هێزی ڕه‌گ له کوێیه و ترسی یه‌کێتی له چی دایه؟
ئاراس وه‌هاب
یه‌که‌مجار نییه یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان جیابوونه‌وه‌ی گرووپێک له ئه‌ندامه‌کانی به خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌لآم یه‌که‌مجاره گرووپێکی به‌هێزی لێ جیا ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌دیقه‌ته‌وه له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی یه‌کێتی ورد ببینه‌وه، که له‌باره‌ی ده‌رکردنی ئه‌و چوار کادیره‌وه ده‌ریکردووه، ئه‌وا به‌ئاشکرا ترسی سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت. له خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردبینانه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا، که زۆر دیماگۆژییانه نووسراوه، پێشبینیی ئه‌وه ده‌کرێت، که ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی (ڕه‌گ) ده‌توانێت ببێته ئۆپۆزیسۆنێکی راسته‌قینه و به‌هێز. ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌که و نکووڵیی لێ ناکرێت، چونکه جیابوونه‌وه‌که له‌سه‌ر پایه‌ی ئایدۆلۆژیی ڕووت دانه‌مه‌زراوه. راسته هیچ گرووپێکی سیاسی نییه ئایدۆلۆژی نه‌بێت، به‌لآم مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه هۆی جیابوونه‌وه‌یان له‌به‌ر ناکۆکیی ئایدۆلۆژیی ڕووت نییه، به‌ڵکو بۆ تێڕوانینیانه بۆ به‌رنامه‌کانی واقیع، بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکاری. ئه‌گه‌ر جیابوونه‌وه‌ی ئالآی شۆڕشی مه‌لا به‌ختیار له هه‌شتاکان بیر خۆمان بهێنینه‌وه، ئه‌وا ده‌بینین هۆی جیابوونه‌وه‌ی خۆیان وا نیشان ده‌دا، که یه‌کێتی له ڕێبازی سوسیالیستی لایداوه و به‌ره‌و ڕاست وه‌رگه‌ڕاوه. وایان ڕاده‌گه‌یاند، که یه‌کێتی بووه به ڕێکخراوێکی ڕاستڕه‌و و خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی چینی بۆرژوا و ئامانجه‌کانی ئیمپریالیزمی جیهانی ده‌کات و زۆر له‌و چه‌مکانه‌ی ئه‌وسا له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ باویان هه‌بوو، که ته‌نها له‌ناو فانتازیای گرووپه‌کاندا کاریان پێ ده‌کرا و که‌م و زۆر پێوه‌ندییان به زه‌ویی واقیعه‌وه نه‌بوو. ئه‌نجام له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی کوردستان و دنیادا، مه‌لا به‌ختیار بۆ شوێنی جارانی گه‌ڕایه‌وه، چونکه ناکۆکیی مه‌لا به‌ختیار له‌گه‌ڵ یه‌کێتی له‌سه‌ر بناغه‌ی ئایدۆلۆژییه‌کی ڕووت و پله‌وپایه‌ی حزبایه‌تی دامه‌زرا بوو. سه‌رده‌می جیابوونه‌وه‌ی ئالآی شۆڕش و سه‌رده‌می جیابوونه‌وه‌ی ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی (ڕه‌گ) زۆر جیاوازن. ئه‌وسا یه‌کێتی ده‌یتوانی له‌ناو سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییدا له په‌نا چه‌مکه‌کانی وه‌کو (چه‌پڕه‌و)، (پێشکه‌وتووخواز)، (ڕادیکاڵ)، (مافی چاره‌ی خۆنووسی) و زۆری دیکه‌دا خۆی وه‌کو هێزێکی کاریگه‌ر له‌ناو جه‌ماوه‌ر ده‌ربخات، به‌ڕاده‌یه‌ک ده‌یتوانی خۆی زۆر له ئالآی شۆڕش به چه‌پ و ڕادیکاڵتر بزانێت. بایه‌خدانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌وسای یه‌کێتی به ئه‌ده‌بیاتی مارکسی _ لینینی چ له ڕێگای نووسین و چ له ڕێگای وه‌رگێڕانه‌وه، ئه‌و ڕاستیه‌مان بیر ده‌خاته‌وه، که یه‌کێتی ده‌یویست بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکات زۆر له ئالآی شۆڕش و گرووپه‌کانی دیکه‌ش چه‌پتره. له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی کوردستان و دنیادا ئه‌و هه‌وڵه کاتییه‌ی یه‌کێتی، که هه‌وڵێکی دیماگۆژییانهی ڕووت بوو، کۆتایی پێ هات، چونکه له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی شه‌ڕه‌که‌دا چی تر پێویستی به به‌کارهێنانی ئه‌و چه‌که نه‌بوو. یه‌کێتیی ئه‌مڕۆ یه‌کێتییه‌که‌ی ئه‌وسا نییه. ئه‌مڕۆ شته‌کان له‌م سه‌رده‌مه‌ی میدیای ئه‌لیکترۆنییه‌دا ناتوانن وه‌کو ئه‌وسای شاخ ئاڵۆز و ته‌مومژاوی بن. ئه‌گه‌ر ئه‌وسا یه‌کێتی ئۆپۆزیسۆن بوو و به‌دیهێنانی هه‌موو خه‌ونه‌کانی بۆ ئه‌و کاته هه‌ڵده‌گرت، که ده‌سه‌لآت ده‌گرێته ده‌ست، به‌لآم ئه‌مڕۆ ده‌سه‌لآتی به ده‌سته‌وه‌یه. یه‌کێتی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دهسهلآتیدا ته‌نها خه‌ونی چه‌ند تاکێک له ڕێکخراوه‌که‌ی و هی کۆمه‌ڵێک له نه‌یاره‌کانی پێشووی خۆی به‌دی هێناوه، که بریتیه له پێکه‌وه‌نانی سامان و دهسهلآتێکی گه‌وره. له‌پاڵ ئه‌وه‌دا به‌رده‌وام هه‌ر ناڕه‌زاییه‌کی ئه‌ندامه‌کانی خۆی و هی جه‌ماوه‌ریشی به ڕێگای جۆراوجۆر سه‌رکوت کردووه. پێویست به نموونه هێنانه‌وه ناکات، چونکه ڕاستییه‌کان له‌به‌رچاوانن. ئه‌گه‌ر یه‌کێتی له شاخ له ڕێگای هێزی سه‌ربازییه‌وه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانی یه‌کلا ده‌کرده‌وه، ئه‌مڕۆ تا له توانایدا بێت له ڕێگای ڕۆشنبیره‌کانیه‌وه ئه‌و کاره جێبه‌جێ ده‌کات. ئه‌و جۆره ڕۆشنبیره‌ی ده‌سه‌لآت له ڕۆژانی ئاسایی‌دا وا خۆی نیشان ده‌دات به‌رگری له دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌لآیه‌تی و مافی ده‌ربڕین ده‌کات، به‌لآم له کاتی شه‌ڕی نه‌یاره‌کاندا یان بێ ده‌نگ ده‌بێت، یان وه‌کو ئه‌رکێکی سه‌ر شانی ده‌که‌وێته هێنانه‌وه‌ی پاساو بۆ ده‌سه‌لآت. (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور) له باسێکدا به‌ناونیشانی (پێوه‌ندیی نێوان ڕۆشنبیر و ده‌سه‌لآت له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه) به‌وردی ئه‌و ڕۆشنبیره ده‌ناسێنێت.
ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین یه‌کێتی لای جه‌ماوه‌ر متمانه‌ی نه‌ماوه و چیی‌تر ناتوانێت وه‌کو جاران له ڕێگای پێدانی مژدهکانیهوه خه‌ڵکی خۆبه‌خش بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانی بخاته جه‌نگه‌وه. لێره‌وه‌یه ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی (ڕه‌گ) ده‌بێته خاوه‌نی بنکه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان. ده‌بێته کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌نگ و خواستانه‌ی، که هه‌ر له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه، واته له حه‌فتا و پێنجه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌هۆکاری جیا جیا و بیانووی جۆراوجۆراوه به‌لاوه ده‌نرێن و نا‌ئومێد ده‌کرێن. به مانایه‌کی دیکه ئه‌و گوتاره نۆستالۆژییه له قازانجی په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی (ڕه‌گ) دایه، چونکه زۆربه‌ی ئه‌وانه چ له‌ناو یه‌کێتی و چ له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی، هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌مه ڕێگایه‌که، که ده‌توانێت له‌لایه‌ک بۆ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌کێتی بگه‌ڕێته‌وه و له دیدێکی دیکه‌وه به‌و نه‌هامه‌تیانه‌دا بچێته‌وه، له لایه‌کی دیکه ئه‌و ڕێکخراوه به ئاڕاسته‌یه‌کی دیکه‌دا به‌رێت، جیاواز بێت له‌و ئاڕاسته‌یه‌ی گرتوویه‌تی و به‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه، که له‌ناو گه‌نده‌ڵییدا چه‌قیوه. که‌م نیین ئه‌وانه‌ی چ له‌ناو یه‌کێتی و چ له ده‌ره‌وه‌یدا چاوه‌ڕێی گۆڕان و ڕیفۆرمن، بگره له‌و چاوه‌ڕێکردنه ماندووش بوون. که‌واته له باری واقیعه‌وه ئه‌و خاڵه پۆزه‌تیڤه له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، که ئه‌و چوار کادیره له‌ناو یه‌کێتییه‌وه هاتوون؛ شایه‌تی هه‌موو گۆڕانکاری و هه‌وراز و نشێویه‌کانی یه‌کێتیین. هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه، که ده‌ریخات ئه‌وانه گرووپێکی گه‌نده‌ڵن، یان باکڕاوندێکی خراپیان هه‌بێت، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و چوار که‌سه جیاوازن له‌وانه‌ی هه‌ر له‌ناو یهکێتتییهوه دێنه ده‌رێ و هه‌موو سه‌رمایه سومبۆلییهکانی خۆیان به پارتی ده‌فرۆشن. له به‌یاننامه‌که‌ی یه‌کێتییدا ته‌نها گوتراوه ئه‌وانه گێره‌شێوێنن، که ئه‌مه‌یان زیاتر به قازانجی ئه‌م گرووپه ده‌شکێته‌وه، چونکه ئه‌وان گێره‌شێوێن بوون له‌ناو حزبێکدا، که سه‌رتاپای گه‌نده‌ڵییه. ئه‌مه زیاتر متمانه‌ی ئه‌و گرووپه لای جه‌ماوه‌ر و له‌ناو بنکه‌کانی یه‌کێتیدا زیاد ده‌کات. هه‌ر له ئێستاشه‌وه نیشانه‌کانی په‌یدابوونی ئه‌و متمانه‌یه به‌ڕوونی ده‌رکه‌وتووه. زۆر که‌س باوه‌ڕیان وایه، که ئه‌مڕۆ بۆ یه‌که‌مینجار ئۆپۆزیسۆنی ڕاسته‌قینه و کاریگه‌ر له دایک ده‌بێت.
|