په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٠

هەتا لە حیزبەکەمدابی قارەمانی، ئەگەرنا خائین و بێویژدانی!!


رابەر رەشید    


لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەى رابردوو، ئەوکاتەی ئێمەی گەنج ئاوێتەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوایەتی و چینایەتی بووین، باشووری کوردستان لەژێر چەپۆکی بەعس و پیاوە بوودەڵەکانیدا لە نغرۆبووندا بوو، رۆژ نەبوو ناوچەیەک، گوندێک، گەڕەکێک کاول و سووتماک نەکرێت، بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ، کەسوکاری پێشمەرگەیەک، ئەندامێکی رێکخستنە نهێنییەکانی حیزبە بەرهەڵستکارەکانی بەعس راپێچی ژوورە تاریکوتوونەکانی زیندان نەدرێن و نەگەیەنرێنە کاروانی نەمرانی ئاییندەی پرشنگداری نەتەوەیەک. زۆرێک لە ئێمە کە تازە پەیوەندیمان بە شۆڕشی شاخەوە دەکرد، تا ئەوکاتەی گوێڕایەڵ و بێدەنگ گوێمان بۆ فەرمانی بەرپرسەکان هەڵدەخست و هەنگ ئاسا دانەدەسەکناین و مانای پشوودانمان نەدەزانی و لەیەک کاتدا کۆمەڵێک ئیشوکاری بارەگاو راگەیاندن و پێشمەرگایەتیمان رادەپەڕاند، یەکە خۆشەویست و کوڕی قارەمان و سەنگەری حیزب و کوردایەتی بووین، بەڵام کاتێکیش دوای ئەوەی لە گەندەڵی و دیکتاتۆرییەت و بێباریی زۆرێک لە بەرپرسەکانمان بۆ دەردەکەوت، بەتایبەتی ئەوانەی بەرپرسی گەورە بوون، ئیدی هەڵوێست وەرگرتن و هاتنەدەنگ و ناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر زۆرێک لە (پرسە)کان دەبووە وەڵامێکی کاریگەرو هەرچی رێزو خۆشەویستیی بەرژەوەندخوازانەی بەرپرسەکانی حیزب هەبوو لە پڕێکدا هەڵدەپڕووکان و لە جێگەیاندا کۆمەڵێک دەستەواژەی قێزەون و دوور لە رەوشتی شۆڕشگێڕی کە هەرهەموویان بۆ هەڵبەستراو بوون و هیچ بنەمایەکیان نەبوو و تەنها زێدەی ئەو پەروەردەو کەسایەتییە سەقەتەی ئەوان بوو کە ئەوانیش لەوانەیە لەوانەی پێش خۆیانەوە بۆیان مابێتەوە، دەخرانە پاڵ ئەو پێشمەرگە گەنجەی کە تاکو دوێنێ، لای بەرپرسی یەکەم و ئەوانەی خوارەوەتریش، تاکە پێشمەرگەی دڵسۆزی بارەگاو حیزب و کوڕی سەنگەری بەگژداچوونەوەی بەعس بوو.

 

من بەش بە حاڵی خۆم، کاتێک لە ناوەڕاستی هەشتاکان بەدواوەو رێک پێش شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال کە هێشتا ململانێ فیکرییەکان لەگەڵ لیژنەی ئامادەکاری ئەوکاتەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان/ ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، دەستی پێنەکردبوو، ئێمەومانان پێیان دەگوتین: (خوێی ناو چێشت)، واتە وەکو خوێی چێشت بەهەموو شتێکەوە دەخورێین، چونکە هەر لە پاسەوانێتی بارەگاو خەفەریات بەهەموو جۆرەکانییەوە بیگرە، تا دەگاتە پێشگرتن لە هێرشی جەیش و جاش و جەولەی گوندەکانی دەڤەری بادینان و تەتەرایەتی کردن، هەرهەموویمان رادەپەڕاند، لێ کاتێک هەڵوێستی فیکریمان لە لێژنەی ئامادەکاری ئەوکاتەی ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕو حیزبی زەحمەتکێشانی ئێستا وەرگرت، هەر لە شاخ دەستگیریان کردین و تۆمەتی خائین و پیاوی بەعسء تێکدانی ریزەکانی حیزبیان بۆ هەڵبەستین وەک دەڵێن: ئەگەر رێکەوت یارمان نەبوایەو دەرفەتی راکردنمان بۆ نەڕەخسابوایەو لە ترسی کوشتن و سووکایەتی ئەوان روومان نەکردبوایەتەوە ناو رژێمە هاروهاجەکەی بەعس، لەوانەیە ئێمەش وەکو شەهید بێکەس و ئەوانیتر لەسەر هەڵوێستی فیکری و شۆڕشگێڕێتیمان گوللەباران و گۆڕبزریان بکردینایە. ئەمە نەک تەنها لەو حیزبە بچووکە، بەڵکو لە سەرجەم حیزبەکانی سەردەمی شاخ ئەم ستەمە بێ رەوشتییە باوبوو.


زۆر بەداخەوە دوای راپەڕین و هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێ، ئەو رەفتارو ستەمە بێ رەوشتییە لەلای زۆرێک لەو بەرپرسانەی سەردەمی شاخی تێکڕای حیزبەکان ماوەتەوەو بگرە زیاتریش بوون. برادەری وا هەن، هەتا پێکەوە لە حیزبێکدان، تەنها هاوسەرەکانیان لەیەکتری حەرامە، ئیدی هەموو شتێکیان برابەش، لە کۆنگرەی حیزبەکانیاندا هەردووکیان تا سەر ئێسقان دڵسۆزی یەکترن و دەنگ بۆ یەکتر کۆدەکەنەوەو شەڕ لەسەر یەکتر دەکەن، لێ کاتێک لەبەر هەر هۆیەک بێت، لەیەکتر داببڕێن و دوور بکەونەوە، ئیدی هەرچی زاراوەی ناشایستەو سووک و چرووک هەیە بۆ یەکتری هەڵدەبەستن!!. جارێکی دیکەش بەداخەوە، ئەم بەدڕەوشتییە لێرە، لەم باشووری کوردستانە بۆتە کەلتوورو زۆرێک لە بەرپرسە حیزبییەکان و ئەوانەی خوار ئەوانیشەوە وەکو بنێشتەخۆشە بۆ یەکتری و لای خەڵکانی دیکەش لەسەر یەکتری دووبارەو چەندبارەی دەکەنەوە. نموونەکان هێندە زۆرن، دەیان لاپەڕەش بەشیان ناکات.

 

لەم رۆژانە برادەرێک لە پەیوەندییەکی تەلیفۆنیدا پێی وتم: ئەرێ برا ئەوە بۆ لە بابەتێکتدا بە کۆنەجاش ناوت بردووم، کاتێک بەوە وەڵامم دایەوە کە من ئێستاش نازانم جەنابت کێیت، بەڵام وەکو لە راگەیاندنەکاندا باسکرا کە فڵانەکەس لەلایەن کۆنە جاشێکەوە هەڕەشەی لێکراوە، بۆیە منیش لەکاتی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووس و دێکۆمێنتکارێک کە لەلایەن موستەشارەکانەوە هەڕەشەی لێدەکرێ، ئەو هەڕەشەیەم وەکو مەترسییەک دەربڕیوە کە ئەمڕۆ لەسەر ئەوانەو سبەینێش لەسەر ئێمەیە، کەچی ئەو وتی: ئەی بۆچی تاکو لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیدا پێکەوەبووین، من جاش نەبووم، بەڵکو یەکە قارەمان و شۆڕشگێڕ بووم؟!. بە قسەی ئەو بەڕێزە یەکسەر ئەو ستەمەی سەردەمی شاخم بیرکەوتەوەو دوای کۆتایی هێنان بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، لەبەرخۆمەوە وتم: ئای لەم پشووکورتی و دیکتاتۆرییەت و نەگبەتی و ستەمەی بەناوی دیموکراتییەوە لە دیموکراتی دەیەکەین، نەک پاوانکردنی ناوچە و دەسەڵات، هەتا ئەمەیشمان لە شاخەوە بۆ ماوەتەوە!!.

 

کەرکوک

ماڵپەڕی رابەر رەشید