په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٢\٢٠١٤

حەوت ساڵ نوێنەرایەتی و حەوت کەیسی دۆڕاو.


د. ئارام رەفعەت     

پێشـــەکی:


ئێمە ئەمڕۆ لەدەروازەی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کوردستان داین بۆ پەرلەمانی عێراق. ئەو لایەنانەی کە لە حەوت ساڵی رابردودا نوێنەری کورد بون، ئێستاش دەیانەوێت نوێنەرایەتی کردنی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکەنەوە. وەک ئەرکێکی نیشتیمانی بە پێویستم زانی بۆ بەرچاو رۆشنی چەند تیشکێک بخەمە سەر چەند ھەڵەیەکی ستراتیژی نوێنەرانمان لە حەوت ساڵی رابردودا. لەم بابەتەدا مەبەست لە نوێنەرانی کوردستان، تەنھا ئەندام پەرلەمانە کوردستانیەکانی پەرلەمانی عێراق نیە، بەڵکو ھەمو ئەوانەشە کە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق دا کاریان کردوە و ئەو پارت و لایەن و سەرکردە و پەپرسانەش کە لە کوردستان دا دەسەڵاتدار و بڕیاربە ‌دەستن.


باکگراوندێک.


عێراقی دوای سەددام، یان باشتر وایە بڵێین عێراقی شیعە، سێ دەورەی پەرلەمانی تێپەڕاند. ئەندامانی یەکەم پەرلەمان لەلایەن برێمەر دەستنیشان کران و فوئاد مەعسوم سەرۆکی ئەو پەرلەمانە بو. یەکێک لە ئەرکە نەخشەبۆکێشراوەکانی ئەم دەورەیەی پەرلەمان، نوسینەوەی دەستوری عێراقی بو، ھەرچەندە یاسای بەرێوە بردنی وڵات بۆ کاتی ئینتیقالی نوسرا، بەڵام لە ژێر فشاری شیعەکان و فەتوای سیستانی و سازشی ئەمەریکا و پاشەکشەی کورد دا ئەم یاسایە لەبار برا. ئەم ھەنگاوە دەکرێت بەیەکەم شۆرشی فەتوایی شیعەکان و بە دەسپێکی پاشەکشە یەک لە دوای یەکەکانی نوێنەرانی کورد دابنرێت. لەم شۆڕشی فەتوایەدا ئەمەریکا ھاتە ژێر بارو شیعەکانیش یەکەم پایەی گرتنەدەستی دەسەڵاتی خۆیان بونیاد نا کە تەوزیف کردنی زۆرینەی شیعە و تەحویل کردنی دیموکراسی بۆ نومارۆ-کراسی (واتە ژمارە-کراسی) بو. سەرەنجام بڕیار درا کە ئەرکی نوسینەوەی دەستور بسپێردرێتە پەرلەمانێکی راستەوخۆ ھەلبژێردراو کە باڵا دەستی شیعە مسۆگەر دەکات. دوەم خولی پەرلەمان لە غیابی سوننە دا، شیعە و گەلی کوردستان لەڕێگای ھەڵبژاردنی سەرتاسەری نوێنەریان ناردە بەغدا. لەم خولە کاتیەی پەرلەمان دا، کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بو، دەستوری ھەمیشەیی گەڵاڵە کراو خرایە ریفراندۆمەوە. دەورەی ئێستای پەرلەمنیش کە سونەکانیش بەشداریان تێدا ھەبو، ئەرکی سەرەکی چاودێری کردنی جێبەجێ کردنی بڕگەکانی دەستور و دەرکردن و گەڵاڵە کردنی کۆمەڵێک یاسا بو لە سەر بنەمای دەستور.


بە ھەر حاڵ، حەوت ساڵ دوای بەشداری نوێنەرانمان لە ھەمو ئەو پرۆسانەدا، بەداخەوە ھێشتا سەرجەم ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بەچارەنوسی ئێستا و داھاتومان بەھەڵواسراوی ماونەوەتەوە. نوێنەرانی کوردستان لە یەکلا کردنەوەی دەیان مەسەلەی وەک کەرکوک، نەوت، بودجە، پێشمەرگە، نوێنەرایەتی ھەرێم لە دەرەوەی وڵات شکستیان ھێناوە. ئەم بابەتە ھەوڵێکە بۆ تیشک خستنە سەر ھۆکارەکانی پشت شکستی نوێنەرانمان لە یەکلا کردنەوەی ئەم کێشانە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئەو شکستانە دەرھاویشتە و زادەی نشوستی و دۆڕانە لە کۆمەڵێک مەسەلەی بنەڕەتی تر و چارەنوس سازتر، کە من لە حەوت خاڵ دا کۆیان دەکەمەوە.‌


حەوت دۆزی دۆڕاو:


١- سەروەریی.


یەکەم مەسەلە کە نوێنەرانی کوردستان لە دەسپێکی عێراقی تازەدا ‌دۆڕاندیان، بابەتی سەروەری دەوڵەتی عێراقە بەسەر کوردستان دا. بە واتایەکی تر، بەھێز ترین کارتی کوردستانییەکان و لە ھەمان کاتیشدا لاوازترین خاڵی دەوڵەتی عێراق لە ھەشتا ساڵی رابردو دا رەتکردنەوەی شەرعیەتی ئەم دەوڵەتە و سەروەری عێراق بوە بە سەر کوردستان لەلایەن گەلی کوردەوە. ھەمو پارت و جوڵانەوەکانی کوردستان ھەر لە سەرەتای لکاندنی وڵاتەکەمان بە عێراقەوە کۆک بون لەسەر ئەوەی کە کوردستان بە زۆرە ملێ بە عێراقەوە لکێنراوە. نامەکانی مەلیک مەحمود، دواتر بەرنامەی سیاسی ھەریەک لە پارتی رزگاری کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان لە چلەکانی سەدەی رابردودا وە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە دەیەی حەفتاکان دا و دوا جاریش پرۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٢ ئامادە کراوە، چەند نمونەیەکن کە پێداگری لەسەر بەزۆر لکاندنی کوردستان بە عێراق دەکەنەوە. زۆربەی پارتە کوردستانیەکان لەسەدەی رابردودا لە ئەدەبیات و ھەندێک جاریش بەرنامەی سیاسییاندا عێراق وەک رژێمی داگیر کەر و ئێڕان و تورکیا و سوریاش وەک داگیر کەرانی کوردستان دەناساند. لە بەرامبەریشدا خۆیان وەک بەشیک لە بزوتنەوەی رزگاری خوازانەی گەلی کوردستان پێناسە دەکرد. لەوەش گرنگتر ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە وەک ناوچە ئازاد/رزگارکراوەکانی کوردستان و ئەو ناوچانەش کە لە ژێر ی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقی دابون بە ناوچە رزگارنەکراوەکان و ھەندێک جاریش داگیرکراوەکانی کوردستان ناوزەدە دەکران.


گرنگ نییە کە عێراق و وڵاتانی جیھان چۆن ھەڵسوکەوت لە گەڵ شەرعیەتی عێراق بەسەر کوردستان دا دەکەن، گرنگ ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان دانیان بەم شەرعییەدا نەنابو. لەسەر ئەرزی واقیع لە ھەشت دەیەی رابردودا رەتکردنەوەی ‌شەرعیەتی حوکمڕانی عێراق لە روی یاسایی و مۆڕاڵی و دەرھاویشتەی سیاسیەوە، سنگی ھەیاس ئاسا،‌ لاوازترین کۆڵەکەی دەوڵەتی عێراق بوە. لە رابردودا کوردستانییەکان ھەمیشە ھەوڵیان داوە کە ناسینی شەرعیەتی دەوڵەتی عێراقی لە بەرامبەر ناسینی شەرعیەتی مێژویی و جوگرافیای کوردستان لەتەرەف دەوڵەتی عێراقی دا بەکار بھێنن. بەداخەوە بە ھیچ شێوەیەک ئەم مەسەلەیە تەنانەت نەکرایە بەشێکی لاوەکی دان و ئەستانەکانی نێوان کوردستان و لایەنەکانی عێراقی. سەرکردە کوردەکان بەر لە سیایسیەکانی شیعە و سوننە مۆرکی شەرعیەتیان دا لە تەوێڵی عێراقی تازە و دوای زیاتر لە ھەشتا ساڵ ئەم چەکە کاریگەرەیان، بێ ھیچ دەسکەوتێک، لەدەستی گەلی کوردستان دەرھێنا. دەرھاویشتە و دەرەنجامە نەرێنییەکانی ئەم ھەڵەیەی نوێنەرانمان وەک کۆتێک لە دەست و پای نەوەکانی ئێستا و داھاتوی کوردستان دا دەمێنێتەوە و بواری موناوەرەکردن تەسکتر و رەوایی کێشەکەمان کاڵتر دەکاتەوە.


٢- کورد و شیعە.


دوەم دۆز کە نوێنەرانی کوردستان شکستییان تێدا ھێناوە مەسەلەی ناسینی حوکمڕانی شیعەیە بێ ھیج دەسکەوتێکی نەتەوەیی بۆ گەلی کوردستان. لەگەڵ روخانی حوکمی سوننە، بە لێوەشاوەیی و لە خۆبوردویی و پێداگیری رێبەرەکانیان، عەڕەبی شیعە لە تایەفەیەکی ژێردەستە و پەراوێز خراوەوە، بون بە حاکمی ئەم وڵاتەو زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتییان مسۆگەر کرد. بێجگە لە رۆڵ و کارایی سەرکردەکانیان شیعەکان دو خاڵی بەھێزیان ھەبو/ھەیە: یەکەم، شیعە زۆرینەی رێژەیی، کەمێک زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی عێراق پێک دێنن و دوەمیش پشتیوانی ئێران وەک ھێزێکی ھەرێمی لە حکومەتێکی شیعە لە عێراق دا و پشتیوانی مادی و مانەوی ئەو وڵاتە بۆ ھێزە شیعیەکان.


بەڵام، لەبەر چەند ھۆکارێک، بێ پشتیوانی کورد لە حوکمڕانی شیعە، گرتنە دەست و مانەوەی شیعە لە دەسەڵات کارێکی ئاستەم تەنانەت مەحاڵ بو. یەکێک لە لاوازیەکانی شیعە، نەبونی زۆرینەیەکی رەھایە کە بتوانن حوکمڕانی سەرتاسەری عێراق بکەن. بێجگە لەوە شیعەکان لە چوارچیوەیەکی جوگرافیایی (ھەرچەند بەرفراوان)، بەڵام سنوردار دان. بەو مانایەی کە سنورێکی دیمۆگرافی، شیعەکان لە سوننە و گەلی کوردستان جیا دەکاتەوە، کە لەم دو ھەرێمەدا شیعەی عەڕەب یان بەتەواوی غایبە یان کەمینەیەکی لاکەوتەیە، کە رێگای پێ نادات لە رێگای ھەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکڕاسیەوە دەسەڵاتی خۆی لە کوردستان و "سوننستان" دا پیادە بکات. بێ پشتیوانی کورد، شیعەکان لە باشترین حاڵەت دا وەک دەسەڵاتداری ناوچە شیعە نشینەکان دەمانەوە و نوێنەرایەتی کردنی سەروەی دەوڵەت بەسەر ھەمو عێراقەوە تەنھا وەک خەونی ئایەتوڵڵاکان دەمایەوە.


لاوازییەکی تری شیعەکان، لانی کەم لە یەک دو ساڵی یەکەمی دوای روخانی حوکمی سوننە،‌ بەرھەڵستکاری ئەمەریکا بو بۆ حوکمڕانی شیعە، بەتایبەت رەوتی زاڵی ناو شیعە کە بزوتنەوەی ئیسلامگەرایی سۆزدار بۆ ئێرانە. دژایەتی کردنی ئەمەریکا بۆ حوکمی پارتە شیعییەکانی لایەنگری ئێران بە رادەیەک بو، ئەگەر پشتیوانی و ھاوسۆزی و ھاوپەیمانی نوێنەرانی کوردستان لە حیزبە شیعیەکان و چونە پاڵ دەسەڵاتی ئەوان نەبوایە، ئەو ئەمری واقیعە دروست نەدەبو کە ئەمەریکا ناچار بکات ئۆکەی رەزامەندی بداتە دەسەڵاتێک کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی بزانێت. سێیەم و کوشندەترین لاوازی شیعە رەتکردنەوەی سوننە بو بۆ حوکمڕانی شیعە. سوننەکان نەک ھەر ئامادە نەبون کە ھاوشێوەی نوێنەرانی کورد خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر مۆرکی شەرعیەت بدەن بە حوکمڕانی شیعە، بەڵکو شەڕێکی خوێناویشیان بۆ لێسەندنەوەی حوکم لە شیعەکان بەرپا کرد. بێجگە لەوە، تا چەند ساڵێکیش زۆرینەی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان دژایەتی بێ پەردەی خۆیان بۆ حوکمڕانی شیعە لە عێراقدا نیشان دەدا. ئەگەر نوێنەرانی کورد ھاوشێوەی سوننەکان حوکمی شیعەیان رەت کردبایەوە، ئەم ھەژمون و حوکمڕانیەی ئێستای شیعەکان و ئەو خێرا سەرپێکەوتنەوەیەی دەوڵەتی عێراق کارێکی مەحاڵ بو. لەم ھاوکێشەیەدا، نوێنەرانی کورد دەیانتوانی لەبەرامبەر ناسینی حوکمڕانی شیعە دا و دەست بەجێ و ھەمان کات کەرکوکیان بە فەرمی بگێڕایەوە سەر کوردستان. بەڵام بەداخەوە نوێنەرانمان ئەم ھەلە زێڕینەشیان کردە دیاری دۆستایەتی 'دێرینی' سەرکردەکانی کوردو ئایەتوڵڵاکانی شیعە.‌

٣- کورد و ئەمەریکا.


سێیەم کارتی سوتاوی کورد، خزمەتکردنی بێ بەرامبەری ئەمەریکا بو. راستە ئەمەریکا ھێزێکی باڵا دەستی جیھاننیە و ھێز و بنکەی جۆراو جۆری لە ناوچەکەدا ھەیە بەڵام لە بەر چەند ھۆکارێک ئەمەریکا لەداگیر کردنی عێراق دا دەرگیری دۆخێکی نالەبار و دژوار ھاتبو . دۆخێک کە کێش و سەنگی پشتیوانی سەربازی و مەعنەوی کوردستان بۆ ئەوسای ئەمەریکا ھێندە گرنگ بو کە دەکرێت بگوترێت لە سنوری فریاد رەسی دابو. بۆ نمونە، ئەمەریکا لە پرۆسەی داگیرکردنی عێراق دا شەرعیەت و پشتیوانی نێونەتەوەیی نەبو جگە لە بەریتانیا ھەرسێ ئەندامە ھەمیشەییەکەی تری یو ئێن ناڕازی بون لە ھێرشی ئەمەریکا بۆ عێراق. زۆرینەی دۆستانی ئەمەریکا لە خۆرئاوا و رۆژھەڵاتی ناوەراست دا، لەوانەش ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ئەوروپاو تورکیاو وڵاتە عەڕەبیەکان لە ناوچەکە، نەک ھەر پشتیوانی ئەمەریکایان نەکرد، بەڵکو بەشێوازی جۆراو جۆر دژایەتی ئەمەریکاشیان دەکرد لە عێراق دا. لەسەر ئاستی وڵاتە ئیسلامیەکانیش، زۆرینەی ئەو وڵاتانە، بەتایبەت رای گشتی جیھانی ئیسلامی، لە روانگەی داگیر کردنی وڵاتێکی ئیسلامیییەوە لەلایەن وڵاتێکی کریستیانەوە، مەحکومی داگیرکردنی عێراقیان دەکرد. بەھەمان شێوەش وڵاتە عەڕەبیەکان و رای گشتییان لە روانگەی داگرکەرێکی فەلە و وڵاتێکی داگیرکراوی عەڕەبی و ئیسلامی حوکمیان بەسەر ھاتنی ئەمەریکا بۆ عێراق دەدا.


لە عێراقیش دا سوننەکان ئەم داگیرکارییەیان وەک مەسەلەی مەرگ و ژیان چاو لێدەکرد و بە ھەمو ھێزی خۆیانەوە دژایەتی ئەمەریکایان کرد. شیعەکانیش تا ئەو جێگایە لەگەڵ ئەمەریکا دابون کە لە لایەک گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەوان مسۆگەر بکات و لە لایەکی تریشەوە ھێڵە سورەکانی ئێران نەبەزێنن. لەم کەم رەواجی ئەمەریکا لە عێراق دا، دەنگ و سۆزی تاکە کەسێک، گروپێکی سیاسی، کەمینەیەک لە ناوخۆی عێراق دا بۆ ئەمەریکا وەک فریادرەسێک وابو کە مۆتەکەی ناشەرعی بون و لاکەوتەیی و بێ پاساوی و ناھەڕمێنی ئەمەریکای دەڕەواندەوە. چ جای ئەو دەنگە گەلی کوردستان بێت کە ھەمیشە سەقامگیری عێراقی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و ئەمڕۆش پەیامی پشتگیری ئەمەریکا و عێراقێک بکات کە ئەمەریکا تێیدا باڵا دەست بێت. لەم بێ ھەوادارییەی ئەمەریکا دا، تەنھا نوێنەرانی کوردستان بون کە ھێزێکی دەیان ھەزار پێشمەرگەییان خستە خزمەت ئەمەریکاوە و عەشقی یەکلایەنەی 'ھاوپەیمانی ستراتیژی'-یان لە گەڵ ئەمەریکا دا دەکرد. کورد بە پێچەوانەی تەوژمی جیھانی، تاکە دەنگی ئەم گێتییە بو کە ئەمەریکایان بە "ڕزگار کەری عێراق" لە قەڵەم دەدا و تەنانەت ئەمریکیەکان خۆشیان لە یەکەم مانگ دا داوایان لە یوئێن کرد کە وەک داگیر کەری عێراق بیناسێنێت. نوێنەرانی کوردستان لە بری ئەوەی کە ئەم کارتە گرانبەھای، واتە پێویستی ئەمەریکا بە پشتیوانی ھێزێک لە ناوخۆی عێراق دا،‌ بۆ چەسپاندن و بە نێونەتەوەیی کردنی مافەکانی گەلی کوردستان ، بەتایبەت بەرەسمی ناسینی مافی ئەم گەلە لە خاوەندارێتی و حوکمڕانی خاکەکەی لە کەرکوک و ناوچەکانی تر بەکار بھێنن، ئەم چەکەشیان کردە شاباشی مەرحەبایەکی ئەمریکیەکان و بێ ئەوەی ھیچ سود و بەرژەوەندی بۆ کوردستان و گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تری تێدابێت.


٤- ھاوسەنگی ھێز.


چوارەم ھەل کە نوێنەرانی کوردستان لەدەستیان دا سود وەرنەگرتن بو لە ھاوکێشە و ھاوسەنگی ھێز. لە ساڵی ٢٠٠٣ دا وە بۆ یەکەم جار لە مێژوی ھەشتا ساڵەی داتاشینی دەوڵەتی عێراق دا، سەراپای دامو دەزگاکانی ئەم دەوڵەتە ھەرەسیان ھێنا و بۆ یەکەم جار پارسەنگی ھێز لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دا ھاتە ئاراوە. نوێنەرانی کوردستان لەگەڵ ھەمو کەمو کوڕیەکانیاندا، جۆرێک لە شەرعیەتی نوێنەرایەتی کردنی گەلی کوردستان و ھەرێمی کوردستانیان ھەبو. ئەمە لە پاڵ ئەو کارتانەی سەرەوە گەورەترین سەرمایە بو کە پێگەیەکی بەھێزی دابو بە نوێنەرانی کوردستان بۆ موناوەرە کردن و دانوسان و سەپاندنی خواستە رەواکانی گەلەکەمان. نوێنەرانی کوردستان دەیانتوانی کە بە سود وەرگرتن لەم کارتانە شەرعیەتی دەسبەجێی حوکمڕانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەر خاکەکەیدا لە کەرکوک و ناوچەکانی تر دابین بکات. لە جیاتی ئەوەی کە شەڕی لە١٧% ی بودجە و لە روی ئابورییەوە بونە پاشکۆی دەوڵەتی مەرکەزی و چاو لە رێی بەغدا بون بۆ بودجە و موچە ‌و نیشان دانی خەڵکی کوردستان وەک بار بەسەر ئەم وڵاتە دا، نوێنەرانی کوردستان دەبوایە لانی کەم لە داھاتی کەرکوک شەریکایەتی دابین بکەن و بودجەی کوردستان راستەوخۆ لەو رێگایە مسۆگەر بکەن. لەم ھەلە زێڕینەدا نوێنەرانمان دەبوایە پێوەندیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقی عەڕەبیدا وەک دو ھاوتا و ھاوکوف لە دو حکومەتی ھەرێمی دا کە دو مەرکەزی ھەبێت (ھەولێر و بەغدا) لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی کۆنفیدرالیدا دابڕێژێتەوە. یان لانی کەم دەیانتوانی کە مافی چارەی خۆنوسین لە قاڵبی یەکێتی ئارەزومەندانەی نێوان کوردستان و عێراقی عەڕەبی بکەن بە یاسا و لە دەستور دا بچەسپێنن. بەڵام بەداخەوە ھەمو ئەم مافە رەوایانەش کرانە 'خەونی شاعیران.".


٥- ئەنفال.


پێنجەم مەسەلەی گۆڕە و شار کراوی دەستی 'نوێنەرانی کوردستان،' دۆزی جینۆساید و پاکتاوی رەگەزی گەلی کوردستانە. یاسا نێودەوڵەتیەکان، پشتیوانی مافی چارەنوسی گەلێک دەکەن ئەگەر لەلایەن نەتەوەی سەردەست و حوکمڕان روبەڕوی جینۆساید بێتەوە. گەلی کوردستان روبەڕوی یەکێک لە ھەرە دژوارترین شێوازەکانی جینۆساید و پاکتاوی رەگەزی بۆتەوە و بە ھەمو پێودانگێک مافی ئەوەی ھەیە کە داوای جیابونەوە لەم وڵاتە بکات کە ھەم بەزۆر پێوەی لکێنراوە و ھەم تێیدا روبەڕوی قەتڵ و عام بۆتەوە. گریمان کورد لەدەرەوەی ئەو یاسا و مافە نێودەوڵەتیانەدایە، بەڵام خۆ ژیانێکی شایستە و سەربەزانە و قەرەبوکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید و پاکتاوی رەگەزی مافێکی ھەرە سەرەتایی و گفتوگۆ ھەڵنەگرە.


عێراقی شیعە خۆی بە میراتگری ھەشتا ساڵەی دەوڵەتی عێراق دەزانێت بە سنور و سەروەری و دانیشتوانی و دامو دەزگاکانی و مێژو و کەلتوریەوە. ھەروەھا خۆی بەخاوەن سەروەری بەسەر ھەمو بستە زەمینێکی ئەم وڵاتە لەقەڵەم دەدات. لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دا خاوەنی ھەمان ئیمتیازات و ھەمان ئیلتیزاماتی عێراقی کۆنە. بۆیە ناکرێت خۆی بە مێراتگری ھەمو ئیمتیزاتەکانی عێراقی کۆن بزانێت و خۆی لە تاوانەکانی ھەمان عێراقیش نەبان بکات. لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی عێراق ملکەچی یاساکانی نێو دەوڵەتییە و دەبێت قەرەبوی قەرز و قۆڵەکانی سەددام بداتەوە، کە لە کڕینی چەک و تەقەمەنی لە وڵاتە زلھێزەکانی بەھەدەر دابو. تا ئێستاش عێراق قەرەبوی زیانەکانی کوێت دەداتەوە کە لە داگیر کردنی ئەو وڵاتە لە لایەن عێراق توشی ھاتوە. بەھەمان پێو دانگ ئەوە عێراقە کە دەبێت ٤٥٠٠ دێھاتی کوردستان دروست بکاتەوە و قەرەبوی یەک بەیەکی ھەمو ئەوانەی لە ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و شەڕی داگیرکارانەی عێراق لە کوردستان بونەتە قوربانی بکات.‌


بەڵام، لە لایەکەوە نوێنەرانی کوردستان ھەر لە سەرەک کۆمار و جێگری سەرەک وەزیران و وەزیری دەرەوە، ئەم وڵات و ئەو وڵاتیان دەکرد بۆ لابردنی قەرزەکانی سەر عێراق و رۆژنامەکانی عێراق و پارتی و یەکێتی پڕن لە داستانی لەو جۆرە، لە لایەکی تریش نەک ھەر ئەو مافە رەوایەی کوردستانیەکانیان لە ناو تۆز و خۆڵی بونیاد نانەوەی عێراق دا ون کرد، بەڵکو مۆرکی بەرائەتیشیان دایە تەوێڵی حکومەتی تازەی عێراق. نوێنەرانی کوردستان حەوت ساڵە خۆ لەوە لا دەدەن کە ئەوە دەوڵەتی عێراقە (وەک دەوڵەت و حوکمڕانی و موئەسەسات وڵاتێکی مولتەزیم کراو بە یاسا و پێوانە نێودەوڵەتییەکان) سیاسەتی ئەنفال و سوتماک کردنی کوردستانی پیادە کردوە. لە بری ئەوە لایەنی تاوان بار بچوک دەکرێتەوە بۆ کەسی سەددام و ھەندێک لە دار و دەستەکەی. ئیلتیزامە یاسایی و دەرەنجامە سیاسیەکانی ھەر کام لەم دو حاڵەتە زۆر جیاوازە. لە حاڵەتی یەکەم دا، وەک لە کەیسی کۆسۆڤۆییەکان لە سەردەستی دەوڵەتی یۆگۆسلافیا، ئەوە دەوڵەتە کە بەرپرسیارێتی ورد و درشتی ئەو تاوانانە ھەڵدەگرێت و سەرەنجام کۆسۆڤۆ لە سربیا دەپارێزرێت و قەوارەیەکی پارێزراو لە لایەن کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بۆ خەڵکەکەی دابین دەکرێت. بەڵام لە حاڵەتی بە "شەخسەنە" کردنی لایەنی تاوانبار، لەگەڵ لە دەسەڵات نەمانی ئەو دەسەڵاتدارە، عێراق بە ھەمان بیانو (واتە ئەوە سەددام بو کە ئەنفال و کیماباران و تەعریبی کرد نەک دەوڵەتی عێراق) مل ناداتە بەر لێپرسینەوە و ئیلتیزاماتەکان.


لەوەش خراپتر، لە سیاسەتی حەوت ساڵی نوێنەرانمان دا، سەددام لەو حاڵەتانەدا کە پەیوەستن بە کوشتار و ئیبادە کردنی خەڵکی کوردستانەوە، وەک سیمبۆلی دەوڵەتی عێراق و وەک کەسی یەکەمی حوکمڕانی و لانی کەم وەک نوێنەری ناسیونالیستی عەڕەبی-عێراقی وێنا ناکرێت. بە پێچەوانەوە، لە حاڵەتی بە سەددامی کردنی تاوانی جینۆساید، جەوھەری تاوانەکە دەشێوێنرێت و کورت دەکرێتەوە بۆ حەزە سادیی و دیکتاتۆریەکانی سەددام. لێرەدا چەند چەمکێکی قێزەوەن کەلە داھێنانی سەرکردایەتی کوردە بە نمونە دەھێنمەوە. یەک لەو چەمکانە کە تا ماوەیەک بنێشتە خۆشەی سەر زاری سەرکردەکان بو بریتییە لەوەی کە " ئەگەر سەددام لە ھیچ شتێک دا دادپەروەر نەبوبێت، لە زوڵم و زۆری سەر گەلانی عێراق دا دادپەروەر بوە." ئیبداعێکی تری کوشندەی سەرکردەکانمان بۆ بێ تاوان کردن و پاساو ھێنانەوە بۆ عێراق بەوەی کە ئەوەی روی داوە ھۆکارەکەی سادیەتی سەددام بوە، ئەو گوتەی سەرکدەکانمانە کە دەڵێن "سەددام دەستی لە ئەندامانی خێزان و عەشیرەتەکەی خۆشی نەپاراستوە". ". ئەم داھێنانانە بێجگە لەوەی ھیچ ئیلتیزامێک لەسەر دەوڵەتی عێراق ناھێڵێت، لە ھەمان کاتیشدا سوکایەتی و کەمکردنەوەیە لە گەورەیی قوربانیەکانمان. حوکمی لەو جۆرە، خوێنی ئەنفالراوەکانی کوردستان ھاوتا دەکات بە خوێنی ئەو ئەنفالچییانەی کە لە شەڕی عەسابەکانی ناو بنەماڵەی عۆجەدا کوژراون. ژەنەڕاڵێکی ئەنفالچی عێراقی کە لە بەر ئەوەی چاوی لە کورسییەکەی سەددام بوە ئیعدام کراوە، ھاوتا دەکات بە عومەری خاوەر. چەمکێکی نا دادپەروەرانەی تر دەرھەق بە پرۆسەی تەعریبە. زۆرێک لە بەرپرسەکانی کوردستان دەڵێن "عەرەبەکانی تەعریبیش قوربانی رژێمی سەددامن". بەم شێوازە بیر کردنەوەیە نەک ھەرتەعریبچی یەکسان دەکرێن بە ئاوارە، بەڵکو بەناوی قوربانی بونەوە شەرعیەت درایە نیشتەجێبونی یەکجارەکی تەعریبچیەکان لە کوردستان و پرۆسەی تەعریب لە دی-فاکتۆ وە لەسەر دەستی نوێنەرانمان بو بە دی-ژۆر. سەرەنجام لە دۆزی سەندنەوەی ماف و کەرامەتی قوربانیانی ئەنفال و تەعریبیش دا گەلی کوردستان لە سایەی نوێنەرەکانییەوە دەستی لە بنی ھەمبان ھاتە دەرێ.


٦- دەستوری عێراقی.


شەشەم کارتی سوتاوی کوردستان جێبەجێ کردنی دەستوری ھەمیشەیی عێراقە کە نوێنەرانی کوردستان بەیەکیک لە نەبەردی و شانازیەکانی خۆیان دەزانن. ‌لە ساڵی ٢٠٠٥ دا دەستورێک نوسرایەوە و خەڵکی کوردستانیش وەک پشتگیری لە ھەوڵی نوێنەرەکانیان دەنگیان بۆ دەستور دا. گرنگترین و چارەنوسازترین مادەی دەستور، کە تاکە پەڵەی سپییە کوردستان بە عێراقی تازەوە دەبەستێتەوە مادەی ١٤٠. بەگوێرەی ماددەکە سێ قۆناغ بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی کەرکوک دیاری کراون، ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکوک، سەرژمێری و ریفراندۆم. دەبوایە تا دێسەمبەری ٢٠٠٧ ھەرسی قۆناغەکە جێ بەجێ کرابان ، بەڵام سێ ساڵ بەسەر ئەم وادەیەدا تێپەڕی کەچی ھیچ کام لەم ھەنگاوانە چیبەجێ نەکراون.


لە حەوت ساڵی رابردودا نوێنەرایەتی نزیک لە ٦٠ پەرلەمانتار و زیاتر لە دو دەرزەن وەزیر و وەکیل وەرزیر و سەرۆک کۆمارو جێگری سەرەک وەزیران لە بەغدا و لە کوردستانیش سەرۆکی کوردستان و سەرۆک وەزیران و زیاتر لە ٤٠ وەزیری کابینەی پێشو و ٢٠ وەزیری کابینەی ئێستای حکومەتی ھەرێم و سەدان راوێژکار بەرھەمی بە فەرمی گەڕانەوەی گوندێکی ٢٠ ماڵەی تەعریبکراوی بۆ سەر کوردستان نەبو. ھیچ کامێکیش لەو زاتانە تەنانەت ئامادەی ئەوە نەبون "خوا نەخواستە" بیر لە ئیستیقالە دان یان ھەڕەشەی کشانەوە لە بەغدا بکەنەوە. ئەو بەڕێزانە ئامادەی ئەوەش نەبون کە لە چوار چێوەی دەستور و یاساکانی دادگاکانی خودی عێراق دا فشار بخەنە سەر مالیکی و "برا چاوڕەشە" حوکمڕانەکانی ترمان لە بەغدا. بە ٦٠ پەرلەمانتارمان لە بەغدا، توانای ئەوەیان نەبو کە بۆ جارێکیش مالیکی لەسەر مەسەلەی کەرکوک بانگھێشتی پەرلەمان بکەن، لە کاتێک دا بانگھێستکردنی ئەو پێوسیتی بە واژۆی تەنھا ٢٠ پەرلەمانتار ھەبوو.

٧- ئاسایشی نەتەوەیی.


حەوتەم دۆزی دۆڕاومان لە سای نوێنەرانمان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و دابین کردنی پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەیە لە گەڵ عێراقیەکان و وڵاتانی دەورو بەر دا. نزیک بە ھەشتا ساڵ (١٩٢٤ تا ٢٠٠٣)‌ عێراق لە حاڵەتی شەڕ دابوە لە گەڵ گەلی کوردستان و لەم ھەشتا ساڵەدا گەلی کوردستان لە بەردەم ھێرشیکی ھەمەلایەنەی دەسەڵاتدارانی عێراق دا بوە. یەکەم فەرمانی یەکەم فەوجی سەربازی عێراق ھێرش کردنە سەر خەڵکی سلێمانی بو لە ساڵی ١٩٢٤ دا. بەھەمان شێوە یەکەم فڕۆکەی عێراقی یەکەم بۆمبی خۆی بە کوردستان دا تەقاندەوە. لەوساوە تا ئێستا ئەوەی کە لە کوردستان غائیب بوبێت ئاشتی و ئاسایش بوە. لە بری گەڕانەوە و لکاندنەوەی کوردستان لەو بارودۆخەدا کە لە سەرەوە باسم کردوە، دەبوایە لانی کەم ژیانێکی شەرافەتمەندانە و پێوەندیەکی ھاوکوف و یەکسانی دور لە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ گەلی کوردستان فەراھەم بکرایە. بەڵام ئەمڕۆ گەلی کوردستان لە پرۆسەی بون بە کەمینەیەکی پاشکۆ دایە لە عێراقێکدا، کە بە وتەی خودی بەڕێز مەسعود بارزانی، بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی گلەیی ئەوەیان لە سەددام ھەیە کە وەک پێویست کوردی نەکوشتوە. عێراق لە داوی ٢٠٠٣ دا ساڵانە بە ملیاران دۆلار بۆ خۆ پڕچەک کردن خەرج دەکات و نوێترین چەکی سەردەم ئەخاتە بەردەست ئەوانەی کە پێیان وایە سەددفام دەبوایە کوردی زیاتر بکوشتایە.‌


سەیر لەوەدایە، کە ئەوانەی حەوت ساڵ تاکە نوێنەری بێ رکابەری خەڵکی کوردستان بون لە بەغدا، لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٥ تەموزی ٢٠٠٩ دا لە ماس- میدیاکانیانەوە بە دەیان وتار و دیداری جۆراوجۆر، خەڵکی کوردستانیان گورگان ترسێن دەکرد بەوەی کە مەترسیمان لەسەرە. ھەرچەندە بۆ مەرامێکی سیاسی جیاواز لە چارەسەرکردنی مەترسی سەر خەڵکی کوردستان بو، بەڵام رەنگە داننان بە بەردەوامی مەترسی لەسەر گەلەکەمان یەکێک بێت لەو حاڵەتە دەگمەنانەی کە نوێنەرانی کوردستان راستگۆیانە بە خەڵکی کوردستانیان راگەیاندوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە مەگەر کاری نوێنەرانمان لە حەوت ساڵی رابردو دا چی بوە ئەگەر نەیانتوانیبێت لانی کەم مەترسی لەسەر خەڵکی کوردستان نەھێلن. کێ بەرپرسە لەوەی کە خەڵکی کوردستان سەرەڕای قوربانی دان بە مافی دەوڵەت بون و مافی چارەی خۆنوسین، ھەمیشە لە دڵە راوکێی مەترسی روبەڕوی کوشتار و ئاوارەیی و ماڵ داگیرکردن دابن.
_______________________________
* تێبینی ئەم وتارە لە بەرواری (٥\١١\٢٠١٠)دا نووسراوە.

 

ماڵپەڕی د. ئارام رەفعەت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک