په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٣\٢٠١٤

    هەتاو.

فاتیح سەلام

هێشتا رەنگێک لە روانینما لە هەموو رەنگێک جوانترە
هێشتا نیگام
لە پەنجەرەى ئێوارانى پاییزێکى شەرمنەوە لێت دەروانێ
گەرچى باخێکى سوتاوى و
خۆم داوەتە بەر شەپۆلى شێتبوونێ ژیر
پەنجەکانم لە سەرمانا هەڵدەلەرزن
چەند دڵرەقە سەرماوسۆڵى ئەو ئاگرە
هێشتا هەتاو، خاکى من نیشتمانیەتى و
لە مندا نەبێت هەڵنایە
هێشتا کەسێک لە هیچ کەسى دنیا ناچێ
پڕووشەى وشەى تەرمەکا و
بەهێزترە، لە چى توورەیى زریان و
گوێزانە دەم رەشەبایە
هێشتا خۆى پەلکەزێرینەى پاش ماچى نمەى بارانمە
هێشتا سەداى (عەزیز گیان)ێ
شینایى قووڵى ئاسمانمە
ئێستا لە دواى رەتلێکى شەو
قومرییەکى شاباڵ خوێنین
دێتەوە هێلانەى وێران
پڕم دەکا لە چریکە، لە دەنگى گڕى غەریبان
تەنها لە گومەزى دڵما تێدەگا لە ماناى سوتان
هێشتا پەنجەم، بۆنى بسکى تۆى لێوە دێت
دەستیش نەوازشى گەردن
هەوریش نەبێت تۆ دادەکەى
لە کێڵگەى نێرگسەجاڕما
بارانە ژن
هێشتا و هێشتا و هێشتا و .. ھـ.. ێ.. ش.. ت.. ا..!!!


١٨\٣\٢٠١٤
ماڵپەڕی فاتیح سەلام

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک