په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

هێرشەکەی داعش بۆ سەر کەرکوک ‌و وانەیەک بۆ هەمووان.

حەمە غەفور     


بەهۆی بۆشاییەکی ئەمنی کە لە شاری کەرکوک پێشهاتبوو، کە گرنگرترین فاکتەر تیایدا بەهۆی سەرقاڵبوون بە شەڕی موسڵەوە هێزە ئەمنییەکانی کەمتەرخەمییان ممارەسەکردوەو پێیانوابوە داعش توانای جوڵەو پەلاماری نەماوە لە شوێن‌و جێگای دیکە. هەروەها جیاوازی‌و ناڕێکی نێوان پارتی‌و یەکێتی‌ لە ئیدارەی کەرکوک‌و بوونی هێزو لایەنی دیکەو دەستوەردانی تورکیاو جمهوری ئیسلامی ئێران بەشێوەی تایبەتی خۆیان لە کاروباری شاری کەکرکوک، داعش سودی لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووەو هێرشێکی پلانبۆداڕێژراوی لە چەندین قۆڵ‌و بە شێوازی جیاجیا کردە سەر شاری کەرکوک. بەڵام خۆشبەختانە تەواوی هێرشەکانیان تێکشکێنراوەو کۆنتڕۆڵی شارەکە کەوتۆتەوە دەستی هێزە ئەمنییەکان‌و جەماوەری چەکداری شارەکە.

بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگەو ئاساییش‌و پۆلیس گیانیان بەختکردووەو ژمارەیەکیش لە هێزی پشتیوانی جەماوەری کە سەرلەبەیانی دوێنێ بەشێوەیەکی ناڕێکخراو بەرەوڕووی داعش بوونەوەتەوە لەنێو قوربانییەکاندان، وە لە وێستگەی کارەبای دوبزیش ژمارەیەک کارمەندو کرێکاری فەنی بوونەتە قوربانی ئەو هێرشانەی داعش، هەروەها دەیان کەسی تر بریندارن‌و فەزای ترس‌و دڵەڕاوکێ باڵیکێشاوە بەسەر دانیشتوانی شارەکەدا.

ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، پاشماوەی هێرشەکەی داعش تا درەنگانی شەوی ڕابردوو لە هەندێ جێگا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکرابوو، وە دانیشتوانی شارەکە بە دەستپێشخەری خۆیان بەدرێژایی شەوی پێشوو پاسەوانییان کردووەو خۆیان بۆ هەر ئەگەرێکی پەلاماری تری داعش ئامادەکردبوو. پەیوەندیم لەگەڵ خزمانی نێو شاری کەرکوک کرد، ئەوان ووتیان بە درێژایی شەوی بەروو خەڵکی چەکداری دانیشتوانی گەڕەکەکانی نێو شاری کەرکوک خۆیان تا ڕۆژ بۆتەوە پاسەوانییان کردووەو ئەمن‌و ئاساییشی گەڕەک‌و هاوڵاتیانیان پاراستووە.

ئەمە وانەیەکی گرنگە خەڵکی ئازادیخوازو شەریفی شاری کەرکوک لەم پەلامارەی داعش بۆ سەر شارەکەیان بەدەستیانهێناوە. هەروەها بەکردەوە هەستیان کردووە هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پێویست ناتوانن ئەمنییەتی شار داپۆشن‌و خۆشیان دەبێت لەمەودوا لەهاوشانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا هەمیشە ئامادەبەکار بن بۆ هەر ئەگەرو پەلامارێکی داعش تائەو کاتەی بەتەواوی لە موسڵ‌و ناوچەکانی دیکەش وەدەردەنرێن‌و شارو ناوچەکانیان لێ پاکدەکرێتەوە.

ئەم هێرشە لە ناکاوەی داعش بۆ سەر شاری کەرکوک، هێمایە بۆ مەترسی گەورە لەسەر ئەو شوێنانەی داعش لێوەی نزیکەو دەتوانن بە پشتیوانی شانە حەشاردراوەکانی داعش لەنێو شارەکانی کوردستان، بە تایبەتی شارێکی وەکو کەرکوک، وە هەموو ئەو ناوچانەی نزیکن لە سنووری دڕندەکانی داعشەوە، لە هەر لەحزەیەکدا هێرشی دیکەی لەم چەشنە ئەنجامبدەن. ئەگەرچی هێرشی هەمەلایەنە بۆ سەر داعش‌و دەرکردنیان لە شاری موسڵ درێژەی هەیەو ڕۆژ بە ڕۆژ گوندو شارۆچکەکانی ژێر دەستیان ڕزگاردەکرێن. بۆیە پێویستە جەماوەری دانیشتووی ئەو جێگایانە خۆیان چەکداربکەن‌و بە دەستی خۆیان لە یەکینەی جەماوەری یاخود دەستەی دژە داعشدا خۆیان ڕێکبخەن‌و دەستبەکاری بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک بن بۆ سەر خۆیان‌و ئاساییشی ژیان‌و سەرو ماڵیان، وەکو ئەوەی دەمەو بەیانی ڕۆژی پێشوو لە شاری کەرکوک تێکیانشکاندن. شەو و ڕۆژی ڕابردووی پڕ لە تەحەداو مەترسی شاری کەرکوک پێویستی ئەم ئیرادەیەی بەکردوە سەلماندوەو خۆشبەختانە دانیشتوان دەستیان بۆی بردووە. هیودارم بەردەوام بێت ئەم هەنگاوەو پەرەی پێبدرێت.
 

٢٢\١٠\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک