٧\١٠\٢٠١٦
ھێزی خۆشەویستیی ناپێورێ و دەستەمۆ ناکرێ.

ناودار زیاد
ھەر جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان دوو مرۆڤدا لەئارادابێت تام و چێژەکەی
لەوەدایە لەسەر بنەمای یەکسانیی و بەرانبەری بەڕێوە بچێت. سروشتی ھەر
پەیوەندییەکی تۆ لەگەڵ ئەویتردا وا جوان و شایستەیە ھاوتەریب بێت.
بەواتایەکی تر ئەوە نەخوازراوو ناپەسەندە یەکێکیان خۆی باڵا ببینێت و
بەرامبەرەکەی نزم ببینێت، یەکیان خۆی لەسەرەوە دابنێت و ئەویتر لە
خوارەوە، یەک ئەفزەڵییەتی خۆی بدات بەسەر ئەویتردا. یەک ڕێز بنوێنێت و
ئەویتر نەینوێنێت. ئەو پەیوەندییەی بەم شێوەیە درێژەی ھەبێت بێ واتاو
بێ ناوەڕۆکە.
سەروەت و سامان، دیدگاو باوەڕو فکری جیاواز، شتە تایبەتیی و
سەربەخۆکانی لێبەدەرکە، چونکە سازشکردن لەمانەو دەسبەرداربوون لێیان بە
زیان و زەرەری کەسەکە تەواو دەبێت، دەسا بە تەواوەتی بڕوام بەوە ھەیە
دوو کەسیی نزیک) ئەندامانیی یەک خێزان، دراوسێ، ھاوڕێ، ھاوپیشە،،،( لە
پەیوەندی شەخسیدا دەبێت ھەموو شتێک بە پێوەری نیوە بە نیوە لە نێوان
خۆیاندا دابەش بکەن; گفتوگۆ، ڕێز، نرخ، خۆشیی، خەفەت، دڵتەنگیی،
ھاوکاری، ناکۆکیی، شەڕ،،،ھتد. لەمانەدا ھەریەکەیان ھاوبەش و ھاوپشکی
ئەویتریانە. لەکاتێکدا ئەتوانیت ھەریەک لەم چالاکی و پڕۆسەو ھەستانە
ڕاگریت، ئەنجامی نەدەیت، پێی ھەڵنەستیت و وێڵی بکەیت یان ژی کەمتەرخەمی
لەئاستدا بنوێنیت. ئەمانە ئەچنە چوارچێوەی پەیوەندی و حسابات و کتاباتی
تۆ لەگەڵ ئەویتردا.
لە نێوان ھەریەک لەم بەھاو ھەستە ئینسانیانەدا شتێک ھەیە ئاوارتەو شازە،
حاڵەت و سروشتێکی تایبەتیی و جیاوازی ھەیە. ئەویش بریتییە لە سۆزو
خۆشەویستیی. ھەستی سۆزو خۆشەویستیی بە یەکسانی دابەش ناکرێت، ئیللا
لاسەنگی و ناھاوسەنگی تێدایە، لایەنێک زیاتر ئەیبەخشێت بە لایەنەکەی تر،
ئەمیان سەدا حەفتای ئەدات کەچی ئەو سەدا سیی بەویان ڕەوا ئەبینێت.
ناتوانیت بڵێیت بەھەمان ڕێژەو بڕ کە خۆشەویستیی ئەبەخشم پێویستە پێم
ببەخشرێتەوە، بەواتایەکی تر نابێت لە چاوەڕوانی ئەوەدابیت چەندە
خۆشەویستیی ئەبەخشیت بە بەرامبەرەکەت ئەویش بەھەمان شێوە ئەوەندە
خۆشەویستیت پێ ببەخشێتەوە. لە خۆشەویستییدا یەکسانیی و تەرازوو وجودی
نییە. تۆ ھەر ئەوت خۆشەوێت کەچی ئەو تۆی خۆشناوێت. تۆ ئامادەی نواندنی
سۆزی لەکاتێکدا ئەو بەھیچ شێوەیەک ئامادە نییە. ئەو دەسبەرداری سۆزو
خۆشەویستیی بووە لەھەمبەر تۆ کەچی تۆ دەسبەردار نابێت، مەسەلەکە بەم
شێوەیەیە; ھەرچەندی ئەکەی لێی تێ ناگەیت و سەری لێ دەرناکەیت.
کەوایە سۆزو خۆشەویستیی ڕەگەزێکی ئاڵۆز، تەمومژاوی، ئەفسوناوی و یەکجار
کاریگەرە لە مرۆڤدا، بە ڕوون و ڕەوانی دەلالەتی لێ ناکرێت، قسەکردن
لەبارەیەوە سەختەو ئاسان نییە. پێودانگ و پێوانەکردنی نەکردەنیی و
نەشیاوە. لەلایەکی ترەوە چەندەی لە ڕووکاری دەرەوەدا لەڕێی زمان و
ھەڵسوکەوت و ڕەمزو ئاماژەوە خۆی نمایش ئەکات دوو ھێندەو زیاتریشی
پەنھان و شاراوەو نادیارە.
پەیوەندی سۆزو خۆشەویستیی لە نێوان دوو کەسدا بە تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی
بەیەکەوە بەستراوەتەوە، بەھیچ جۆرێک ناتوانیت توێ توێی بکەیت و شی
بکەیتەوە. شتێکە نابێت دەسکاری بکەیت، ھەتا بڵێی ناسک و ھەستیارە، ئەمە
لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ھیچ ھێزێک ناتوانێت بەر بە تەوژمی خۆشەویستیی
بگرێت، بانگەشەکردن بۆ دەستەمۆکردن و زنجیرکردن و خەفەکردنی خۆشەویستیی
شتێکی ساویلکانەو گێلانەیە. ئێستا زیندانیی ئەکەیت دوایی زیندان
ئەشکێنێ، لێرە سەرکوتیی ئەکەیت لەولا سەر دەردێنێتەوە. بۆیە دەتوانین
بڵێین خۆشەویستیی وەک ڕووبار وایە، ئاخر ڕووبار خۆی ئاڕاستە وەردەگرێت،
خۆی جێی خۆی ئەکاتەوەو ڕێی خۆی ئەدۆزێتەوە. پێش پێ گرتن و بەربەست قبوڵ
ناکات، ھەر شتێک بێتە بەردەمی ئەیداتە پێش خۆی و ڕایئەماڵێت، کەندو
کۆسپەکان ئەبڕێت. خشکۆڵیی و بە ڕەوت و لەنجە ئەڕوات، وەک تولە مار پێچ
ئەخوات و گینگڵ ئەدات، وەلێ سرەوتیی بۆنییە، ھەرگیز ئۆقرە ناگرێ و
داناسەکنێ. بەجۆرێک ڕاوەستان و کۆتایی و تەواوبوون بە فەرھەنگی سۆزو
خۆشەویستیی نائاشناو نامۆیەو تێیدا جێی نابێتەوە.
znawdar910@gmail.com
|