په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٥

لە یادی ١١٧ی ڕۆژنامەی کوردستانی دایک دا.

ھـەواڵ لـە رۆژنـامـەنووسیی کـوردیدا.
- (تێگەیشتنی ڕاستی) بە نموونە -

سەباح        

 

ئەگەر لەسەرەتای ڕۆژنامەنووسیی کوردیەوە دەست پێ بکەین، ئەوە ئاشکرایە کە نۆبەرەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی، لەغەریبیدا چاوی ھەڵێنا، دوای دەرچوونی سی و یەک ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، ھەر بە غەریبی سەری نایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بووە سیمبۆل و بەردی بناغە بۆ دامەزراندنی ڕۆژنامەنووسیی کوردی. لە ڕۆژنامەنووسیی کوریدا ھەواڵ کاریگەری ھەبووە بەڵام بەو شێوە نییە، وەک ئەوەی لە ڕاگەیاندنی بیانییدا دەبینرێت، جا چ بە ھۆی شێوازی نووسین بێت یان ئەو ھەموو کۆسپ و تەگەرەیەی کە دێنە ڕێی. ئەمڕۆ جیھان بەھۆی تەکنەلۆژیاوە، بووەتە گوندێکی بچووک، سەرجەم ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکان کە ڕۆژانە لە چرکەیەکدا لەسەر زەویدا ڕوودەدەن، بەشێوەی ھەواڵ بڵاودەبنەوە.


لەم لێکۆڵینەوەیە باسی سەرەتای پەیدا بوونی ھەواڵ کراوە و دواتر چۆن بە شێوەی نوسراو، گەلانی دنیای گرتۆتەوە و دواتریش پەڕیوەتە کوردستان، لێکۆڵینەوەکە باس لەوە دەکات کە چۆن بە ھۆی کاریگەریی تەکنۆلۆژیاوە، ھەواڵیش لە دنیادا پێش کەوتووە، ھەروەھا لە بەشی دووەمی باسەکە ئەوەش خراوەتە ڕوو کە تا چەند ھەواڵ ڕۆڵی بینیوە. لەبەشی سێیەمی ئەم لێکۆڵینەوەیەشدا، ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی) مان بەنموونە ھێناوەتەوە، وەک ڕۆژنامەیەکی کوردی کە تا بزانین چەند لە ڕۆژگاری ڕابردوودا ڕۆڵی ھەبووە. ڕێبازی لێکۆڵینەوەی ئەم باسە، شێوەی مێژووی شیکاریە لە کۆنەوە تا ئێستا، بەشێوەیەکی گشتیش شیکاری مێژووی دروست بوون و پەڕەسەندنی ھەواڵ لە مێژووی ڕۆژنامەگەنووسیی کوردیدا، لە سەرھەڵدانیەوە تاکو ئێستا کراوە.

بەشی یەکەم: ھەواڵ چییە؟


ھەواڵ، ڕاپۆرتێکە لەبارەی ڕووداوەکانەوە، نەوەک خودی ڕووداوەکە خۆی، لە ھەر خولەکێکی دیاریکراو لە جیھاندا، میلۆنان ڕووداو ھەن و لە یەک کاتدا ڕوودەدەن، یەکێک دەمرێ و یەکێکیش لە دایک دەبێ، ئەوی تریان تاوانێک ئەنجام دەدات...تاد. ھەموو ئەو ڕووداوانەش نابن بە ھەواڵ تا ئەو کاتەی ڕاپۆرتێکییان لەبارەوە دەخرێتە ڕوو. دکتۆر عەبدولستار جەواد دەڵێت:"ھەواڵ شتێکە کە پێشتر نەماندەزانی، یان تێی نەگەیشتوون، یان لە بیرمان چووە."(١).

 
ھاوکات فرایدەر بۆنت دەڵێت: " ھەواڵی باش، ئەو ھەواڵەیە کە سەرنجی زۆرترین خوێنەر ڕابکێشێت، ئەوکات بە ھەواڵێکی گرنگ دادەنرێت"(٢).


گەورە نووسەرانی بواری ڕۆژنامەوانی پێیان وایە: ھەواڵ: وردەکاری و گواستنەوەی ھەر ڕووداوێکە لە جیھاندا بۆ خوێنەر و گەیاندنی زانیاریەکانی ئەو ڕووداوەیە، نەوەک ڕووداوەکە خۆی. لێرەدا کاری ھەواڵنێران ئەوەیە کە ڕووداوەکە بێ کەم و زیاد بە خوێنەر بگەیێنن. "ھەواڵ بابەتێکی ڕۆژنامەوانییە، زانیاری نوێ لە خۆ دەگرێ، کە پێشتر لە لای توێژێکی زۆری خەڵک نەزانراو بووە."(٣).


سەبارەت بە ھەواڵ لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا، لە سەرەتادا پێوەندیەکی باشی بەپرەنسیپەکانی نووسینی ھەواڵ نەبووە و لەگەڵ بنەماکانی ئەو پێناسانە تەواو یەکناگرنەوە، چونکە لەڕۆژنامە کۆنەکانی کوردی بە تایبەت ئەوانەی لەشاخ دەردەچوون شتگەلی وا دەبینرێت، کە لە یەک کاتدا، ڕووداو و ئاشکراکردن و خستنەڕووی زانیارییە، بە جۆرێک ھەندێ جار ناوەرۆکی وتارێک بووتە مانشێتی ڕۆژنامەیەک، یان بیروڕای نووسەرێک، سیاسییەک کراوەتە ھەواڵ. بەشی میدیای ئازاد لە ڕێکخراوی (ICSP) پرۆگرامی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی بەم شێوەیە پێناسەی ھەواڵی کردووە:" ھەواڵ کەلوپەڵێکە وەک ھەر کەلوپەڵێکی دیکە بازرگانی پێوە دەکرێ و دەبێ پارەشی بۆ خەرج بکرێ. بە واتایەکی دیکە ھەواڵ بریتییە لەھەر زانیاریەک کە گشت خەڵک سوودی لێ دەبینێ." ھەواڵ شتێکی جیایە لە ئاسایی بوون. بە واتایەکی دیکە، ھەواڵ شتێکی دەگمەن و نائاساییە, ھەروەک (چۆن ھۆکارت) سەرنووسەری (نیویۆرک سەن ستی) زیاتر لەسەدەیەک لەمەو بەر گوتوویەتی:" ئەمە ھەواڵ نییە کاتێک سەگێک گاز لە پیاوێک دەدات، بەڵام کاتێ پیاوێک گاز لەسەگێگ دەگرێ ئەمە دەبێتە ھەواڵ!!." .


ھەواڵ چۆن سەری ھەڵدا؟


دەکرێت بڵێین، ھەواڵ لەگەڵ بوونی مرۆڤ سەری ھەڵداوە. واتا ھەر لەوکاتەی مرۆڤ سەر زەوی ئاوەدان کردۆتەوە، جۆریک لەپێوەندی کردن لە نێوان مرۆڤەکان و گواستنەوەی زانیاریەکان بە شێوەیەکی نەنوسراو ھەبووە، سەرچاوە مێژوویەکان ئەم ڕاستیە دەسەڵمێنن کە لە سەردەمە کۆنەکان پێوەندی کردن لەنێوان مرۆڤ ھەبووە، ئەو پێوەندی کردنەش دەکرێت بڵێین جۆرێک لە ھەواڵ گواستنەوەی تیادا بووە، لەسەردەمەکانی دواتریش ھەواڵ بە شێوەیەکی زانستییانەتر دەرکەوتووە. ھەواڵی سەرکەوتنی شەڕەکان بەکردنەوەی ئاگر و ھەواڵی گەیشتنی کەشتی بە ھەڵدانی ئاڵا ئاماژەیان پێ کراوە. پرۆفیسۆر کورتیس ماگدوگال لەبنەماکانی ھەواڵنوسین ئەلێت: " لە سەرەتادا بەر لە نووسین خەڵکان لە سەر دەریاکان دەوەستان و چاوەڕێی کەشتەکانیان دەکرد تاکو خەڵک ھەواڵی شارەکانی تریان پێ ڕابگەینن." ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە لەگەڵ گەڵاڵە بوونی بیر و عەقلی مرۆڤ لە دنیادا، ھەواڵیش سەری ھەڵداوە، ھاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤیش لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا ھەواڵیش گۆڕانی بەسەرداھات و لە قالبە سادەکەی جارانی چووە نێو قالبێکی دیکە و لە ڕووی شێواز و فۆرمیشەوە بەرگێکی نوێیان بە خۆیانەوە کرد.


دوای داھێنانی پیتی نووسین لە لایەن زانای ئەلەمانی (گۆتێنبێرگ)ەوە، ھەواڵ و ھەموو نووسراوەکانی دیکەی ڕۆژنامەنووسیی و کتێب و نوسراوە ئایینیەکانیش چوونە قۆناغێکی دیکەوە، کە بە قۆناغێکی زانستی دادەنرێ، بەم پێیەش نووسراو و ڕووداوەکان قاڵبێکی دیکەیان بە خۆیەوە بینی و بە شێوەیەکی بەر بڵاوتر بەناو خەڵکدا بڵاوبوونەوە، دوابەدوای ئەمەش لەگەڵ چوونەپێشەوەی تەکنەلۆژیا، لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ڕۆژنامە و گۆڤارێکی زۆرتر بڵاو بوونەوە و ھەریەکەیان بەشێوەیەک ھەواڵی ڕۆژیان بە خوێنەران دەگەیاند، دوا بە دوای ئەوانیش لەگەڵ پەیدابوون و ھاتنی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و کۆمپیووتەر، ھەواڵ زیاتر گۆڕانی بەسەرداھات، بەوەی ھەواڵی خێرا، لە ھەر چرکەیەکدا بە خوێنەران بگەیەندرێت.

کورتەیەک لە مێژووی دروست بوون و پەڕەسەندنی ھەواڵ.


سەرەتای سەرھەڵدانی مێژووی ڕۆژنامەوانی بەشێوەیەکی دیاریکراو نەزانراوە، بەڵام وەک گوتراوە ڕۆژنامە ھێندەی دنیا کۆنە، دیارە ئەمە نەبۆتە مایەی ئەوەی مێژوونوسان بە دوای سەرەتاکانی ئەم پرۆسە گەورەیەدا نەگەڕێن. ھەرچەندە بیروڕاکان لەسەر دیاری کردنی یەکەمین ڕۆژنامە لەدنیادا جۆراو جۆرە، بەڵام دەشێ لێرەدا ڕای چەند مێژوونووس و بیرمەندێک بخەینەڕوو. لەمێژووی کۆندا لەگەڵ ھەبوونی دەربرینە نەنوسراوەکان، دەقی تۆمارکراویش بەدی دەکرێت کە لە ڕێی ئەو دەقانەوە خەڵکی ژێر دەسەڵاتێک لە دەستوور و یاساکانی ئەو دەسەڵاتە ئاگادار کراونەتەوە وەک ئەوەی فیرعەونەکان فەرمان و یاساکانیان لە پەرستگاکاندا ھەڵدەکۆڵی. " مێژوونووسی یەھودی فلافیوس جۆزێف ئەوە ڕادەگەیەنێت کە بابلییەکان کۆمەڵێک خەڵکیان لەسەردەمی خۆیاندا داناوە و ئەرکیان تۆمارکردنی ڕووداوەکان بووە. ھەندێ سەرچاوەی تریش ئەڵێن: بەشێوەیەکی ڕێکخراو، وەک پەیامێکی ڕاگەیاندن ڕۆژنامەیەک بەناوی (کین بان)ەوە لە چین، ساڵی (٩١١) پێش زایندا دەرکراوە."(٥).


ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لەگەڵ ئەوەی پێش دروست بوون و ھاتنەکایەی ئاژانسەکان ھەر ھەبوون، بەڵام زۆربەی ھەرە زۆریان ئەمڕۆ لە سەر ئاژانسەکانی دەنگوباس دەژین. لە کۆن و دێرینەوە لە چاخەکانی پێش مێژوو ئەو کاتەی مرۆڤ پێی نەخستبووە نێو شارستانیەتیە جیاجیاکانی کۆمەڵگە و بەتەکنەلۆژیای جیھانی مودێرن ئاشنا نەببوون، ھەر ھەوڵی ئەوەی دەدا ھەواڵی دەورو بەرەکانی بزانێ، جا بە ھەر ھۆیەک بووبێت، لە ڕێگەی کەسانی بازرگان و موسافیرەکان و نامەو پۆستەکانی نامە بردن بیت. تەنانەت لە سەردەمەکانی ڕاو و کۆکردنەوەی بژێوی ژیان ئەمە ھەر ھەبووە، چونکە لەو کاتانەشدا مرۆڤ تاڕادەیەک لە مرۆڤەکانی دیکەی دەوروبەری پرسیوە، تەنانەت ئەگەر لە ھەواڵی تەندروستیشی پرسیبێت." دوای سەرھەڵدانی شارستانیەتەکانی ڕۆژھەڵاتیش بەتایبەتی شارستانیەتی یۆنانییەکان و ئاسیا و دۆلی نیل، وەک یەکێک لە دیاردەکانی ئەو دوو شارستانیەتە، مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە بە دوای ھەواڵدا دەگەران بە تایبەتیش ئەوەی پێوەندی بەھەواڵی سوپا و باری ئابووریییەوە ھەبوو بێت."(٦).


ئەم شارستانییەتە بووە ھۆی گوڕ و تینێک بۆ ڕۆژھەڵاتیەکان، لە شارستانیەتی (گریک) یشدا مەسەلەی بڵاوکردنەوەی ھەواڵ زیاتر پەڕەی سەند. لە (ڕۆما) شدا، یۆلیۆس قەیسەری ڕۆژنامەی ڕووداوەکانی ڕۆژی ساڵی (٥٩پ.ز) دەکردووە، ئەو ڕۆژنامەیە تایبەت بوو بە ھەواڵ و بڵاوکراوە ڕەسمیەکانی دەوڵەت، لەمەیدانە گشتیەکان بەدرێژایی ڕۆژێک ھەڵدەواسران، تەنانەت زۆرجار دانەشیان لەبەردەم دەنوسرایەوە تا لە ماڵان بخوێندرێتەوە." لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا دەتوانین بڵێین ھەواڵ بە شێوەیەکی نوسراو لەگەڵ دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان)کە لە قاھیرە لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە( ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ ) دەرچوو و بڵاوکراوەتەوە."(٧) لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، دەکرێ بێژین، ڕۆژنامەی کوردستان ئەگەر چی نوسراوەکانی لە شێوەی ھەواڵ نەبوون، بەڵام بە دڵنیایەوە تا ڕادەیەکی زۆر مەبەستەکانی دەگەیاند و جێگای بایەخ بوو لە سەردەمی ئەوکات و بۆ ئێستاش مێژوویەکی گرنگی لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا ھەیە، ئەمە لەلایەک، لە لایەکی دیکەوە بووە ڕێ خۆشکەرێک بۆ دروست بوونی کۆمەڵە و ڕێکخراو و دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری دیکە لە سەدەی بیستەم. ئەگەر سەیریشی بکەین ئێستا وەک کاڵاکان لە بازاڕدا چۆن دەفرۆشرێن، بەرھەمەکانی ڕاگەیاندنیش ئەوەندە زۆر بوونە، ڕۆژانە دەکەونە بازاڕەوە. دکتۆر محەمەد ئەلدرۆبی لە ڕۆژنامەنووسیی و ڕۆژنامەنووسی ھاوچەرخدا، دەڵێت: " ئەگەر کارەکە بەم شێوەیە بێت، ئەوا بەرھەمەکانی ڕاگەیاندن یان پەیامەکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ یەکتریدا لە کێبڕکێیەکی تونددان."(٨) ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە ئەمڕۆ بە ھۆی زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پرۆفیشناڵی ڕۆژنامەنووسان لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژانە ھەواڵی نوێ و ڕووداوی لە ناکاو دێنە کایەوە و ئەوانیش بە شێوەی خێرا دەیگوازنەوە بە مەبەستی ئاگادار بوونی ھەموو جیھان لەم ھەواڵانە، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوەکان لەسەر بنچینەی ناوبانگ پەیدا کردن لە کێبڕکێیەکی بەردەوام دان، ھاوکات وەک کاڵایەکیش ڕۆژانە بازرگانی بە ھەواڵەکانیان دەکەن، بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر سەیر بکەین لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی وروژێنەر ئەمڕۆ لە جیھاندا چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن بەیەکەوە ڕووداوەکە دەگوێزنەوە و ھەریەکەشیان بۆ کەناڵەکەی خۆی بە شێوەیەکی تایبەت پەخشی دەکات.

ئەو گۆڕانانەی بەسەر پەیدا بوون و پەڕەسەندنی ھەواڵ داھات.


ڕۆژانە سەدان ڕووداو لە جیھاندا ڕوودەدەن، زۆربەیان بە ھۆی خاڵی بوون لە بایەخی پێوست، نابنە ھەواڵ، بۆیە پێوستە بەپێی پێوەرێک، جیاکردنەوە ھەبێ. سەرەتای سەرھەڵدانی ڕۆژنامەنووسیی بەھۆی نەبوونی تەکنەلۆژیایەکی مۆدێرن و کێشە و گرفتە زۆرەکانی، لە قالبێکی سادەدا بوو، بەڵام ئێستا ئەمانە گۆڕانییان بەسەرداھاتووە، ھۆکارەکەش بۆ زۆر لایەن دەگەڕێنەوە، یەکێک لەوانە بریتییە لەوەی تەکنۆلۆژیا لە کۆتایی سەدەی ڕابردوو پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی کە تا ئیستاش لە ھەوڵی بەرەو پێشەوەچووندایە."ئەگەر ڕۆژانێک ھەواڵی ڕۆژنامەکان بە پچرپچری بە ڕێگەی تەلەگرافەوە بە ڕۆژنامەکان گەیشتبێ ئێستا دەیان ئامێری پێوەندی کردن ھەیە کە لە چرکەیەکدا بیگەینێتە ھەموو جیھان."(٩) گەرسەیرکەین دوا بە دوای ڕووداوی داھێنانی چابخانە لەلایەن زانای ئەڵەمانی گوتەنبێرک، ڕۆژنامەنووسیی چاپکراو سەری ھەڵدا، کە بریتی بوولە چاپ کردنی ھەواڵ و بابەتەکانی دیکەی ڕۆژنامە. لە ئامێری چاپ کردنیشدا، سەرەتادا پیتەکان بە دەست دادەنران و چاپکردنیش بە دەست دەکرا، بەڵام دواتر دانانی پیتەکان لە دەستەوە گواسترایەوە بۆ لاینۆتایب. چاپ کردنیش لە دەستەوە بوو بە چاپکردنی ھەڵمی، ئەمڕۆکەش پیتچنین لەڕێگای کۆمپیوتەرەوەیە و چاپکردنیش بە ئامێری ئۆمیستە. دواتر، لە سەدەی بیستەم، ڕادیۆ وەک ئامرازێک لە ئامرازەکانی پێوەندی جەماوەری دۆزرایەوە، ڕۆژنامەگەری لەسایەی دۆزینەوەی ئەم ئامێرە نوێیەوە، چووە قۆناغێکی دیکەوە، کە مرۆڤ لە سایەیدا دەتوانێ لە کاتی کارکردنیشدا گوێی لێ بگریت. " لەساڵی (١٩٤٨) دوا بە دوای دۆزینەوەی ئامێری تەلەڤزیون و بەکارھێنانی بەشێوەیەکی گرنگ، ڕۆژنامەنووسیی چووە قوناغێکی ترەوە، توانرا لە ڕێگای پەخشی وێنەییەوە ھەواڵەکان بگەێنرێنە جەماوەر، بەم شێوازەش ڕۆژنامەنووسیی بینراو سەری ھەڵدا و ڕۆژنامەنووسیی چووە قۆناغێکی باڵاتر کە ئەمڕۆ ڕووداوەکان وەک خۆی بۆ ھاووڵاتیان بە وێنەوە دەگوازێتەوە."(١٠) دوای ئەمانەش لەڕێگای تۆرەکانی پێوەندی جیھانی کۆمپیووتەر و ئینتەرنێتەوە، سیستمی نوێی پێوەندی ھاتەکایەوە، توانرا بە خێرایی و لە کاتی گونجاودا ھەواڵەکان بگەینرێنە ھەموو جیھان. ھەر بۆیەش ئینتەرنێت بە لووتکەی گوزارشت کردن دادەنرێت. لە ڕۆژنامەنووسییی کوردیشدا گۆڕانەکان بە شێوەیەکی سەرەکیی لەدوای ڕاپەرین سەریان ھەڵدا بە تایبەت لە ڕووی دەربڕینی ئازادی بیروڕا. بەر لەساڵی (١٩٩١) بە حوکمی ئەو سانسۆرەی دەسەڵاتی بەعس لە سەر ھەموو گەلانی عیراق بە گشتی و کوردیش وەک نەتەوەیەک ھەبوو، نەتوانرا وەک پێویست، گۆڕانکاری بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسیی کوردی بکرێت، ئەمە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ھەر ڕاستە، ئەگەر بەر لە ڕاپەڕینی (١٩٩١ ) ھەوڵێک ھەبووبێت، بەشێوەیەکی سەرەکی کوردەکانی تاراوگە بوونە، ئەگەرنا ئەوانەی کوردستان ھەمووی بە نھێنی بووە جا چ لە شاخ بێ یان لەناو شار. دوای ڕاپەڕینی بەھاری (١٩٩١) یش گۆڕانکارییەکی خێرا لە کوردستان سەری ھەڵدا، ڕۆژنامەنووسیش لەوگۆڕانکاریە بێ بەش نەبوو، تەنانەت دەتوانرێ بگوترێت ڕۆڵی بەرچاویشی ھەبوو لەو گۆڕانکاریە. بە تایبەتیش دوای کردنەوەی بەشی ڕاگەیاندن لە پەیمانگا و زانکۆکانی کوردستان، کە بە ھۆیەوە توانرا تارادەیەک کادیری ئەکادیمی پێ بگەیەندرێ، لەوەش گرنگتر ئەوە بوو چەند ڕێکخراوێک ھاتنە کوردستان بۆ پێگەیاندنی کادیری بواری ڕاگەیاندن بەتایبەتیش رێکخراوی (IWPR). دوای ئازادی عێراقیش دەرفەتێکی باش ڕەخسا بۆ ھاتنە ناوەوەی ڕاگەیاندنە بیانییەکان و کردنەوەی خول و وۆرک شۆپ و سیمینار بۆ پێگەیاندنی کادیری ڕاگەیاندن، ئەوەش گۆڕانێکی زۆری لە ڕۆژنامەنوسیی کوردی دروست کرد، بەرھەمەکەشی ئەوەیە کە ئێستا بەدەیان لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، نووسەری ڕۆژنامە گەورەکانی جیھانن، ئەوە جگە، لەوەی لێشاوێک گۆڤار و ڕۆژنامە لە کوردستان دەردەچێت.

بەشی دووەم: ڕۆڵی ھەواڵ لە ڕۆژنامەدا.


ڕۆژانە سەدان و ھەزاران ڕووداو لە جیھاندا ڕوودەدەن، کە زۆربەیان بەھۆی خاڵیبوون لە بایەخی پێویست نابنە ھەواڵ، بۆیە پێویستمان بە ھەندێ پێوەر ھەیە کە بتوانین ھەواڵ لە (غەیرە) ھەواڵ جیابکەینەوە ئێستا ئەم پرسیارە دێتە کایەوە کە ئەم پێوەرانە لە کوێن؟ لە دڵی ڕووداوەکاندا یان لە ھەست و دەروونی ڕۆژنامەنوساندا؟ دەتوانین بڵێین ئەم پێوەرانە لە دڵی ڕووداوەکانن، نەک لە ھەستی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام ئەم ھەستە دەروونیە، یارمەتی ڕۆژنامەنوسیی دەدات بۆ دۆزینەوەی پێوەرەکانی ھەڵبژاردنی ڕووداو. ھەواڵ بایەخ و بەرفراوانی زۆری تێدایە تا بتوانێ لەسەر جەماوەرێکی زۆر و بەرفراوان کاریگەر بێت، لە ئێستا و داھاتودا گرنگ نییە کە کارتێکردنەکە نێگەتیڤ یان پۆزەتیڤ، ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ بێت، بۆ نموونە، ئەگەر ھەواڵێک سەبارەت بە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەبێتەوە، ئەم ھەواڵە بایەخی بەرفراوانی تیایە چونکە پێوەندی بە زۆرینەی خوێنەران و بینەران و بیسەران ھەیە، بەم جۆرە ڕۆڵی ھەواڵ لە ڕۆژنامەدا دیاری دەکرێت. دەتوانین بڵێن ھەواڵ: لە ڕۆژنامەدا کاریگەری زۆری لەسەر خوێنەران و جەماوەر ھەیە، بەتایبەت ھەواڵی سەرەکی، ئەو ھەواڵانەی پێوەندی بە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەوە ھەیە، ئەگەر سەیر بکەین، بەتایبەت لەکوردستاندا ئەو ڕۆژنامانە خوێنەریان ھەیە کە گرنگی بە ھەواڵی ناوخۆیی دەدەن. ھەواڵ یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی ڕۆژنامە، ڕۆژنامەنووسی بەر لە ھەموو شتێَک، دەبێ سوود بە جەماوەر بگەیەنێت، مەرج نییە ھەموو ھەواڵێکیش سوودمەندی تێدا بێ، بەڵام دەبێ بە ھەر شێوازێک بێ سەرنجی خوێنەر بۆ ڕۆژنامەکە ڕاکێشێت، بەم شێوەیە ئەگەر ڕۆژنامە شتی نوێ و سەرنجڕاکێش بڵاوبکاتەوە بە مەرجێ لە سەر شێوازێکی نوێش دابرێژرێ، ئەوە زۆرترین خوێنەر لەخۆی کۆدەکاتەوە ئەمە نەک تەنیا بۆ ھەواڵ بەڵکو بۆ ھەموو بابەتەکانی تری ڕۆژنامەکەش دروستە، چونکە لە ھەموو وڵاتە پێشکەوتووکاندا، وا باوە ئەگەر تۆ شارەزابیت لە دارشتن و نووسینەوە و ئامادەکردن و وەرگرتنی ھەواڵ، ئەوا پێویست ناکات بێین بڵێََین لە ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و کارەکانی تری ڕۆژنامەنوسی شارەزابیت چونکە ھەواڵ ھەموو ڕەگەزە ڕۆژنامەنوسییەکانی دیکەی لێ دەردەچێت. ئەمەش وادەکات لە دارشتن و نووسین و وەرگرتنی ڕاپۆرت و نووسینەکانی تری ڕۆژنامە کە جۆرێک لەو تازەیی نوسین و سەرەنج راکێشان بێت کە ئەمانە ھەمووی خوێنەر ڕادەکێشێ دەبێ ئەمە لەبیر نەکەین لەپال شیکردنەوەی ھەواڵ بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵی و جوانی و تازەیی، دەبێ وروژێنەریش بێت و کار لە ناخی خوێنەر بکات. کارتێکردنێک کە تەنیا ناخی نەگرێتەوە بەڵکو لە ناخیەوە کار بکاتە سەر ئەقل و لۆژیکیش و وابکات خوێنەر خۆی بە دوای زانیاری زیاتر لەسەر ھەواڵەکە بگەرێت ئەگەر لەو ژمارەیەش نەبێت ھەوڵبدات خوێنەر بە دوای زانیاری زیاتر لە مەر ھەواڵەکە بچێت. ھەواڵ ڕۆڵێکی کاریگەری بەرچاوی ھەیە لە وروژاندنی جەماوەر و دەبێتە ھۆکارێکی گرنگیش بۆ ناساندنی ڕۆژنامەکە، تەنانەت بریاری یەکلاییکردنەوەش لەسەر دواڕۆژی ڕۆژنامەکە دەدات، دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین ھەواڵنێران بەرپرسیاری یەکەمن لەو ھەواڵانەی دەیدەن بە ڕۆژنامەکە کە تا چەند دەتوانن کاریگەری دروست بکەن. ھەواڵ سەرچاوەیەکی بە سوودیشە بۆ بەدواداچوون و ڕاپۆرتە ھەواڵیەکان لە ڕۆژنامەکان ئەگەر سەیر بکەین لە ڕۆژنامەنووسیی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ڕۆژنامەنووسان سەلیقەیەکی تەواویان لەسەر باگراوندی ڕووداوکاندا ھەیە، ئەویش دەبێتە ھۆی ئەوەی گرنگی بە ھەواڵ دەدەن و بەدواداچوون لەم ھەواڵانە دەکەن. بۆ نموونە: کوژرانی کەسێک، راستە لەیەکەم بڵاوبوونەوەی تەنیا ئەم ڕستەیە کە ئەڵێت کەسێ کوژرا ھەواڵێکە، بەڵام ئەو بەدواداچوونانەی لە رۆژانی دواتر بۆ کوژراوەکە دەکرێ دەتوانرێ ڕاپۆرت و ریپۆرتاژ و دیمانەی لێ دروست بکرێ بە ھۆی بەدواداچوونی ھەواڵی یەکەم، ڕۆژنامەی یەکەمیش کە ھەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە دەبێ بەسەرچاوەیەک بۆ ھەموو ئەو ڕۆژنامانەی بەدواداچوون لەسەر ھەواڵەکەی ئەنجام دەدەن.


ڕەنگە ھەموو ھەواڵێک بەر لە نووسینەوەی بە شێوەیەکی ڕۆژنامەنووسیانە، یان لە بیرو ھۆشی ڕۆژنامەنووسەکەدا گەڵالە بووبێ، یا بەسەرە قەڵەم لای خۆی نووسیبێتی، یان بە شێوەیەکی سەرەتاییانە تۆماری کردووە. لێرەدا ڕۆژنامەنووس پێویستە بە جۆرێک دایبرێژێتەوە کە ئامانجەکەی پێ بپێکێ و گرنگی ھەواڵەکە دەربخات و خوێنەریش بە زانیاری نوێ تێر بکات، ھەروەھا دەبێ بابەتیانە و بێ لایەن و سادەو ساکاریش بێ بۆ ئەوەی خوێنەر بە ئاسانی لێی تێبگات بۆ ئەو مەبەستەش وا باشترە ڕۆژنامەنووس (ئامادەکاری ھەواڵ) بە شێوەیەک ھەواڵەکە بنووسێ کە ھیچ کام لەم خاڵانەی تێدا نەبێت:" درێژدادڕی، دووبارەبوونەوە، ناوونیشانی بەیەکداچوو، یاریکردن بە زاراوە و وشەکان، زاراوە و وشەی ئالۆز، کەمی وردەکارییە گرنگەکان، بێ نرخی مەسەلەکە، گەڕاندنەوەی وردەکاری بۆ دواوە، پرسیارکردن، بەھەڵە وەسفکردن." (١١).

سەرچاوەی ھەواڵ لە ڕووی ڕاستگۆیی و ئازادییەوە.


سەرچاوەگەلێکی ڕۆژنامەوانی ھەیە، کە ڕۆژنامەنووسان دەتوانن ڕۆژانە ھەواڵی لێ بە دەست بھێنن، ئەوەی لە ڕۆژنامەنووسیی پێویستە، ئەوەیە کە سەرچاوەکەی ڕەسمی بێت و کەنالێک ھەبێ ھەواڵەکەی لێوەرگرتبێ و جێگەی بروا بێ.


ئەمە لە کاتێکدا متمانەکردن بۆ ڕۆژنامەنووس پێویستە ئەگەر یەکێک ھەواڵێکی نھێنیت بداتێ و رازی نەبێ وەک سەرچاوەیەکی ڕەسمی ناوی بھێنی، دەبێ لەم کاتەدا ڕۆژنامەنووسەکەش ئەخلاقیاتی ڕۆژنامەنووسی رەچاو بکات و ئەو سەرچاوەیە بەشێوەی دیار باس نەکات، چونکە لەوانەیە ناوھێنانی ھەندێک لەسەرچاوەکان لەگەڵ دەسەڵات کێشەیان بۆ دروست بکات، بە تایبەتیش لەو وڵاتانەی کە سیستمی دیموکراسی بە تەواوی پەیڕەو ناکرێت، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە ڕاستگۆیی ڕۆژنامەنووسەکەش دەردەخات و دەبێتە جێگەی متمانە لەلای ئەو کەسانە کە جارێکی دیکە ھەواڵی بە بایەختری پێ بدەن، بەڵام دەبێ ڕۆژنامەنووسەکە ئەوەش لە بیرنەکات کە ئەو سەرچاوەی ھەواڵی لێوەرگرتووە جێگەی بروایەو ھاوکات ناوی شوێن و کات و تەنانەت بەڵگەشی لا بێت کە ھەواڵەکە لە کێ وەرگیراوە بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی ھەر ئەگەرێک، بەڵام دەبێ ھەر چۆنێک بێت لە پەڕەگرافی یەکەمدا ئاماژەیەکی ڕوون بدەی بۆ شوێنی سەرچاوەی ھەواڵەکە بۆ ئەوەی کاریگەری لە سەر جەماوەر کەم نەکەیتەوە و تارادەیەکی زۆریش دڵنیایی بە دڵی جەماوەر بدات. بۆنموونە: (سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە ڕۆژنامەکەمانی ڕاگەیاند کە لێبوردنێکی تایبەت لە جەژنی قوربان دەردەچێ.) ئەمە دڵنیایی بۆ جەماوەر تێدایە کە سەرچاوەیەکی ڕوونە، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە ناوی کەسەکەش بێت بۆ ئەوەی لە داھاتوو ئەگەر ھەواڵەکە ھەڵە بوو ڕەنگدانەوەکان ئاراستەی ئەو بکرێن، بەڵام دەبێ ھۆکارێک ھەبێ کە ناوی کەسەکە لەو سەرچاوەیە نەھاتوە ڕەنگە لەبەر ئەوەبوو بێ ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا ئەو کەسە ڕووبەڕووی ھەرەشە نەبێتەوە، یان ئەوەتا دەسەڵات رێگەی نەداوە ئەو ھەواڵە ئاشکرا بکرێ تا ڕۆژی جێبەجێکردنی. باشتریش وایە یەک سەرچاوەی ڕوون بەکاربێت لە سەرچاوەگەلێک. چونکە سەرچاوەگەلێک ھەندێ جار لە ھەواڵەکان فۆرمی ھەواڵ تێکدەدەن و لەو شێوازە دەری دەچوێنن کە ھەواڵی لەسەر دارێژراوە. جگە لەوەش سەرچاوەگەلێکی نادیار بۆ ڕاپۆرتە ھەواڵەکان جێگەی متمانەی جەماوەر نین. بە بە نموونە (فەرمانبەرێک کە لە کۆبونەوەکە بوو) لە بڕی ئەوە (سەرچاوەیەکی فەرمی) بەکاربێت گونجاوترە. "تاکو سەرچاوەکانی ھەواڵ بە ھێز و ناسراو بن لای خەڵکی، ھەواڵەکانیش زیاتر لای وەرگر جێی متمانە دەبن." (١٢) بەم پێیەش ئەرکی دەوڵەت و سیستمە دیموکراسیەکانی جیھان ئەوە دەبێت کە ھەرچی بەڵگە و دیکۆمێنت ھەیە لە ئامار و نھێنیەکانی خۆیان بیخەنە بەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانەو دوور لە شاردنەوەی ھەندێکیان و ناڕاستی لە زانیاریەکانیان، چونکە وەک مافیش، ھەموو تاکێک مافی ئەوەی ھەیە نوێترین زانیاری دەوڵەت و ئامار و بەڵگەکانی بزانێت." ھەربۆیە لێرەدا پێویستی ھەقی زانین دێتە پێش، کە یەکێکە لەو مافانەی ڕۆژنامەوانان لەپێناو بەدەست ھێنانیدا ھەوڵ و خەبات و قوربانی زۆریان داوە، ساڵانەش دەیان و سەدان ڕۆژنامەوان بە تایبەت لە بەرەکانی جەنگدا گیانیان بەخت دەکەن تا ھەرچی زیاتر و زووترە دنیا بگەیینە ئەو قۆناغەی کۆمینیکەیشن و کایە بەرفراوانەکانی گەیاندن و ڕۆژنامەوانی."(١٣).

بەشی سێیەم: ھەواڵ لە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی.


ھەرچەندە ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی)، لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بە مەبەستی خزمەت کردن بە ئامانجەکانیان دەرکراوە، بەڵام وەک دەستپێکی ڕۆژنامەنوسیی کوردی لە عێراق، جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانە، دەتوانێت بە ھۆیەوە سیمایەکی ئەو سەردەمەمان پیشان بدات. ھەڵبژاردنی ناوی تێگەیشتنی ڕاستی، بۆ ڕۆژنامەیەکی کوردی ئەو سەردەمە، کارێکی تازە و داھێنەرانە بوو. تێگەیشتنی ڕاستی وەک ڕۆژنامەیەکی ھەواڵی، شێوازی نووسین و داڕشتنی ھەواڵەکانی وەک ڕۆژنامەکانی ھاوچەرخ لە ناوچەکەدا دەرچووە. بە ھۆی دواکەوتوویی تەکنیکی ڕۆژنامەنووسی لەو سەردەمەدا و کەمی ژمارەی لاپەڕەکانی، ھەواڵەکان لەسەر شێوازی گێڕانەوە نووسراون، تا ئەو شوێنەش کە بۆیان کراوە سوودیان لەو ڕووبەرە کەمە بۆ گەیاندنی ھەواڵ و زانیارییەکان وەرگرتووە، بە تایبەتی ئەو ھەواڵانەی کە پێوەندیدار بوون بە جەنگەوە. بۆیە ھەواڵەکان زانیاریەکی یەکجار زۆریان سەبارەت بە ڕووداوەکان خستۆتەڕوو.

ستافی ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی.


لەبەرئەوەی لەسەرجەم ژمارەکانی ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی)دا، بێجگە لە ژمارە (٢٤) لە وتارێکدا بە ناوونیشانی (عەدالەت شیرێکی تیژە) ناوی نووسەرەکەی (زین العابدین کاشانی) لە ژێر نووسراوە، ناوی ھیچ کەسێَکی تر نەنووسراوە، تا ئێستاش بە تەواوەتی ڕوون نییە کە ستافی ڕۆژنامەکە چەند کەس بوون و کێ بوون. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە (مێجەرسۆن) و (شوکری فەزڵی) ڕۆژنامەکەیان دەرکردوە و بەڕێوەبەیان بردووە. ئەو دوو کەسە پێشتر کاری ڕۆژنامەوانیان کردووە، مێجەرسۆن لەو ڕۆژنامە عەرەبی و فارسییانەی کە ئینگلیز لە ھەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرە دەریان کردوون ڕۆڵی ھەبووە. (شوکری فەزڵی) یش پێشووتر لە ڕۆژنامەکانی بەر لە یەکەمین جەنگی جیھانی لە (التعاون، الزھور) کە لە بەغدا بڵاوکراونەتەوە، بابەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و شیعریشی بڵاوکردووەتەوە. (١٤).

سەرچاوەی ھەواڵ.


سەرچاوەکانی ڕۆژنامەنووسی لە دوو سەرچاوەی سەرەکییەوە، بە ڕۆژنامە دەگات.یەکەم: پەیامنێرانی ڕۆژنامە، کە بەردەوام بە دوای ھەواڵی جۆراو جۆر دەگەرێن بۆ رۆژنامەکەو لە لایەن رۆژنامەکەشەوە دەبێت جێگای متمانەبن. دووەم: ئاژانسەکانی دەنگوباس، سەرچاوەی ھەواڵن بۆ ڕۆژنامەکان، ئەگەر سەیر بکەین لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا ئەو شێوازە زۆر ڕوون بەرچاو دەکەوێ کە ڕۆژنامەکان ڕۆژانە چەند ھەواڵێک بڵاودەکەنەوەو لە سەرەوە نوسیویانە (ئاژانسەکان) ئینجا ھەریەکەو بە جۆرێک، ھەیانە ناوی ئەو ماڵپەڕەش دەنوسێ کە ھەواڵەکەی لێ وەرگرتووە و ھەندێکیشیان تەنیا ناوی (ئاژانسەکان) بەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکەیەوە بڵاو دەکاتەوە کە لە ڕوانگەی ڕۆژنامەنووسیەوە ئەوەی یەکەمیان ڕاستترە. لە بارەی ڕاستگۆیی بۆ سەرچاوەکانی ھەواڵ، ڕۆژنامە ئەرکی بەرپرسیاریەتی لەو ھەواڵانە ناگرێتە ئەستۆ کە لە ئاژنسەکان وەرگیراوە، چونکە سەرەتا ئاژانسێک، ئەو ھەواڵەی بڵاوکردووەتەوە، ڕۆژنامەکەش تەنیا ئەرکی وەرگێڕان و دارشتنەوەی ھەواڵەکەیە بە مەرجێک کە گۆڕانکاری لە مانای ھەواڵەکە نەکات. لەو ڕۆژنامەیەدا، سەرچاوەی ھەواڵ، بەشێوەیەکی، گشتی ئاژانسی ڕۆیتەرزە، کە لەسەر ناوونیشانی ھەواڵەکان نووسراوە (تەلەغراف رۆیتەر)، ئەگەرچی ئەو سەردەمە وەک ئێستا ڕاگەیاندن پێشکەوتوو نەبووە، کەچی ئەو ڕۆژنامەیە توانیویەتی سوودێکی زۆر لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەربگرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ستافی بەرێوەبردن لەو ڕۆژنامەیە دەرکیان بەوە کردووە ، ئاژانسی ڕۆیتەرز وەک سەرچاوەی یەکەم بۆ ھەواڵەکانەکانی دەرەوە بەکاربێنن. ئەمە بێجگە لەوەی کە تاڕادەکی باش، بایەخ بە ھەواڵی ناوخۆیی ھەر سێ ویلایەتەکەی عیراقیش دراوە، کە ئەو سەردەم لەلایەن لەشکرکێشی بەریتانیا ھەواڵی ویلایەتەکان، بڵاودەکرایەوە.


بەھاکانی ھەواڵ.


ئەو بەھا ھەواڵیانەی کە لە ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی)دا بەدی دەکرێن بریتین لە:


١- جەنگ و ملمڵانێ: تەواوی ژمارەکانی ڕۆژنامەکە و زۆربەی لاپەڕەکانی تەرخان کراون بۆ ھەواڵ و ڕووداوەکانی یەکەمین جەنگی جیھانی، چونکە ئەو ڕۆژنامەیە لە لایەن فەرماندەی گشتی لەشکری ئینگلیز لە عێراق دەرکراوە.


٢- ناوبانگ: لە ھەواڵەکانی (تێگەیشتنی ڕاستی)دا گرنگییەکی زۆر بە بەھای ناوبانگ دراوە، بە تایبەتی ئەو ھەواڵانەی کە لە بەرەکانی جەنگ لە ئەوروپا نووسراون. ھەروەھا گرنگی بە کەسایەتییە بە ناوبانگەکانی کوردیش دراوە وەک حەمدی بەگی بابان و سلێمان خانی کەلھوڕ. ھاوکات ڕووداوەکانی ویلایەتی مووسڵ و بەغدا و بەسرە و بەرەی حیجاز و فەلەستین گرنگییەکی تایبەتییان پێ دراوە.

شوێن و کاتی ڕووداو لە ھەواڵەکاندا.


کاتێگ گوزەرێک بە ناو سەرجەم ژمارەکانی ئەو ڕۆژنامەیە (تێگەیشتنی ڕاستی)دا دەکەیتـ، ئەوە تێبینی دەکرێت، ناوونیشانی ھەواڵ لەو ڕۆژنامەیەدا، زۆربەیان ئاماژەیان بۆ شوێن و کاتی ڕووداوەکان کردوە وەک: (مەیدانی فەلەستین، مەیدانی بالقان، مەیدانی عیراق.)، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە تاڕادەیەکی زۆر، دیاریکردن و خستنەرووی شوێن و کاتی ڕووداو لەھەواڵەکانی ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی)دا، گرنگ بووە. بە واتایەکی دیکە پەیڕەوی لە بەھای کات و شوێن کراوە، تاکو گرنگترین ڕۆڵی لەسەر خوێنەر و کۆمەڵگە ھەبێت. مەبەست لە ھەواڵ، بەشێوەیەکی سادە گەیاندنی نوێترین زانیارییە لەبارەی ڕووداوێ و ھاوکات گەیاندنی ڕووداوەکەشە کە لەمەوپێش خەڵک پێی ئاشنا نەبوونە، بە واتایەکی دیکە، دەکرێ بگوترێ ھەواڵ شیکردنەوە و خستنەڕووی شتەکانە، لەبەر ئەوەی، ھەواڵ بە پێی پیشەی ڕۆژنامەنووسیی، تەنیا ئەرکی گواستنەوە و گێرانەوەی ڕووداوەکان دەبینێ. گومانیش لەوەدا نییە کە ڕۆڵی ڕۆژنامە لە کۆمەڵگەیەکەیەوە بۆ یەکێکی دیکە جیایە. ئێستاش دەبینین ئاژانسێکی زۆری ھەواڵ لە دنیادا ھەن و ھەریەکەیان خاوەنی جۆرێک لە شێوازە تا ھەواڵ و نووسین و گوتارەکانی بە باشترین شێوە بە خەڵکی بگەیەنێت.


شیاوی ئاماژەیە لە پاڵ ئەم ھەموو دەزگایانەی ڕاگەیاندن کە لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ڕوویان لە زیاد بوون کرد و تا ئێستاش لەبەردەوامبووندان جۆرێک لە سادە نووسین پەیڕەو دەکرێ بۆ زوو تێَگەیشتن لە ناوەرۆکەکان و ئەمەش بەردەوام لەبەرەو پێشچووندایە و چاوەڕێش دەکرێ لە ئایندەدا کورتبڕی و سادە نووسین بەرەو پێشتر بچێت بۆ ئەوەی بەکەمترین کات و سادەترین چەمک، وەرگر یان خوێنەر لێی تێبگات. بە پێی بۆچوونی پسپۆرانی میدیا، ڕاگەیاندنی کوردی بەشێوەیەکی گشتی لە ئاستی پێویستدا نییە و نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە ببینێت کە ئەرکی ڕاستەقینەی میدیایە.
___________________________
سەرچاوە:
(١) فن الخبرالصحفی بین النظریە والتطبیق، عبدالجواد سعید محمد ربیع، الطبعة الاولی، ٢٠٠٥، دارالفجر للنشر والتوزیع، قاھرە.
(٢) فن الخبر مصادرە عناصرە مجالاتە الحصول علیە تطبیقاتە العملیة، محمود ادھم، الطبعة الثانیة، ١٩٨٧.
(٣) مدخل الی الصحافە، نظریة و ممارسة، ادیب خضور، الطبعة الثانیة، دمشق، ٢٠٠٠، ص ٧٤.
(٤) ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەوانی ھاوچەرخ، د: محمد ئەلدوروبی، و: سۆران جەمال - لوقمان غەفور، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٦، ل١١٨.
(٥) ڕۆژنامەوانی لە سەردەمی جیھانگیری، ھەڤال ئەبو بەکر، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی،٢٠٠٢، ل٥٣.
(٦) ئاژانسی دەنگ و باسی کوردستان، نەژاد عەزیز سورمێ، چاپی دووەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر،٢٠٠٦ ، ل١٨.
(٧) ئیتیک لە ڕۆژنامەوانی کوردیدا، شوان ئادەم ئەیڤەس، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، ٢٠٠٥، ل١٣٠.
(٨) ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەوانی ھاوچەرخ، د: محمد ئەلدوروبی، و: سۆران جەمال - لوقمان غەفور، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٦، ل١٠٤.
(٩) بەرەو ڕۆژنامەوانی مۆدیرن، بەختیار کەریمی، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر،٢٠٠٦ ل١٨.
(١٠) چوارچێوەی یاسایی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لەکوردستانی عێراق، د: کەمال سەعدی، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە،٢٠٠٦، ل١٢٨.
(١١) ھونەری ڕۆژنامەنووسی، کاروان عەلی قادر، چاپی یەکەم، چاپخانە و ئۆفیسی بەدرخان، سلێمانی،٢٠٠٢،ل٣١.
(١٢) ڕۆژنامەنووس، گۆڤارێکی وەرزییە تایبەتە بە کولتووری ڕۆژنامەنووسیی. سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەریدەکات. چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر، ٢٠٠٦، ژ٧، ل٣٨.
(١٣) ئیتیک لە ڕۆژنامەوانی کوردیدا، شوان ئادەم ئەیڤەس، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، ل٤٥.
(١٤)تێگەیشتنی ڕاستی و شوێنی لە ڕۆژنامەنووسی کوردیدا، د.کەمال مەزھەر ئەحمەد، لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد،١٩٧٨، بەغدا، ل١٠٨.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک