په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٢\٢٠١٢

١٧ شوبات ھەموو لایەکی ڕاچەڵەکاند!

تاھیر حەسەن     


١٧ ی شوباتی ساڵی ڕابردوو بۆ سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان ھەروا یادەوەریەک نیە تا ئەمساڵ یادی بکرێتەوە، بەڵکو خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە ئەزمونی شۆڕشگێڕی ئەو چینەی ھەمیشە لەلایەن خودی دەسەڵاتی چەوسێنەری بۆرژواکانەوە دەچەوسێنرێتەوە. لێرەدا ئەو خواست و داواکاریەی زۆرینەی کۆمەڵگا دەیخوازێت، دابین کردنی ژیانێکی شایستەیە بەپێی پێداویستیەکانی ئەم سەدەیە، بەشێک بوون لە ھاتنە دەرەوەی ھێزی دەیان ھەزاری لە ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ دا. خودی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵی کارکردی دەسەڵاتی ھەردوو زلھێزی حاکم کە نەک نەیانتوانی خواستەکانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دابین بکەن، بەلکو ئەوەیشی ھەیانبوو دەسەڵات کاری بۆدەکرد تا لێیان بسینێتەوە.


دابین کردنی ژیانێکی یەکسانیخوازانە ھەردەم خواستی زۆرینەی کۆمەڵگایە، ئەگەر ئەو خواستە دابین نەکرا لە نێو کۆمەڵگادا، ناتوانین بڵێین ئازادی بوونی ھەیە،چونکە خودی ئازادی بۆ زۆرینە پەیوەستە بەو ئاستە لە بژێوی کە زۆرینە ھەیەتی. کاتێک زۆرینە لە ژێر چەپۆکی چەوساندنەوەدا بن، ئیتر ئازادی چ مانایەکی دەبێت؟ لە کوردستاندا، کۆی دەسەڵاتدارێتی لە ژێر چنگی بەرەیکدایە کە لە ئەسڵدا بەرەیکە دژ بەخواستەکانی زۆرینەی کۆمەڵگا، یانی ئەو چینەی لەسەر بێبەش کردنی زۆرینە لە ژیاندا، خۆیان کردوە بە ملیاردێر و ھەرچی پێگەی ئابوری و ڕۆشنبیری ھەیە لەژێر ھەیمەنەتی خۆیاندا قۆرخیان کردوە. ئەوەی گوایە لە کوردستاندا ئاستی ھەژاری بەو ئەندازەیە نیە لە چاو ئەو کۆ نوسینە ڕەخنەییانەی باس لەو دیاردەیە دەکەن، ئەگەر بە ڕواڵەت سەیر بکرێت ڕەنگە واببینرێت کە ئاستی ڕادەی بژێوی لە قۆناغێکی بەرەو ھەڵچوندایە، بەڵام بە چاوێکی ئازادیخوازیەوە سەیر بکرێت، تەنھا دابین کردنی ژیان لە ڕوی ئابوریەوە بۆ کۆمەڵگا بەس نیە، ھێندەی ئەوەی کە خودی تاک تا دەگات بە کۆمەڵگا لە دەرەوەی مەیدانی ترساندن بتوانێت ژیانی و ئومێدەکانی بەرێتە پێشەوە. لە کوردستاندا نەبونی ئەو ئازادیەیە کە نەیتوانیوە دیوارەکانی ترس و تۆقاندن بڕوخێنیت، بۆیە ھەرچەند ئیمکاناتی مادیش بۆ کۆمەڵگا زیاد بکرێت، ھێشتا لە نەبوونی ئازادیەکی ڕاستەقینەدا، کۆمەڵگای ژێر دەست، ھەر لە قۆناغی ژێردەستەی و مەلکەچی و کۆیللەبونیدایە.


یەکێک لە ھەرە خاڵە گرنگەکان بۆ ئەو خۆپیشاندانە دەیان ھەزاریەی خەڵکی کوردستان لە ١٧ ی شوباتی ساڵی ڕابردودا ئەنجامی دا و دواجار لەلایەن خودی ئەو دەسەڵاتەی خۆی بەخەمخۆری کۆمەڵگا دەزانێت خەڵتانی خوێن کراو دەیان ئینسانی بێتاوانی تێدا کوژراو بریندار کرا، توانای ھاتنە مەیدانی بوو دژی کارکردی دەسەڵاتی کوردی، یانی بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئەو پەندە کۆنە باوی نەما کە دەڵێت ھەموو کورد برایە، بە پێچەوانەوە مێژوی ئەم دوو دەیەی دەسەڵاتی بۆرژوا دەرەبەگی کوردی نیشانی دا کە کوردستانیش وەک ھەرچ وڵاتێکی تر بەشێکە لەو پێکھاتە چینایەتیەی بوونی ھەیە، یانی دابەش کردنی کۆمەڵگا بەسەر دوو چینی سەرەکیدا. خودی ئەو ھاتنە مەیدانە ڕاچەڵەکاندنێک بوو توانی کۆی ھێز و ئیرادەی دەسەڵاتی حاکم بھێنێتە لەرزین، لەگەڵیشیدا ھێزوگوڕێکی مەزنی دا بەو ئیرادە جەماوەریەی کە دەتوانێت دەسەڵات لەسەر کار وەدەرنێت.


باڵی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستاندا بۆخۆی دەورێکی سلبیانەی گێڕا لە شکست پێخواردینی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریەدا،چونکە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بە شێوازێک کاری لەگەڵ جەماوەری ناڕازی دەکرد تا ئەو سنورەی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆی تێیدا بباتە پێشەوە، بە پێچەوانەوە نەیدەخواست ئەو ئیرادە مەزنە لە ئیمکاناتی قودرەتی سیاسی خۆی تێبگات.

لە کوردستاندا خەڵکی زەحمەتکێش لە ژێر خورافەی دینیدا خنکێنراون و ھیچ کاتێکیش خەڵکی کەمو کوڕییان نەبوە لە کەم بونی مزگەوت و شوێنە ئاینیەکانی تر، ئیتر ھاتنە مەیدانی خەڵکی بۆ ئەوە نەبوو کە دەبێت دەسەڵاتێکی ئیسلامی سیاسی جێگە بەم دەسەڵاتە کوردیە بگرێتەوە، بەڵکو خودی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانە پەیوەست بوون بە نەبونی یەکسانی خوازی لە کۆی جومگەکانی ژیاندا. بزوتنەوە ئیسلامیەکان لە کوردستاندا خاوەنی مێژویەکی ڕەشن بەرانبەر بە دواخستنی کۆمەڵگا و پێچانەوەی ژنان بۆ نێو کونجی چواردیواری داشاردنی سەروقژ و دەموچاویان و پۆشینی جبەی درێژ کە بۆخۆی دەلالەتێکی ڕونە بۆ کۆیلەکردنی تەواوی نیوەی کۆمەڵگا. خەڵکی کوردستان لە ڕوی ئاستی وشیاری چینایەتیەوە، بەداخەوە لەو ئاستەدا نەبوون کە بتوانن ئەو ھەنگاوانەی بزوتنەوە ئیسلامیەکان بناسن، تا ئەوەی نەچنە ژێر باڵیانەوە، لە ڕاستیدا ئەوە نەبوونی ئاستی وشیاری سیاسی چینایەتی چینی زەحمەتکیشە لە کوردستاندا کە ھیمەتێکی داوە بەو بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیانە، ئەگەر نا بۆ بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستاندا خاوەن ئەو پێگە شەرافەت مەندانە نین کە بە ئاسانی بتوانن جێ پێی خۆیان قایم بکەن. خاڵێکی تری بەرەو پێشچونی بزوتنەوە ئیسلامیەکان پەیوەستە بەو ڕادەیە لە چەوساندنەوەی چینایەتی کە دەسەڵاتی بۆرژوا دەرەبەگەکانی ھەردوو زلھێز لێی بەرپرسیارن، نەک خەڵکی داماوی کوردستان. ئەوە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ناسیۆنالیزمە کە ھەمیشە بەشوێن پاراستنی پێگەی دینیەوەیە لە کۆمەڵگادا تا ئەوەی بەرژەوەندیە نابودەکانی ھەردەم لە مانەوەدا بن. بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆخۆی شەریکە بەشێکە لەم نێوەندەدا.


١٧ ی شوبات ئەکرێت وەک ئەزمونێک وانەی بەپێزتری لێوە فێربین، وانەیەک کە جارێکی تر ھێزوئیرادەکان نەخرێنە نێو بەرژەوەند گەلێک کە پەیوەندیەکی ئەوتۆی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی خودی ئەو جەماوەرەی ڕادەپەڕێت، نیە. بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بۆ دەست خستنی فەرھەنگێکی مەدەنیانەیە. فەرھەنگێک دوور لە فەرھەنگی باو، فەرھەنگێک دوور لە پەروەردەی شکست خواردوی باو. خەڵکی مەدەنی کوردستان چ پەیوەندیەکان بەو فەرھەنگە سوک و ڕزیوەوە ھەیە کە تێزاب دەکات بە دەست و پێی ژنانێکدا کە بەخواستی خۆیان جلوبەرگیان دەپۆشن. ١٧ ی شوبات بۆ گێڕانەوەی ھێزوئیرادەی کۆمەڵگا بوو بۆخۆی. خودی ئەو ھاتنە مەیدانە دەرئەنجامی توڕەیی ئەو زۆرینەیە بوو کە بێبەش کراون لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، ئەو ھاتنە مەیدانە بۆ بەگژا چونەوەی ئەو بازاڕە جەنجاڵەیە کە ھەرچی خۆراکی بەسەرچوو ھەیە تێیدا جێگە کراوەتەوە. ئەو ھاتنە مەیدانە بۆ گێڕانەوەی سەروەری یاسایەکە کە لە خزمەتی گشتیدا بێت، نەک یاسایەک کە تەنھا لە خزمەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی چینی باڵا دەستە لە کۆمەڵگادا.

خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەو دەرفەتە نین کە دەسەڵات کارێکیان بۆ بکات وەک خێرۆمەندی بیبینن، بەڵکو خەڵکی ئازادیخواز و چەوساوەی کۆمەڵگا دەخوازن چیتر دەسەڵات وەک دێوێک نەبێت ھەرچی ئیمکاناتی ژیانی کۆمەڵگایە، بۆخۆی بەکاری بھێنێت. گێڕانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ تواناکانی زۆرینەی کۆمەڵگا دەتوانێت چارەسەرێک بێت کە ١٧ ی شوباتێکی گەورەتر لەوی پارساڵ دوبارە نەبێتەوە. ئاخۆ دەسەڵاتی کوردی دەخوازێت ئەو ئیرادەیە بگەڕێنێتەوە بۆ جەماوەری کوردستان!؟

 

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک