١٢\٣\٢٠١٤
هەی کەرێکم بوو چ
پەیکەر؟ تەی کەری هەوراز و لێژ!*

وشەجاڕ
لەگەل ئیبلیسی پورزامدا
بڕیارماندا یەکی دەورێ سواری کەرە شێتەکەی ماڵ عەلیی حەمە خان ببین!
کەرێکی دێز! چەپی لە چەپ و ڕاست ئەکوتا! بە مێخزنجیرە ئەستوورەکەیشم و
بگرە بە تیژترین لەغاویش ڕاگیر نەدەکرا! لە خوگالی خەتەرتر بوو! کاتێ
ئەیوت: "چەپ و ڕاست نابود است"؛ ئیتر بڕیاری دەدا کە تەنانەت دەستی
ڕاست و چەپی خۆیشی نابوود بکات! ماچەکی بوو بەڵام هەرچی نێر هەبوو
کردبووی بە کەری خۆی! لە ڕێبازی "کەریسم"دا، فێندەمێنتال و
بناژۆخوازێکی تەواو دەمارگرژ و بگرە جیهادکەر بوو! بە دەستی بوایەت،
جگە لە خۆی و هاوچەشنە ملکەچەکانی، چی بوون؟ـەوەری سەر ئەرزیە بە لەقە
و کیمیایی کەڕ و کوێر دەکرد! هێندە بەخۆخەڕە بوو خۆی بە شابانوو
نەدەگۆڕییەوە!
بەڵام بیللاهی و تیللاهی "انکر الاصوات" نەبوو! بێگومان گەر مرۆڤ
بوایەت و هاوچەشنەکانی کەر نەبوایەن، ئەوەندەی ١٠٠٠ عەزیز جمهور (لایەنگر)ی
هەبوو! بە ڕای من هەرکە بەوە بڵێ "انکر الاصوات"، فڕی بەسەر هونەرەوە
نییە!
سەرتان نەیەشێنم، لەگەل ئیبلیسی بوومەلەرزەدا بڕیارمان دا یەکێ دەورێک
بە کەرە دێز بدەینەوە! ئیبلیس چووە پێشەوە! کەرە دێز لامۆڕێکی لێ کرد!
ئیبلیسی پڕۆگرامێری بوومەلەرزە بەو عەزەمەتیەوە، لە ترسی شابانوو ناوکی
کەوت!
وتم لاچۆ بۆ خۆم! لێی چوومە پێش و تۆزێ دەستم هێنا بە شان و ملیدا! وەک
بە خاوەنی خۆیم بزانێ هیچی نەوت! خۆم هەڵدایە سەرپشتی! چاوتان ڕۆژی ڕەش
نەبینێت، کەرە دێز نیشتە باڵ! بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ئەم کابرایە
بەستراوەتەوە و شێتە! کەر هار، ببورن ژیر بوو! باوەڕ بکەن لە خولەکێکدا
١٢٤ جار لە شوێنی خۆیدا هەڵبدەزییەوە! توند باوەشم کرد بە ملیدا و
پیایا نووسام! چرپاندم بە گوێیدا؛ وتم کەرە گیان خۆت دەزانی هەرچەندە
مەلا نیم بەڵام قورحانم خەتم کردووە، تەڵاقی ٧٠ پشتت کەوتبێ دانابەزم
تا نەتتۆپێنم! کەری چی دەتگوت سەددام حسێنە و خیرەتی بەعسایەتی و
عەرەبیسم گرتوویەتی!...
تەواوی "گڵۆباڵ ویڵیج" بە شێخ و مەڵا و خان و خاس و خراپەوە، لێمان لێ
کۆ بوونەوە، نە ئەو تەسلیم بوو و نە من دابەزیم! وتم کچەتیو کەر مەبە!
بەو محەممەوەی تەپی لە عەرەبی نەپێکاوە بە سواریت ئەڕۆم بۆ حەج! کورە
ئەتبەم بۆ زیارەتی لنین! دەوری دنیات پێ ئەدەمەوە! دەتبەم بۆ پاریس!
کەری چی وەک بڵێی یاسینی بۆ بخوێنم، دەمکرد بە گوێی ڕاستیدا لە گوێی
چەپەوە دەردەچوو! لەبەرخۆیەوە و لە تاوی نامووسی بابردەی، سۆزێکی ئەکرد
بەردی ئەکرد بە ئاو! لە لایەکی دیکەوە لە حورس و حەیفی پێکەنینەکەی
ئیبلیسدا، وازانم لەبیری نەمابوو من وام بە کۆڵیەوە! کەرەی سادیست
دەستی بە ئیبلیس نەدەگەیشت و هەر لە دوورەوە بە لەقە تفی بۆ قووت دەدا!
گەرچی زۆربەی لووشکەکانی بەر دەرگای کایەنەکە دەکەوتن بەڵام لە
کەردۆغان سەراسنینەتر بوو و لە تاو کەریەتی هەستی بە ئازار نەدەکرد! بە
کۆڵیەوە، هەر بەساقەی سینە پان و مووچە کورت و لێوە شیرینەکانی ئەبووم
کەچی حسێبی سەلکەتوورێکی بۆ نەدەکردم!
خەڵکی "گڵۆباڵ ویڵیج" لە گۆ کەوتن و من ئەو کچەتیوە هەر تەسلیمی خواستە
ڕەواکانی یەکتری نەبووین!
خوا جەزایان بداتەوە! ئاخری بە ناوبژیی خەڵکی ئاوایی و چەن
ڕێکخراوەیەکی ئاشتییخوازی نێودەوڵەتی و خاویێر پرێز دێکۆئیار و بە
ئامادەبوونی خاوەنی کەرە دێز و باوکم، سوڵحی عەشایەری کرا و من دابەزیم!
بەڵام ئێستاشی بە دەمەوە بێت هەر حەزم لە سواریی ئەو کەرە خوێن
شیرینەیە!
__________________________________
*
دێڕی یەکەم سەربەندی
هۆنراوەیەکی حەزرەتی نالییە!
ماڵپهڕی
وشەجاڕ
|