په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هەڕەشە سەربازییەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەرەنجامى چین؟


محەمەدى مشیر    


وەک زانراوە هەر جوڵانەوەیەکى سەربازى بە مەبەستى هەڕەشەو هەڵکوتانە سەر وڵاتێکى دیکە کۆمەڵێک هۆکارى هەمەجۆر و گرنگى لە پشتە لەوانەش:


1- هۆکارى سیاسى.
2- دەست تێوەردان لە کاروبارى ناوخۆ.
3- هۆکارى ئابوورى.
4- بەتاڵکردنى ململانێکانى ناوخۆ لەم رێگایەوە وگومڕاکردنى راى گشتى وڵات لە کێشە ناوخۆییەکان.
5- عەقلیەتى پاوانخوازى و میلیتارى.
6- چارەسەرکردنى کێشەکان لە رێگاى هێزەوە.


بە شێوەیەکى گشتى ئەمانەى سەرەوە چەند هۆکارێکى سەرەکین کە هەندێ جاران لە ژێرەوە و هەندێ حاڵەتیش بە ئاشکرا هێزە سەربازییەکانى هەر وڵاتێک دەجوڵێنن و بەرەو ئەو ئاقارەى دەبەن کە سیاسەتمەدارانى ئەو وڵاتە مەبەستیانە. واباشە لێرەدا بپرسین ئاخۆ تورکیا لە ژێر کاریگەرى کامە لەم هۆکارانەدا هێزەسەربازییەکانى ئامادەکردووە تا بە بەهانەى (پەکەکە) وە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانى هەرێمى کوردستان؟


سەرکەوتنى دووبارەى ئیسلامى سیاسى میانڕەو( AKP) بۆ ژەنەڕاڵە دەستڕۆکانى سوپاى تورکیا لە دوایین هەڵبژاردنەکانى تورکیادا، وەک خوێ کردنە ئەو زامە بوو کە سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2002دا لە جەستەى تورکیاى کەمالى جێیهێشتبوو.لاوازى حزب و لایەنە ناسیونالیستە عەلمانیخوازەکانى تورکیا بە گشتى و سەرنەکەوتنیان لە دوو هەڵبژاردنى لەدواى یەکدا گەورەترین سەرئێشەى بۆ دەسەڵاتدارێتى سەربازى ئەو وڵاتە نایەوە، بە تایبەتیش دواى ئەوەى پۆستى سەرۆک کۆماریش دواى ململانێیەکى زۆرى عەلمانییە ناسیونالیستەکان هەر بووە بەشى ئەوان.ئەمە سەرچاوەیەکى سەرەکى ئەو قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەیە کە حکومەتى ئێستاى تورکیا ماوەى چەند ساڵێکە بە دەستیەوە گرفتارە، لە لایەکى دیکەدا چارەسەرنەکردنى ئاشتیانەى پرسى نەتەوایەتى کورد سەرچاوەیەکى دیکەى ئەو قەیرانە سیاسییەیە کەدەمێکە رێگە نادات تورکیا بە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا قەبوڵ بکرێت. بۆیە باشترین دەرەفەت بە بۆچوونى ژەنەڕاڵەکانى تورکیا و ناسیونالیستە توندڕەوەکانى تورک رەنگە ئەوە بووبێت کە لەم کات وساتەدا بە بەهانەیەکەوە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ململانێکانى ناوخۆ بگوازنەوە شوێنێکى دیکە، باشترین شوێنیش بە بۆچوونى ئەوان و بۆ ئامانجى تایبەت هەرێمى کوردستانە، باشترین بە هانەش بۆ جێبەجێکردنى ئەم پیلانە هەبوونى بنکەکانى (پەکەکە) یە لە چیاکانى قەندیل. رەنگە ئەمە نوێشکى سینارێۆکانى هەڕەشە و خۆئامادەکردنە سەربازییەکانى تورکیا بێت بەرامبەر بە خاک و خەڵکى هەرێمى کوردستان.یەکێ لەو هۆکارە گرنگانەى کە تورکیا بەرەو ئەو ئاقارە هاندەدات و رشت ترى دەکات تاکو ئەم رێگایە بگرێتەبەر، ئەزموونى سیاسى هەرێمى کوردستان و تەواوى ئەو دەستکەوتانەیە کە گەلى کوردستان لەماوەى شازدە ساڵى رابردوودا بە شێوازێکى ئاشتیانە و دیموکراسیانە پەرەیان پێدەدات و بەرەو پێشیان دەبات.

 

ئەم بەرەو پێشچوون و گەشەکردنە بەرچاوە دژ بە حەزى شۆڤینستانەى ناسیونالیستە توندڕەوە تورکەکان و ژەنەڕاڵە دەستڕۆکانى ئەو وڵاتەیە، بۆیە بە بەهانەى راوەدوونانى گەریلا(تیرۆریستە!)کانى پەکەکە و پاکتاوکردنیان بە بۆچوونى خۆیان چەند ئامانجێک لە یەک کاتدا دەپێکن:


یەکەمیان: پەکەکە لەناودەبەن( کەئەمەش خەیاڵێکى خاوە چونکە چارەسەرکردنى کێشەى پەکەکە پەیوەندى بە کێشەى نەتەوەیەکى 25 ملیۆنییەوە هەیە کە پتر لە سەدەیەکە تورکیا نکۆڵى لە سادەترین مافەکانیان دەکات).
 

دووەمیان: ئەزموونى هەرێمى کوردستان لەباردەبەن ، چونکە ئەوان بە هەڕەشەو مەترسى بۆ سەر ئاسایشى تورکیا لە قەڵەمى دەدەن.
 

سێیەمیان: هەندێ دەستکەوتى ئابوورى گرنگ بەدەست دەهێنن دواى ئەوەى تا ماوەیەکى نادیار لە هەرێمى کوردستاندا دەمێننەوە!
 

چوارەمیان: حەزى ژەنەڕاڵەکان و تەیارى ناسیونالستى توندڕەوەى تورکیا بەجێدەهێنن.
 

پێنجەمیان: شەقامى توندڕەوەى تورکیا رازى دەکەن.


بەڵام لە هەموو ئەمانەدا تورکیا لە بەر بارى سیاسى ئاڵۆزى ناوخۆى سێ خاڵى زۆر گرنگى رەچاو نەکردووە، کە ئەمەش درز دەخاتە پیلانەکەیان و لێناگەڕێ سەربگرێ:


یەکەمیان: ئەمریکا کە حاکمیەتى هەموو عێراقى لە دەستە زیاتر لە جارێک هۆشدارى داوەتە حکومەتى تورکیا و هەرگیز لامپى سەوزى بۆ هەڵنەکردووە.
 

دووەمیان: هەرێمى کوردستانى عێراق هەرێمێکى فیدڕاڵەو بە پێى دەستوورى هەمیشەیى عێراق پێکهاتووە، هەر هێرشێکیش بۆسەر ئەم هەرێمە هێرشکردنە بۆ سەر عێراقى فیدڕاڵ ئەمەش دەروازەى کۆمەڵێک کێشەى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى ئاڵۆز بەرووى حکومەتى قەیراناوى تورکیادا دەکاتەوە.
 

سێیەمیان:هەرێمى فیدڕاڵى کوردستانى عێراق بە شێوەیەکى نەگوتەنى لە لایەن کۆمەڵێک وڵاتانى جیهاندا بەکردەوە دانیپێدانراوە. واتە لەرووى نێودەوڵەتییەوە قەوارەیەکى یاسایى دانپێدانراوە.بۆیە هەر پەلاماردان و هێرشێک بۆ سەر هەرێمى کوردستان پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکانە و باشتر وایە حکومەتى مەدەنى تورکیا کە لە رێگەى هەڵبژاردنەکانەوە شەرعیەتى بەدەستهێناوە بیر لە رێگە چارەى ئاشتیانە بکاتەوە و لەتاو گوشارى ژەنەڕاڵە نەژادپەرستەکانى سوپا خۆى نەخاتە دۆخێکى ئاکام نادیارەوە.چونکە ئەوەى ئەوان خەونى پێوەدەبینن دوورە لە واقع و پتر لە خەونى حوشتر دەچێت!