په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٨\٢٠١١

    هیچ.

هەردى شەفیق

لەم مەیتخانەدا گەورە بووین و تەرمى هەموو دۆستەکانمان بینى
جەنازەى هەموو عاشقەکانمان ناشت لە کاتى پێکەنیندا
تۆ دەتزانى پێم بڵێ
ئەو پەروانە بە باڵە گڕگرتووەکانیەوە بۆ کوێ ئەڕۆیشت
خۆ پێم وتى ئەوەتانێ سێبەرەکەشت خوێنى لەبەر ئەڕوا
تارماییەکەشت دەستى بەزامە کولاوەکەى ڕۆحیەوە گرتووە

من پێم وتى کەژیان حورمەتى بوونمان ناگرێت ئیدى بۆچى بژین؟
تۆ لێت پرسیم
کە مردنیش هیچ لەخامۆشى ئەم تاریکیە نەگۆڕێت ئیدى بۆچى بمرین؟

خۆزگە ژیان ئەوەندە دڵڕەقانە تەڵاقى نەئەداین
خۆزگە ئەم عەشقە، ئەم لاشە خوێنى خۆى نەیئەبرد
خۆزگە ئەم ئاسکە بریندارە بە پاوانەکەى خەیاڵى منا نەئەڕۆیشت
خۆزگە ئەم داڵغانە پڕنەئەبوون لەغەدرێکى خودایی

ئاو و ئاگرى ئەم دڵەى ئێمە پێکەوە نایانکرێ
تۆ پێم بڵێ یارۆ
خودا ئیشى بەدڵى ئێمە چیە کاتێک جێ پەنجەکانى ئەو ئەسڕینەوە
بارانى چى بنێرێ کاتێک ئەم ئەستێرەیە ئەخنێکنین بە سەراب
چۆن چۆنى ئازارەکانمان ببینێ کاتێک ئەم زەویە پڕئەکەین لەتاریکى
ئەى خودا بمگەڕێنەوە ناوسکى دایکم و
لەوێشەوە بمکەرەوە بە دوو قەترە ئاو
تا لەوێدا پێت بڵێم
ئیتر من نامەوێ بۆ ئەم دنیا سەخیفە بێم.

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک