١٥\٣\٢٠١٥
هێشتا لەودیو
سێبەری رۆشناییەکانین!*

دارا خونچە
فەیلەسووفان - بێ بواردن - لە پێناسە و
خووندنەوەی مرۆڤ وەهەڵەدا چوونە و دەچن! لەوە نادوێین کە خودی هەبوونی
فەیلەسووف وەک ئەوەی دەبێژن خاوەن جیهانبینییە جێی پرسیاری گەورەیە..
ئەوە رامانی جودا جودای لەسەر هەیە لە نێوان فەلسەفە و زانست لە لایەک
و لە نێوان (فەلسەفە و زانست) دەگەڵ کایەکانی دیکەی کۆمەڵ لە لایەکی
دیکە. رەنگە چاکترین و تۆکمەترین خووندنەوەی مرۆڤ لە لایەن ئەو جۆرە
فەیلەسووفانە ئەنجام درابن کە ئاکار و چیەتیی مرۆڤ دوور لە
ئەفسانەبازیی و هزری بەرز و باڵای نموونەیی لە پەیکەری چین و کێشمەکێش
و پەیوەندییە چینایەتییەکان هەڵدەگۆزن.. تاقە ئەندازە و پێوەریشان تەنێ
بوونە کۆمەڵایەتییەکەی خودی مرۆڤ خۆیەتی، لێ ئەوانیش پتر لە پێویست و
فرە رامیارییانە شێوە و چارچیوان دادەتراشن و بەرچەسپی ئامادە و
تەکلایەنەی خۆیان وە هەر تشتەک دەلکێنن!
فەلسەفە - یان راستتر بێژم ''چەقەچەق'' - کاتەکی زۆری بەوە وەفیڕۆ داین
کە مرۆڤەکانی وەسەر (چاک و مامنێوەندیی و چاکترین) و (خراپ و
مامنێوەندیی و خراپترین)دا بەشیەوە.. کەچی وەها دەرنەچوو و زانست و
تەکنەلۆژیا و جیهانگیریی و خێرایی پەیوەندییەکان دەمامکی سەر رووی
مرۆڤەکانی داکەند؛ شۆڕشگێڕترین کرێکاری لەخۆبووردیی کە هەردەم لە بەرەی
بەرهەڵستکاریی لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندان و شەڕەکاندا بوو لێ هەر کە
کورسییەک یان یەک قاچی کورسییەکی وەدەستهینا بووە دیکتاتۆر و مافیا،
هەرگیز نەیانگۆت دەسەڵاتدار و زەنگینەکان لە (خراپترین) تێدەپەڕن و
مرۆڤبوون لە دەست دەدەن، رۆژەک نەمانژنەوت ببێژن پزیشکیی پیشەیەکی
هۆڤییانەیە و تا نەخۆشییەکی سادە چارەسەر دەکەن نانی هەزار هەژار و
رەنجدەر لرف دەکەن، کێ گۆتی پارێزەری پیشەگەر لە بەرانبەر درۆ و
فڕوفێڵی یاسایەکان درۆ پەیدۆزیی پیشیەتی و پێویستە بڕواتەوە ماڵی خۆی؟
کام بەند و پنتی مافی گشتیی و مافی مرۆڤ هەیە ببێژی بازرگان - چ کەسیی
و چ میریی - زێرووە و پێویستە لە جەستەی مرۆڤ بکرێتەوە؟ هەرگیز
نەماندیت یەک فەیلەسووف کەسی ئەکادیمیی وەک سیخوڕی نەریتیی و یاسایی
بکاتە چەمکەکی هزریی یەکەک لە تێزەکانی و رۆژنامەنووسان - نووچەگەهانان
- وەک دەرباری دیوانان و شەیپوورژەنی کووچە و کۆڵانان پێناسە بکا و
هەڤپەیڤینیان لە تەک ئەنجام نەدا، و... هتد.
(شێوا، دەشێوا، بشێوایە، دەشێوێ)!؟ شێواترین بوونەوەری سەر ئەو گۆی
زەویە مرۆڤە.. ئەگەر نا؛ کوو دەکرێ و دەشێ کەسەکی بەرهەمهێن کەسەکی بێ
بەرهەم و مشەخۆر هەڵببژێری و پێی ببێژی: ''وەرە ببە نوێنەری من.. لە
سەتا ٩٠ی بەرهەمەکانمت دەبەخشمێ و وە پێی
هۆشمەندیی و ئارەزووەکانی خۆشت شێوە و جۆری ژیانم و پلە و ئاستی ماف و
ئازادییەکانم و هەست و هزر و سەرلەبەری ویست و حەز و ئارەزووەکانم دیار
بکە! هەر دەمەکیش گرفت و ئاریشەیان خستە پێشت ئەوە چەکدارم بکە؛ چاویان
لێ سۆر دەکەمەوە، کارکەناریان دەکەم، نانبڕایان دەکەم، ئەگەر چاک
نەبوون ئەوە هەڕەشەیان لێ دەکەم، راویان دەنێم. زیندانیان دەکەم، ئازار
و ئەشکەنجەیان دەدەم، ئەگەر هەر چاک نەبوون و نەهاتنە بەر بار ئەوە
دەستم ناپارێزم و گوللەیان پێوە دەنێم، تۆپبارانیان دەکەم،
کیمیابارانیان دەکەم، کارەساتە دەستکردە وە ناو سروشتییەکانیان لەسەر
تاقی دەکەمەوە تەنانەت ئەگەر پێویست بکا دەیاندەمە بەر چەکی
ئەتۆمییش''!!! ئەو شێوانەش هەر لەوەوە سەرچاوە دەگری کە کەسانەکمان وە
ناوی فەیلەسووف بەرەڵای نێو مەژیی خۆمان کردیە تا جلەوی بیرکردنەوەمان
بگرن و وە ئارەزووی خۆیان بمانئاژۆن!!!
___________________________
*
ئەو پەیڤ و گوزارشتە باڵکێشانە کە لەو کورتە نووسینەدا هەن ئەگەر لە
پاڵ ناوی یەکەک لەو کەسانەی وە فەیلەسووف ناودێر دەکرێن دەرپەڕێندرابان
ئەوە وە بەرچەسپی فەلسەفە سەرمۆریان دەکردن! لێ ئەمن ناخوازم وەها
ببیندرێن.. چون ئەمن لە هزران رۆدەچم و پیچەکیش رامیاریی لە مەژییمدا
دەجمجێ.. ئەو پەیڤ و گوزارشتانەش تەنێ دەربڕینەکی راشکاوانەی منن و
وەها هەست دەکەم پشتئەستوورن وە زانستی سەردەم.
١٤\٣\٢٠١٥
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|