په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١١

هەولێر لە قۆناغبەندی شیعریدا.


فەرەیدوون سامان  


هەولێر لە قۆناغبەندی شیعری کوردیدا دا لە کوێیە؟ بە راشکاویی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەگەرچی کەمێک (حەساسیەت)ی تێدایە، لەوەی کە ناکرێ تۆ لەو قۆناغانەدا ئاماژە بە ناوی شاعیرانێک بکەی و شاعیرانی دیکە پشتگوێ بخەی و لیستێک لە ناوی شاعیران ریز بکەی، جا ئەو شاعیرە چەند داهێنەرە یان ناداهێنەرە، هێندە گرنگ نییە بەقەد ئەوەی کاتێ رەخنەگرێکی ئەکادیمی یان لێکۆڵەرێکی رەخنەیی دێ، توێژینەوەیەکی رەخنەیی لەسەر ئەم قۆناغە شیعرییانە و ئەزموونی شاعیرانی هەولێر پێشکەش دەکا، کە گەرەکە بێ جیاوازی و بێ ئینتما کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان باس لە ئەزموونی ئەو شاعیرانە بکا، هەڵبەت ئەمەش بە جوانی و ناشیرینیەکانییەوە و بە هەوراز و نشێویەکانیانەوە باسی لێوە دەکرێ، بۆ نموونە رەنگە لەبەر چەندین هۆکار لای هەندێک لە خوێنەران ئەزموونی شیعری شاعیرانی وەک رۆستەم باجەلان و موحسین ئاوارە و فەرید زامدار و ئەبو بەکر خۆشناو یان جەوهەر کرمانج، وەکو پێویست ئاوری لێ نەدراوەتەوە و جێی تێڕامان و سه‌رنجدان نەبووە، بەڵام بۆ لێکۆڵەرێکی ئەکادیمی نەک رەخنەگرێکی سەرپێی یان خوێنەرێکی سادە، گەرەکە زۆر بە (ئەمانەت)ەوە باس لە ئەزموونی ئەم شاعیرانە بکرێ، نەک هەر تەنها رووی خوێندنەوە رەخنەییەکانیان هەر تەنها بۆ ئەو شاعیرانە بێ کە گوڕاحی کەسێتی یان ناوچەگەرێتی و خوانی حیزبایەتی تەنگ کۆیان دەکاتەوە، بۆ نموونە بەر لە سەرەتاى ساڵانی شەستەکان چەند ناوێکی شیعری لە هەولێر دێنە بەر چاو، وەک کانی و موخلیس و بورهان جاهید و جەوهەر غەمگین و پیرباڵ مەحمود و هتد... دواتریش لە ناوەراستى ساڵانی شەستەکان بەو لاوە لەسەر دەستى کۆمەڵێک شاعیرى وەکو عەبدوڵا پەشێو و جەمیل ڕەنجبەر و سەعدوڵلا پەرۆش و فەرید زامدار و جەوهەر کرمانج و موحسین ئاوارە و کۆمەڵێکی دیکە، هەروەها لە هه‌فتاکانیش کۆمەڵێک شاعیرى وەک عەباس عەبدوڵا یوسف و و نەوزاد رەفعەت و مەوجود سامان و کەریم دەشتی و هاشم سەراج و دڵشاد عەبدوڵاو جەلال بەرزنجی و دواتریش شەپۆلێکی دیکە دێن کە تا ئێستا بەردەوامن و لەگەڵ ئەزموونی شاعیرانی دوای راپەڕین تێکەڵ بە ئەزموونە شیعرییەکە بوون و لیستێک ناوی شاعیرانەن و با بۆ نووسینێکی دیکە بەسەر بکرێنەوە...


بەهەرحاڵ چونکە هەولێر وەک شوێن بە هارمۆنیایەکی جیاوازی چینایەتی و توێژی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەندە و خاوەنی کەلەپوورێکی گەورەی فۆلکلۆر و زۆر زاراوە و بن زاراوه‌ی تێدایە و خاوەنی جوانترین تێکستی حەیران و حەکایەتی میللی و داستان ئەفسانەیە، لە سەرەتای ساڵانی چلەکانیشەوە وەک ناوه‌ندێکی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە هەروەها لە ساڵانی هەفتاکانیشەوە بزاڤێکی شیعریی بە جۆش و خرۆشی تێدا سەرهەڵداوە کە بە دەگمەن ئەم دیاردەیە لە شارێکی دیکەی کوردستاندا بەرچاو دەکەوێ، بۆیەش دەتوانم بڵێم ئەگەر هەولێر وەک قوتابخانەیەکى تایبەتى شیعریی بە خۆی نەخوێندرێتەوە ئەوا بێگومان ناکرێ چاوپۆشیی لەو راستییە حاشاهەڵنەگرە بکرێ کە ئەم شارە کۆمەڵێک شاعیری ئەفراندووە، کە بەرهەمی شیعری ئەو شاعیرە بەخشندانە شانازیین بۆ مێژووی ئەدەبی نوێی کوردی.
 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدوون سامان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک