په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

حکومەت چ کارەیە؟!
- سەبارەت بە خۆکوشتنى گەنجێکى تر - .


  بەشدار
عه‌لی  


گەندەڵى و رۆتین و بێبەرنامەیى و بێ پلانى و فەوزایەک کە ئیستا لە کوردستاندا هەیە،لە هەڕەمەکانى سەرەوە هاتۆتە خوارەوە و هەر ئەوان کردویانە بە دیاردە و هەموو خەڵکیان تێئاڵاندووە بۆ ئەوەى هەڵوێست و کردەوەکانى خۆیان تیایدا وون بێت،بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەو وەزعیەتە بەرەو باشتر بەرین دەبێت لە سەرى مارەکەوە دەست پێبکەین،کاتێکى زۆر تێپەڕى و دەرفەتێکى باش لەبەردەستا بوو لەماوەى ئەو چەند ساڵە ئەگەر عەقڵێکى حکیم هەبوایە دەتواندرا زۆر بە ئاسانى کۆمەڵێک کێشە چارەسەر بکرایە کە ئیستا لە گەردنى خەڵک بۆتە تەوق و رۆژانە قوربانى لێدەکەوێتەوە.


دەسەڵاتى سیاسى بۆچى لەماوەى دەسەڵاتیان توانیان مەحسوبیەتى حیزیاتى بۆ ناو هەموو کون و کەلەبەرەکانى ئەو مەملەکەتە رۆبچوێنن،خوێندن و پەروەردە و فێرکردن و فەرهەنگ و کەلتور و مێژوو ورەنگ و ووشە و...،سەراپایى جوڵە و هەڵسوکەوتى کائینەکانیان تەژى کرد لە حیزبایەتى،بەڵام بۆچى خورافیات و توندوتیژى و چیرۆکە ئەفسانەییەکانى نێو پرۆگرامەکانى خوێندنیان لە کۆڵ مناڵان و لاوان نەکردەوە؟ کە بۆتە هۆى یەخسیرکردن و کۆیلە و بێدەسەڵاتى تاک و دورستکردنى مرۆڤێکى ئیفلیج!رۆژانە قوربانیەکانى دەبینین و (هەژاریش)قوربانیەکى ترە.


(هەژار ئەسعەد)قوربانیەکى ترى دەسەڵاتى بەرێوەبردنى ئەو مەملەکەتەیە،لەکڵاورۆژنەیەکى مانگى ئابدا بە پەتێک لە گەرەکى سەرکارێزى شارى هەولیر بەهۆى دەرنەچوونى لە قوتابخانە و دورست کردنى کێشە لەلایەن ماڵەوەیان خۆى خنکاند و بۆ هەتایە چاوەکانى لێکنا و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش بۆ ئەبەد بە فەرامۆشیان سپارد!دەبێت ئەو رووداوانە کە ئەرشیف ناکرێت دەبێت ببێتە پەڵیەکى رەش و بۆ مێژوو تۆمار بکرێت.


راستە کوردستان نزیکەى نیو سەدە بە دەست جەللادترین رژێمەوە بوو،هێز و ئیرادە و تواناى مرۆڤەکان وورد و خاشکرا و هەموو جومگەکانى ژیان لەبەریەکترازا و تاکەکان لەسەر سیستەم و بیرکردنەوە و عەقڵیەتێک گۆش کران، خاڵى لە هەموو مەنتق و بیرکردنەوەیەکى دورست،بەڵام دوایى دوو دەیە لە بەرێوەبردنى حکومەتى کوردى،دەسەڵاتى سیاسى نەک هەر کارى نەکرد لەسەر کاڵبوونەوەى ئەو ئاسەوارە خراپە لەسەر ژیان و بیرکردنەوە و چارەنووسى خەڵکى کوردستان ،بەڵکو بە هەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوە و سیستەم و پرۆگرامەوە خەڵکى نقومى نێو مەرگ و سەرگەردانى و دڵەراوکێ و دەیان دەرد و بەڵا و نەخۆشى دەروونى و جەستەیى کردەوە و درێژەى بە ژیانێک دا کە تەنها قابیلى بەشەر نیە.


دوایى هەموو هەوڵەکان و چاوەروانیەکى زۆر ئومێدێک نەماوە بۆ باشتر بوون،بۆیە رۆژانە دەیان هەواڵى خۆکوژى و کوتایهێنان بە ژیان بە شێوازى جیاواز لە شار و شارۆچکە و گوندەکانى کوردستان گوێچکە و چاوەکانمان ئازار دەدەن،بەبێ ئەوەى کەسان و لایەن و دەزگایەکیش لێپرسینەوە و بەدواداچوونى بەدوادا بکەن.


دەمێکە گوتومانە سیستەمى پەروەردە و فێرکردن لەم مەملەکەتە دارزیوترین و ئیفلیجترین سیستەم و پرۆگرامە و دەبێت بخرێتە زبڵدانى مێژووەوە،بەڵام دەسەڵاتدارانى کوردستان گەرەکیانە لەرێگاى کۆنى و دواکەوتویى ئەو سیستەمانە درێژە بە تەمەنى خۆیان بدەن و خەڵک بۆ هەمیشە لە تاریکى و نەزانیدا بژین و دەرگاى هۆشیارى و زانست و مەعریفەیان بەسەردا دابخەن تەنها بۆ ئەوەى خۆیان بمێنن.


باشە حکومەت چ کارەیە؟ کاتێک پرۆگرامێکى خوێندن نەگۆرێت و نەتوانێ خەڵک لەم جەنگە ترسناکە رزگار بکات،شانى خۆى لە هەموو پێداویستى و خزمەتگوزارییەکى خەڵک خاڵى کردۆتەوە و خەڵکى بە قەدەر سپاردوە،دەزگایەک دانەمەزرێنێ بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە،خۆ لە رووى بەرهەمهێنانیشەوە لە خوار هێڵى سفرەوەیە تا ئیستا(لاستیک و تور و مەسینەش)لە دەرەوە ئاودیو دەکرێ،ئیتر مانایەک نەماوەتەوە بۆ حکومەت بوون.

 


8/9/2008

Bashdar_net@yahoo.com