په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هه‌ڤپه‌یڤینه‌ک (له‌گه‌ڵ شه‌رمین که‌ریم)*.

 

باوکسالاریی رەوتێکى شوومە چونکە هەڵگرى ئەو مۆرالە چەقبەستووەیە کە لە دیدى ئەو غەریزەوە دەروانێتە ژن، کەچى رەگەزى مێ زۆر لەوە بە بەهاترە.

ئەگەر ئه‌و په‌یمان و به‌ڵێنانه‌ی کاتی هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێ نەکرێن ئەوا زۆر گرنگە کە ژنانیش هەڵوێستی خۆیان وەربگرن و ئیتر نەبنە مایەی ئەوەی گیرۆدەی دەستی لیست و قەوارەکان بن و لە پێناو بەدی هێنانی خەونە بەتاڵەکانی ئەوان هەڵبخەڵەتێنرێن.

لە کۆمەلگاى ئێمەدا نادادوەرییەکى زۆر هەیە. ئیشى حکومەت تەنها قیرتاوکردنى جادەوبان نییه‌ بە قەد ئەوەى شیکردنەوەى سروشتى خێزانەکان بکات و توێژینەوەى وردى لەسەردا بکات.

 

سازادنی: دیاری محه‌مه‌د

 

دیاری محه‌مه‌د: زۆرینەى کاندیدە ژنەکانى ئەم خولەى پەرلەمان هەمان ئەو ژنان کەلەڕێکخراوەکان کاریان دەکرد؟بەڕاى تۆ پەرلەمانیش ناکەن بەڕێکخراوەکانى خۆیان؟


شه‌رمین که‌ریم: هەر لەدوای پرۆسەی ئازادی و دەست بەکار بوونی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەو قۆناغە کە بەرەو کابینەی شەشەم هەنگاو دەنیًین ژنان بەشداربوونە لە هەموو خولەکانی پەرلەمان ، بەڵام ئەبێ باس لەوە بکرێ کە تاچەند ئەو پەرلەمانتارە ژنانە ئاکتیڤ بوونە لە کارکردنیان بۆ توێژی ژن و تا چەند توانیویانە دەنگی ژن بگەیەنن بەو مانایەی کە ئەوان لە ناو پەرلەمان نوێنەرایەتی ژن دەکەن ، من پێم وایە لە هەرپێنج خولی رابردووی پەرلەمان نەتوانرا ئەو دەنگە وەکو خۆی بگەیەنرێت ،بەڵام گەشبینم بۆ کابینەی داهاتوو چونکە ئەوانەی کاندید کراون راستە هەندێکیان ئەوانەن کە لە رێکخراوەکان کاریان کردوە زۆریشیان لەسەر بنەمای لێهاتوویی هەڵبژێردراون .ئەوانەی کە لە رێکخراوەکانیش کاریان کردوە مەرج نیە هەمووی شیاوی پۆست بوو بێت بەلًَکو ئەوانەى کاندید کراون زیاتر شارەزاو هەڵقوڵاوی مەسەلەکەن .


دیاری محه‌مه‌د: بەبڕواى تۆ دەسەڵاتى کوردى بەئیسلامى و عەلمانیەوە هۆکارى دروستکردنى کێشەی ژنانە یاخود هەوڵ دەدات بۆ چارەسەر؟


شه‌رمین که‌ریم: کێشەی ژن کێشەیەک نیە تایبەت بێت بە هەرێمێک یان وڵاتێک لە هەموو کونجێکی ئەو دنیایە شتێک هەیە بە ناوی کێشەکانی ژنان بەڵام هەر دەڤەرێک جۆری کێشەکەی جیاوازە و چارەسەریشى تایبەتمەندى خۆى هەیە ، پێم وایە تێروانینەکان لە نێوانیان دا وەک یەکن لە بەرامبەر پرسی ژن ،لە زۆر بابەتەکانی نێو پەرلەمان ئەوانەی ووتو وێژی لە سەر کرا ئەگەر علمانیەکان دەنگیان بە یاسایەکی سەردەمیانەی باری کەسێتی بدابا ئەوا دەیانتوانی بیروێنن ،بەڵام لێرەدا لەگەڵ ئیسلامیەکان هاوڕا بوون بۆیە پرسەکان وەکو خۆی ماوەتەوە.


دیاری محه‌مه‌د: شەرمین خان دوعاخان شەهیدکرا لەکاتى خۆى قسەى زۆر لەبارەوە کرا،بەڵام ڕۆژانە دەیان دوعا دەبنە قوربانى؟بۆچى ژنان نەیانتوانیوە هیچ فشارێک دروست بکەن؟


شه‌رمین که‌ریم: ئێمە ناتوانین بڵێین لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژن کاریان بۆ توێژی ژن نەکردووە ، بەڵکو کاریان کردووە بەڵام جۆری کارکردنەکان کاریگەر نەبوونە تا بتوانرێ کاردانەوەیەکی ئەوتۆ دروست بکات و ببێتە هۆی دروست بوونی فشار ،راستە رۆژانە گوێمان لە ڕووداوی دڵتەزێن دەبێت سەبارەت بە ژن بەڵام من هەموو ئەو ئەنجامدانی تاوان و کارە ساتانە دەگەڕێنمەوە بۆ دوو هۆکارى سەرەکى، یەکەمیان گەورە و ئەویتریان بچوکتر. دەسەڵاتى سیاسى کورد لە باشوورى کوردستان زیاتر نزیکترە لە هزر و مۆرالى خێلەکى و ژنانیش لەم هزردەدا بە مرۆڤى پلە دوو سەیرى لێوە دەکرێت. ئەوانەى لە تەلارى پەرلەمانیش لەسەر مێز و کورسییە قەبەکان دانیشتوون نوێنەرى ئەو سەرکردانەن بۆ بەرجەستەکردنى تێروانینى ئەوان، ئەوە گەورەکەیانە، هۆکارە بچوکترەکەش قبول نەکردنی یەکترو تێنەگەیشتن لە یەکتر لە نێو بازنەى خێزانى کوردەواریدا،جا ئەو لە یەکتر تێ نەگەیشتنە لە نێوان ژن و مێرد بێ یاخود لە نێوان ئەندامانی خێزان یان هەر تاکێکی کۆمەڵ بێت . ئەوەی گرنگە کاری لەسەر بکرێت بانگەشەی پرۆگرامی هۆشیارییە ،هەر لە قۆناغی ساوایی تا دەگاتە دوا قۆناغی بێ ئومێدی پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار هۆشیاری بکات بە مه‌نهجێکی بەردەوام ئەگەر هۆشیاری بەردەوام بێت کارەساتیش ڕوو لە کەمبوون دەکات.


دیاری محه‌مه‌د: باشە من لەبەڕێزتان دەپرسم بۆچى ژنانى کوردستان دژى فرە ژنین؟بۆچى حەزدەکەن ژیانى هاوبەش بۆ خۆیان دروست بکەن بەڵام حەزیان لەوە نیە کەهاو ڕەگەزەکەى ئەویش کەبەوە ڕازیە کەببێت بەژنى دووەمیش بەڵام ئەو ڕێگرى لێدەکات؟ئەمە هۆکارەکەى چیە؟


شه‌رمین که‌ریم: فرەژنی هەر لە کۆنەوە بوونی هەیە وتا ئێستاش بوونی هەر ماوە تەنانەت پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی کار لەسەر قەدەغەکردنی بکات، هەموو ئەو لایەنانەی کە کار بۆ ژن دەکەن ویستیان بنەبری بکەن بەڵام نەیانتوانی لەبەر ئەوەی بمانەوێ یان نەمانەوێ ئێمە کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی پیاو سالاریە زیاتر بەرژەوەندی پیاو کاری لەسەر دەکرێت ،بەداخەوە کابینەی پێشوو کە ژنەکانیشمان دەنگیان بە فرەژنی دا جا بۆ هەر خەتای پیاو بگرین. خۆ ئەگەر بابەتەکەش بە غەریزەوە ببەستینەوە، ئەوە هەردووکیان هەڵگرى ئەو ئارەزووەن، بۆیە رەوتى باوکسالاریش رەوتێکى شوومە چونکە هەڵگرى ئەو مۆرالە چەقبەستووەیە کە لە دیدى ئەو غەریزەوە دەروانێتە ژن، کەچى رەگەزى مێ زۆر لەوە بە بەهاترە.


دیاری محه‌مه‌د: ئایا کارى وەزارەتى ئێوە تەنیا بریتیە لەخەڵاتکردنى نوسەرێک یان توێژەرێک کەلەبارەى ژنانەوە ڕاپۆرتێکى نوسى بێت؟
 

شه‌رمین که‌ریم: پێش هەموو شتێک ئێمە وەزارەت نین، لە کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێم جگە لە وەزیری وەزارەتە کاراکان(فعال)، دەستەیەک وەزیری هەرێمیش هەن کە تەنها لە چوار چێوەی نووسینگەیەک کارەکانی خۆیان بەرێوە دەبەن. ئەمانە وەزیرانی هەرێمن (وزیر بلا وزارە)، هى ئێمەش نووسینگەی وەزیری هەرێمە بۆ کاروباری ژنان و ئافرەتان و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانین، کارى ئێمە زیاتر بە دواداچوون و جێ بە جێکردنە ،ئێمە بوودجەیەکی تەرخانکراومان نیە بۆ نووسینگەکەمان تا خەڵات ببەخشین تەنیا لە رۆژی جیهانی ژنان( 8ی مارس) نەبێت کە چەند دیاریەکی رەمزیمان دابەشی سەر ئەو ژنانە کرد کە بە ڕەنجی ماندووبوونی خۆیان ماڵ و مناڵەکانیان پەروەردە دەکەن ئەویش (UN) هاوکاری ماددی ئێمەی کرد، ئەگینا کاری ئێمە وەکو نووسینگەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ژنان و ئافرەتان بە دوا داچون ئەکەین بۆسەرجەم ئەو کاروبارانەی کە تایبەتن بە توێژی ژن لە هەرێمی کوردستان ، هەروەها کۆڕو سیمینار بۆ شوێنە دوور دەستەکان و گەرەکە میللیەکان ،چارەسەری رێژەیەکی زۆری کێشەی کۆمەڵایەتی بە رێگەی یاسایی،جگە لە ئەوەش ئێمە هێلی گەرممان هەیە لە ناو نووسینگە کە هەفتانە 2-3 رۆژ تەرخان دەکەین بۆ گوێ گرتن لە سکاڵای خێزانەکان، چەندین پرۆژەمان پێش کەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە تایبەتن بە کاروباری ژنان ،وە چەندین حاڵاتی هەژاریمان چارەسەر کردووە ئەمانە بەشێکی کەمن لە چالاکیەکانمان ئەگەر بە ووردی باسی بکەین رٍەنگە کاتیکی زۆری بوێت وئێستا ئێمە کار لەسەر یەکسانی رەگەزی(جێندەر) دەکەین لە ناو هەر وەزارەتێک نوێنەرێکی رەگەزی مێینەمان هەیە و قۆناغ بە قۆناغ بە بابەتی گرنگترو پڕبەها تر پەرە بە هۆشیاری جیندەری دەدەین .


دیاری محه‌مه‌د: وەکو ژنێکى کورد زۆربەى لیست و قەوارەکانى بەشدارى ئەم خولەى پەرلەمان بەڵێنى جۆراو جۆریان بەژنان دا پێت وایە هیچى جێبەجێبکرێت؟
 

شه‌رمین که‌ریم: جێبه‌جێکردنی ئەو بەڵێن و پەیمانانەی کە هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ خەڵکی ستەم دیدەی کوردستان خرانە ڕوو و ئەگەر لە کابینەی داهاتوو بە پێی تەعلیماتەکانیان یان بە پێی پەیرەو پرۆگرامەکانیان بیهێننە جێ بە جێ کردن ئەوا من لەو باوەرەدام کە ژنی کورد لەو قۆناغەدا زیاتر هەست بە بوونی خۆی دەکات چونکە لە کابینەی داهاتوو زۆر یاسا هەیە تایبەتن بە ژیان و گوزەرانی ژن کە زۆر پێویستن جێ بە جێ بکرێن ،خۆ ئەگەر جێبه‌جێ نەکرێن ئەوا من لەو میمبەرەوە دەڵێم ئەو کاتە زۆر گرنگە کە ژنانیش هەڵوێستی خۆیان وەربگرن و ئیتر نەبنە مایەی ئەوەی گیرۆدەی دەستی لیست و قەوارەکان بن و لە پێناو بەدی هێنانی خەونە بەتاڵەکانی ئەوان هەڵبخەڵەتێنرێن .


دیاری محه‌مه‌د: شەرمین خان دیاردەى لەشفرۆشى خەریکە دەبێتە خو و نەریت؟
1)کارى ئێوە وەکو وەزارەت چی بووە بۆ بنەبڕکردنى؟
2)هەولتان داوە خولى هوشیارى بکەنەوە لەسەرانسەرى کوردستان دا؟


شه‌رمین که‌ریم: دیاردەی لەشفرۆشی دیاردەیەکە لە سەرانسەری دونیادا بوونی هەیە ،هۆکاری تەشەنەکردن یان بڵاوبونەوەی و بوونی بە نەریت، بە پلە یەک دەگەریًتەوە بۆخراپی باری ئابووری ،جا ئەو خراپی باری ئابووریە چ لە لایەن ووڵات یان دەسەڵاتەوە بێت یان لەلایەن خێزانەوە، من پێم وایە ئەگەر دەسەڵات ببێتە بابە گەورەی میللەت و بە چاوی یەکسانی لە هاونیشتیمانیانی خۆی بڕوانێ مافە ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکانى جێبەجێبکات ئەو دیاریدەیەش بەو شێوەیە تەشەنە ناکات، بەڵام لە کۆمەلگاى ئێمەدا نادادوەرییەکى زۆر هەیە. ئیشى حکومەت تەنها قیرتاوکردنى جادەوبان نییه‌ بە قەد ئەوەى شیکردنەوەى سروشتى خێزانەکان بکات و توێژینەوەى وردى لەسەردا بکات ، بۆ نموونە توێژینەوەکردن لەسەر زۆربوونى کچانى قەیرە. ئەوە کارى کچانى قەیرە نیە لەو قۆناغەدا بەو توێژینەوەیە هەڵبستن ، بەڵکو حکومەتە کە پرۆژەى پێدرا لەسەرییەتى جێبەجێیبکات. کوا کابینەى پێنچەم خۆى لەقەرەى ئەو توێژینەوانەدا؟ نەخێر.ئەمە لە لایەک ،لەلایەکی تر ئێمە وەکو وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری ژنان و ئافرەتان خولی هۆشیاری کردنەوەمان بە شێوەیەکی گشتی لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی تایبەتن بە توێژی ژن بەردەوامە تەنانەت خودی وەزیری کاروباری ژنان خۆی زۆربەی زۆری بابەتەکانی هۆشیاری بۆ ئامادەبوان شی دەکاتەوە.


دیاری محه‌مه‌د: دوا پرسیارمان لە بەڕێزتانى بکەم ئەوەیە بۆچى وەزارەتى ئێوە هیچ بەڕێوەبەرایەتیەکى نیە لەپارێزگاکانى ترى کوردستان یان لەقەزا و ناحیەکان خۆ زۆربەى کێشەکان لەقەزا و ناحیەکانن؟


شه‌رمین که‌ریم: ئاواتی هەرەگەورەی ئێمە ئەوەیە کە ببین بە وەزارەتێکی کارا،هەرچەندە ئێستاش بە گوێرەی ئەو هەموو کەموکوڕیانەی کە هەمانە زۆریش کارایین ،بەڵام ئەو کات کاراتر دەبین و زیاتر دەپرژێینە ناو کارەکان،نەخێر ئێمە جگە لەو نووسینگەیەی کە لە هەولێر هەمانە لە هیچ شوێنی تری ناوچەکانی کوردستان نووسینگە یان بەرێوەبەرایەتیمان نیە راستە زۆرینەی کێشەکان لە ناوچە دوور دەستەکانن بەڵام ئێمە هەر هەوڵی خۆمان داوە ئەگەر زوو زووش نەچین ئەوا ماوە ماوە سەردانیان دەکەین و لە رێگای لایەنە پەیوەندی دارەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانەوە هەواڵمان پێ دەگات.

_______________________________________

* شەرمین کەریم: بەرێوەبەری ڕاگەیاندن لە نووسینگەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ژنان و ئافرەتان/کوردستان.