په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

''حیکایەتی موڵک و ماڵەکانی کۆمپانیای وشە'' و سەرنجێک!


تاهیر عیسا       


حیکایەتی موڵک وماڵەکانی کۆمپانیای وشە، سەردێڕی وتارێکی سالار عەزیز، ی بەکرکوژی شاعیرە کەلە ھەندێک ڕۆژنامە کوردیەکاندا بڵاوبۆتەوە و لەبەشێکی وتارەکەیدا دەڵێت: (پاش وازھێنانی کاک نەوشیروان و وەرگرتنی گردی زەرگەتە و ئەپارتمانێکی گەورەو ٢٨٠ دۆنم زەوی لە ‌بازیان و دە ملیۆن دۆلار لەلایەن مام جەلالەوە، ئێمە یانی کاک مولازم عومەرو کاک قادری حاجی عەلی و من، بە ‌چاکمان زانی لەگەڵ کاک نەوشیرواندا لەمەڕ پێکەوە کارکردنێکی نوێ ئەم جارەیان بە ‌شێوازێکی جیاواز لەناو یەکێتیدا، گفتوگۆ بکەین. پاش چەندین جار دانیشتن و وتووێژ، لەئەنجامدا دەستەیەکی پێنج کەسیمان وەک سەرکردایەتی ئەم مینبەرە پێکھێنا کە بەشێوەیەکی ئاشکراو دیموکراتیانەو سەردەمیانە لە پێناوی چاکسازی لەناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا درێژە بەخەباتی بدات.


ئەوەی ئەبوە بەربەست لەم کارەدا ھەوڵی کاک نەوشیروان بو، کە ئەیویست ئەم موڵک و ماڵە ‌لەسەر کومپانیای وشە تاپۆ بکات کە ھی خۆی بو. بۆیە ئێمە پێمان وت باشتروایە بەناوی تۆوە نەبێ، ئەم ڕێبازە یەکێ لەکارە گرنگەکانی چونەوەیە بەگژ ئەوانەی تەماعیان لەسەروەت و سامانی خەڵک و ئەم نیشتمانەیە، با ھەوڵبدەین ڕێگەکی دی بدۆزینەوە. کاک نەوشیروان وتی با بەناوی ھەرپێنجمانەوەی بکەین. ئێمە رەتمانکردەوەو رازی نەبوین و بە ‌شۆخییەوە وتمان یانی کە ‌مردین مناڵەکانمان بێن و بڵێن بەشی باوکمانی پێوەیە!!!).

نەکبەتی و نەھامەتی خەڵکی کوردستان، تەنیا لە بوونی دەستەڵاتێکی گەندەڵ و فاسیدو دژە ئازادی و دژە یەکسانی ئینسانکوژدا، نییە!


بەڵکو لە بوونی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەش دایە کە جارنا جارێ لەناو گەرمەی ڕوداو و ململانێ سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابوریی و چینایەتیەکانی کۆمەڵگادا، وەک فریادڕەس دەردەکەون و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتەکانی خەڵک دەبن، کە سالار عەزیز، خۆیشی پێشتر بەشێک بوو لەم درۆیەی گۆڕان وگۆڕانخوازی، پاشەڵ و داوێنیان زۆر لە پاشەڵ و داوێنی ئەوانە پاکتر نییە کە لە بەرامبەریاندا وەک ئۆپۆزیسیۆن سەرھەڵدەدەن!


نەوشێروان مستەفا، کە وەک کاریزمایەکی فریاد ڕەس و بەڕواڵەت خاکی، لەناو دڵی جەماوەرێکی مەحڕوم و مەزڵوم و مەغدوردا، بۆ دەورانێک توانی جێگای خۆی بگرێت و لەخشتەیان بەرێت، کە لەپشتی ئەو بەخاکیی بوونەشیدا کە بەناڕەوا وەک عەبایەکی پیرۆز بۆ بەپیرۆزکردنی بەبەریدا دەکرا، دەیان کردەوەی دژە مرۆیانەی کۆن و تازەیان چاوپۆشی لێدەکردوو ھەموو تاوانەکانیشی لەدیدو بۆچوونی ھەر ئەو جەماوەرەدا، پاساو دەدراو تاوان و جینایەتکردنیشی بێشک لەئایندەی بزوتنەوەکەشدا وەک پێویستیەک لەملانێ سیاسیەکانیدا شەرعیەت پێدەدایەوە!


ئەگەر کوژرانی وریای کادیری کۆمەڵە لە ڕێکخستنەکانی دوکاندا بەتەوری جەبارفەرمان و بەفەرمانی نەوشێروان، لەھەشتاکاندا، لەسەر جیاوازی بۆچونەکانی و عێڕاقچی بوونەکەی و گوللەبارانکردنی عەوڵاسوری پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالیست بە بەرچاوی خێزان و مناڵ وکەس وکاریەوە، لەلایەن نەوشێروانەوە لەساڵی ۱۹٨۱،دا وەک دیلی شەڕو کارەساتی قڕناقەو پشتئاشان و قەتڵ و عامی شیوعیەکان و گولەبارانکردنی دیلەکانیان، وەک خۆیان ئیدیعای دەکەن بەشێک بن لەمێژوویەک وەک بەرەنجامی ململانێی خوێناویی و توندو تیژیانەی نێوان لایەنە جۆراوجۆرەکانی ناو شاخ ولادێکاندا، ئەی دەبێت ھێرشی ئاسایشی سلێمانی بەفەرمانی نەوشێروان، بۆ سەر پێنج لە کادرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق و لەخوێنھەڵکێشانیان و نەدانەوەی تەنانەت تەرمەکانیشیان بە کەس وکاریان ودواتریش داخستنی تەواوی بارەگاکانی ئەو حیزبەو قەدەغەکردنی ھەڵسوڕانی سیاسییان و ڕاوەدوونانی کادیرو لایەنگرانیان، لەسەردەمی شارو گەمەو پڕوپاگەندەی دیموکڕاسیدا، پاساواکەی چیبێت؟ کە ھەموو ئەمانە لەلای جەماوەرەکەی چاوپۆشی لێدەکراو ھیچ حیسابێک لەسەر مێژوی ئەم دەست ھەتا ئانیشک بەخوێنە نەدەکرا، ھەر ئەوەیان لێچاوەڕواندەکرا، کە ئاکامەکەی ئەمڕۆ دەیبینین، کە چ باجێکی قورسیان لەسەر خۆشخەیاڵیە پوچەکانی خۆیاندا!


ئەو نەک ھەر خاکی نەبوو، سەرباری ھاوتابوونی مێژووی خوێناویان لەگەڵ بنەماڵە تاڵانچی و فاسیدەکانی دیکەش، تۆزقاڵێک، جیاوازی نەبوو، کە بەملیۆنان دۆلارو بەدەیان دۆنم زەوی زارو کۆمپانیاو کۆشک وتەلاری وەک میرات بۆکوڕەکانی جێھێڵا.


ئەگەرمێژووی حوکمڕانی کۆن و تازەی ھەر یەکە لە بارزانی و تاڵەبانی و حیزب و بنەماڵەکانیان وەک نوێنەری سەرمایەو سەرمایەداران لەکوردستاندا، پڕ بێت لە ناشیرینی و قێزەونیی، جەنگ وکوشتاری ناوخۆیی، دیلکوژیی و ژنکوژی وسەرکوتی سیاسیی و سەرکوتی خۆپیشاندان ودەنگی ناڕازی، کوشتن وتیرۆری چالاکانی سیاسیی و... ھتد.. ئەوا ھەر ئۆپۆزیسیۆنێکیش کە لەسەر بنەمای ھەمان سیستەم و ھەمان سیاسەت و جیھانبینی و ھێشتنەوەی ھەمان یاساو ڕێسای کوێرانەی بازاڕی ئازادو ھەمان پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، بێ کەم و بێ زیاد دەردەکەوێت، ئینجا چی بەناوی گۆڕان وگۆڕانخوازی بێت یان بەناوی نەوەی نوێ و نوێخوازی بێت، بەبێ شک کارنامەی سیاسی ئایندەشی لەمانەی پێشخۆی باشتر نابێت، ھەروەک ئەمڕۆ گۆڕانخوازانی دوێنێی باوکی ھەژاران، لەپاڵ دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرو دژە ئازادی و یەکسانی ئەمڕۆدا دەبینین، چۆن بە کردەوە بوونەتە نەک گۆڕانخواز، بەڵکو لەمپەر لەبەردەم گۆڕان و گۆڕانخوازیدا. ئەمەش ئاکامەکەی جگە لە چاندنی تۆوی نائومێدی و دڕدۆنگی لەناو زەین و تێگەی گشتیدا بۆ گۆڕانکاری و دنیایەکی باشتردا چیدیکەی لێشین نابێت و ھاتنە میدانی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە لە ناو ھەناوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا دەباتە دواوە، کە بە قازانجی چینی فەرمانڕەواو حیزبەکانیدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە.
______________________________________________
بەستەری وتارەکەی سالار عەزیز:
www.awene.com/article?no=17172&auther=2591

 

 

٢٠\٣\٢٠٢١

taheresa_9@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک