په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١١

ئه‌وانه‌ی ده‌خوازن به‌ پیرۆزکردن و مه‌زنترکردنی مه‌زنان خۆیان هه‌ڵبنێن!


دارا ئه‌حمه‌د    

- به‌شی یه‌که‌م -


گه‌لله‌ک زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ هۆی ئاره‌زووه‌ نێرگزییه‌کانیان و خۆدانه‌ده‌ست ره‌وتی باوی ژیان و گوزه‌رانی پڕ له‌ چێژی ئاژه‌ڵییانه‌.. ناکارێن خه‌ریکی خۆهۆشیارکردنه‌وه‌ و خۆڕۆشنکردنه‌وه‌ بن، که‌چی ئێره‌ییان به‌ که‌سه‌ هۆشمه‌نده‌کانی هاوته‌مه‌نانی خۆیان دێ و به‌ هیچ جۆر و شێوه‌ک دان به توانسته‌ جوانه‌کانیان و جێپه‌نجانیان نانێن.. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش - له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانن راسته‌وخۆ به‌رانگژیان ببنه‌وه‌ - ده‌چن به‌ دژی ئه‌وان په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر پیرۆزکردن و مه‌زنترکردنی ئه‌و مه‌زنانه‌ی که‌ له‌ سه‌رده‌مه‌کدا به ‌هۆی کاره‌ به‌ بڕسته‌کانیان بۆ ئه‌وان ده‌مان - که‌ مه‌رج نییه‌ بۆ ئێستا مه‌زن بن - مه‌زنیی خۆیان سه‌لماندییه‌‌.. گه‌ر هه‌نووکه‌ زندیی بان هه‌رگیز نه‌یانده‌هێشت ئه‌و جۆره‌ کۆله‌وارانه‌ی ئێستا له‌ کاره‌کانیان بدوێن چونکه‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ مه‌زن بوون له‌ سه‌رده‌می خۆیان تا سبه‌ینێیه‌کی جوانتر و گه‌شاوه‌تر ئافه‌ریده‌ بکه‌ن نه‌ک له‌وڕۆدا بازرگانییان پێوه‌ بکرێ و به‌ به‌ره‌واژییکردنی ئامانج و ئه‌نجامی کاره‌کانیان بکرێنه‌ بنیشته‌ خۆشکه‌ی سه‌ر زاران.

له‌ ساڵی (١٩٨٥) - له‌ سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیی شاخ -* هاوڕێیه‌کی نایابم هه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی پێکه‌وه‌ ئه‌رکه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تییمان زۆر به‌ رێکوپێکیی ئه‌نجام ده‌دا کاته‌کانی حه‌سانه‌وه‌شمان به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کانیدی به‌ خوێندنه‌وه‌ و دوان له‌ باره‌ی هزر و رامیاریی و کاری وێژه‌یی و هونه‌ریی و... هتد پێکه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌برد، ئه‌و هاوڕێیه‌م هێنده‌ک له‌ من قسه‌ ره‌وانتر بوو و شه‌رمیشی له‌ هیچ که‌سه‌ک نه‌ده‌کرد له‌ ده‌ربڕینی رای خۆی - هه‌ر ئه‌ویش بوو کارتێکردنه‌کی پتری له‌سه‌‌ر دانام که‌ ئه‌منیش تۆکمه‌تر ببمه‌ که‌سه‌کی (له‌کنه‌ خۆم وابی) راستبێژ و ره‌قبێژ، هه‌ر لێره‌وه‌ فره‌ فره‌ سوپاسی ئه‌و هاوڕێ دێرینه‌م ده‌که‌م -، ئه‌وه‌ بوو رۆژه‌ک له‌ ده‌رفه‌ته‌کدا له‌ گفتوگۆیه‌کی نه‌خوازرای نێو کۆڕی پێشمه‌رگان به‌ ناچاریی به‌رانگژی ئه‌ندامه‌کی (مه‌کته‌بی سیاسی) بۆوه‌ و پێیگوت:

- (هاوڕێ، ئه‌توو سه‌ری زمان و بنی زمانت قسه‌کردنه‌ ده‌رباره‌ی مارکس و و لینین و چینی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و شه‌هیده‌‌ زیره‌ک و ئازاکان.. که‌چی هیچمان له‌ خۆت نه‌دیت که‌ شایانی تێڕامان و له‌سه‌روه‌ستان بی

کاکی (مه‌کته‌بی سیاسیی)ش وه‌ک ئه‌وه‌ی گولله‌یه‌کت به‌ روویدا ته‌قاندبی یه‌کسه‌ر هاواری کرد و به‌و شێوه‌‌ و شێوازه‌ به‌رسڤی داوه‌:

- راوه‌سته‌‌.. راوه‌سته‌، (ئه‌وجا هێنده‌ک به‌ نه‌رمیی دوا) راوه‌سته‌ کاکی برا.. ئه‌توو به‌ژنی خۆت دیتییه‌؟! (به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی خوار تا سه‌ری به‌ژنی هاوڕێکه‌م کرد)! ئه‌من ده‌ هێنده‌ی ئه‌و به‌ژنه‌ی توو په‌رتووکم خیندیته‌وه، ئه‌توو کوو ده‌توانی ئه‌و جۆره‌ قسانه‌‌‌ له‌ رووی مندا بکه‌ی!؟ کاکی برا.. بڕۆ لۆ خۆت په‌رتووکان بخینه‌وه‌ گه‌لله‌ک باشتره‌ له‌و قسه‌ قۆڕانه‌.

ئیدی پێشمه‌رگه‌ خزمه‌تکار و گه‌مژه‌کانی ده‌وروبه‌ی دایانه‌ قاقای پێکه‌نینه‌کی گاڵته‌جاڕانه‌... هاوڕێکه‌شم به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رسڤ و پێکه‌نینه‌ هیچ کاره‌کی لێ بکا له‌سه‌رخۆ و به‌ شێوازه‌کی نه‌رمونیان وای له‌ به‌رانبه‌ره‌که‌ی کرد‌ که‌ ده‌رفه‌تی پێ بدا هێنده‌ک قسان‌ بکا.. به‌و مه‌رجه‌ی قسه‌ی پێ نه‌بڕن، ئیدی پاش ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌ی سه‌ری ئه‌رێی بۆ له‌قاند ئه‌و‌یش ده‌ستیپێکرد و گوتی:

- له‌ راستییدا من باوه‌ڕ ناکه‌م به‌و ئه‌ندازه‌ په‌رتووکت خیندبێته‌وه‌.. ئه‌گه‌ر جاروباره‌کیش بخینیه‌وه‌ هه‌ر لۆ ئه‌وه‌ته‌ که‌ هێنده‌ک ناو و مێژوو له‌به‌ر بکه‌ی لۆ ئه‌وه‌ی خۆتی پێ با بده‌ی و لاوازیی توانای خۆتی له‌ بن حه‌شار بده‌ی، ئه‌گه‌ر یه‌ک قیچ توانات هه‌با ئه‌وه‌ وه‌رامه‌کی به‌جێی پرسیاره‌که‌ی منت ده‌داوه‌ نه‌ک ئامۆژگاریی من بکه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر له‌ توو توانام پتر نه‌بی که‌متر نییه‌.. به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌من ستایشی مه‌زنانی سه‌رده‌می خۆیان ناکه‌م تا خۆمی پێ هه‌ڵبنێم.. سوند به‌و کوردستانه‌ی - که‌ ئه‌توو ته‌قه‌ت تێدا نه‌کردییه‌ - هه‌رگیز ناشمه‌وێ ببمه‌ ئه‌ندامه‌کی کارتۆنیی دامه‌زرای (مه‌کته‌بی سیاسیی)** وه‌کی توو، به‌وه‌ش دیاره‌ که‌ ئه‌توو چه‌ند سوودت له‌و په‌رتووکانه‌ وه‌رگرتییه که‌ ئێستا ده‌یبینن.. ئه‌توو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ زۆره‌ک له‌و پێشمه‌رگانه‌ له‌ رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ به‌هێزتری که‌چی به‌ ته‌نێ هه‌ر ئه‌توو ئه‌سپت هه‌یه‌ و یه‌که‌کیش هه‌وساری ئه‌سپه‌که‌ت لۆ راده‌کێشی و چار پێنج خزمه‌تکاریشت به‌ ناوی پاسه‌وان له‌و چیایه‌ چۆل و هۆل و به‌رز و سه‌ختانه‌ که‌ له‌ قاچاغچییه‌کان پتر بترازێ که‌سیدی پێیان ناگا له‌ ده‌وروبه‌ری خۆت راگرتییه‌.. ئاخه‌ر نازانم ئه‌توو پێشمه‌رگه‌ی چی و به‌ چ فه‌رهه‌نگه‌ک په‌روه‌رده‌ بووی.. له‌وه‌ته‌ی ئه‌تووم ناسییه‌ هه‌ر په‌رتووکه‌کانی (- خه‌باتی من -ی هێتله‌ر و - میر -ی ماکیافیللی و له‌و بابه‌تانه
***‌)ت به‌ده‌سته‌وه‌ بووه...‌

کاکی (مه‌کته‌بی سیاسیی) تا ده‌هات له‌ تووڕه‌ییان قورمز ئاسا سۆر ده‌بۆوه‌.. نه‌یده‌زانی چی بکا چونکه‌ په‌یمانی پێدابوو قسه‌ی پێ نه‌بڕێ.. که‌چی خۆی پێ نه‌گیرا و له‌ ناکاوه‌ک - به‌ شێوازی نهێنیی نێوان خۆی و به‌رده‌سته‌کانی - ئاماژه‌کی کرد و ئه‌وانیش هێرشیان کرده‌ سه‌ر هاوڕێکه‌م و قسه‌که‌یان پێ بڕی و به‌ په‌له‌ دووریان خسته‌وه‌...

ئێستا هاوڕێکه‌م که‌سه‌کی پڕ پڕ توانا و شاره‌زا و به‌خشنده‌یه‌ بۆ میلله‌ته‌که‌ی خۆی و سه‌رله‌به‌ری مرۆڤایه‌تیی.. ئه‌ندام (مه‌کته‌ب سیاسیی)ه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌میش هه‌ر که‌سه‌کی گه‌نده‌ڵ و له‌و جۆره‌ کۆله‌وارانه‌یه‌‌ که‌ ده‌خوازن به‌ پیرۆزکردن و مه‌زنترکردنی ئه‌و مه‌زنانه‌ی که‌ بۆ سه‌رده‌می خۆیان مه‌زن بوون.. خۆیان هه‌ڵبنێن!
_______________________________________________
* ساڵی (١٩٨٥): له‌ پاش ئاشکرابوونم له‌ رێکخستنه‌کانی نێو شار تازه‌ ببوومه‌ پێشمه‌‌رگه‌ و تا ده‌رکردنی یه‌کجاره‌کی به‌عسییه‌کانیش له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک درێژه‌م پێیدا که‌ پێم وایه‌ له‌و کاته‌وه‌ ئیدی پێشمه‌رگایه‌تیی کۆتایی پێهات له‌ باشوور.. ئه‌وانه‌ی مانه‌وه‌ش بوون به‌ پاساوانی
پاراستنی گه‌نده‌ڵکارییه‌کانی پارتی و یه‌کێتی و حیزبه‌کانیدی و سیسته‌می چه‌وسێنه‌ر و کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێستای حکومه‌تی هه‌رێم. 

** ئه‌ندامی دامه‌زرا: به‌و که‌سه‌یان ده‌گوت که‌ به‌ هۆی ملکه‌چی و ماستاوچیێتیی له‌ لایه‌ن سکرتێره‌وه‌ داده‌مه‌زرا و له‌ ده‌می هه‌ڵبژاردنیشدا به‌ شێوه‌کی رووکه‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کی ساخته‌کارانه‌دا هه‌ڵیانده‌بژارد.. ئیدی راوی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یان پێ ده‌کرد که‌ به‌ واتای وشه‌ پێشمه‌رگه‌ی گه‌ل بوون.

 

*** (- خه‌باتی من -ی هێتله‌ر و - میر -ی ماکیافیللی): دوو په‌رتووکی به‌سوودن بۆ دڕنده‌ فاشییه‌کان و میر و ده‌سه‌ڵاتداره‌ چه‌وسێنه‌ره‌کان.

 

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک