١١\٦\٢٠١١
حکومەت
گرێکوێرەی قەیرانەکانی کوردستانە.
- داخوازیی هەڵوەشانەوەی حکوومەت شکست بە
گفتوگۆی پێنج قۆڵی دەهێنێ -

ستیڤان ئەحمەد
دوا بەدوای بەیاننامەی حەوت خاڵییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە 2912011 کە
بە روون و ئاشکرایی باس لە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی هەرێم دەکات. پرسی
هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت بووە بە ئەجیندایەکی بەهێز و بایەخداری
هێزەکانی دەرەوەی حکوومەت. ئەگەر ئەم داخوازییە لە سەرەتاوە تەنیا
خواستێکی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان بووبێت بە تەنیا، ئەوا لە کاتی
سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی شاری سلێمانی کە ماوەی 61 رۆژ "حەڤدەی
شوبات بۆ نۆزدەی نیسان" بەردەوام بوو، بووە بەشێک لە ئەجیندای هەر دوو
حزبی ئیسلامی و تێکڕای ئەو خۆپیشاندەرانەشی لە دەرەوەی بنکەی جەماوەریی
هەر سێ حزبی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی کوردستانن. بەشێوەیەکی هەمیشەیش
لیژنەی هەماهەنگی ئۆپۆزیسیۆن "گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو" لە هەموو
کۆبوونەوە و راگەیەندراوەکانیاندا جەختیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی
کابینەی شەشەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە، بە تایبەت لە رێی
ئەو پڕۆژە بیست و دوو خاڵییەی کە وەک بناغەیەک بۆ هەر پرۆسەیەکی
دانوستان و گفتوگۆ جەختی لەسەر دەکەنەوە. بەشێوەیەکی گشتیی ئەگەرچی هەر
سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەت دوای دەستپێشخەرییەکی سەرۆکی هەرێم
ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستان دەربڕیوە، بەڵام پێشمەرجی ئۆپۆزیسیۆن کە
وەک وتمان پڕۆژە بیست و دوو خاڵییەکەیە و لەوێشدا بە ئاشکرا داوای
هەڵوەشاندنەوەی ئەم کابینەیەی ئێستای حکوومەت دەکرێت، یەکێکە لەو خاڵە
زۆر زەق و پڕ ئاڵۆزیی و حەساسییەتانەی پرۆسەی گفتوگۆی دواخست و وا
مەزندە دەکرێ هەنووکە پرۆسەی گفتوگۆ لاواز بکات، چوونکە ئەگەر
ئۆپۆزیسیۆن هەر پێداگریی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت بکات، ئەوا
کردەی دایەلۆگ ناگاتە هیچ ئەنجامێکی ئیجابی.
حکوومەت لای یەکێتی و پارتی هێڵی سوورە.
پارتی و یەکێتی، دەڵێن نە مەرجمان هەیە و نە مەرجیش قبوڵ دەکەین،
دووپاتیشی دەکەنەوە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت هێڵی سوورە و جۆرێکە لە
کودەتا بەسەر شەرعییەتدا. لەو بارەیەوە "عیماد ئەحمەد" ئەندامی مەکتەبی
سیاسیی یەکێتی، هەڵوێستی پارتی و یەکێتی دەخاتەروو و دەڵێ: دەبێ
سووربین لەسەر چاکسازیی، سووربین لەسەر ئەوەی یاسا سەروەر بێت، سووربین
لەسەر ئەوەی بەگفتوگۆ چارەسەری مەسەلەکان بکەین و شەرت قبوڵناکەین و
شەرتیشمان نییە، هەموو لایەکمان هەماهەنگی بکەین بۆ جێبەجێکردنی 17
خاڵەکەی پەرلەمان و هاوکاریی حکوومەت بکەین بۆئەوەی بتوانێت چاکسازیی
بکات، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە ئۆپۆزیسیۆن و غەیرە ئۆپۆزیسیۆنەوە
هەماهەنگییەک بکەین بۆئەوەی ئاشتییەکی نیشتمانی لەناو ماڵی کورد دروست
بکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەموومان پێکەوە خزمەتێکی باشی ئەم پرۆسەیە
بکەین.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پێیوایە دەبێت هەموو لایەک رێز لە
شەرعییەت بگرن و ئەوە لەبەرچاو بگرن حکوومەت و پەرلەمان شەرعییەتی
یاسایی و دەستوورییان هەیە، بۆیە نابێ داوای هەڵوەشانەوەیان بکەین و لە
درێژەدا دەڵێت: شەرعییەت ئەو شەرعییەتەیە خۆی لەپەرلەمان و سەرۆکایەتی
هەرێم و حکوومەتدا دەبینێتەوە، شەرعییەتێکە بە هەڵبژاردن هاتووە،
شەرعییەتێکە بەدەنگدان هاتووە، موئەسەساتێکە ئەوە بیست ساڵ زیاترە
دروستبووە، با ئێمە بتوانین موئەسەساتی شەرعی خۆمان قایمتر بکەین چ
بوارە یاساییەکەی و دادوەریی بێت چ بوارە تەنفیزییەکە بێ کە حکوومەتە چ
تەشریعییەکە بێت کە پەرلەمانە، سەرۆکایەتی هەرێمیشمان هەیە، هەقە
حورمەتی ئەو دامودەزگایانە بگرین و گۆڕانکاریشی تێدا دەکەین، با
بەشێوەی ئاشتیانە بێت، بەشێوەیەک بێت کە خۆمان وتوومانە با هەڵبژاردنی
پێشوەخت بکرێت لەو هەڵبژاردنە میللەت دەنگی بەکێدا با ئەو خەڵکانە
دەسەڵات بگرنە دەست، با نەریتی ئەوە لەناو میللەتەکەمان دروستبکەین
ئیتر بەسە توندوتیژیی، زمان زبری بەسە.
بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی و پەرلەمانتارانی لیستی کوردستانی،
رەتیدەکەنەوە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت چارەسەری کێشەکان بکات، بەم
هۆیەوە ئەوان دژی ئەو داخوازییەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنن و ئامادەنین
بەو مەرجەوە دانوستان بکەن. "ژیان عومەر شەریف" پارلەمانتاری پارتی لە
لیستی کوردستانی پێیوایە: هەڵوەشانەوەی حکوومەت هەرگیز چارەسەر نییە بۆ
بارودۆخەکە، چوونکە لەئێستادا رەوشەکە ئاڵۆزە و نائارامە. وتیشی:
پرسیار دەکەم ئایا حکوومەتەکەی ئێمە تەکنۆکرات نییە؟ (د.بەرهەم ساڵح)
گەورەترین بڕوانامەی لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان بەدەستهێناوە، زۆربەی
وەزیرەکان بڕوانامەی دکتۆرا و خوێندنی باڵایان لە دەوڵەتانی ئەوروپا
بەدەستهێناوە، ئیتر حکوومەتی تەکنۆکرات چییە؟، لەبەرئەوە ئەوە
بەچارەسەر دەزانم، هەموومان لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین، چوونکە
بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی میللەتی کورددا نییە، ئەمەریکا هێزەکانی لە
عێراق دەکشێنێتەوە، شەڕی کورد و عەرەب لەئارادایە و ئەمەریکییەکانیش
خۆیان ئەو ترسەیان هەیە لەوەی شۆڤێنییەکان جارێکی تر هەڵکوتنە سەر کورد،
لەبەرئەوە دەبێت هەموو لایەک بەسنگ فراوانییەوە سەیری بارودۆخەکە بکەین،
هەموومان دەبێ قوربانی بدەین، چ لەلایەن دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن، بۆیە
دەبێت دابنیشین لەسەر مێزی گفتوگۆ و گیانی قوربانیدانیشمان هەبێت بۆ
مەرجەکان.
هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت بۆ لێدانی یەکێتییە.
ئەگەرچی سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەت سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی
گۆڕان بانگەشەی ئەوە دەکەن، مەبەستیان لە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت لێدان
لە یەکێتی نییە کە سەرکردەیەکی ئەو حزبە سەرۆکایەتی حکوومەت دەکات،
هەرواش دەیانەوێت دڵنیایی ئەوە ببەخشن، ئۆپۆزیسیۆن کێشەی شەخسیی لەگەڵ
سەرۆک وەزیران نییە، بەڵام یەکێتی پێیوایە ئەو مەرجە لێدانە لە پێگەی
یەکێتی و بەهیچ شێوەیەکی بەو مەرجەوە ئامادە نین لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن
گفتوگۆ بکەن. "لەتیف شێخ عومەر" ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت پێیوایە: ئەوەى دەوترێ ئەم کابینەیە
سەرکەوتوو نەبووە تۆمەتێکى سیاسییە و پشتئەستوور نییە بە داتا و
زانیاریى ئەو کار و بەرنامانەى کابینەى شەشەم جێبەجێى کردوون. ئەم
تۆمەتە تۆمەتێکى سیاسییە و ئامادەکراوە بۆ شەڕێکى سیاسیى، ئەو لایەنەى
ئەم تۆمەتە دەبەخشێتەوە هیچ باکى نییە حکوومەت چى دەکات ء چى ناکات و
هەڵسەنگاندنەکەشى لەسەر ئەو ئاستە نییە، بەو بەڵگەیەى هێشتا ئەم
حکوومەتە یەکەمین هەنگاوى نەنابوو لە پەرلەمانى کوردستان و لەرۆژى
متمانە بەخشیندا متمانەیان نەدایە، ئەوان نەیانزانیبوو ئەم حکوومەتە
دەیەوێت چى بکات ء چى نەکات، متمانەیان نەدا بە بەرنامە چاکسازییەکەى،
ئەمە جگە لەوەى بە بەرنامەیەکى تێروپڕ و تۆکمە، رۆژانە و سەعاتە و
سەعات کارکراوە بۆ ناشرینکردن ء قێزەونکردنى وێنەى حکوومەت لەپێناو
دروستکردنى کەشێکى جەماوەریى و کۆمەڵایەتى بۆ گۆڕانکارییەک خۆیان
مەبەستیانە، کە تەنیا گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت ئەو
گۆڕانکارییەیە خەڵک خۆى داواى دەکات و لە رێى هەڵبژاردنەوە دەکرێت و
هەر گۆڕانکارییەکى بەدەر لەمە گۆڕانکارییەکى سیاسییە.
گۆڕان و یەکگرتوو ئامانجیان رووخانی حکوومەتە.
لە وەڵامی روانگەی پارتی و یەکێتیدا کە پێیانوایە داواکردنی
هەڵوەشانەوەی حکوومەت جۆرێکە لە کودەتا بەسەر شەرعییەتدا، چوونکە ئەو
داواکارییە ناشەرعییە، سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێیانوایە داواکاریی
هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت کارێکی ئاسایی و یاساییە. لەو رووەوە "هیوا
میرزا سابیر" ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو پێیوایە: داوای
هەڵوەشاندنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەر گۆڕانکارییەکی تر لە
پێکهاتەی دەسەڵاتی هەرێم داوایەکی یاساییە و نابێ خوێندنەوەی
شەڕەنگێزیی یان پیلانگێڕیی یان کودەتای بۆ بکرێت. ئێمە هەموومان وڵات
و پەرلەمان و حکوومەتی خۆمان خۆشدەوێت و خزمەتکردنی بە ئەرکی
نیشتمانی خۆمان دەزانین. بە قەناعەتی من یەکێک لە گەورەترین
مەترسییەکان لەسەر ئەم حکوومەتە، ئەوەیە هەمان سیاسەت و نەهجی قۆناغی
دوو ئیدارەیی و دەسەڵاتی حزب دەیبات بەڕێوە و لە هەرێمدا دەسەڵات لەتە
و لە رێگەی دوو ئیدارە و دوو ئیرادەی زۆرجار پێچەوانە بەیەک دەبرێت
بەڕێوە. وتیشی: چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و گێڕانەوەی دەسەڵات و
میسداقییەت بۆ حکوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی بە چاکسازیی
و گۆڕانکارییەکی ریشەیی دەکرێ کە لەم قۆناغە لەیەکخستنەوەی دەسەڵات و
ئیدارە و ئیرادەکان و هەڵوەشانەوەی ئەم حکوومەتە و دواتریش ئامادەسازیی
بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێن خۆی دەبینێتەوە، بەبێ ئەمە هەموو
پێهەڵسان و پڕۆژەکان بۆ چاکسازیی بێ دەرەنجامە.
سەرکردەکانی گۆڕانیش هەمان بیرکردنەوەی یەکگرتووی ئیسلامییان هەیە و
پێیانوایە خودی کابینەکە یەکێکە لە نیشانەکانی شکستی ئەو سیاسەتە
حکومدارییەی کوردستانی پێ بەڕێوە براوە، "یوسف محەمەد" سەرۆکی سەنتەری
توێژینەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە پڕۆژە 22 خاڵییەکەی ئۆپۆزیسیۆن
قورئان نییە تا قابیلی دەستکاریی نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا
رایدەگەیەنێت کە گۆڕان دەخوازێت حکوومەت هەڵبوەشێتەوە ئەگینا گفتوگۆ
هیچ دەرئەنجامێکی نابێت، هەر بۆیە ئەو سەرکردەیەی گۆڕان ئەو 156
کۆبوونەوە بە بیر دەهێنێتەوە کە وەختی خۆی و لە دوای رێککەوتنامەی
واشنتۆن لە نێوان پارتی و یەکێتیدا کران و هیچ ئاکامێکی ئەوتۆشیان
نەبوو، بەم بۆنەوە گۆڕان نایەوێ هەمان ئەزموون دووبارە بکاتەوە. سەرۆکی
سەنتەری توێژینەوەی گۆڕان ئەوەشی وت: هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت
زەمینەخۆشکەر دەبێت بۆ دانانی بەرنامەیەکی جیددی سیاسیی تازە بۆ
ماوەیەکی ئینتیقالی تا وەکو گۆڕانکارییەکان بێنە پێشەوە و زەمینە بۆ
هەڵبژاردنێکی بێلایەنانە و پاک و دروست بڕەخسێ، ئاوا دەگەڕێینەوە بۆ
گەمەی دیموکراسی و ئەوکات هەرکەس بردییەوە پیرۆزی بێ و با ئەو کەسە
بکاتە سەرۆکی حکوومەت کە خۆی دەیەوێ.
یوسف محەمەد، ئەوەی رەتکردەوە د.بەرهەم ساڵح هێڵی سووری بزووتنەوەکەیان
بێت یان لابردنی سەرۆکی حکوومەت پێشمەرجی ئەوان بووبێت بۆ پرۆسەی
دانوستان. وتیشی: تەحەفوزمان هەیە لەسەر د.بەرهەم، چوونکە بەرپرسیارێتی
لەسەر شانە، ئەو سەرۆکی حکوومەت و یەکەم دەسەڵاتی جێبەجێکردنە،
رەخنەمان لە کاری ئەو هەیە و پێمانوایە نەیتوانیوە حکوومەتێکی کارا
دروستبکات و ئامادەش نییە پێ لە لێپرسراوێتی خۆی بنێ و ئیستیقالە بکات.
بەداخەوە هەندێکجار چەواشەکاریی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دەبینین، من
بەحەقی نابینم سەرۆکی حکوومەت لەبەردەم پەرلەماندا هەڵەی گەورە و زەق
بکات، خەڵکانێک فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، چوونەتە دادگا و کاتێک
دادوەر لەوێ نەبووە چوونەتەوە بۆ ماڵ، ئاخر تۆمەتبار دەبێ دەستگیر بکرێ
چۆن دەبێ خۆی بڕواتە بەردەم دادگا و کاتێک دادوەر لەوێ نییە بڕواتەوە
ماڵ؟ د.بەرهەم سەرۆک حکوومەتێکی بێدەسەڵاتە، لە سلێمانی لەلایەن
ناوەندە حزبییەکانەوە گرفتی بۆ دروستدەکرێ، کەچی سەرباری ئەمانە،
د.بەرهەم بەردەوام پاساو بۆ مانەوەی خۆی وەک سەرۆکی حکوومەت دێنێتەوە.
هەڵوەشانەوەی حکوومەت بواری گفتوگۆ ناهێڵێتەوە.
زۆرێک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە
پێداگریی هەر سێ لایەنی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان، لەسەر
هەڵوەشاندنەوەی کابینەی شەشەم رۆڵی نەرێنی زۆری هەیە لەسەر هەرچی زیاتر
دوورکەوتنەوەی دانیشتنە پێنجقۆڵییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە
سیاسییەی ماوەی سێ مانگە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، باس لەوە دەکرێت
مەرجەکانی ئۆپۆزیسیۆن زیاتر لە پەڵپی سیاسیی دەچێت تا داخوازیی سیاسیی،
چوونکە ئەوە بوار بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوەی لایەنەکان لەسەر مێزی دایەلۆگ
ناهێڵێتەوە، بەڵکو هێندەی تر رۆڵی دەبێت لە دوورکەوتنەوەی زیاتری نێوان
هێزەکان، لەم رەهەندەوە دەکرێت بڵێین مەرجەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەت
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی هەرێم کۆتایی رێگاکەیە و بواری
لێکتێگەیشتنی سیاسیی کەم دەکاتەوە، لە بەرامبەر ئەم داخوازییەی
ئۆپۆزیسیۆندا هەردوو لایەنی دەسەڵات "پارتی و یەکێتی" داوای هەڵبژاردنی
پێشوەخت دەکەن، چوونکە ناکرێت بۆشایی ئیداریی لە کوردستان دروست ببێت،
هەروەها حکوومەتی گواستنەوەش دادی دۆخەکە نادات، چوونکە ئەو جۆرە لە
حکوومەت تەنیا حکوومەتی "تەسریف ئەعمال"ە و ناتوانێت بڕیاری سیاسیی و
ئابووری و کارگێڕیی گرنگ دەربکات.
هەرچی لایەنەکانی ئۆپۆزیسۆنە سوورن لەسەر ئەو داخوازییەی خۆیان و بەڵکو
پڕۆژە 22 خاڵییەکەی هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن وەک بنەما و پێشمەرج بۆ
هەر جۆرە گفتوگۆیەک پێشنیار دەکەن و بەبێ ئەوە ئامادەنین بچنە ناو هیچ
پرۆسەیەکی دانوستانەوە، لەمبارەوە "محەمەد تۆفیق رەحیم" وتەبێژی
بزووتنەوەی گۆڕان لە دوا لێدوانی خۆیدا ئەوەی خستەروو، ئۆپۆزیسیۆن بە
بەرنامە و پڕۆژەی خۆیەوە دەچێتە ناو هەر پرۆسەیەکی دانوستانەوە، ئەوەشی
راگەیاند بەرنامە 22 خاڵییەکە بنەمایە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو
بەرنامەیە ناچنە ناو هیچ پرۆسەیەگی گفتوگۆوە، لە بەرامبەردا "ئازاد
جندیانی" وتەبێژی فەرمی یەکێتی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "ئەو
لێدوانانەی وتەبێژی حزبی گۆڕان جارێکی دیکە ئەو قسانەمان دەسەلمێنێتەوە
کە بزووتنەوەی گۆڕان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە بۆ دانیشتن و
دانوستاندن و دیارە ئەوان قازانجی بزووتنەوەکەیان تەنیا لە بارگرژیی و
ئاڵۆزییدا دەبیننەوە، بۆیە نە بۆ دانیشتن ئامادەن و نە بۆ هەڵبژاردنی
پێشوەخت، ئەمە هەڵوێست و نیەتی گۆڕانە و ئەمە حەقیقەتی گۆڕانە".
Shamzini79@yahoo.com
|