په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٥\٢٠٢٤

هەولێر لە پێشوازیی دڕندەترین سەرۆکی جیهان!

دارا خونچە       


ئەگەر واتا و چەمکی ئەو ناونیشانەی سەرێ بپەژرێنین١ ئەوە رەخنەگرتن لە روانگەی ''سەربەخۆیی نیشتیمانیی و یەکسانیی کۆمەلایەتی''یەوە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان گاڵتەکردنە وە خودی رەخنە و لە باشترین باریشیدا کۆلەوارییەکی رامیارییە! ئاخر ئەوانیش کتومت وەک دەسەڵاتدارانی تورکیا دەسەڵاتدارن - هەرچەندە لە رووی هێز و هەژموونەوە جێی بەراوردکردن نین لێ لە نێوەرۆکدا هەمان کانزان - هەردووک لایان لە هەر ''جێدەم''ەک٢ کە هەن تەنێ هەر سایلی دەسەڵاتەکی دیکە لە هەڵپەی وەدەستهاوردنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی چین و توێژە باڵادەستەکان و پاراستنی پێگەی رامیاریی خۆیانن و دوور و نێزیک هیچ پەیوەندییەکیان وە ئامانجەکانی میللەتەوە نییە.

خۆ ئەگەر لە روانگەی رامیاریی باوی هەنووکە و هەبوونی پێگە و هەژموونی ''دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی جڤاکیی و پێکەوەژیانی گەلان''ی نێو سیستەمی زاڵی ئێستای جیهان و کوردایەتییەکەی٣ پارتییەکانی کوردستانیش.. بەرخورد دەگەڵ رەخنە بکەین.. ئەوە زۆر وە رۆشنیی دیارە ئەوانەی نێو دەسەڵات کە گوایە خۆ وە دڵسۆزی قەوارەی هەرێم دەزانن بەوپەڕی نەزانیی٤ و تا رادەی خۆلەخشتەبردن بەرگریی لە ئاراستە و بەرژەوەندیی تەسکی پارتیایەتی (کۆیلایەتی سەردەم) دەکەن.. لەوەش خراپتر خێل و بنەماڵە و هۆز و شێخ و رێچکە و رەوتە دینییەکانی ئێستایان لە ئی ئەوانەی سەردەمی عوسمانییەکان و سەفەوییەکانیش پێ گرنگترە، جا ئەوانە و کەسانی دەروبەریان کە بەو ئاستە سادە و رووکەشە خەریکی کاری رامیاریین هەمیشە بیانگەکانیان لە کارە دزێوەکانیان گەورەترن! هیچ لەو پەیوەندییەی ئێستای دەسەڵاتداران تێناگەن کە لەسەر بنچینەی ئاستی هاوسەنگیی هێز و پێگەی لایەنەکان دادەمەزرێ، هێندەکیان زۆر جێی بەزەیین کە چاوەڕێی ئەوەن لە نێو ئەو هەموو گێرەوکێشمە داگیرکارییەی ئێستا وەک ئەوەی لەو سەردانەی ئۆردۆگان هەولێر وە ئاڵای دڕندەترین داگیرکەری کوردستان ئاڵاڕێز کرا.. لە سەردانی پێچەوانەشدا کۆشکی سەرۆکایەتیی سەرکۆماری تورکیا وە ئاڵای کوردستان بڕازێندرێتەوە!

لەبەرئەوەی تازە لە سەرەتای ئەوەین وەک میللەتانی دیکە لە خۆمان و لە دەروبەری خۆمان بپێچینەوە.. تەنێ چەند رۆژەک زۆر وە گەرموگوڕیی لەو کارەسات و نوشست و ئاریشە و رووداوە گەورە گەورانە دەدوێین کە وەسەرماندێن.. پاشانیش زووبەزوو لەبیرماندەچنەوە، بێ گومان هەر میللەتەک لە پاش میللەتانی دیکە بی وە تایبەتییش لە ستەمە نەتەوایەتی و نیشتیمانییەکانی سەردەم رزگاری نەبووبی هەر یادەوەریی لاواز دەبی.

هەڵبەتە لە بارودۆخەکی ئەوهادا لێدوانەکانیشمان - تاکوتەرایان لێدەرکەی - هیچیان بناغەیەکی بابەتیی و گشتگیریان نابی و فرە بێسەروبەر دەردەچن.. زۆر جار وەدوو رمللێدانەکانی وێژەوانەک یان هونەرمەندەکی ناوداری ئەوتۆ دەکەوین کە هڕەی دێ لە رامیاریی و هەر لە بنچینەدا لەبەرئەوە وە ناوی لێتوێژینەوە ئەسکۆیەک لە بابەتی رامیاریی وەردەدا چون پێشتر وە هۆی کەم توانایی خۆی و ئەندێشە پڕوپووچەکانی کە گوایە خەریکی جوانناسییە تووشی شکست بووە لەوەی وەک وێژەوانەک یان هونەرمەندەکی داهێنەر دەربکەوی! ئیدی ناچار دەو لە رامیاریی و لێتۆژینەوە و دەربڕینی هەڵوێستی رامیاریی دەکوتی.. تەنانەت لە کنی ئاساییە ئەگەر لێدوانەکانی ببنە بانگەشە لۆ پیلانی دوژمنان چون ئامانجی ئەو تەنێ دەرخستنی ناوەکەی خۆیەتی!

هەر لە پەنا ئەو جۆرە رۆشنبیرانەشدا حەشامەتگەلەکی گەورەمان هەیە لە کەسانی شکستخواردەی رامیاریی؛ لەوانەش هەیانە دەستبەرداری پارتیایەتی بوونە و لە ماڵێ روونیشتینە لێ هەر خەریکی رەخنە پووچەکانی خۆیان دەبن و لە رێی ''ناوچەگەریی و شارچیەتی و زاراوەپەرستیی.. نیشتیمانچیەتی نیشتیمانی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان.. چەپڕەویی توندی نێو پەرتووکان.. دین و ئەفسانەکانی دیکە'' دژایەتی هەموو ئەو دەستکەوتانە دەکەن کە تێکۆشەرانەک تەمەنی خۆیان یان گیانی خۆیان لە پێناو بەخشیە! هەشیانە هێشتا تەمبێ نەبوونە و پارتی و رێکخراوی دیکەی وە ناو دژبەری رامیاریی چێدەکەن کەچی لە رەخنەگرتن هەر وە هەمان شێوە و شێوازن! هێندەکی دیکەشیان هەن کۆمەڵە رێکخراوەکی سەربەخۆ و پیشەیی قیتدەکەنەوە لێ هەر وە شێوە رێکخرابوونی هەڕەمیی (قامچی لەسەر قامچی) و لە ژێر هەژموونی فەرهەنگی پارتیایەتی خۆیان رێکدەخەن و ژێربەژێر دەگەڵ پارتییەکان و دەسەڵاتداران دەکەونە ساتوسەودا و هەر وەک ئەوانیدکەش بازرگانیی وە رەخنەگرتنەوە دەکەن! ئەو سێ لایەنە هەر لە سەرەتادا لەبەرئەوە هەڵدەگەڕێنەوە چونکە لە گەندەڵییەکان بەشیان نادەن - ئاخر دەسەڵاتی نەدیوبدی چاوچنۆکن و گەندەڵییش هەر خۆی بەشی هەمووان ناکا و ئیدی تەنێ لە نێوان کۆمەڵە کەسەکی کەم قۆرخیدەکەن - وە کورتییەکەی ئەو جۆرە دژبەرە شکستخواردەی دەستی دەسەڵاتە و هەرگیز ناشێ چاوەڕێی ئەوەی لێبکرێ بتوانی وە شێوەیەکی بابەتییانە لێکۆڵینەوە لە هیچ رووداوەک بکا و راشکاوانە رەخنە بگری.. واتە لە باشترین باریدا؛ ''لە رکی دوژمن قوونی زارۆکی خۆی دەدڕێنی''! یان ''لە رکی ئیسلام دەبتە ئێزدی و زەردەشتیی یان مەسیحیی''! ئەگەر زۆر زۆر گوشاریشی بخەیەسەر ئەوە ''لە رکی خاوەنەکەی خۆی لە چیا هەڵدەدێری''!

ئیدی هەر ئەوە بوو وەک لە دوو هەفتەی بەریی دیتمان ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسە رامیار و رۆشنبیرانەی کە هیچ روانگە و رێبازەکی رەخنەگرانەیان نییە.. وە ناوی رەخنەگرتن و هەڵوێستوەرگرتن لەو سەردانەی ''ئەردۆگان''ی داگیرکەری کوردستان و پێشوازییە گەرموگوڕەکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم - کە هەر وە پێی هەڵبژاردنەکەی خۆیان نوێنەری کەمترینی خەڵکن و هیچ رەوایەتییەکی دەسەڵاتدارییان نییە - وە ئارەزووی خۆیان وە پێخواسیی وەنێوکەتن و لە رێی وەکاربردنی ''نەعرەتەی مللیگەرایی'' و ''نەعرەتەی رەگەزپەرستیی نەتەوەیی'' یەک گۆنگەر و گەڕەلاوژێی ئەوتۆیان خستە نێو تۆڕە کۆمەڵاتەییەکان کە سەر وە هەشان پێیان پێبخەنن! ئیدی گشتی وەک تڕی بن گۆمێ دەگەڵ بلقکردن و سەرئاوکەتن و تەقینی هەموو تشتەک کۆتایی هات!

زۆر وە داخەوە - هیچ چار نییە و دەبی ببەخشن - کە بەختیان یار نەبوو لەوەی ''ئەکادیمیای رۆژاوایی'' ئەو گۆنگەر و گەڕەلاوژێیە وە ''زمانی وەپێز و وەبڕستی ئینگلیزی!'' و لە وەشانەکی تازە گوڵبژێر بکەن و دایبڕژنەوە و لە گوشار خستنەسەر تورکیا و هەرێم وەکاریببەن و سەرەنجام خەڵاتی ''نۆبڵی ئاشتی''یان پێببەخەشن!
_________________________________________
١- بپەژرێنین: پەسندبکەین، ''قەبووڵ''بکەین.
٢- جێدەم: جێ و دەم، شوێنکات، شوێن و کات.
٣- کوردایەتی: لە روانگەی من دوور لە خولیای دژایەتییکردنی ئەو پارتییانە کە تەنێ خۆیان خۆیان بە خەباتکاری رزگاریی نیشتیمانی کوردستان دەزانن.. تێکۆشانەکی گشتگیری میللەتی کوردە لە پێناو ئەوەی وەک هەر میللەتکی دیکە وە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان بگەن و ئیدی دەست بە خەباتی کۆمەڵایەتی بکەن و چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکانیش وەدوو ماف و ئازادییە چینایەتییەکانی خۆیان بکەون، واتە کوردایەتی فرە جوایەزە لە ''عروبە''ی عارەبیی و فارسچیەتی و تورکچیەتی کە دەسەڵاتە رەگەزپەرستەکانیان هەموو ئەو میللەتانە دەچەوسێننەوە کە نیشتیمانەکانیان داگیرکردینە.
٤- نەزانیی: دەبی ''نەزانیی'' لەوە گەورەتر چ بی دەسەڵاتدارانی کوردستان بڕوا وە ''بڕوای شارەزایان'' دەکەن کە بەغدا لە پیلانی تێکشکاندنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و دروستکردنی سەربەخۆیی ئابووریی سەرناکەوێ! سەرچاوە: رۆژنامەی ''هەولێر''، ژمارەی ٤ی شوباتی ٢٠١٤:

 


٥\٥\٢٠٢٤ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک