١٢\٨\٢٠١٣
حکایەتی کەرتەکانم...

شوان عوسمان
کە تۆ لەمن ئەبی ،کەرتێک
لەمن ئەبێ،
من لە کەرتێک ئەبم..
ئەوە فیراقی کەرتە ،کە کەرتم ،کەرت ئەبێت،
من کەرت ئەبم، کەرت کەرتم ئەکات...
کەرتم لە کەرتت ئەبێت...
تۆ کەرت ئەبیت،
کەرتت لە کەرتم بەرئەبێت...
کەرت بوون هەر ئەوە نیە تۆ لەمن ببی،
من لە تۆ ببم..
تۆ لەتم ئەکەی بە خۆت،
تا لەت ببم..
لەتێکم لەتتر ئەبێت،
بە تۆ..
من کەرت ئەبم، بە خۆت...
هەر کەرتێکم لەت ئەبێ ،هەر لەتێکم کەرت ئەبێت...
تا خۆم کەرت کەرت ئەبم...
کەرتەکانم لەت ئەبن ،لەتەکانم کەرت ئەبن..
من لە نێوان لەت وکەرتەکانمدا،
رێگایەکم نیە، بۆ یەکبوونم تا کەرت نەبم..
تا لە دووڕیانێکدا دوولەت ئەبم...
رێگا لەتم ئەکا،
دووڕیانێک کەرتم ئەکا بە خۆی..
جێیەکم دیار نابێ پێیدا بڕۆم،
جێگا شەقارم ئەکا...
ئەڕۆم و چەند ئەکەم وەکو خۆم لێ نایەتەوە،
قەت وەکو خۆم نابم ،
شەقار شەقارتر ئەبم..
بستێکم نابێت تا خۆمی تێدا خڕ کەمەوە،
خۆمم پێدا کۆ نابێتەوە..
تا لە شوێنێکدا چەند جار بەسەر خۆمدا،
دابەش ئەبم ..
لە خۆم دەرئەکرێم...
ورد ئەبم ،بوخارم پەرش ئەبێت..
بێ ئەوەی بزانم رووم لە کام روودا ئەبێت،
چوونم بۆ کام لادا ئەچێت..
بە هیچ لایەک ناگەم،
خاڵەکانم لێک دوور ئەکەونەوە،
پارچەکانم بەرباد ئەبن..
پارچە پارچە ئەبم..
هەر پارچەیەکم بەرەو لایەک ئەچێت،
تا بایەک هەبێت، بەبا ئەبم..
پارچەکانم ناگەنەوە بەیەک ،بە مەنزلێک ناگەنەوە،
من ناگەمە مەنزلێک تا بە ماڵێک ئاشنا ببم..
ئەڕۆم هەر بەڕێوە لەت ئەبم،
وەکو پەلک ئەوەرێم..
لە دوورەوە لەتەکانم ئەبینم،
لەوێدا لەتم ئەکەن، ئەوەرن،
ئەبارن..
لێرەدا کەرتەکانم کەرتم ئەکەن،
لەوێدا لەتەکانم لەتم ئەکەن..
دووریەکان زێتر ئەبن، دوورترم ئەکەنەوە..
مەوداکان ماوەیان نابێت تا بمگەننەوە یەک،
لە خۆم دوور ئەکەومەوە، لە خۆت دوور ئەبم..
جارێکی تر خۆم بزر ئەکەم..
کەرتێکم لەبن باڵمدا، گەرم نابێتەوە..
کەرتەکەی دیم خۆی خڕ ناکاتەوە،
تا خڕم کاتەوە...
من خڕ نابمەوە،
تا تۆ کەرت بیت، بە من.
تا من کەرت بم، بە تۆ...
تا کەرتی تۆ لە کەرتی من دوور کەوێتەوە،
تا کەرتەکانمان بەیەکتر غەریب بن...
هەریەکەمان کەرت ئەبین،
کەرت کەرت وکەرت ئەبین..
لەت لەت ولەت ئەبین..
ئەوەیە حکایەتی کەرت بوونی کەرتەکانم،
لە ساتی کەرت بوونم بە تۆ،
ئەی نیشتمانم، نیشتمانی کەرت کەرتم...
٧\٣\٢٠١٣
- ئەمستردام
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|