تاڤگه قه‌ره‌داغى: ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كى ته‌مبه‌ڵ بوویت له خۆشه‌ویستییدا ، ده‌بیت به‌نووسه‌رێكى سه‌ركه‌وتوو دیمانه: ستیڤان شه‌مزینانى
(تاڤگه فاتح قه‌ره‌داغى) تابڵێى شاعیرێكى ناسكه‌و شیعره‌كانى گه‌واهیى ئه‌وه‌ى بۆ ده‌ده‌ن یه‌كێك له‌باشترین ژنه شاعیره‌كانه، به‌زمانێكى قووڵ‌و هه‌ناسه‌یه‌كى عاشقانه‌وه ده‌نووسێت، لێ چه‌ندین ساڵه ده‌نووسێت به‌ڵام حه‌ز به‌زۆریی و بۆریى ناكات، به‌ڵكو لایه‌نگریى كارى چۆنایه‌تییه‌و تا ئێستا دوو دیوانى چاپكراویشى هه‌یه به‌ناوه‌كانى (سه‌ما- ساڵى 2005)و (ماچى ئاده‌م- ساڵى 2007) له‌دیمانه‌یه‌كى كورتدا به‌مجۆره هێنامانه دواندن: ستیڤان: ئایا لاى تۆ شیعر ره‌نگدانه‌وه‌ى غه‌مو شته خودیییه‌كانو سۆزه شاراوه‌كانه یان سۆبژێكتێكی موتوربه‌كراوه به‌فكره‌وه‌و له بۆته‌ى تێكستدا خۆى به‌یان ده‌كات؟ تاڤگه: ئه‌گه‌ر غه‌مه‌كان نه‌بوونایه ره‌نگه ئه‌م كه‌سه‌ى ئێستا نه‌بوومایه، غه‌مه‌كانم غه‌مى هه‌موو مێینه‌كانى له‌خۆگرتووه، ئاوێته بوون له‌گه‌ڵ غه‌مو مێینه بوون هه‌موو ئه‌مانه تێكست‌و ده‌قێكى ئه‌ده‌بى ناسك دروست ده‌كه‌ن، من له‌منداڵیدا غه‌مه‌كانم غه‌مى گه‌وره‌بوون، رۆژێك له رۆژان بووكه شووشه‌یه‌كم نه‌بووه له‌منداڵیمدا، ئێستا ده‌چم له‌بازارِ بووكه شووشه‌یه‌ك ده‌كرِم، له‌به‌ر ئه‌وه غه‌مه‌كانی ئێستام رِه‌نگدانه‌وه‌ى منداڵییه، بۆیه شیعره‌كانم به‌هه‌ردوو ئارِاسته‌كه‌دان. كاتێك دنیاى منداڵىو گه‌وره‌یى تێكه‌ڵاو ده‌كه‌ین چێژێكو غه‌مێكت پێده‌به‌خشێت، كه ئه‌م دووانه‌ش تێكه‌ڵاو بكه‌یت دیاره شیعرێك له‌دایك ده‌بێت. ستیڤان: كه‌واته شیعر له‌لاى تۆ گه‌رِانه‌وه‌یه بۆ ساته‌كانى منداڵى هه‌روه‌ك چۆن (فرۆید) پێیوایه داهێنان بریتییه له‌گه‌رِانه‌وه بۆ دۆخى منداڵى؟ تاڤگه: به‌دڵنیاییه‌وه وایه، چونكه ئێستا له منداڵى تێده‌گه‌مو ده‌زانم منداڵىو رابردووم چى بووه. ستیڤان: عه‌شق پانتاییه‌كى زۆرى له شیعره‌كانتدا داگیركردووه، عه‌شق به‌رله‌وه‌ى قه‌سیده بێت ئه‌زموونه، ئایا ئێمه ده‌توانین بڵێین شیعره‌كانت ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌ستى عاشقانه‌تن؟ تاڤگه: ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستى نه‌بوایه هیچ قه‌سیده‌یه‌كى عاشقانه له‌دایك نه‌ده‌بوو، جوانترین قه‌سیده كه عه‌شقى تیا بدۆزیته‌وه، شاعیره‌كه‌ى قوتابییه‌كى سه‌رنه‌كه‌وتووى قوتابخانه‌ى عه‌شق بووه! چونكه ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بوایه ئازاره‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ى نه‌ده‌بوو تاببێت به قه‌سیده، تۆ ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كى ته‌مبه‌ڵ بووى له‌خۆشه‌ویستییدا ده‌بیت به‌نووسه‌رێكى سه‌ركه‌وتوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عه‌شقبازێكى سه‌ركه‌وتوو بیت نابیته نووسه‌رێكى سه‌ركه‌وتوو، ده‌بیته گه‌مه‌ى ده‌ستى ژیان. ستیڤان: ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌شیعرى ژنان بده‌ین زیاتر عه‌شق به‌سه‌ریدا زاڵه ئه‌مه بۆ چى؟ ئایا ئه‌و وته‌یه راسته كه ده‌ڵێ ژنان ته‌نیا بۆ خۆشه‌ویستى خوڵقێنراون؟ تاڤگه: تۆى نێرینه بآ عه‌شقى مێینه‌یه‌ك چ ژیانێكت هه‌یه؟ ئایا بزه‌و تێرِوانینه‌كانت به‌بێ ئافره‌تێك وه‌ك ئێستا ده‌بوو؟ ئه‌ى كه‌ى بینیووته ئافره‌ت به‌بآ عه‌شق جوان بێت؟ ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه ئافره‌ت ده‌بووه ئه‌و جه‌لادانه‌ى شۆرِشى فه‌رِه‌نسا كه ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌ى شایان سه‌رده‌برِى چونكه ئافره‌ت هه‌بووه سه‌دان كه‌سى سه‌ربرِیوه. به‌ڵێ ئافره‌تى رۆژهه‌ڵاتى سه‌د ده‌رسه‌د بۆ عه‌شق خوڵقاوه، ئه‌مه‌ش نابێته هۆكارێك كه ئه‌و خه‌سڵه‌ته بسرِمه‌وه كه ئافره‌تى ئێمه چه‌ند سنگى كراوه‌ته‌وه بۆ عه‌شق ئه‌وه‌نده‌ش مێشك‌و بیركردنه‌وه‌ى كراوه‌یه، من كه ده‌ڵێم ئافره‌ت بۆ عه‌شق ده‌ژى ماناى ئه‌وه نییه هیچ خه‌ونو خۆزگه‌یه‌كى تر‌ى نه‌بێ چونكه ئافره‌تى سیاسه‌تمه‌دارمان هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌لایه‌نى عه‌قڵى پێیگه‌یشتووه نه‌ك به‌سۆز. ئه‌و ئافره‌ته‌ى كه ده‌شبێته شازاده، كه‌ى هه‌ست به‌شازاده‌یى خۆى ده‌كات؟ كاتێك تێرِوانینێكى نێرینانه‌ى جوان پرِ سه‌رنجى بكات. ستیڤان: شیعر‌و عه‌شق بوون به‌دالو مه‌دلوول یان دوو رووى دراوێك، ئایا ئه‌گه‌ر فاكتۆرى عه‌شق نه‌بآ پێتوانییه زۆربه‌ى شاعیره‌كان به‌تاڵ ده‌بنه‌وه‌و توناى داهێنانیان سیس‌و كز ده‌بێت؟ تاڤگه: به‌دڵنیاییه‌وه، چونكه سیاسه‌ت زه‌مه‌نێكه‌و كۆتایى دآ، به‌ڵام له‌وه‌تى به‌شه‌رییه‌ت وجودى هه‌یه عه‌شق هه‌ر عه‌شقه‌و گۆرِانى به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌و هه‌تا مرۆڤایه‌تیش بمێنێت ئه‌ویش هه‌ر ده‌مێنآ. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى ده‌چنه فه‌زا ناتوانن شه‌ش مانگ له‌بۆشایى ئاسماندا بمێننه‌وه ئه‌گه‌ر بیرله عه‌شقو یاده‌وه‌ریى خۆشه‌ویستى نه‌كه‌نه‌وه، چونكه چاوه‌رِوانن كه گه‌رِانه‌وه سه‌ر زه‌وى باوه‌ش به عاشقه‌كانیاندا بكه‌ن، عه‌شق سه‌بارى ئازاره‌كانى ئینجا سه‌ركه‌وتنێكى جوان دروست ده‌كات. ستیڤان: زۆر جار باس له ئه‌ده‌بى ژنانه‌و پیاوانه ده‌كرێت، ئایا دوو ئه‌ده‌ب له‌ژێر ئه‌و دوو ناوه‌دا هه‌یه؟ پێتوایه خامه‌ى ژنێك موعانات یان بیرۆكه‌یه‌كى جیا له هى پیاوان به‌رهه‌مده‌هێنآ؟ تاڤگه: باوه‌رِم به ئه‌ده‌بى ژن‌و پیاو نییه كه ئه‌مرِۆ باسى لێوه ده‌كرێت، كه ده‌قێكى ئه‌ده‌بى هاته بوون هى من بێت یان نێرینه‌یه‌ك گرنگ ئه‌وه‌یه تا چه‌ند به نه‌مریى ده‌مێنێته‌وه، گرنگ نییه نووسه‌ره‌كه‌ى پیاوه یان ژن، قه‌ڵه‌مێكى ده‌ستى نێرینه بۆ سیاسه‌ت ده‌نووسآ، ژنیش له‌سیاسه‌تدا ده‌نووسآ، قه‌ڵه‌مێكى نێرینه بۆ موعاناتى ژن ده‌نووسێ، قه‌ڵه‌مێكى مێینه زۆر جوانتر گوزارشتى له‌و موعاناته كردووه. گرنگ ده‌ربرِینه‌كانه نه‌ك خاوه‌نه‌كانیان كه چ جۆره ده‌قێكى ئه‌ده‌بیان دروستكردووه، من ئێستا‌و رابردووش ئه‌وه‌م ره‌ت كردۆته‌وه، ئه‌ده‌بى نێرینه‌و مێینه لێك جیابن. ستیڤان: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ندین ساڵه سه‌رقاڵى نووسینیت، به‌ڵام هێشتا به‌شێوه‌یه‌كى ون كار ده‌كه‌یت، بۆچى به‌م په‌نهانییه ده‌نووسیتو بڵاوده‌كه‌یته‌وه؟ تاڤگه: زۆربه‌ى ئه‌و شتانه‌ى نووسیوومن جگه‌ر گۆشه‌من، ئایا كه‌س یان دایكێك هه‌یه كه جگه‌رگۆشه‌كانى ببه‌خشێت؟ به‌ڵام كه برِیارمدا به‌شێكیان بڵاوبكه‌مه‌وه (چونكه هێندێكیان هێنده ئازیزن بڵاویان ناكه‌مه‌وه)كه ئه‌مرِۆ له‌دوو توێى دوو دیوان‌و رۆژنامه‌كاندا ده‌یانبینن غه‌مه گشتییه‌كانن نه‌ك غه‌مه‌كانى تاك، له‌به‌ر ئه‌وه ئاساییه كه چه‌ندان كه‌سى تریش بیخوێننه‌وه. له‌رِاستیدا من منداڵێكم نییه له‌پاشم ناوم هه‌ڵگرآ به‌ڵام شیعره‌كانم هه‌ڵگرى ناوى منن، دواى خۆم به‌هۆى شیعره‌كانمه‌وه له‌لاى نه‌وه‌كانى داهاتوو ده‌ناسرێمه‌وه. ستیڤان: دووه‌م دیوانى ئێوه ناوى (ماچى ئاده‌م)ه، ئایا ویستووته به‌ناوى هه‌موو حه‌واكانه‌وه باس له‌چێژى ماچى ئاده‌مه‌كان بكه‌یت؟ تاڤگه: به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌و ماچانه‌ى من لێى دواوم به‌تایبه‌تى له‌تابلۆكانى ماچدا كه حه‌وت شیعره باس له نه‌مریى ماچ ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ نێرینه‌دا، ئه‌و ماچانه‌ى دروستم ده‌كه‌ن، هه‌تا ئه‌و ماچانه‌ى تا مردن چێژه‌كانى وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه‌و كۆن نابێت، من له‌ماچى ئاده‌مدا له‌و ماچانه دواوم كه زۆربه‌ى مێینه خه‌ونى پێوه ده‌بینن، بۆیه وتوومه نه‌ك هه‌ر جارێك هه‌زاران جار هه‌ناسه‌كه‌م بۆنى ماچى ئاده‌مى لێدێت، ماچ له‌سآ پیت پێكهاتووه، به‌ڵام دنیایه‌كى زۆر گه‌وره‌و فروانه. ستیڤان: لێشاوێك له‌بڵاوكردنه‌وه‌ى شیعرى گه‌نجان له‌ئارادایه، به‌جۆرێك زۆرترین كتێبه چاپكراوه‌كانى ئه‌مرِۆكتێبى شیعرین، چۆن له‌م دیوانانه ده‌رِوانىو پێتوایه ئه‌م گه‌نجانه نه‌وه‌یه‌كى نوێی شیعرین؟ تاڤگه: راسته ئێمه ده‌ڵێین لێشاوێك هه‌یه به‌ڵام هه‌ندێكیان ون ده‌بن، راسته ئه‌مرِۆ لێشاو هه‌یه به‌لاَم سبه‌ینێ پێمانده‌ڵێ كێ ده‌مێنێته‌وه؟ تۆ كه نه‌مام ده‌چێنیت مه‌رج نییه هه‌موویان سه‌وز بن ئه‌گه‌ر سه‌وزیش بوون مه‌رج نییه هه‌موویان به‌ریان هه‌بآ، ده‌شآ دارى زۆر زرٍِیشیان تێدابێت، بۆیه ده‌ڵێم با به‌زوویى حوكم به‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مه‌دا نه‌ده‌ین چونكه رۆژانى داهاتوو خۆى حوكم ده‌دات، بابزانین چه‌ند له‌م ده‌نگه نوێیانه پێده‌گه‌نو چه‌ندیشیان خامۆش ده‌بن. راسته له‌ناویاندا زۆر شتى كاڵ‌و كرچ‌و وشه ریزكردن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه نییه ره‌تیان بكه‌ینه‌وه، یان رێگرییان لێبكه‌ین، باوازیان لێ‌بێنین چونكه ده‌شآ له‌داهاتوو به‌جوانى پآ بگه‌ن، من هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌و سه‌ركوتكردنى ده‌نگى نوێ‌دا نیم، ئه‌ویش رێچكه‌ى خۆى ده‌دۆزێته‌وه یان په‌كى ده‌كه‌وێتو بوونى له‌دنیاى نووسیندا نامێنآ یان ئه‌وه‌تا رآ ده‌كاتو داهاتوویه‌كى گه‌شاوه بۆ خۆى دابین ده‌كات. ستیڤان: دوو ئارِاسته‌ى پێچه‌وانه هه‌ن یه‌كێكیان نووسین به‌ژانو عه‌زاب ده‌زانآو ئه‌ویتر به ئاسووده‌یى، ده‌كرێت بپرسین لاى تر نووسین ژان‌و ژواره یان ئاسوده‌یى؟. تاڤگه: له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا خۆم ده‌بینمه‌وه، نووسین ئاسووده‌ییه، چونكه كاتێك بارگاویى ده‌بیت به‌شتێكو به‌تاڵ ده‌بیته‌وه ئاسووده‌یىو ئارامیت پێده‌به‌خشێت. به‌دیوه‌كه‌ى تریشدا ئه‌ى ئه‌وه ژانه‌كان نین نووسین دروست ده‌كه‌ن؟ ژانه‌كه خۆى هۆكاره‌و ئه‌ندێشه‌كانیشى له‌گه‌ڵدا كۆده‌بێته‌وه‌و پرۆسه‌ى نووسینه‌كه‌و بوونى ژانه‌كه‌ش له‌وه‌وبه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌بێته به‌تاڵكردنه‌وه‌و واتاش نووسینێك له‌دایكبوو كه نووسینێكیش له‌دایك بوو واته ئاسووده بوویت، چونكه ژانێكت له‌دایك بوو. پێشتر پێم وتیت نووسینه‌كانم جگه‌رگۆشه‌كانمن، هه‌موو ده‌زانین جگه‌رگۆشه به‌ژانه‌وه له‌دایك ده‌بێت، به‌ڵام دوایش زۆر ئاسوده‌م كه ده‌بینم جگه‌رگۆشه‌كه‌م زۆر ناسك‌و جوانه.
تێبینی : ئه‌م دیمانه‌یه له رۆژی 15-7-2007 سازدراوه.
Shamzini79@hotmail.com
|