٦\٧\٢٠١٠
هه‌ولێر له نێوان
دوبه‌ی و ئه‌فغانستان.

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
ئه‌گه‌ر بێ و به‌راوردێک بکه‌ین له نێوان هه‌ولێر و دوبه‌ی ده‌توانیین
بڵێین ره‌نگه له شێوه‌ی رووکه‌ش و هه‌یکه‌لی قه‌سر و شووقه هه‌و‌ڵدرابێ
که‌مێک لێکچوونێک هه‌بێ، یاخود له داهاتووێکی نزیکدا وه‌ک کاربه‌ده‌ستان
و پاره‌دارانی شاری هه‌ولێر له رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه به‌رده‌وام
پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که گوایه له ماوه‌ی پێنج ساڵی تر ده‌بێ
شاری هه‌ولێر له دوبه‌ی خۆشتر و بێ به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌که‌ن که
ده‌ڵێن ده‌بێ ڤێلایه‌کانی شاری هه‌ولێر زۆر به‌رزتر بێ، شه‌قامه‌کان
پانتر بێ، زۆرترین شووقه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی سه‌رسوڕهێنه‌ری تێدا به‌رز
بکرێته‌وه، شار ده‌بێ له نێو باق و بریقی شوشه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ نه سه‌ری
دیار بێ نه بنی! به‌ڵام بۆ کێ؟!
لێره‌دا چه‌ند پرسیارێک دروست ده‌بێ! تۆ
بلێی ئه‌و ناز و نیعمه‌ته هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌و شاره بگرێته‌وه؟
ئاخۆ ده‌بێ خه‌ڵکی هه‌ژار
و نه‌داری ژێر خانووه که‌لاوه‌کان یاخود ئه‌و که‌سانه‌ی له کرێچی و
به‌ده‌ردی بێکاریی تووشی چه‌ندان نه‌خۆشیی ده‌روونیی بوونه ته‌نیا
بۆ شه‌وێکیش بێ به‌ختی ئه‌وه‌یان هه‌بێ له
نێو شوقه و ڤێلایه‌کان رۆژ بکه‌نه‌وه؟!
یان ئه‌و به‌هه‌شته‌ی سه‌ر ئه‌م پارچه زه‌مینه ته‌نیا
بۆ به‌رپرسه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و زه‌نگینه‌کانه؟ وه‌ڵامه‌که بۆ خه‌لکی
شاری هه‌ولێر به‌تایبه‌تیی و کوردستان به گشتیی جێده‌هێلم. چی له
خۆشی وڵاتێک که‌م (هه‌رچه‌نده وڵاتیش نییه!) له بازاره ره‌شه‌کانیدا
هه‌رچی کاڵا و پێداویستیه‌کانی مرۆڤ هه‌یه به ئه‌ندازه‌ک گرانبه‌هان
که مرۆڤی هه‌ژار و بێ ده‌رامه‌تی هه‌ولێر توانای کڕینیان نه‌بێ و ته‌نیا
چه‌ند که‌سێکی دیارکراو وه‌ک پاشا تێیدا بژین.
'' له‌م بازاڕه بێ روحمه‌دا ژیان هه‌رزانتره له نان'' ئه‌مه هه‌ست
و ده‌ربڕینی ئه‌م شاعیره پڕ له ئازاره‌یه که دڵی
بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی
خۆی لێ ده‌دا. هه‌رچی سوپه‌رمارکێت و بازاڕی
گه‌وره هه‌یه به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵات ده‌ستیان به‌سه‌ر داگرتیه و به
ئاره‌زووی خۆیان که‌لوپه‌له‌کان به‌رز ده‌که‌نه‌وه و یاری به ژیانی
رۆژانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه ده‌که‌ن.
لێکچوونی دووه‌میان زۆر ئاشکرا خه‌لکی هه‌ستی پێ ده‌که‌ن ئه‌ویش له
نێوان هه‌ولێر و ئه‌فغانستانه، به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌وه؛ گرتن و ئازاردان
و بگره فڕاندن و تیرۆرکردنی مرۆڤه‌کانه له‌سه‌ر نه‌بوونی ئازادیی، که
تاکه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه ناتوانن به ئازادیی بیر و بۆچوونه‌کانیان ده‌رببڕن.
نه‌بوونی یه‌کسانیی نێوان ژن و پیاو و ئه‌شکه‌نجه‌دان و خۆسوتاندنی
رۆژانه‌ی ژنان به‌رچاوترین به‌ڵگه‌ن که کوردستان به هۆی سیسته‌می
باوکسالاریی و زاڵبوونی ره‌گه‌زی نێر به‌سه‌ر خێزان و زۆربه‌ی هه‌ره
زۆری داموده‌زگا حکومیی و ئه‌هلیه‌کان که ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگایه‌که‌ی
ئێمه به روونی ده‌بینرێ و له ژێر په‌رچه‌می ده‌سه‌لاتی کوردیه‌وه
به‌هێزتر و باڵاده‌ستتر ده‌بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ک
کچ و ئافره‌تانی کوردستان نه‌یانویستوه به زۆری زۆردارکیی له‌چک و سه‌رپۆش
له‌سه‌ر بکه‌ن و رێگای زانست و پێشکه‌وتنیان لێ قه‌ده‌غه بکرێ، هه‌ر
وه‌ک چۆن له ئه‌فغانستان تیزاب و ده‌رمانی ژه‌هراویی ده‌ڕێژرێ بۆ
خوێنکارانی کچ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام نه‌بن له خوێندن و زانست، رێگه‌یان
لێ ده‌گیردرێ له هه‌موو جۆره پێشکه‌وتنێک، له‌نێوبردن و سه‌رکوتکردنی
ئه‌و توانا و هێزه‌ی هه‌یانه وه‌ک هونه‌ر و وه‌رزش له‌گه‌ڵ تێکڕای ئه‌و
چالاکیه هه‌مه‌ڕه‌نگانه‌ی که له بواره‌کانی ژیانیاندا به‌دی ده‌کرێ.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش رێگرتن له مافه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کان ئه‌ویش
رێگرتنه له خۆشه‌ویستی نێوان تاکه‌کان.
ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
|