هه‌وڵدان بۆ بووردنی تاوانباران ریسوا ده‌که‌ین.
هه‌موومان ده‌زانین که بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کان و قوربانیان زۆر به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگه‌ی باڵای تاوانیان ده‌کرد و هیواخوازبوون ئه‌وانه‌ی که بکوژرانی خۆشه‌ویستانیان به سزای ره‌وای خۆیان بگه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که دادگه‌ی باڵای تاوان بڕیاری کۆتایی خۆی سه‌باره‌ت به تاوانبارانی ئه‌نفالکردنی کوردستانیان دا لێره‌و له‌وێ ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌نێو عه‌ره‌به ره‌گه‌زپه‌رسته‌کان و هه‌ندێ لایه‌نی عه‌ره‌بی به‌رزبۆوه، مخابن هه‌ندێک له‌وانه‌ی که به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌شیان هه‌یه ده‌یانه‌وێ سزای سه‌ر ئه‌و تاوانبارانه سووک بکرێ و هه‌ندێکیان ببه‌خشرێن، کۆسپ و ته‌گه‌ره له‌به‌رده‌م بڕیاری دادگه داده‌نێن، نایانه‌وێ گه‌وره جه‌لادانی ئه‌نفالکردنی کوردستانیان که 182 هه‌زار مرۆڤی سڤیلیان زینده به‌چال کردووه، له‌سێداره بدرێن، ئه‌مه له‌کاتێکدایه که رۆژانه سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر ده‌یان عێراقی دیکه‌دا جێبه‌جێ ده‌کرێ که به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ جه‌لادانی ئه‌نفالکردنی کوردستانیان ده‌کرێ بڵێین تاوانه‌کانیان دڵۆپێک به‌رانبه‌ر ده‌ریاێکه، بێگومان ئه‌مه‌ش تاوانێکی دیکه‌یه و ده‌رهه‌ق به ئه‌نفالکراوان و بنه‌ماڵه‌کانیان دووپات ده‌کرێته‌وه. ئێمه له حزبی رزگاریی کوردستان دا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی سزای له‌سێداره‌دان و له‌نێوبردنی جه‌سته‌یی مرۆڤ دانین، به‌ڵام خوازیارین هه‌موو ئه‌وانه‌ی که تاوانبارن بدرێنه دادگه‌و سزا بدرێن، به‌ڵام هه‌وڵدان بۆ بووردنی ئه‌و تاوانبارانه‌ی که دادگه بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌دات هه‌م پێشێلکردنی ده‌ستوورو له‌ژێر پێنانی ده‌سته‌ڵاته‌کانی دادگه‌یه هه‌میش پێچه‌وانه‌ی خواستی دادپه‌روه‌ران و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کانه، بۆیه هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که بۆ بووردن و به‌خشینی تاوانباران ده‌درێن به‌تووندی ریسوای ده‌که‌ین.
نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ریسوایی بۆ تاوانباران و هاوده‌ستانیان.
مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی حزبی رزگاریی کوردستان 18-11-2007
|