حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،په‌که‌که و ده‌وڵه‌تی تورک.
ڕێناس جاف
له هه‌ل و مه‌رجێکدا که‌ش و هه‌وای جیهانی که‌وتۆته به‌ر کارتێکه‌ری ئه‌گه‌ری له‌شکرکێشی سوپای تورک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان به بیانووی سه‌رکوتی په‌که‌که و ئه‌م پرسه نیگه‌رانییه‌کی زۆری بۆ سه‌رپاک هاووڵاتییانی کوردستانی له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا دروست کردووه،لای من کێشه‌که به قازانجی دۆزی ڕه‌وای کورد ده‌چێته پێش و تا دێ ڕۆژی له‌چاڵ نان و هه‌ره‌س هێنانی سیاسه‌ته گڵاو و کرێته‌کانی دوژمنانی گه‌ل نێزیک‌تر ده‌کاته‌وه. دوابه‌دوای ڕابوونه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی ساڵی 1991 و پاشانیش نه‌مان و له‌ناوچوونی ڕژێمه‌به‌دناوه‌که‌ی به‌عسی ئێراق و دامه‌زرانی هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ له باشووری کوردستان و دروستبوونی ئیداره‌ی کوردی له‌م به‌شه‌ی کوردستان،خه‌ونه‌خۆشه‌که‌ی جاران له چاوی ده‌سته‌ڵاتدارانی تورک زڕا و هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه که‌وتنه هه‌وڵ و پیلانگێڕی و په‌له‌قاژه بۆ له‌باربردنی ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ی کوردان.
هه‌ڵبه‌ت ده‌سته‌ڵاتدارانی تورک له‌مێژساڵه هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی کوردی باکووری کوردستان ده‌ده‌ن و هه‌ر به‌ینه و ناوێکیشی له‌سه‌ر داده‌نێن . ئاوڕدانه‌وه له پرسی کوردی باکووری کوردستان بۆ خۆ مژارێکی تایبه‌ته و توێژینه‌وه‌ی کارناسانانه و پسپۆڕی ده‌وێ و له تاقه‌تی ئه‌م نووسینه‌ش ئه‌وده‌ره و دایده‌نێین بۆ ڕۆژانێکی دی و هه‌لێکی له‌بارتر.
به‌خته‌وه‌رانه سه‌قام و هێوری و ئاسایشی باشووری کوردستان و ئاڵۆزی به‌رده‌وامی به‌شه‌کانی دی ئێراق ،ئه‌و هه‌له‌ی خسته به‌رده‌م سه‌رانی کوردی باشووری کوردستان، تا زێتر وه‌خۆ بکه‌ون و هه‌وڵی ڕاستینه و هه‌ره‌قه‌تی بۆ پێکهێنانی ئیداره‌یه‌کی کوردی بده‌ن. ئه‌نجامی ئه‌م هه‌وڵه‌ش سه‌رباری ئاژاوه‌ی په‌یتاپه‌یتای ناحه‌زانی کورد و هه‌موو که‌م و کوڕی و که‌مایسییه‌کی نێو ده‌زگه‌کانی حوکوومه‌تی هه‌رێم به‌ڵام وا چۆکی به دوژمنان داداوه هه‌ر ڕۆژه و مژولی پیلانێک به دژی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانی ئازاد و سه‌ربه‌خۆن و هه‌ر به‌ینه و له پێته‌ختی یه‌کیان کۆڕێکی تایبه‌ت ده‌به‌سترێ و ئامانجیش هه‌ر یه‌که و ئه‌ویش نه‌زۆک هێشتنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌وڵێک به مه‌به‌ستی پێکهاتنی حوکوومه‌تێکی کوردی.
وه‌کی ئیشاره‌تی پێدرا ئیداره‌ی کوردی ئه‌رچی ئیداره‌یه‌کی ساوا و که‌م ئه‌زموون له کاری حوکمداریدایه و ڕه‌خنه‌ی زۆری له‌سه‌ره به‌ڵام ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ی بۆ هاووڵاتییانی کوردستانیی بووه له سه‌رانسه‌ری دونیا و له به‌شه‌کانی دی کوردستانی بنده‌ست دا شانازی پێوه بکه‌ن و له‌و لاشه‌وه بۆته چقڵی چاوی ناحه‌زانی کورد. ئه‌م ئیداره تازه دامه‌زراوه ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت هه‌وڵی باشی بۆ پێکهێنانی کیانی کوردی داوه و له‌چاو ده‌وڵه‌تانی ناوچه و ئه‌زموونی دوور و درێژیان له حوکوومه‌ت کردن دا به خۆشحاڵییه‌وه توانیویه هه‌نگاوی شیاو هه‌ڵبگرێ و خۆی باش ده‌ربخات.
ئه‌رچی به‌رده‌وام له لایه‌ن ڕووناکبیرانی کوردی ئه‌ورووپانشینه‌وه تیر و توانج و پلار و ڕه‌خنه‌ی زۆری ده‌خرێته سه‌ر و به‌داخه‌وه ئه‌وان به‌حه‌ق و ناحه‌ق زۆر کێشه و گیر و گرفتی ئیداره‌ی باشووری کوردستان بۆ نێو مێدیای جیهانی ده‌گوێزنه‌وه و ئه‌مه‌ش دیاره به‌شێکی له دڵسۆزی و په‌رۆشی و خه‌مخۆری ئه‌وانه‌وه‌یه و ده‌یانه‌وێ کوردستانه‌که‌یان شان به شانی وڵاتانی خودان ژیار و پێشکه‌وتووی ئه‌ورووپی پێش که‌وێ و هه‌رده‌م ڕووی له کراوه‌یی زێتر بێت به‌ڵام زۆرێ له‌و نووسه‌ر و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مانه ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه‌یان بۆ کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆ هه‌بێت و ئاگاداری باری کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆ و دونیای خۆرهه‌ڵات بن و هه‌موو شتێ به پێوه‌ر و پێودانگی ئه‌ورووپا و ئه‌ویش ئه‌ورووپای خۆراوا سه‌یر نه‌که‌ن و بزانن کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هێشتا قۆناخی سوننه‌ت و نه‌ریتگه‌ری وه‌پشت سه‌ر نه‌ناوه و وشیاری جه‌ماوه‌ریی به ده‌یان ساڵی دی به ئاستی ئه‌و ئه‌ورووپای ئه‌وانی لێ نێشته‌جێیه ،ناگات و هه‌وڵ و کار و چالاکی و خه‌باتێکی بێوچانی چاندی و ڕووناک‌بیری گه‌ره‌که.
گه‌ر له مێژووی خودی ئه‌ورووپییه‌کان ورد بینه‌وه به‌سه‌دان ساڵ خه‌بات و ته‌قه‌لا به‌وڕۆ گه‌یشتوون و له پێناو ئه‌ورووپای ئه‌وڕۆدا گه‌لێ قۆناخیان وه‌پشت سه‌ر ناوه و به قه‌ولی کوردی "که‌س له پڕێک نه‌بووه به کوڕێ" و زۆریان هه‌وڵ داوه تا به‌م ده‌ستکه‌وته‌ی ئێستایان گه‌یشتوون. بگره تووشی بگره و به‌رده و نه‌هاتی و گه‌لێ په‌تای ماڵکاولکه‌ری وه‌ک شه‌ڕی براکوژیش هاتوون.
تیر و توانج و پلارتێگرتن کارێکی سووک و هاسانه و پێموایه ئه‌وه‌ی ده‌ستی قه‌ڵه‌م بگرێ پێی ده‌کرێ به توندترین شێوه ڕه‌خنه‌ی خۆی له‌م و له‌و بگرێ. گرینگ بۆ ئێستای ئێمه‌ی کورد و حوکمی کوردیمان، بنیاتنانی ئیداره‌یه‌کی پێشکه‌وتووی کوردی به گوێره‌ی مۆدیله پێشکه‌وتووه‌کانی حوکوومه‌تی له دونیادایه که ئه‌مه‌ش ڕه‌نج و خۆماندووکردنێکی فره‌ی ده‌وێ. دیاره که س دژ به ڕه‌خنه نییه و بوونی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گری وریا و چاوکراوه له نێو کۆمه‌ڵگه‌شدا نیشانه‌یه بۆ پیشاندانی ئاستی وشیاری کۆمه‌ڵ .له‌و نێوانه‌شدا ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر هه‌رده‌م پێش خستنی کۆ‌مه‌ڵی له شوێن ده‌بێت. لێره‌دایه ڕووناک‌بیری ڕاستینه و مرۆی گه‌لپه‌روه‌ر ده‌کارێ جه‌وهه‌ری ڕاستینه و کوردی خۆی ده‌ربخات. کێ بێ و حه‌ز به‌وه نه‌کات ئیداره‌ی کوردی وه‌ک ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تێکی خودان دێمۆکراسی به ڕه‌چاوی هه‌موو پێوه‌رێکی مرۆڤانی ئه‌م سه‌رزه‌وییه‌ی لێ ده‌رچێ! به‌ڵام ئایا ئه‌و ئیداره هه‌ر به قسه‌ی ڕووت پێک دێ؟! دیاره که نا.
کورد به حوکمی ئه‌وه‌ی به درێژایی دیرۆک بنده‌ست بووه و خاکه‌که‌ی لێ زه‌وت کراوه و ئیزنی خۆده‌رخستنی پێ نه‌دراوه ،له‌مێژساڵه ڕووی له هه‌نده‌ران ناوه و ڕه‌نگه بکرێ بڵێین وا بۆ پتر له 60 ساڵ ده‌چێ کورد ڕووی کردۆته ئه‌ورووپا و په‌ڕه‌وازه‌ی وڵاتانه. به‌ڵام کێشه‌که لێره‌دایه ئه‌م کورده ئه‌ورووپانشینه تاچه‌ن توانیویه ده‌نگی کپکراوی گه‌له‌که‌ی به گوێی گه‌لانی ئازادیخواز بگه‌یینێ!! تاچه‌ن توانیویه وه‌ک تاکێکی کورد جه‌وهه‌ری کوردی خۆی بسه‌لمێنێ و دزه بکاته نێو ده‌زگه و شوێنه‌کانی بڕیاردان له‌و وڵاتانه‌دا!! به کورتی و به کوردی ڕه‌وه‌ندی کورد له ئه‌ورووپا تا چه‌ن توانیویه هه‌وڵ بۆ چێ‌بوونی لۆبی کورد بدات!!
گه‌ر واقیعخوازانه سه‌یری ئه‌و پرسه بکه‌ین و له دووی دیتنه‌وه‌ی وه‌رامی ئه‌و پرسیارانه بین، ڕاستیت گه‌ره‌که هه‌وڵه‌که زۆر زۆر نزمه و هه‌ر ناچێته خانه‌ی پرسێکی هه‌ره گرینگی وه‌ک لۆبییه‌وه. ڕه‌نگه به لای هه‌ندێ خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌وه هێنانه ئارای ئه‌م پرسه لادان و ترازان له ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی باسه‌که‌مان بێت به‌ڵام کورد ده‌بێژێ"قسه،قسه دێنێ" و ڕه‌وه‌ندی کوردیش وه‌ک کارتێکی کاریگه‌ر له‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵاتانی ئه‌ورووپی ده‌توانێ ده‌ورێکی هه‌ره دیار و به‌رچاو له‌و نێوانه‌دا بگێڕێ.
به‌شێکی بێ ئاکامبوونی هه‌وڵه‌کانی ئێمه‌ی کورد هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان پرس. کورد له هه‌ر هه‌موو چوار-پێنج پارچه‌ی کوردستان دا تابه‌مڕۆ تووشی ده‌یان و بگره سه‌دان کاره‌سات و چه‌رمه‌سه‌ری هاتووه و ڕه‌وه‌ندی کورد له ئه‌ورووپا زۆر زووتر له ئێستا ده‌یتوانی دۆزه‌که‌ی بکاته دۆزێکی جیهانی تا کورد زووتر به‌ئامانج بگات.لێ تا به‌م ساڵانه ئه‌مه‌ی بۆ نه‌چۆته سه‌ر. له ڕاستیدا له هه‌شتاکان به‌م لاوه هه‌وڵی تاکیی(تاکه که‌سی) لای کوردی ئه‌ورووپانشین بۆ به‌جیهانکردنی دۆزی گه‌له‌که‌ی ده‌س پێبووه. به‌شێکی ده‌ستکه‌وتی ده‌سته‌ڵاتی باشووری کوردستان سه‌ره‌ڕای ڕێزم بۆ خه‌باتی حه‌فتا-هه‌شتا ساڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و شه‌هید و قوربانییبوونی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی به‌جه‌رگ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پرسه، کێشه‌ی کورد ئیدی له کێشه‌يیه‌کی ناوچه‌ییه‌وه ده‌رچووه و چاوی دونیا به ڕووی ئازاری گه‌لێکی نێزیکه‌ی چل ملوێنی دا کراوه‌ته‌وه.
گه‌ر ڕه‌وه‌ندی کورد له ئه‌ورووپا له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا هه‌وڵی به‌پلانکردنی چالاکی خۆ بدات و خه‌باتی خۆی چڕ بکاته‌وه سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شاڵاوی پڕۆپاگه‌نده‌ی تورکان، لاپه‌ڕه‌یه‌کی زێڕین له مێژووی کورددا بۆ خۆ ده‌نه‌خشێنێ. کورد گه‌لێکه به‌خته‌وه‌رانه سه‌لماندوویه‌تی دوژمنی هیچ گه‌لێکی سه‌رزه‌وی نییه و ئه‌وه ڕژێم و حوکوومه‌تانی ملهوڕ و زۆربێژ له وڵاتانی وه‌ک ئێران،ئێراق، سووریا و تورکیا بوونه هه‌رده‌م هه‌وڵی له‌ناوبردنی کوردیان داوه. گه‌ر لێره‌دا ناوی تورک و فارس و عه‌ڕه‌ب دێ هه‌ر مه‌به‌ست ده‌سته‌ڵاتدارانی نێو ئه‌و وڵاتانه‌ن نه‌ک میلله‌ته‌که‌یان. بۆیه هه‌موو کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌م دۆخه ناسک و هه‌ستیاره‌دا له‌سه‌ریه‌تی پارێزه‌ری ده‌ستکه‌وته‌که‌ی باشووری کوردستان بێت. ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی زۆر ئاسایی بۆ ڕووداوه‌کانی ئێستای خۆرهه‌ڵاتی ناوین بێت باش ده‌زانێ هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک هیچی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌که‌که نییه.
په‌که‌که خه‌باتی خۆی بردۆته نێو هه‌موو ماڵه کوردێک و ده‌وڵه‌تی تورک پڕ ڕوونه ناتوانێ به‌ره‌نگاری ئه‌و پرسه بێته‌وه .ده‌سته‌ڵاتدارانی تورک ته‌نێ ده‌یانه‌وێ به چه‌ن کارتێکی ده‌ستیان پێش به دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردی بگرن و بۆ چه‌ن ساڵێک وه‌دوای بخه‌ن ئه‌گینا لای هه‌موو شاره‌زا و ئاشنایه‌ک به پرسه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، دۆزی کورد ڕه‌نگه بکرێ کۆسپ و له‌مپه‌ری بخه‌یته سه‌ر ڕێ به‌ڵام له‌وه ده‌رچووه هه‌وڵی کپ کردنی بۆ بده‌ی. له ئه‌نجامدا ده‌وڵه‌تی تورک هه‌نووکه هه‌موو هه‌وڵی خۆ چڕ ده‌کاته‌وه سه‌ر حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌زانێ بێتوو حوکمی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بچه‌سپێ ئه‌وده‌م ئیدی چاڵی بۆ هه‌ڵقه‌ندراوه . هه‌ر بۆیه ده‌وڵه‌تی تورک ئه‌مه‌ی به‌لاوه پڕگرانه و پیس سه‌ری لێشێواوه و هیچیشی پێناکرێ. تازه کورد و دۆزی کورد به‌ره‌و دوا ناگه‌ڕێته‌وه و هه‌ر چه‌شنه له‌شکرکێشی و په‌لامارێکی سوپای تورکیش بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان پتر تورکان تووشی فه‌شه‌لی هێنان ده‌کات و خه‌ونی ئێمه‌ی کوردیش زووتر ده‌هێنێته دی و چاوی کوردی هه‌موو پارچه‌کانی دی کوردستانی بنده‌ست ده‌کرێته‌وه و هانیان ده‌دات بۆ ڕابوونێکی جه‌ماوه‌ریی به‌خرۆش. سه‌رلێشێواوی و ماخولانی سه‌رانی تورک به دڵنیاییه‌وه چ ده‌ره‌نجامی بۆیان نابێت و پرسه‌که ڕاس به لای ئێمه‌دا ده‌کشێته‌وه. به‌ڵام دیاره ئه‌مه‌ش هه‌روا سووک و هاسان وه‌ڕاس ناگه‌ڕێ و گه‌ره‌ک هه‌موو کوردێک به پێی توانای خۆ هه‌وڵی خۆ بخاته گه‌ڕ.
بێ سێ و دوو سه‌رده‌می قڕکردن و قه‌ڵاچۆ و کاره‌ساتی مه‌رگبار و ئه‌نفال و کیمیاباران و ئه‌وانه بۆ کورد ئیدی به‌سه‌ر چووه و دونیای ئه‌مڕۆ و مرۆی وریا و چاوکراوه‌ی سه‌رده‌م به هیچ له‌ونێک ناچێته ژێرباری ئه‌و جۆره پرسانه. ده‌وڵه‌تی تورک هێشتا هه‌ر پێی وایه سه‌رده‌م سه‌رده‌می ئاتاتۆرک و که‌مالیستییه‌کانه و به هه‌مان سووک و سانایی جاران پێی ده‌کرێ جێنۆسایدی گه‌لانی وه‌ک کورد و ئه‌رمه‌ن بکات. ناوشیاری ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێستای تورک و حاشاکردن له گه‌لێ ڕاستی هه‌ره ڕوون هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌وانه به قازانجی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان ده‌رده‌چێ.
شوکر کورد ئێستا ئیدی ته‌نیا پێویستیی به خه‌باتی چه‌کداری نییه و ساڵانێکه کوردیش وه‌ک گه‌لانی خودان ئه‌زموونی سه‌رزه‌وی ڕووی له هه‌وڵ و خه‌باتی دیپلۆماسییانه و چالاکی مێدیایی ناوه و ئه‌مه‌ش به‌خته‌وه‌رانه ده‌ره‌نجامی باشی بۆ کورد بووه و چه‌شنه بێدارییه‌کی سه‌رانسه‌ری له‌نێو کوردان دا چێکردووه. ئه‌و باکووری کوردستانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک ئه‌مڕۆکه‌ش حازر نییه دان به بوونی کورد له‌وێنده‌رێ دا بنێ و هه‌موو تیرێکی خۆیشی نیشانه ده‌گرێته بزاڤێکی شۆڕشگێڕی وه‌ک په‌که‌که و به چه‌ته و ڕێگر و تێرۆریستی له قه‌ڵه‌م ده‌دات گه‌ر تۆزێ له دونیای خۆی ڕامێنێ و هه‌ندێ سه‌رنجی ڕاستییه‌کانی چوارته‌نیشتی خۆ بدات، چاک تێده‌گات زمانی کارای مێدیای کوردی به‌خۆشحاڵییه‌وه کوردی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانی بنده‌ستیشی وریا کردۆته‌وه و ئیدی بڕوام نییه پیلانی ده‌وڵه‌تانی فاشی وه‌ک ئێران و تورکیا و سووریا چ ده‌ره‌نجامێکی بێت.
هه‌موومان چاک ده‌زانین په‌که‌که ئیدی ته‌نێ بزاڤێکی ڕووتی چه‌کداری نییه به نه‌مان و شه‌هیدبوونی گه‌ریلاکانی له‌ناو بچێ. سه‌رهه‌ڵدانی په‌که‌که وا پێ ده‌نێته نێو نێزیکه‌ی 40 ساڵ خه‌بات و بزووتنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی چه‌کداری،سیاسی و ڕووناکبیرییه‌وه. له‌م بارودۆخ و ڕه‌وشه تایبه‌ته‌دا په‌که‌که و داژدارانی ئه‌م پارته کوردییه ده‌بێ به‌وپه‌ڕی ژیری و وریاییه‌وه بجووڵێنه‌وه و حسێبی هاوکێشه‌کانی ڕۆژ بکه‌ن و ئاگاداری ئه‌و گوشاره زۆره‌ی بن له‌سه‌ر حوکوومه‌تی هه‌رێمه .
به دڵنیاییه‌وه کاربه‌ده‌ستانی حوکوومه‌تی هه‌رێم دژ به خه‌بات و چالاکی سیاسی و چاندی په‌که‌که و لقه‌کانی سه‌ر به‌م پارته نین و سه‌رانی په‌که‌که‌ش ده‌بێ ئاگاداری ڕاستییه‌کانی ئێستا بن و کێشه‌که به زیانی حوکوومه‌تی هه‌رێم قووڵتر نه‌که‌نه‌وه. بێگومان مانه‌وه و چه‌سپانی حوکوومه‌تی فیدراڵی هه‌رێمی کوردستان و جێ وه‌جێبوونی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری ئێراقی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان بۆ باوه‌شی هه‌رێمی کوردستان ،باشترین ده‌سته‌به‌ری و گه‌ره‌نتی بۆ سبه‌ی گه‌شی هه‌موو کوردێکه. هه‌موو هه‌وڵێکی دیپلۆماسییانه، دۆسته‌کانی گه‌له‌که‌مان له ئاستی دونیادا زێتر ده‌کات. ئه‌مه کارتێکی گه‌لێ گرینگه نابێ ئێمه‌ی کورد له ده‌ستی بده‌ین . باشوورێکی به‌هێز، باشترین پشتیوان بۆ ڕۆژانی دادێی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان له پارچه‌کانی دی ده‌بێت. با هه‌موومان ڕاگر و پارێزه‌ری ئه‌م ده‌ستکه‌وته دیرۆکییه بین.
تاران 13ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 2707 ی کوردی
|