په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠٢٢

   هێشتا باران دەبارێ!

ئەرسەلان مەحمود

تاریک وەک مرۆڤ،
رەشتر لە رۆژی ئێمە،
کوێرتر لە ٢١ سەدە،
کـەڕڕ وەک دونـیـا،

هێشتا باران دەبارێ!

دەنگێکی
نزیک لە لێدانی دڵ،
لەسەر مەزارەگەکان،
لە ژێری خێوەتگەکان،
لە گۆرەپانە سوورەکان،
لە ناو دەریا دوورەکان،
لە هـەڕەم نشینەکان،
دەنگی پێیە بەدەکان
زاوزێ دەکا و دەبێ
بە زڵزڵە!!

هێشتا باران دەبارێ!

لە خوێندا
خەمی خـەونە بـەتـاڵەکـان،
لە مێشکدا غەریزە رووتەکان،
چاوچنۆکیی پەروەردە دەکەن
کرمەکان!

هێشتا باران دەبارێ!

لە پێیەکانی
چەوساوە و برسییەکاندا،
هەر رۆژ و هەر شەوێک،
چاڵی چاوی نینۆکەکان،
دەکولێنەوە، لە ئازاردا،
برینەکان!

هێشتا باران دەبارێ

لە دڵدانەوەی
زەمەنی سوتاودا،
لوورەلووری گورگەکان،
سەگوەڕە کاسەلێسەکان،
نەڕەی دێوە خۆکوژەکان،
رووناکییە خەمبارەکان
لە خوێناوی خۆدا
دەگەوزێنن!!

هێشتا باران دەبارێ!

ئـەی کـوااان، دڵۆپە ئاڵە
خوێنبەرەکان بەردەبنەوە کوێ؟!
دەکەونە کام سەرما و گەرمای ئەم فەنابوونەوە؟!
سێگۆشەی گێچەڵ یا قەرەباڵغکردنەوەی کەنارەکان؟!
ژیـان لێرە، پـاشماوەی تـەنە تێکشکاوەکانە، سێبەرێکە
ژەنگاویی، لە سەنگەرە دوورودرێژە جێناکۆکەکاندا!!
من لەگەڵ مردن ژوانێکم هەیە،
گوێ لە دەنگەکان بگرن!

هێشتا باران دەبارێ!!

 

نیسانی ٢٠٢٢

 

    زریانی لم!

دووکەڵی
جگەرەیەکی درێژ لە لم،
چکەچکی لە قوڕگی ماندووی
کاتژمێری ژوور سەرمدا،
خنکاند!

پـەنجەکـان
بە خەمی وشکە بۆشایی،
لە چاوی بەتاڵدا خەوتن،
بای هەموو هەناسەیەک
گاڵتەجاڕە!

خێوەتێکی بۆر و
شەوێکی بیابانی و
دڵێکی نقومبوو
لە تۆفانی لمدا!

من، تۆ ئەدەمەوە ئاسمان،
تۆ، من، بدەرەوە زەوی،
بیابانێک جێدەهێڵین لە لم
لـە نـاو دڵ و دەمارەکاندا!!

دڵم لە ناو هەڵمی هەناسەی
لـمی سوورەکراوەی ئێسکەکاندا سوتا،
نزادەکەم بیدۆزمەوە، بیناسمەوە، ئەو
لـە نـاو گۆڕێکی بەکۆمەڵدا!!

هەندێ جار
ئازارەکە دەگەرێتەوە ناوەوە،
رۆژانێک هەن لە زریانی لمدا
غەرقبوون!

زنجیرە تاریکەکان
لە خەم و پەژارەی تۆزاویی شەودا
لە ناو گیانێک شەکەت و شکاودا
لە لم گیربوون!!

بۆرە بای لم
پانێڵی پەنجەرەکانی
شەفاف بەستوون،
ناکرێنەوە!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک