هه‌ڤپه‌یڤینێکی هزریی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ دوو هۆنه‌ری نوێکاری هۆنراوه‌ی ئه‌مڕۆی کوردی '' فه‌ره‌یدون سامان و ناڵه حه‌سه‌ن ''
ئاماده‌کردنی : چیمه‌ن شه‌ریف
ئه‌و جیهانه‌مان پڕه له که‌سه‌ر و کۆڤان.. دڵگرانیی و نیگه‌رانیی که وا له‌مرۆڤ ده‌کات هه‌ست به‌ئازار بکات و جێی پێ جێ نه‌بێ.ده‌بێ کاردانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته مرۆڤ به‌چ لایه‌کدا ببات؟ ئایا هه‌ستکردن به ئازاره‌کان هۆکارێکه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری؟! ئایا هه‌سته‌کان ناسک‌تر ده‌کاته‌وه؟ که ببێته هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤ پێش هه‌ر قسه‌کردنێکی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی له‌بێژنگ بدات ئینجا ده‌ری ببڕێ که ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێکه له به‌رزبوونه‌وه بۆ ئاستی به‌مرۆڤبوون؟ هه‌میشه پێم‌وابووه خاڵیبوونی ژیان له‌ره‌هه‌ندی تراژیدی و خاڵیبوونی کاسه‌سه‌ری مرۆڤیش له دوودڵی و دڵه‌راوکێ ژیانیکی بێ مانا‌و بێ پرسیار به‌رهه‌م دێنێت.پێشم وایه ئاڵای هه‌ست له‌ناو دڵه‌ناسک و پڕ له ئاوه‌زه‌کان هه‌میشه شه‌کاوه‌یه.
به‌ڵام ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه کامه‌یه که کێشه و گرفته‌کانی، کۆژانه‌کانی جوانتری ده‌کات له‌ناو دووکه‌ڵی ناهه‌موارییه‌کانی ژیانی خۆی هه‌ست به‌که‌موکوڕیه‌کانی دۆسته‌که‌ی ده‌کات و ده‌ستی یارمه‌تی بۆ درێژ ده‌کات!! ژیرانه بێ‌ئه‌وه‌ی بکه‌وێته داوی خۆویستی و بێ‌ئه‌مه‌کیی و بێ‌به‌زه‌یی که مرۆڤ له‌ئاژه‌ڵ نزیک ده‌کاته‌وه.
هه‌ستکردن به‌ئازاره‌کانی ژیان له‌نێو تاکه‌کاندا .. ژن، پیاو، منداڵ،گه‌وره، نه‌خۆش و ساغ به‌رێژه‌ی گۆڕاو ده‌رده‌که‌وێت. ژنان زیاتر وه بۆ ماوه‌ی درێژتر هه‌ست به‌ئازار ده‌که‌ن هه‌روه‌ک زانستی فسیۆلۆژیی سه‌باره‌ت به جه‌سته‌ی ژن ئه‌وه‌مان بۆ شیده‌کاته‌وه‌و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆرتر له‌ده‌ماری گه‌یه‌نه‌ر له ژن به به‌راوردکردنیان له‌گه‌ڵ ژماره‌یان له‌هی پیاودا.
بۆ وه‌ڵامی یان راستتر بڵین بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و پرسیارانه به سوپاسی زۆرمانه‌وه دوو هۆنه‌ری نوێکاری هۆنراوه‌یی ئه‌مڕۆی کوردی'' فه‌ره‌یدون سامان و ناڵه حه‌سه‌ن '' رای خۆیان به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌ربڕی و ئێمه‌ش له دوو به‌شدا ده‌یخه‌ینه به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
* : ئایا موعانات ڕۆحی مرۆڤ گەورە ( ئیرتقا ) دەکات ؟ ئێمەی مرۆڤ دەبێ گرفتمان هەبێت تاکو هەست بە شتەکانی دەوروبەر بکەین و هەستی بەرامبەرەکەمان ڕابگرین ...؟ * : کورد چۆن مرۆڤێکه لەلایەن هەستەوە ؟ * : ئایا موعانات هۆی ئه‌فراندنه ؟ ئه‌وانه‌ی موعاناتیان نییه چ مرۆڤێکن ؟
- به‌شی دووه‌م - فه‌ره‌یدون سامان
* مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتى کە ئافریدەى ژینگەى جڤاتى و سیاسى و ئابوورى و رۆشنبیرى (ئایینى و نائایینیە)، ئەم بوونەوەرە بێ خواست و ویستى خۆى دواى لەدایکبوونى فێرە زمان و داب و نەریت و مۆراڵى ژینگەکەى دەبێت، کە رەنگە قەدەرەکەى وابێت لەگشت بوارەکانى ژیاندا سوودمەند یان زیانمەند بێت، واتە جڤاتەکە پێشکەوتوو یان پاشکەوتوو بوو کاریگەرى لەسەر پەروەردەى کارەکتەرى ئەو جۆرە مرۆڤە هەیە، یان دەوروبەرێک کە گشت هۆکارەکانى ژیان و ئامرازەکانى تەکنەلۆژیا و زانستى بۆ دابین کراوە یان بە پێچەوانە بێ بەش دەبێ لەهەموو پێداویستیەکانى ژیان، بەڵام لە هەموو کات و ساتێک و شوێنێکدا ئازادى بەهاى مرۆڤ بوون مرۆڤگەلێکە کە گوزارشت لە بوونى مرۆڤایەتى و شارستانیەتى ئەو دەکات، بۆیە هەر کاتێ مرۆڤ و کۆمەلگا لە پراکتیزەکردنى ئازادییەکانى هزر و کار و ژیان و پێداویستیەکانى بێ بەش بوو، ئەوا ئەم بوونەوەرە دووچارى پەراوێز و فەرامۆشکردن و کۆژانى جۆراوجۆر دەبێتەوە، جا هەندێ جار کۆژانى مرۆڤێک ناچارى دەکات بەرەو هەڵدێر و لادان بڕوات بوونەوەرێکى شەڕانگێز و ناکامى لێ دەردەچێت و دەبێتە مشەخۆر تا ئاستى تاوانکارى بەرامبەر بە دەوروبەر و یاسا و دەوڵەت و کۆمەڵگاکەى، هەندێ جاریش کۆژان وا لە مرۆڤى هۆشیار و هەستەوەر دەکات لە بوارێک لەبوارەکانى سیاسەت یان ئەدەب و هونەر و هزردا خانەیەک بۆ خۆى داگیر بکات و لەو خانەیەدا جوانترین شاکارى ئەدەبى یان هونەرى بەرهەم بێنێ، سەرئەنجامیش کۆژان و موعانات دەبێتە هۆى مەزن بوونى رۆحى مرۆڤ و بەرزبوونەوەى بەرەو هەورازەکانى ژیان. * بێگومان مەرج نیە تاکێک یان گروپێک هەمان کێشە و گرفتى هەبێت وەک مرۆڤێک یان کۆمەڵێکى دیکە هەیەتى و ئازارى پێ دەچێژێ، بەڵام سەرلەبەرى جڤاتى مرۆڤایەتى لەبنەرەتدا خێزانێکە، ئەویش جڤاتى مرۆڤایەتیە، بۆ نموونە ئێمەى کورد زۆر هاوبەشى خەم و ئازارى گەلانى ئافریقیا و ئاسیا و ئەمریکاى لاتین بووین چ بە بەرهەمە ئەدەبى و هونەرییەکانمان یا وەک هەڵوێستى سیاسى پشتگیریمان لەخواست و کۆژانى ئەو گەلانە کردووە، ئەمانیش هەروەها هاوکات پشتگیری‌یان کردووین لە چەندین دەقى ئەدەبى و هونەرى دۆزى گەلى کوردیان بەسەرکردۆتەوە، هەربۆیە گەر مرۆڤ گرفتى خۆى نەبێ ئەوەندە بە سانایى هەست بەگرفتى ئەوانى دیکە ناکات، لەبەرامبەریشدا گەرەکە ئێمە ماناى هەستى بەرامبەر رابگرین و رەچاوى ژان و کۆژانەکانیان بکەین. * مرۆڤى کورد چونکە مرۆڤى کۆمەڵگاى رۆژهەڵاتیە و رۆژهەڵاتیش زێدى سۆز و عاتیفە و ئایین و ئەفسانەکان بووە، بۆیە بەگشتى مرۆڤى کورد کارەکتەرێکى هەستەوەرى لێ دروست بووە، ئەوەندە هەستیارە تا ئاستى هەستەوەرى، هەر بۆیەشە دەبینین کۆژانەکان هەستى مرۆڤ ناسک دەکەنەوە، لەهەمان کاتیش‌دا ئه‌و کۆژانانە دەبنە هۆکارى ئەفراندنى هزرى ژانرەکانى ئەدەبى و هونەرى، بۆ نموونە سینەماکارى بەرەسەن کورد یەڵماز گۆنەى گەر هەستیار نەبوا وخاوەنى کۆژانى گەلە بن دەستەکە نەبوا ئەوا هەرگیز نەدەبووە ئەو مرۆڤ مەزنە داهێنەرەى بوارى سینەما. بەرەو ئەوانەى موعاناتیان نییە بەراى من گوناهە پێیان بگوترێت مرۆڤ، چونکە مرۆڤ بێ موعانات، بوونەوەرێکى بێ هەست و نەست و هرزە، ئاژەڵێکە تەنها بۆ غەریزەکانى خۆى دەژى و بەس.
|