ریپۆرتاژ
هه‌تا ئه‌و بایه له‌و کونه‌وه بێ!
دارای مام وه‌سمانی
سه‌ر له ئێواره‌یه‌کی مانگی ره‌شه‌مێی ساڵی 1978 ... خۆر له‌سه‌ر ئاوابوون بوو .. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بووین به‌یانی خۆری سه‌رکه‌وتن ، خۆری کورد هه‌ڵبێ . له گشت کۆڵان و قه‌ڵاو شوێنه به‌رزه‌کانی تری نێو شاری هه‌ولێردا بڵێسه‌ی ئاگری نه‌ورۆز به‌رز ببۆوه . کوڕ‌و کچه لاوانی زرینگ و وریای کورد ، ژن و پیاو ، گه‌وره‌و بچووک ، گشتی رووخۆش و هیوای سه‌رکه‌وتنیان پێوه دیار بوو .. هه‌ریه‌که به‌خۆی و به زه‌مبیلێکی پڕ له میوه‌و سه‌وزه‌و گۆشت ، تێکقژقژابوون و به‌هه‌شتاوی به‌ره‌و ماڵ ده‌چوون . به‌هه‌زاران قازو مریشک و قه‌ڵه‌موون بوونه قوربانی ئه‌و رۆژه پیرۆزه. منداڵه کورده چاو گه‌شه‌کانیش که‌وتبوونه سه‌ماو سروودی "نه‌ورۆز" یان ده‌گوت و ده‌گوته‌وه. به‌یانی جه‌ژنه .. به‌ڵێ جه‌ژنه ، چونکه له‌و رۆژه پیرۆزه‌دا رۆڵه‌یه‌کی کوردی قاره‌مان ، قاره‌مانێکی هه‌میشه له دڵی کورد دا زیندوو ، داستانێکی یه‌جگار مه‌زنی له دیرۆکی خه‌باتی گه‌لی کورد دا تۆمار کردوه . ئیتر به‌یانی نه‌ورۆزه‌و یادی داستانه مێژووییه‌که‌ی ( کاوه ) ی ئاسنگه‌ر ده‌کرێته‌وه . له‌ولاوه‌ش جڕو جامشته‌کانی رژێمی به‌عسی بۆگه‌نیش له‌جمومۆڵدا بوون و بۆ گێره‌شێوێنی و ئاژاوه نانه‌وه ئه‌وانیش خۆیان ئاماده ده‌کرد ...رژێم ئه‌وکاته زۆر له‌خۆبایی و گرانفرۆش بوو .. شای به سه‌پانی خۆی نه‌ده‌زانی .. شه‌ڕی به دار‌و به‌رد ده‌فرۆشت .. ده‌تگوت سه‌گی هاره قه‌پی له‌م و له و ده‌گرت! "شه‌لم کوێرم که‌س نابوێرم" راستوچه‌پی دابوه به‌ر .. پلانی ره‌ش و چه‌په‌ڵیان ساز ده‌کرد و :
"ده‌بێ زۆر وریا بن .. بواری که‌س نه‌ده‌ن ..ئاژاوه بنێنه‌وه .. مه‌هێلن ئه‌و به‌رچاوته‌نگانه خۆشی له‌خۆ ببینن .. خواردنیان لێبکه‌ن به ژه‌هری مار .. له‌بیریشتان نه‌چێ ده‌بێ هه‌ر خۆمان سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگێڕانه‌که بکه‌ین .. تێگه‌یشتن؟". به‌ره‌به‌یانێکی زوو .. ئوتۆمبێله‌کان که‌وتنه گه‌ڕ و به‌ره‌و سه‌یرانگه‌ی "به‌ستۆڕه" یه‌ک له دوای یه‌ک قافڵه‌یان به‌ست . ئه‌و کچه شۆخ و شه‌نگه کوردانه‌ی که‌وا سنگیان هه‌میشه قه‌ڵغانی گوله‌ی ناحه‌زانی کورد بوه ، به جلی کوردی ره‌نگاو ره‌نگ ، به کوڵمی سوور‌و چاوی کاڵیانه‌وه ، تابلۆیه‌کی خه‌یاڵییان پێکده‌هێنا! ده‌نگیان که تا هه‌تایه له گوێم‌دا ده‌زرینگێته‌وه ، ده‌تگوت چریکه‌ی بولبولانه کاتێ سروودی "نه‌ورۆز' و "ئه‌ی ره‌قیب هه‌رماوه قه‌ومی کورد" یان ده‌گوت . کام هێزی ره‌ش ، کام ده‌ستی چه‌په‌ڵ له‌توانایدایه ئه‌م ده‌نگه زوڵاڵانه کپبکاته‌وه؟! نه‌خێر ، ته‌نانه‌ت به‌خه‌یاڵیشدا نایه‌ت ، ئه‌و هه‌شوه‌سه‌رانه بتوانن خۆ له‌قه‌ره‌ی ئێمه بده‌ن . هێشتا هه‌ر به‌ڕێگاوه‌بووین کاتێ خۆری ئازادی و خۆری سه‌رکه‌وتن هه‌ڵات . به‌ره‌و چیا به‌رزه‌کانی کوردستان ، به‌ره‌و هه‌ره لووتکه‌ی سه‌رهه‌وراز ده‌بووین . خۆریش ، ئه‌و کاته ، که ئاسۆیه‌کی هیوای کوردی پێکده‌هێنا ، شانبه‌شانی ئێمه به‌رز ده‌بۆوه‌و زیاتر باڵی به‌سه‌ر کوردستاندا ده‌کێشا . به‌ستۆڕه ناوچه‌یه‌که خۆی له خۆیدا جوانه‌و شوێنێکی دڵگیره . به‌تایبه‌تی ئه‌و رۆژه جوانییه‌کی یه‌جگار بێ وێنه‌ی به‌خۆوه بینیبوو . له هه‌رلایه هه‌ڵپه‌ڕکێی ره‌شبه‌ڵه‌کی کوردی ، ئه‌سپه‌شێ ئاسایی ، تاو درابوو . هه‌ر شانی کچ و کوڕان بوو به‌رزو نزم ده‌بوونه‌وه . له روانینی ئه‌و دیمه‌نه جوانه‌دا تێر نه‌ده‌بووی .. له‌خۆته‌وه سۆزی کوردایه‌تیت هه‌ڵده‌ستا و هه‌ستیش به دوارۆژێکی گه‌ش و رووناک ده‌کرا . ماڵی ئێمه‌و دوو سێ ماڵه دراوسێی تر به‌یه‌که‌وه له شوێنێکدا بارگه‌ی خۆمان لێخستبوو .. هێنده‌ی پێنه‌چوو خواردن و خواردنه‌وه هاتنه گۆڕێ . دۆڵمه‌ی به‌ناوبانگی هه‌ولێر و رانه‌مریشك ، قووچه‌گ ئاسایی ، له‌ملاو له‌ولا هه‌ڵدرابوونه‌وه .. درۆ نیه ئه‌گه‌ر بڵێم ده‌کرا سه‌نگه‌ریان له‌په‌نادا بگریت! ئه‌وانه‌ی که هاتبوون ، ئه‌و خواردنه‌مان لێبکه‌ن به ژه‌هری مار ، دیاربوو به‌خۆ ده‌که‌وتن و خه‌ریکی شانۆ رێکخستن بوون . خۆ له‌به‌ر هه‌ڵپه‌ڕکێ و گۆرانی گوتن که‌س به‌ری به‌وانه‌وه نه‌بوو . ئاره‌قی سه‌ر کوڵمی کچانی کورد لووتکه‌یه‌کی هه‌ره به‌رزی دنیای خۆشه‌ویستی پێکده‌هێنا .. کاتێ له‌خۆیان هه‌ڵده‌دا گۆنای مه‌مکیان گه‌مه‌ی ده‌کرد! چاوه‌کانیان تیشکی لێزه‌ریان ده‌دا .. هه‌ربۆیه‌ش دوژمنانی کورد چاویان له‌به‌ر هه‌ڵنه‌ده‌هات! ته‌واو کوێراییان داهاتبوو .
تا ده‌هات هه‌ڵپه‌ڕکێکان فراوانتر ده‌بوون .. منیش ، وه‌ك هه‌ر کوردێکی تری ئاسا ، گه‌لێ خۆشحاڵ بووم .. به‌خۆم ده‌نازی .. ده‌تگوت هه‌ست به دوارۆژێکی باشتر ده‌که‌م بۆیه باوێشک له‌سه‌ر باوێشکم ده‌هاتنێ . باوێشکی خۆشی ، هی خه‌و نا! ئاگری ژینم له گڵپه‌سه‌ندندا بوو . په‌نجه‌کانی ده‌ستی خۆم ده‌شکاندنه‌وه .. جارجاره‌ش ده‌تگوت ختووکه‌م ده‌که‌نه‌وه ، ته‌زووێکی ساردی برووسک ئاسایی ، شادییه‌کی یه‌جگار بێ وێنه ، دا‌ده‌چۆڕانه ناو له‌شم! چیتر ئۆقره‌م بۆ نه‌گیرا .. ده‌سماڵی به‌ر پشتێنه‌که‌م ده‌رهێناو هه‌ر به له‌خۆهه‌ڵدان سه‌رچۆپییه‌که‌م گرته ده‌ست و به‌جارێ خه‌ریک بوو له ده‌ریای خۆشه‌ویستیدا نقووم ببم .. بڕوا‌و هه‌بێ چاوم به‌رپێی خۆی نه‌ده‌دیت . سه‌رتاپای له‌شم ئاره‌قی ده‌ردابوو.. له‌پڕ ده‌نگێک له بڵندگۆکه‌وه به‌رز بۆوه : - "تکایه وه‌رن بۆ لای شانۆ .. دوای که‌مێکیتر ئاهه‌نگی نه‌ورۆز ده‌ستپێده‌کا". هه‌موو به‌جارێ تاساین .. بێده‌نگییه‌کی سه‌یر خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا کێشا! تێکڕا به‌ره‌و رووی شانۆکه ملماننایه‌ڕێ .. نزیکه‌ی ده تا پانزه ریز کورسییان له‌به‌رامبه‌ر شانۆکه دانابوو . ریزی پێشه‌وه‌ی کورسییه‌کان ، ده‌توانم بڵێم ، به‌قوڕ گیرابوو . ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ریان دانیشتبوون بریتیبوون له : چه‌ند دانه‌یه‌ک له ئه‌ندام و ئه‌مینداره‌کانی هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نه کارتۆنییه‌که ، موحافیز و قائد فرقه ... له نێوان ئه‌وان و شانۆکه‌دا ، هه‌ر له‌سه‌ر زه‌وییه‌که ، به به‌ردی ره‌نگاوڕه‌نگ دروشمی "أمة عربیة واحدة" و" نوروز البعث" و نووسرابوو..! باوه‌ڕ ناکه‌م ، ئه‌وکاته ، که‌سێک هه‌بووبێ ئه‌قڵی له که‌له‌دا مابێ ! به‌ش به‌حاڵی خۆم خه‌ریک بوو له‌داخا بته‌قم! ئاخرئه‌مه چه‌ندی به چه‌ند؟ لای رووباری خوێنی شه‌هیدانی کوردستان به‌هارێکی هه‌میشه‌یی بوه .هه‌میشه که‌فوکوڵیه‌تی و له‌زێده‌بووندا بوه . خزمه ده‌یه‌ش ده‌با بێته سه‌ر نۆیه‌ی .. با ئه‌مجاره‌ش خوێن بڕژێ! له ده‌وروبه‌ری کورسییه‌کان و شانۆکه‌دا ئه‌ڵقه‌یێکی پۆڵایین ، له لایه‌ن خه‌ڵکه‌که‌وه ، دروست بوو. قوڕ وه‌چاوینه بۆ کوێ ده‌چن! تازه چواده‌ورتان گیراوه .. به‌و چاوه سه‌یری ئه‌و جڕوجامشتانه ده‌کرا وه‌ک چۆن لێنین سه‌یری بۆرژوا‌کانی ده‌کرد . هه‌ر له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌که ئه‌ڵقه‌که وێکهاته‌وه‌و بوو به ته‌وقێك و له گه‌ردنیان ئاڵا!
- دیمه‌نی یه‌که‌م -
ڤڕڕ .. ڤڕڕ ..ڤڕ .. دیسان هه‌لیکۆپته‌ره‌کان به ڤڕه‌ڤڕ هاتنه‌وه بۆ سه‌رقاڵکردنی خه‌ڵکه‌که‌و بۆ گێره‌شێوێنی .. ده‌تگوت مه‌شقیان هه‌یه به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون . تۆ بڵێی نوقڵ و شوکولات به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌دا ببارێنن؟ ئه‌ی چۆن ده‌بێ هه‌رواشبێ .. خزمه ئه‌د‌ی ئه‌مڕۆ جه‌ژن نیه؟ به‌ڵام .. کوره جه‌ژنی چی و حاڵی چی هه‌ی ماڵم نه‌ڕماندی! ئه‌وانه هاتوون جه‌ژنمان لێتێکبده‌ن شاییمان لێبکه‌ن به شین ، به کاره‌سات .. هاتوون زه‌رده‌خه‌نه‌ی خۆشی ئه‌مڕۆژه خۆشه‌ی خه‌ڵکه‌که له سه‌رلێوان بڕفێنن .. ئه‌وانه هه‌ر وا راهاتوون ، له بری نوقڵ و شوکولات نارنجۆک و فۆسفۆرمان به‌سه‌ردا ده‌بارێنن! دوای نه‌ختێ دڵنیابوون له‌بارودۆخه‌که ، یه‌کێ له هه‌لیکۆپته‌ره‌کان ، هه‌ڵنیشت . دوای ئه‌و یه‌کی تریش .. ئه‌نجا سێیه‌م و چواره‌میشیان هه‌ڵنیشتن .. وه‌ک زه‌رده‌واڵه کۆماندۆزه‌کان ، به‌گۆڕێ وه‌ربوون . ئه‌فه‌ندییه‌کی چاکه‌ت و پانتۆڵ زه‌ردیش له‌نێوانیاندا وه‌ده‌رکه‌وت و له‌به‌رچاو ون ده‌بۆوه .. دوو هه‌لیکۆپته‌ریش ، به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا ، به‌رز ببوونه‌وه .. هه‌ر به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا ڤڕوهۆڕیان بوو ده‌سووڕانه‌وه .. کۆماندۆزه‌کان وا ئه‌فه‌ندییه چاکه‌ت و پانتۆڵ زه‌رده‌که‌یان له‌نێو خۆدا حه‌شاردابوو رێگه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌دا لێمان وه‌ده‌رکه‌وێ . هه‌رئه‌وه‌نده‌م زانی کابرایێ به‌سه‌رو جامانه‌وه له‌جێی خۆی قیت بۆوه! به‌هه‌شتاوی و به باوه‌ڕێکی زۆر پته‌وه‌وه به‌ره‌و پیری کابرای چاکه‌ت و پانتۆڵ زه‌رد ملینایه‌ڕێ! منیش گوتم وادیاره ناسیاوێتی .. له‌و ته‌نیشته‌مه‌وه یه‌کێ له براده‌ره‌کانم وه‌ستابوو وتی : - ده‌زانی ئه‌مه کێیه؟ نه‌به‌خوا ، وه‌ڵامیم دایه‌وه . کوره چۆن نایناسی ، ئه‌مه حه‌مید مه‌ڕمه‌ڕچییه .. یه‌کێ له ئه‌ندامه پێشکه‌وتووه‌کانی به‌عسه و لێپرسراوی بنکه‌ی رۆشنبیریشه له هه‌ولێر . ئه‌و چاکه‌ت و پانتۆڵ زه‌رده‌ش ( چاوێکی به‌ملاو به‌ولای خۆیدا گێڕا ): - - کابرایه! - کابرا کێیه ، زۆر گه‌مژانه ، لێم پرسی . مردوو مراو چۆن نایناسی؟ سه‌یریکه چونکه حه‌مید مه‌ڕمه‌ڕچی له‌خۆیانه چۆن بڕوایه‌کیان پێی هه‌یه . دیوته چۆن ئامێزی بۆ کردۆته‌وه؟ ئه‌وه هه‌ر یه‌کێکی تر بایه تێیانهه‌ڵده‌دا. منیش هه‌رله سه‌یری حه‌مید مه‌ڕمه‌ڕچیدا بووم گوێشم بۆ براده‌ره‌که‌م شل کردبوو . مه‌ڕمه‌ڕچی ده‌ستی کرد به : یا اهلا بالسید القائد .. یا ... ئای ئای ئای .. ئه‌مه چی‌بوو! کوره ئه‌وه بۆ وایانلێکرد! ئای له‌وسه‌یره .. باوه‌ڕتان هه‌بێ هێشتا نزیکه‌ی ده دوانزه مه‌ترێکی مابوو حه‌مید مه‌ڕمه‌ڕچی بگاته لای "السید القائد" ، به‌خۆیشی نه‌یزانی ، کاتێ یه‌کێ له یاوه‌ره‌کانی ، تا هێزی تیا‌بوو ، کۆڵه‌مشتێکی نا به ناوچه‌وانیه‌وه و له‌ئه‌رزیدا گه‌وزاند .. به‌قه‌ده‌ر هێلکه‌یێ ناوچه‌وانی ئاوسا! ده‌تگوت مریشکی سه‌ربڕاوه په‌لی ده‌وه‌شاند . که‌سیش نه‌ده‌وێرا به هانایه‌وه بچێ .. له‌ڕاستیشدا که‌سیش ئاماده نه‌بوو ئه‌و کاره بکا .. خوایده‌کرد چاوی ده‌رده‌چوو .. ده‌با بیخوا. ئه‌و دیمه‌نه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه سه‌رنجی کابرای چاکه‌ت و پانتۆڵ زه‌ردی هه‌ر رانه‌کێشا . به‌رامبه‌ر خه‌ڵکه‌که وێستا و ده‌ستیکرد به قسه‌کردن .. چاکم گوێ لێڕاگرتبوو که ده‌یگوت : - سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی باپیره گه‌وره‌تان ئاوا‌و ئاوای کرد .. خه‌ڵکه‌که به‌جارێ هرووژان و چه‌پڵه‌یان لێدا . هه‌ربۆیه‌ش نێوی سه‌لاحه‌دینی هێنا بۆئه‌وه‌ی سۆزی خه‌ڵکه‌که بۆ لای خۆی رابکێشێ..ئه‌مجاره‌وتی: - ئێوه نه‌وه‌ی نه‌بوخوزنه‌سرن!! خه‌ڵکه‌که چاویان له‌مۆڵه‌ق راچوو .. که‌س هه‌ستی لێوه نه‌هات .. ئیتر ئه‌و هه‌رچه‌ندی خۆی هێناوبرد ، تاکه که‌سێکیش چیه ، چه‌پڵه‌ی بۆ لێنه‌دا .
- دیمه‌نی دووه‌م -
ئه‌و داڕزاوانه ره‌نگیان هه‌ڵبزڕکاو ترس دایگرتن .. له‌نێوان خۆیاندا که‌وتنه قرتوفرت.. ده‌نگی ترقوهۆڕی ددانه‌کانیان رۆژه‌ڕێیه‌ک ده‌ڕۆیشت . خه‌ڵکه‌که‌ش هوورده هوورده لێیان ده‌چوونه پێش .. هه‌رئه‌وه‌نده مابوو دایانپه‌ڵۆسن . یه‌کێ له نۆکه‌رانی رژێم هه‌ڵیدایه‌و وتی : - ئێوه بۆ سه‌یری شانۆکه ناکه‌ن .. ئێوه چیتان داوه له ئێمه؟ رۆڵه‌یه‌کی نه‌به‌رد ، کوردێکی به‌جه‌رگ ، هاته ده‌نگو به‌سه‌ریدا نه‌ڕڕاندی : - ئێمه نه‌هاتووین سه‌یری شانۆکه‌تان بکه‌ین .. ئێمه هاتووین شانۆکه‌تان به‌سه‌ردا بته‌پێنین .. هه‌ر ئه‌مه‌ی گوت‌و تۆز به‌ری ئاسمانیگرت .. ده‌یان کاوه هاتنه کایه . شاڵاوێکی مه‌ردانه‌یان بردنه سه‌ر .. هه‌ر به به‌رده ره‌نگکراوه‌کانی خۆیان به‌رده بارانیانکردن .. قه‌ولی خۆیان به‌جێگه‌یاندو شانۆکه‌یان به‌سه‌ردا ته‌پاندن .. کارێکیان پێکردن با به ده‌واری شڕی نه‌کردبێ .. هه‌ر بابابوو به‌ره‌و ئوتۆمبێله قوپاوه‌کانیان رایانده‌کرد .. کونه‌مشکیان لێببوو به قه‌یسه‌ری !! ده‌با دوژمنانی کورد باش بزانن : تا ئه‌و بایه له‌وکونه‌وه بێ حاڵی ئه‌وانیش له‌مه چاکتر نابێ .
به‌ڵام ، تۆ بڵێی ته‌خت و تاراجی سه‌رانی ئه‌مڕۆی کورد ، له باشووری کوردستاندا ، له‌وه‌ی صدام حسین پته‌وترو پۆڵایینتر بن نه‌تواندرێ تێکوپێکبشکێندرێن ؟!
سه‌رنج: ئه‌م ریپۆرتاژه رێک 21ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه . ئه‌مڕۆش دوای 5 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر نه‌مانی رژێمی صدام حسین ، هه‌روا له‌سێداره‌دانیشی ، به‌لامه‌وه گرینگه خه‌ڵک بیخوێنێته‌وه .. به‌تایبه‌تی که ئه‌مڕۆ له کوردستاندا خه‌ڵکه‌که به ئازادی یادی جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌که‌نه‌وه ... ئومێدیشم زۆره که په‌ندێک بێ بۆ ئه‌وانه‌ی ، ئه‌مڕۆ له کوردستاندا، بوونه‌ته کۆسپ له‌ڕێگه‌ی پێشکه‌وتن و دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان به‌زموڕه‌زمی پێشوو!
|