٧\١٠\٢٠١٤
ھەولێر پێنج رۆژ
بۆ کۆبانێ لە ناو چالاکیدا دەبێ.
بڕیارە
رۆژی چوارشەممە ٨/١٠/٢٠١٤ کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ لەفولکەی شێخ مەحمود
تەنیشت"شیرین پاڵاس" لەشاری ھەولێر خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەمەبەستی
پشتگیریکردنی بەرخۆدانی کۆبانێ بەرێوە بچێت بۆ بەردەم پەرلەمانی ھەرێمی
باشووری کوردستان .
ھاوکات بڕیاریشە، گردبوونەوەکە تا رۆژی یەک شەممە
بەرواری"١٢/١٠/٢٠١٤"لەبەردەم پەرلەمان بەچالاکی دانیشتن بۆ ماوەی پێنج
رۆژ بەردەوام بێت و خۆپیشاندەران داواکارن کە پەرلەمان کۆبوونەوەی
تایبەت بەبارودۆخی کۆبانێ و پرسەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات.
ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری خۆپیشاندانەکە نەسرین یوسف لەپەیوەندیەکی
تەلەفۆنیدا بەماڵپەڕ پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستانی راگەیاند،
ئیدی کاتی دەرکردنی بەیاننامە و وتارخوێندنەوە نییە، کات کاتی کردارە،
ھەرسێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بەبارودۆخی کۆبانێ
لەکاتی خۆیدا بەیاننامەیان دەرکرد، بەڵام ئەو ھەڵوێستانەیان تەنیا وەکو
قسە لەسەر لاپەڕەی کاغەز مایەوە و لەبواری کردەییدا شتێکیان نەکرد،
بۆیە ئەم چالاکیەمان بەمەبەستی داواکاری لەھەڵوێستێکی کرداریانەیە
لەھەر سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێمی باشووری کوردستان و بەتایبەتی
پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان کە رۆڵ بگیڕێت لەوەی کە کانتۆنەکانی
رۆژئاوای کوردستان بەفەرمی بناسێت و دانوستانیان لەگەڵدا بکات و ھاوکات
پەرلەمان داوا لەھێزە ھاوپەیمانەکانی دژ بەگروپی تیرۆریستی داعش بکات
کە فریای گەلەکەمان لەرۆژئاوای کوردستان و شاری کۆبانێ بکەون بۆ ئەوەی
کۆمەڵکۆژیەکی تر لەسەردەستی چەتەکانی داعش بەسەر گەلەکەماندا نەی و
ھاوکاتیش پەرلەمان ھەرێمی کوردستان رۆڵی پەرلەمانێکی نەتەوەییانە
لەئەستۆ بگرێت .
نەسرین یوسف ووتیشی؛ داواکارین لەجەماوەری گەلەکەمان لەشاری قەڵاو
مەنارە بەرۆحی خۆراگری و قارەمانیەتی مێژوویی شاری ھەڵمەت و
ھۆلاکۆبەزێن ھەستن و خاوەنداری لە شکۆمەندی و کەرامەتی نەتەوەیی و
دیموکراتیمان بکەین لەشاری کۆبانێ، چونکە گرۆپی تیرۆریستی داعش دژی
ھەموو دەسکەوتەکانی گەلەکەمانە، کۆبانێ و ھەولێر و ئامەد و مەھاباد
یەکیان بێ ئەوی تریان نابێ .
جێگای ئاماژە چالاکیەکە لەلایەن گروپێک لەرێکخراوەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی، ژنان و حزب و لایەنە سیاسیە کورستانیەکان و کەسایەتی رۆشنبیر و
ئاینی رێکخراوە.
ماڵپەڕی فورات نیوز
info@firatnews.com
|