارەت بەو رووداوانەی کە روودەدەن و ئەو پێشهاتانەی کە
لە ناوچەکەدا هەن".
لەبارەی بێهەڵوێستی پەرلەمانی کوردستانەوە، کە تائێستا بە فەرمی
ئیدانەی قەتڵ و عام کردنی خۆپیشاندەرانی سوریا بە تایبەتی کوردستانی
رۆژئاوای نەکردووە، یان لەو بارەیەوە دانیشتنێکی نائاسایی گرێنەداوە.
پەرلەمانتارەکەی لیستی کوردستانی وتی "پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بەشێکن
لە حکومەتی ناوەندی، حکومەتی ناوندیش کۆمەڵێک پرەنسیپی نێودەوڵەتی
رەچاو دەکات، لەو روانگەیەوە رەنگە پەرلەمانی کوردستان رەچاوی ئەو
بنەمایانەی کردبێت، بەڵام ئێمە لە باری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە خەڵکی
هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانی کوردستانیشەوە هاوسۆزن لەگەڵ
داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانی رۆژئاوا. بە بایەخیشەوە دەڕوانینە ئەو
رووداوانە، چونکە کوردستانیانی سوریا لە زۆر مافی ئاسایی و سەرەتایی
بێبەشکراون، کاتی ئەوە هاتووە بەر لە تەقینەوەی مەسەلەکان، دەوڵەتی
سوریا پێداچوونەوە لە باری دەستووریدا بکات بە تایبەت بۆ سەلماندی
مافەکانی خەڵکی کوردستان وەک هاونیشتمانیانی تر لە سوریا، بەشێوەیەک کە
ناوەندە نێودەوڵەتییەکان گرەنتی ئەوە بدەن کە چیتر خەڵکی کوردستان
تووشی ئەو چەوسانەوەیە نابنەوە کە لە رابردودا تووشی بوونەوە".
ئەو پێیوایە ئەگەر سوریا بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لە گەڵ
خۆپیشاندەران و کوردستانی رۆژئاوادا نەکات و ئەم مەسەلەیە بەردەوام بێت،
ئەوا پەرلەمانی کوردستان تاسەر بێدەنگ نابێ. بۆیە هەموو لایەک
بەجدییەوە چاودێری بارودۆخ و پێشێلکارییەکانی سوریا و بەتایبەتی
کوردستانی رۆژئاوا دەکەن.
هەروەها وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئاشکرای دەکات کە ئەوان بە فەرمی
بەیانی ئیدانە کردنیان دژیی کردەوە نامرۆییەکانی حکومەتەکەی بەشار دەر
نەکردووە. شوان قەڵادەزەیی وتەبێژی بزوتنەوەکە دەڵێت "وەکو مەکتەبی
سیاسی بە فەرمی بەیاننامەمان دەر نەکردووە، بەڵام لە رۆژنامە و
سایتەکەمان بەشێوەیەکی گشتی ئەو توندوتیژی و کوشتنانەی کە لە لایەن
لیبیا و بەحرەین و سوریاوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەکرێ، ئیدانەمان
کردووە، بەتایبەتی ئەو کردەوە نامرۆڤانەی کە لەلایەن حکومەتەکەی بەشار
ئەسەدەوە بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی تر دەیکات".
ئەوەشی وت "پێمانوایە ئەو شێوازە دڕندانە لە توندوتیژی و کوشتن و
تەقەکردن لە هاوڵاتیان بارودۆخی ئەمنی سوریا ئاڵۆزتر دەکات و رژێمەکەی
لە رووخان نزیکتر دەکاتەوە".
ئەو وتەبێژە بەراشکاوی پشتگیری حزبەکەی بۆ شۆڕشە جەماوەرییەکەی
کوردستانی رۆژئاوا دەرنەبڕی و وەها وەڵامی پرسیارەکەی رۆژنامەی (رووبەر)ی
دایەوە "هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان شێواز و بارودۆخی تایبەتی
خۆی هەیە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە حزبەکانیش پەلە
ناکەن لەهەڵوێست نواندن، رەنگە دوربینانە بیر بکەنەوە. رژێمی سوریا و
لیبیا بە دریژایی تەمەنیان زیاتر لە پشتیوانی دۆزی رەوای گەلی کورد
دابوون، بەڵام بەداخەوە ئەمرۆ بەگژ میللەتەکەی خۆیاندا دەچنەوە".
f_bewar@yahoo.com
|