١٠\١\٢٠١٠
حکومەتی هەرێـم توانای قەدەغەکردنی چەکی نییە.

راپۆرتی:شوان سدیق
سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ لەپەرلەمان پێیوایە تائێستا حکومەتی هەرێم بەپێی
پێویست، کاری بەیاسای قەدەغەکردنی چەک نەکردووە، بۆیە بەپێویستی
دەزانێـت، ئەو یاسایە دووبارە لەپەرلەمان هەموار بکرێتەوە، بەرپرسانی
ئەمنیش نکۆڵی لەوە ناکەن، کە خەڵک لەماڵەوە چەکیان هەبێت، بریکاری
وەزارەتی ناوخۆش بێتوانایی وەزارەتەکەیان لەقەدەغەکردنی چەک نیشان
دەدات.
چەکهەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو
کەسانەش کە چەک هەڵدەگرن، زۆربەیان مۆڵەتی یاساییان نییە. عەمید
عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر هۆکاری دیاردەی
چەکهەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا بۆ شەڕی نێوان پارتی و
یەکێتی گەڕاندەوە و دەڵێت "هەڵگرتنی چەک و هێشتنەوەی لەماڵەکاندا
دەکرێت بۆ شەڕی ناوخۆی بگەڕێنینەوە، چونگە ئەوکات شارەکان جێگای
دڵنیایی خەڵک نەبوون، لەبەر ئەوەش شەڕەکان وای کرد، کە خەڵک متمانەیان
بە حکومەت نەبێت".
عیسمەت ئەرگوشیی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی باس لەوە دەکات، ئەوان بە هیچ
جۆرێک مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بەکەس نادەن، بەڵکو ئەرکی جێبەجێکرنیان
لەئەستۆگرتووە و لەقەدەغەکردنی چەک هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن،
دەربارەی مۆڵەتدان بەو کەسانەی چەک هەڵدەگرن، عیسمەت ئەرگوشی گوتی "ئاسایشی
ئێمە لەسنوورەکانی هەولێر و دهۆک مۆڵەت بەکەس نادەین، کە چەک هەڵبگرێت،
ئەرکی ئێمە ئەوەیە لەهەهوو روویەکەوە هەڵدەستین بەهاریکاریکردنی
وەزارەتی ناوخۆ".
حاکم قادری بەرێوەبەری گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئەویش قەدەغەکردنی چەک
بەپێی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ گەڕاندەوە، گوتی "بەپێی یاسای چەک
بەماددی 29 بەهەموو شێوەیەک چەک قەدەغەیە، بۆیە ئێمەش وەک ئاسایشی
گشتیی سلێمانی لە 10 رۆژی رابردوو لەراگەیاندنێکدا قەدەغەکردنی
چەکهەڵگرتنمان راگەیاندووە، ئەمەش بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکە کە چەک
هەڵنەگرن".
هەرچەندە فایەق تۆفیق بریکاری وەزیری ناوخۆ لەگەڵ ئەوەدا نییە کەس چەکی
هەبێت، ئاماژە بەوە دەکات ئەوان مۆڵەتی چەکی بچووک دەدەن بەکەسانێک
هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بگرێتەبەر، فایەق تۆفیق گوتی "لەگەڵ ئەوە نین،
بەهیچ شێوەیەک چەک هەبێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەت دەدات بە
هەڵگرتنی چەکی بچووکی وەک (دەمانچە)، ئەو مۆڵەتەش بەپێی رێنمایی و
پێوەرەکانی وەزارەت دەبێت، ئەگینا ئامادەنین مۆڵەت بدەین بەهەموو کەسێک.
دەمانچەش بۆ کەسانی دیارە کە پێویستی پێیبێت، ئەو کەسانەش مۆڵەتیان
هەیە و لەوانە نین چەکەکانیان دەربخەن و لەخۆیانەوە تەقەی خۆشی پێ بکەن".
بەپێی مادەی (21) لەیاسای چەک، سزا بۆ ئەو کەسانە هەیە، کە مۆڵەتیان
نییە و چەکی ئاگرینیان لەژێردەستدایە، سزاکەش بریتییە لە "بەندکردن کە
لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت، غەرامەی مادیشی لەگەڵ دەبێت"، بەڵام تائێستا
لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە، بریکاری
وەزیری ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات، خەڵک بێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، فایەق
تۆفیق گوتی "هەموومان بارودۆخی سیاسی و ژیانی خەڵکی دەزانین لەکوردستان،
لەبەرئەوە زۆربەی ماڵەکان چەکیان هەیە، تەنانەت ماڵی وا هەیە چەکی
بیکەیسیشی هەیە، ئیتر چۆن بتوانین ئەو بارودۆخە چارەسەر بکەین؟ ئەو
کەسانەش چەک هەڵدەگرن، هەریەکەیان سەر بەحیزبێکن، حیزبەکانیش هەموو
پاسەوانیان هەیە".
ئیسماعیل مەحمودی سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی خۆجێییەکان
لەپەرلەمانی کوردستان، باسی لەوە کرد تا ئێستا وەک پێویست کار بەیاسای
قەدەغەکردنی چەک نەکراوە و هۆکارەکەی بۆ هەلومەرجی ناوخۆی کوردستان
گەڕاندەوە، ئیسماعیل مەحمود گوتی "لەگەڵ ئەوەی یاسای قەدەغەکردنی چەک
هەیە لەکوردستان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی ئێستای کوردستان،
حکومەتی هەرێم وەک پێویست کاری بەو یاسایە نەکردووە".
سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی کوردستان گوتیشی "حکومەت دەتوانێت
پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بکات، یان لەناو پەرلەمانەوە ئەو بابەتە بخڕێتـە
روو، بۆئەوەی دووبارە قسەی لەسەر بکرێتەوە، بۆیە بەباشی دەزانین، ئێمە
لەلێژنەی ناوخۆ خۆمان سەبارەت بەقەدەغەکردن و سنووردانان بۆ
بارزگانیکردن و هێنانە ناوەوەی چەک پڕۆژەیەکی تازە پێشکەش بە پەرلەمانی
کوردستان بکەین".
بەبڕوای زانا رۆستایی ئەندامی پێشووی پەرلەمان لەلێژنەی یاسایی،
حکومەتی هەرێم دووبارە پێویستی بەیاسای قەدەغەکردنی چەک نییە، چونکە
ئەو یاسایە، کەموکوڕییەکی ئەوتۆی نییە. زانا رۆستایی گوتی "یاسای
مۆڵەتدان و قەدەغکردنی چەک وەک هەر یاساکانی تر، حکومەت کاری لەسەر
نەکردووە، ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە، چونکە یاساکە
کەموکوڕییەکی وای نییە، کەسانێک لەپەرلەمان پێیان وابێـت، ئەو یاسایە
کەموڕی هەیە".
لەماددەی 16ـی یاسای چەک هاتووە، "بەهەموو شێوەیەک بازرگانیکردن بەچەک
قەدەغەیە"، بەڵام بازاڕی چەکفرۆشتن لەزۆربەی شار و شارۆچکەکانی
کوردستاندا هەیە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون، بەپێی
ئەو زانیارییانەی لەشوێنی چەکفرۆشەکانی کوردستان دەست (civil) کەتوون،
چەک فرۆشتن لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە سنووردار کراوە و پێویستی
بەلێکۆڵینەوەیە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئاسایش بزانێـت کێ چەک دەفرۆشێت و
کەسی چەککڕیش ئەو چەکەی بۆچییە، بەڵام ئەو کەسانەی گەر نەیانەوێـت
ئاسایش پێیان بزانێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکەن، دەچن
لەدەرەوەی بازاڕی چەکفرۆشەکان، مامەڵەی خۆیان ئەنجام دەدەن.
بریکاری وەزیری ناوخۆ ئەویش نکۆڵی لەوە ناکات بازاری چەک فرۆشی نەبێت،
بەڵام ئەوە رەت دەکاتەوە بەمۆڵەتی ئەوان ئەو بازاڕە کرابێـتەوە، فایەق
تۆفیق گوتی "لەو جێگایانەی بەئاشکرا چەک دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە
دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆیان نییە و هەموویان
بەقاچاخچێتی دەیکەن. چەند جارێک هەوڵی ئەوە دراوە، ئەو دیاردەیە
نەمێنێت، بەڵام وەک خۆی لێ هاتۆتەوە، لەو گەڕەک راوی دەنێیت، دەڕوات
لەولاوە ئیشی خۆی دەکات، بەڵام ئەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەهەموو
شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بەچەک هەتا ئەو چەکانەش کە بۆ راو بەکار
دەهێنرێت، دەبێت مۆڵەتییان هەبێ، ئەگینا قەدەغەیە و یاساش بۆ ئەوە هەیە
لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت".
بەپێی یاسا ئەرکی قەدەغەکردنی چەک لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە و
وەزارەتیش بێتوانایی خۆی نیشان دەدات، فایەق تۆفیق بریکاری وەزارەتی
ناوخۆ گوتی "بۆ قەدەغەکردنی چەک پێویستمان بەپشکنین هەیە، بەڵام ئێمە
ناتوانین پشکنینێکی گشتی لەشارەکانی کوردستان بکەین، چونکە ماڵ نییە
چەکی نەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانین ئەو پشکنینە ئەنجام بدەین، خەڵکەکەش
زۆرە و هەرکەسە و سەر بەحیزبێکە و حیزبەکەی پشتگیری لێ دەکات، پێشتر
دیاریمان کردبوو، کە دەبێت پاسەوانی بارەگای حیزبەکان پۆلیس بن، بەڵام
زۆریان دەڵێن ئێمە خۆمان پاسەوانی خۆمان داناوە. ئەمەش وا دەکات
دیاردەکە زیاتر زەق بێتەوە، چونکە لەهەموو کۆڵانێکدا دووسێ بارەگای
حیزبی تێدایە".
بنبڕکردنی دیاردەی چەکداری بەبڕوای فایەق تۆفیق بە قسەکردن زۆر ئاسانە،
بەڵام جێبەجێکردنەکەی گرانە. گوتی "تۆ بڵێیت دەبێت چەک لەهیچ ماڵێکدا
نەبێ، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ وشیاریی خەڵکەکە و بزانێت ئەو چەکەی بۆچییە،
چونکە ئەگەر سەیری رابردوو بکەین، ئەو کاتانەی کورد دەچەوساوە و
تەعەدای لێ دەکرا، ئێمە خواخوامان بوو هەموو ماڵێک لەگوندەکان چەکی
هەبێت، بۆئەوەی لەکاتێک کە حکومەت هێرشی بۆبهێنابایە، ئەوان دیفاعیان
لەشەرەف و کەرامەتی خۆیان بکەن، بەڵام بۆ ئەم زروفە نابێت، بۆیە
لەئێستادا ئەرکی هەموو لایەکە بە راگەیاندن و رێکخراوەکان و هەموو
فەردێک ئەو دیاردەیە نەمێنێت، چونکە شتێکی ناشرینە".
shwansdiq@yahoo.com
|