په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٩\٢٠١٠

حیکمەتی بایکۆت!


ستار محەمەد قادر


هەمیشە و لە هەموو کات و شوێنێکدا دەروازەیەک هەیە بۆ پێکەوە کارکردن، زۆر جارو لە زۆر شوێن بە هۆی داخران و نەکرانەوەو هەژموونی رژێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکانەوە، ئەو دەروازەیە دادەخرێت، هەڵبەتە داخران کۆمەڵێک ئاڵۆزی دێنێتە ئاراوە، بێ گومان کرانەوەش ئەو ئاڵۆزییانە دەخاتە پەراوێزەوە!


وڵاتی تورکیا، یەکێکە لەو وڵاتانەی سەرباری بە عیلمانی بوون و دیمۆکراسییەتێکی موتوربەکراو بە ئەقڵییەتی کەمالیزم، بەهۆی داخرانییەوە، ساڵانێکە لە نا ئارامی سیاسیی و ئەمنیدا دەژێت. ئەمڕۆ ئەوە تەنها کوردەکان نین درک بەو دۆگما بوونەی تورکیا دەکەن، بەڵکو بەشێکی چاک لە سیاسەتمەدارو رۆشنبیرانی تورکیش کرانەوەی زیاترو پێکەوە کارکردن بە زەرورەتێک دەبینن. گەلی کورد لە تورکیا، کار بۆ بنبڕکردنی جیاوازییەکان دەکات. خوازیارن گەلی تورک و کورد پێکەوە کار بۆ ئاوەدانکردنی وڵاتەکەیان بکەن. تورکیا ساڵانێکە باجی رەشنووسی دەستوورە کەمالیەکەی دەدات، دەستوورێک بە پێی ماددە یاسایی و رێنماییەکانی، جگە لە تورک، نابێت نەتەوەیەکی دیکە لە تورکیادا هەبێت!


ئەم بیرکردنەوەیە یەکێک بوو لەو فاکتەرانەی کە تورکیای بە ئاقارێکدا برد، زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان سەرنجیان هەبێت لەسەر بە ئەندام بوونی تورکیاو تێکەڵبوونی بە خێزانە ئەوروپییەکەی.


ئەمڕۆ پارتی دادو گەشە پێدان A k p)) دەیەوێت دەروازەیەک بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو ئاڵۆزییانە تێپەڕێنێت، پارتە کوردییەکانیش چۆنێتی بەشداریکردن و مامەڵە کردنی ئەو دۆخە بە مافێکی سرووشتی و یاسایی خۆیان دەزانن، بۆیە ئەمجارەیان گەلی کورد لە دەلاقەی بایکۆتەوە بەشداریی فیعلی ئەو پرۆسەیەی کرد، هەر چەندە وشەی بایکۆت، بە واتاو مانای " موقاتەعە" بەشدارینەکردن دێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا کار لەسەر پێچەوانەی وێنەکە دەکرێت، لە ژیواری وەهادا بەشداریکردنی راستەوخۆو کارا لەڕێی "بەشدارینەکردنەوە" بە شێوەیەکی راستەوخۆ شکڵ وەردەگرێت!


بێ گومان بایکۆتیش وەکو هەر شتێکی دیکە، جۆری زۆرە. بایکۆت هەیە، خوێندنەوەی باش و تەندرووستی بۆ نەکراوەو لە رێی میزاجەوە نەخشەی رێگای بۆ دەکێشرێت، هەڵبژاردنی 2005 بە نمونەو بەشدارینەکردنی سونەی عەرەب لەو پرۆسەیەدا، هیی وەهاش هەیە هەزارو یەک حیسابی بۆ دەکرێ و ئەوجار بڕیاری لەسەر دەدرێت. بایکۆت هەیە لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و گرژی ماسوولکەکان و تەسکی بینین و نا ئەقڵانییەتەوە سەرچاوە دەگرێت، هیی وەهاش هەیە دەکرێت بە ئەلتەرناتیڤی شتی دیکەو دەبێت بە تەواو کەری پرۆسەیەک!


بایکۆت هەیە لە نێوەڕۆکیدا هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان و بەرقەرار بوونی ئارامی و لێکگەیشتن و سڕینەوەی ئاسەواری شەڕو عەسکەرتارییەتە، هیی وەهاش هەیە هەمیشە کار بۆ سڕینەوەی بەرانبەرو چاندنی تۆوی دوو بەرەکی و تۆخکردنەوەی ناکۆکییەکان و دۆگما بوون و رەتکردنەوەی دانووستان و دایەلۆگ و بەبەردەوامی ئیش بۆ چەواشە کردنی راستێکان دەکات!


دوازدەی ئەم مانگە، گەلی کورد لە باکور، لە رێفراندۆمی سەرتاسەری بۆ هەموارکردنی بیست و شەش بڕگەی دەستووری لەو وڵاتەدا، لە رێگای پەیامی بایکۆتەوە، لە توانایدا بوو هاوکێشەی نێوان " ئەرێ و نەرێ" بگۆڕێ و بایکۆت وەکو چارەسەری سێهەم هەڵبژێرن و بیکات بە نوێنەری گەلێک و خۆی لە نێوان خواستی هەردوو حزبی حاکم و ئۆپۆزسیۆن بهێنێتە دەرەوەو لە شوێن مەتڵەب و تەرحی ئەوان، ئەولەوییەت بە مەتڵەب و تەرحی گەلێک بدات. لە شوێن داواکاری و ویست و ئیرادەی ئەوان، ئەندێشەی گەلێکی ستەملێکراو پێش بخات!

لە راستیدا من ئەوە ناشارمەوە کە " بایکۆت " بە روواڵەت گوزارشت لە " موقاتەعە" کردن دەکات، بەڵام لە حەقیقەتداو لە رەوشێکی وەهادا دەلالەت لە بوونێکی ئەرێنی خاوەن تاکتیک و خوێندنەوەی وردو ئەجێنداو رەهەندی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و درووستکردنی واقیع، نەک خۆ رادەستکردن بە واقیعێکی تاڵ و دژوار دەکات، چونکە دەبێت بە باشی ئەوە لەبەر دید بگرین، ئەگەر پاشکۆ بوون، ئەرکی سەرشانی گەلی کوردی لە باکوور قورستر نەکردبایە، دڵنیابن لەوەی بە هیچ شێوەیەک سووکی نەدەکرد!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر