حکومەتێکى گەندەڵ و پەرلەمانێکى زەلیل.
رێبوار رەزا چوچانى
لەو کاتەوەى کە حکومەتى هەرێم دەست بەکار بوە، یەکەمین گرفتى ئەم حکومەتە گەندەڵى بوە، گەندەڵى وەک پەتایەک خەریکە تەواوى سەروەریەکانى حکومەتى هەرێم دەخاتە بەر هەرەسى تیاچونەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت نەیتوانیوە خۆى لەم کێشەیە قوتار بکات، هۆکارەکەى بە بڕواى من نەبونى تواناى حکومەت نیە لە بەرانبەر ئەم دیاردەیەدا، بە قەد ئەوەى کە حکومەت مەیلى بنبڕ کردنى ئەم دیاردەیەى نیە، چونکە بە پێى ئەوەى کە گرفتى گەندەڵى سەردەمانێکە بونى هەیە و سەردەمێکە بۆتە هۆکارى رق لێبونەوەى خەڵک لە بەرانبەر حکومەتدا، بەڵام تا ئێستا حکومەت وەک کێشەیەک سەیرى ئەم پەتایە ناکات، بەڵکە لە زۆر کاتیشدا حکومەت پاداشتى گەندەڵکاران دەداتەوە و پلە و پایەیان بەرز دەکاتەوە، بەمەش دەیەوێت بە خەڵک بڵێت گەندەڵى بە لاى دەسەڵاتەوە گرفت نیە، بەڵکە گرفت لاى دەسەڵات دەنگ هەڵبڕینە، گرفت لاى دەسەڵات تەنیا باسکردنى گەندەڵیەکانە، بۆیە زۆرجار بەو یاسایانەى کە وەکو لاستیک کێشى دەدەنێ و کەمى دەکەنەوە، هەوڵى بنبڕکردنى دەنگ بەرزکردنەوەکان دەدەن، کە باس لەگەندەڵآ و نەبونى سیستەمى دەسەڵات و ئیدارى دەکەن لەم هەرێمەدا.
دەسەڵات خۆى سەرچاوەى گەندەڵیەکانە، ئەو گەندەڵیانەى کە بونەتە سیماى ناشیرینى دەسەڵات، یەکێکە لەو کارانەى کە لەلایەن خودى دەسەڵاتەوە ئاسانکارى بۆ دەکرێت، ئەوەتا لە زارى یەکێک لە بەرپرسانى دیوانى چاودێرى دارایى کوردستان( هەولێر )، باسى ئەوە دەکرێت، کە ئەوان راستەوخۆ ئەو راپۆرتانەى کە لە بارەى گەندەڵکارانەوە ئامادەى دەکەن، دەینێرنە نوسینگەى تایبەتى نێچیرڤان بارزانى، بەڵام لە جیاتى ئەوەى سەرۆکایەتى حکومەت ئیجرائات لەگەڵ گەندەڵکاراندا بکات، بەڵام هەندێکجار ئیمتیازاتى زیاتریشیان دەداتێ، ئایە ئەمە دەروازە کردنەوەى دەسەڵات نیە بۆ ئەوەى بەرپرسانى ناو دەسەڵات گەندەڵى زیاتر بکەن و ئەمەش هەولێک نیە بۆ بە ئاسایى نیشاندانى گەندەڵى، کە لەم سەردەمەدا بە یەکێک لە سیما ناشیرینەکانى دەسەڵات دادەنرێت؟، کاتێکیش لێپرسینەوە نەبو لە ئاست گەندەڵى و سەرپێچیەکان، ئەوا گەندەڵیش لە ناو گەندەڵکاراندا بە یەکێک لە هەڵە ئەخلاقیەکانى مرۆڤ سەیر ناکرێت، چونکە هێشتا گەندەڵى لەم وڵاتەى ئێمەدا نەبۆتە هۆکارێک بۆ لێپرسینەوەى ئەو کەسەى کە ئەم کارە دەکات.
لە لایەکیترەوە هێشتا پەرلەمان نەبۆتە دەزگایەک کە دەسەڵاتێکى رەهاى هەبێت، بۆ ئەوەى هەوڵى بەرباسخستنى کێشەکانى خەڵک بکات و لە سەروى هەمووشیانەوە، هەوڵى ئەوە بدات کە لەسەر کەموکوڕیەکانى خەڵک حکومەت بانگێشتى پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەى لەسەر دیاردەى گەندەڵى ئیجرائاتى پێویست بکات، من بڕوا ناکەم کە پێگەى پەرلەمان لە ئاست سەرکردایەتى حیزبەکانیشدا بێت، بەڵکە پەرلەمان لە ئاست مەڵبەند و لقەکانى حیزبدایە، بۆیە ئەوانەش کە لە پەرلەماندان تواناى ئەوەیان نیە، کە جارێک لە جارەکان باسى گەندەڵی حکومەت بکەن و بە پێویستى بزانن گەندەڵکاران بانگێشتى پەرلەمان بکەن، ئەو کارانەش کە ئەنجامى دەدەن شتى رۆتینین و هیچ جورئەتێکى تێدا بەدى ناکرێت، لە دواینترین شتە سەیر و سەمەرەکانى پەرلەماندا دەرکەوت، کە پەرلەمان پشتنابەستێت بەو بەڵگانەى کە رۆژنامەکان بڵاوى دەکەنەوە، چونکە وەک پەرلەمان باسى دەکات دەبێت ئەندام پەرلەمان خۆى بەدواى راستیەکاندا بچێت، بەڵام ئەگەر واى دابنێین کە راستە و دەبێت ئەندام پەرلەمانەکان ئەو کارە بکەن، بەڵام بۆچى تا ئێستا نەمانبینى کە ئەندام پەرلەمانێک لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت لەسەر کەمتەرخەمییەکانى، یان ئەوەش دیسانەوە پاساوێکى زۆر لاوازە بۆ شەرعیەتدان بە گەندەڵى، کە تەواوى دەسەڵاتەکانى هەرێم لێی بەرپرسیارن، باشە ئەگەر بەڵگەى رۆژنامەکان بە هەند وەرناگیرێت، ئەى بۆچى بە دواداچون ناکەن بۆ ئەو هەموو راپۆرتەى، کە چاودێرى دارایى ئامادەى دەکەن و لێوانلێوە لە گەندەڵى حکومەت و بەر پرسان، بۆیە دەگەینە قەناعەتێک کە بڵێین، گهندەڵى وەک پەتایەکى خەتەرناک لەلایەن دەسەڵاتەوە سەیرى ناکرێت، بەڵکە وەک بەخششێک پێشکەش بە بەرپرسان دەکرێت، ئایە دواتریش ناگەینە ئەو رایەى کە بڵێین: لە ئاست ئەم حکومەتە گەندەڵەدا، پەرلەمانێکى زەلیلمان هەیە، کە تواناى لێپرسینەوەى نیە لەو هەموو گەندەڵکارە.
rohani1983@gmail.com
|