٢٧\٤\٢٠١٦
''حەشدی شەعبی''
لێزانانە کڵاو لەسەر کورد ئەنێن؟!

ستار محەمەد قادر
بۆ جارێکی نر کورد لەسەر خاکی خۆی لەبەرانبەر حەشدی شەعبیدا بەبێ ئەوەی
بەخۆی بزانێت، یان هەست بەو سیاسەت بکات کەلەلایەن ئەوانەوە زۆر
بەبەرنامە رێژیەوە پیادە ئەکرێت، دەکەوێتە سازشەوە، ئەم سازشکردنەی
کورد، هۆکارەکەی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە زۆر سادە یان ساویلکانە تەماشای
روویەکی ئەو شەڕە ئەکات کە حەشدی شەعبی ئاگرەکەی بۆ خۆش ئەکات، رەنگە
کورد تائەندازەیەک شارەزایی لەم جۆرە سیاسەتە نەبێت، بۆیە وەکو
دەیبینین لەرووە سیاسیەکەوە رەدووی ئەوان ئەکەوێت و بووە بەشوێنکەوتووی
ئەو سیاسەتەی کە ئەوان لەکوردی دەخوازن!
پڕ ئاشکرایە خورماتوویش وەکو هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان، بریتیە
لەشارۆچکەیەکی کوردستانی، کەواتا کورد لەماڵەکەی خۆیدا رازییە شت
بەسەریدا فەرز بکرێ و لەبەرانبەر هەڵنەگیرسانی شەڕو ئاژاوە، هێزێکی
بێگانە بەئەجێندایەکی ناروون و پیلانەوە وەکو ئەمری واقیع قبووڵ بکات،
کۆبوونەوەی بەرپرسانی کورد لەگەڵ هادی عامری یان هەر بەپرسێکی دیکەی
ئەو هێزەدا، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ بێ ئاگایی کورد، ئەگەر
لەروویەکەوە تەماشای ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بکەین، رەنگە بەئیجابی
لەقەڵەمی بدەین، بەڵام لەرووەکانی ترەوە، گوزارشت لەخاڵی هەرە لاوازی
کورد ئەکات، ئاخر لۆژیک لەکوێی ئەوەدایە لەگەڵ میلیشیادا بکەویتە
دانووستانەوە؟
دەبێت کورد لەرووە سیاسیەکەوە دیمەنەکە بخوێنێتەوە، هەمیشەو ئەو
پرسیارە لەخۆی بکات: ئەو هێزە بۆ لەنێو خوورماتوو جێگیرن و ئامانجیان
چییە لەنانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی؟ لەکاتێکدا دەزگای ئاسایش و پۆلیس
بەشێوەیەکی رێک و پێک بەئەرکی سەرشانیان هەڵدەستن!
بێ گومان، ئەجێندای ئەو هێزە لەنانەوەی پشێوی ئاڵۆزی و پاشان
هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، فەرزکردنی ئیرادەو کڵاو لەسەرنانی کوردە، ئەم
شێوازە لەمامەڵەکردن، وا لەکورد دەکات، ئەوەی ئەوان ئەیانەوێت، بەبێ
ئەوەی کورد هەستی پێ بکات، جێبەجێبکرێت، ئەوان بەم شێوازە لەسیاسەنکردن،
کورد ئاراستە ئەکەن بەبێ ئەوەی هەست بەخۆیشی بکات، لەلایەک ئەیانەوێت
سەرنج و رای گشتی بۆ لای خۆیان رابکێشن و لەلایەکی ترەوە سیاسەتی ئەو
شارۆچکەیە بەرەزامەندی دڵ و خواستی خۆیان ئاراستە بکەن.
بەیەقینەوە یەکێک لەرەهەندەکانی ئەم شەڕە، سیاسییە، ئەگەر کورد
لەدیوەکانی تری رانەمێنێت، خوێندنەوەی بۆ رووەکانی تری نەکات، بەدووری
نەزانین بیگوازنەوە بۆ کەرکوکیش، چونکە بەهەموو پێوەرێک لەدەرەنجامدا
ئەوان براوە دەرئەچن، لەبەر ئەوەی شەڕ دەگوازنەوە بۆ شوێنێک، بۆ ماڵێک،
کەبەهیی خۆیانی نازانن؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|