په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١١

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سڵ لە لێپرسینەوە ناکەنەنەوە.


سلێمانی، 23ی ئابی 2011:


سەنتەری میترۆ بۆ داۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان ئیدانەی هێرش و رێگرییەکانی بەردەم کاری رۆژنامەنوسی دەکات لەهەرێمى کوردستان  و رایدەگەیەنێت هێزەکانی ئاسایشى ناوخۆ سڵ لە لێپرسینەوەی یاسایی ناکەنەوە.

شەوی دووشەممە لەکاتی روماڵکردنی خۆپیشاندنی کۆمەڵێک هاوڵاتی لەشەقامی سالمی شاری سلێمانی، شەش رۆژنامەنوس لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە پێشێلکاریان بەرامبەر کرا.

هاوکار عەبدولستار پەیامنێری NRT بەسەنتەری میترۆی وت "بەبێ ئەوەی جارێ دەست بەوێنەگرتن بکەین هێرشیانکردە پەیامنێر و وێنەگرەکەمان و کامێراکەیان شکاندین و وێنەگرەکەیان بریندارکردین."

رەنجدەر عومەر سەعید وێنەگر لەکەناڵی KNN بە سەنتەری میترۆی وت "لەکاتی وێنگرتندا بووم چوار چەکدار هێرشیان کردە سەرم و بردیانم کامێراکەیان شکاندم  و کاتژمێرێک لای ئۆتۆمبیلەکەیان دەستبەسەر بووم." رەنجدەر جەختیشیکردەوە "ئەو چەکدارانە دەیانوت نابێت وێنەی خۆپیشاندن بگرن."

هەر لەکاتی روماڵکردنی هەواڵی خۆپیشاندانەکەدا هەردوو وێنەگری کەناڵی گەلی کوردستان هاوڕێ قادرو ڕەوا عومەر لەلایەن ئەو هێزانەوە رێگریان لێکراوە.

عومەر کەریم پەیامنێری کەناڵی گەلی کوردستان بە سەنتەری میترۆی وت"هەردوو پەیامنێرەکەمان رێگریان لێکراوەو پەیامنێرێکمان سوکایەتی پێکراوە" ئاماژەى بەوەشکرد "ئەو هێزانە داوای کاسێتەکانیان لە پەیامنێرەکانمان کردووە."

تەلان کۆسرەت وێنەگری کەناڵی NRT بە میترۆی وت"کەسێکی باڵا بەرزی سمێڵ رەش قاتی لەبەر بوو وتی وێنە مەگرە، پرسیم بۆ؟ لێیدام"

دیار ئەحمەد سەرنوسەری گۆڤاری کلیل بە سەنتەری میترۆی وت"بێ ئەوەی داوای پێناسم لێبکەن  و خۆم بناسێنم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هێرشیانکردە سەرم و کامێراکەیان بردم" جەختیکردەوە"پاش یەک سەعات کامێراکەیان بۆ گەڕاندمەوە بەبێ پاتری."

سەنتەری میترۆ پەیوەندی بە هەندێ لایەنی پەیوەندیداروە کرد کە رۆژنامەنوسان تۆمەتباریان دەکردن بەو پێشێلکاریانە، ئەوان ئامادە نەبون لێدوان لەم بارەیە بدەن.

ئەم کردانەی رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە پێچەوانەی بڕگەکانی ماف و ئیمتیازاتی رۆژنامەنوسانە لەیاسای ژمارە 35ی ساڵی 2008 (یاسای کارى رۆژنامەگەری لەهەرێمىکوردستان).

یاسای کاری رۆژنامەنوسی جەختدەکاتەوە، " هەر کەسێک بەهۆی کارەکەیەوە سوکایەتی بەرۆژنامەنوس بکات، یان دەستدرێژیی بکاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە کە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێک لەکاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەرکەکانی دانراوە"

لە بەشی چوارەم ، مادەی حەوتم برگەکانی( چوارەم و پێنجەم) دا هاتوە"رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لەکۆنگرەو چالاکییە گشتییەکاندا هەیە"

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت "لە بەر ئەوەی هیچ کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایشى ناوخۆ لەسەر پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان روبەروی لێپرسینەوەی یاسایی نەبۆتەوە، بۆیە هیچ کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش سڵناکانەوە لە لێپرسینەوە بەپێی یاسای کاری رۆژنامەنوسی ئەمەش جێگەی ناڕەزایی و ئیدانە کردنە."

___________________________________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان. ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.


بۆ زانیاریی زیاتر، پەیوەندیی بکەن بە:

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300  rahmangarib@yahoo.com
نیاز عەبدوڵا، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێر: 0704617014    niyazabdulla@yahoo.com
ئاوات عەلى، ئەندامى بۆردى سەنتەرى میترۆ: 07701435822 awatali@journalist.com
 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک