په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٠\٢٠١٤

هەڤاڵ گيان.


سابات


دەزانی زۆر پەرش و بڵاوم خۆمم بۆ کۆناکرێتەوە و نازانم دێرەکانم چۆن بدرکێنم، باران وردە وردە لە پەنجەری ژوورەکەم دەدا و لق و پۆپی دار (ليمۆکە) دەشـــواتەوە، گوێم لە قاقای زەوییە، کە باران گۆنای ماچ دەکا. چەندە تامەزرۆی ديداری يەکین، توند توند ئامێز دەکەن بە يەكدا.. دڵــۆپە بارانەکان خێرا خێرا بە نێو زەویدا رۆدەچن.


من لە ئەشکی هەورەکان دەگەم کاتێک بە درێژایی هاوينێکی وشک و گەرم چاوەڕێی ديداری زەوی دەکەن.. من دەزانم لای ئەوان چرکە چەندە درەنگ دەڕوا و رۆژەکان چەندە بە ســـەختیی دەگوزەرێنن بۆيە هێندە تامەزرۆی ســـەيرکردنی ديمەنی بەيەکگەيشتنيانم.. رێک ئەو چرکە لیمۆيانەم بير دێتەوە کە لە ســـووچیکی ئەم شارە من و تۆ چاومان بە یەک کەوت و نەمانزانی پێ بکەنين يان بگرين.. باوەش بکەين بە يەکدیدا يان لە دووریی يەک بين... ئەها جوان بيرمە ئەو کاتەی تۆ دەستت بۆ قژە رەشـــە قەترانییە‌که‌م برد و گوتت:
- تاڵەکانی قژت بە کراوەی جوانترە ئيتر چیتر گوڵ مەدە لەسەرت.

من قاقايه‌کم کرد و ســەيری چاوه‌کانتم کرد و گوتم:

- ئيتر هێندە بە تامەزرۆییەوە ســەيرم مەکە.. ئاخر بالندەکان لە ئاسمانەوە درک بەو ديدارە دەکەن.. ناترسی نهێنیی ئەم بەيەک گەيشتنەمان بدرکێنن''


ئای هاوڕێ گيان.. ئەو نامەیه‌م جياوازترە لەوانیتر، چەندين جار هەلسام و ســـەيری پەنجەرەکەم کرد، دەمەويست هەموو نهێنییەکانی بەيەکگەيشتنی زەوی و باران بزانم، من نيازمە تابلۆیه‌کی رەنگين بنەخشێنم، تنۆکە باران و ماچی زەوی و گەلا زەردەکانی پايز لە نێو تابلۆکەم رەنگ بداتەوە خۆشم بە کراسە ســپیيە ئاوریشمییەکەی بەرم ســەما لەگەل ريتمی هەموو بەيەکگەیشتنەکان بکەم... دەمەوێ گەر بە ئەندێشەش بێ دەستت بگرم لەگەل تۆ دوور دوور بڕۆم.. لەوێ لەو ســـەرزەمين نيشتەجێ بين، کە نيازمان بوو خانوویه‌کی لە قوڕ و تەنها دوو کورسی و يەک مێزمان هەبێ... نيازمان بووو يەک ســەرين جێگای هەردووکمان بێ.. من ســەر بخەمە ســـەر سينگی تۆ و تۆش وردە وردە چیڕۆکی شيرينی دڵــدارییمانم بۆ باس بکەی.. لەگەڵ هەر کۆتاییه‌کدا بمهێنيتەوە سەرەتا و پێم بڵێی ئەها بيرتە لە کام کۆلان تۆم بينی...


چەند تامەزرۆم هەڤاڵ گيان لەسەر بالی هەورێک بگەمە لات و پێت بلێم: سـەيرکە پايیز چ وەرزێکی سـەرسورهێنەرە و منی لەگەڵ خۆی بۆ تۆ هێنا!


هەموو ئەو ئەندێشانە و ســـەدانی تر وەک ئەو تنۆکە بارانە بەسەر ئەندێشەی جەنجاڵی مندا دەڕژێ.. وردە وردە خەريکە هەناسەم تەنگ دەبێ و ناچارم پێنووسەکەم دابنێم و رابکەمە بەر باران بەلکە هەر هيج نەبێ تۆزێک لەو خــۆشبەختییە بە منيش بگا.


دووبارە نازانم نامەکەم بە تۆ دەگا يان نا، تەنیا دەنوووسم: بە قەت هەموو دڵـۆپە بارانەکان خـۆشم دەوێی.

 

 

sabatazad1@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک