٥\٦\٢٠١٢
حکومەتی کودەتا؟!

ستار محەمەد قادر
سەرۆک وەزیرانی عێراق، شتێکی نوێی هەڵهێنجاوە، زیادەیەکی تازەی خستۆتە
سەر خەرمانی کۆدەتا و دیکتاتۆریەت، بە شێوازێکی مۆدێرن دەیەوێ تۆوی
ریشەی حیزبی تۆتالیتاریی و سەرکردەی تاک و تەنیا بوەشێنێت، ئەم گەمەیەی
ئەو لە رێی فایلەکانەوە دەیکات، زۆر لە سیاسەت و ئەقڵیەتی دیکتاتۆرەکان
ترسناکترە، بینیومانە وڵاتەکان کودەتا لەسەر یەکتری دەکەن، نەک سەرۆک
وەزیران لە وەزیرو بەڕێوەبەرو جێگرەکانی بیکات، ئەوەی لەم نێوەندەدا
دەبینرێت، نەک ئاماژەیە بۆ زۆر شتی نەگووتراو، بەڵکو ھێمان بۆ بێ ھیوا
بوون لە حکومەتی فیدڕاڵ و پلۆڕاڵی عێراق؟!
وەکو دەڵێن سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لە میانی ئەم دوو مانگەدا
بە ھەزارەھا بەڵگە لەسەر بەرپرسانی کوردو نەیارە عەرەبەکانی بڵاو
بکاتەوە، ئەم ریکلامە بێبەرانبەرە بەداخەوە لە لایەن کوردەوە بۆ مالیکی
دەکرێت، من لێرەدا دەپرسم: ئەگەر سەرۆک وەزیرانێک بە نێرینی کودەتا و
پیلان لە کابینە و وەزیرەکانی بڕوانێت، چۆن سەرکەوت و دەبێت؟! ئەمە ئەو
عێراقە فیدڕاڵەیە وا بە شان و شەوکەتیدا ھەڵدەدەن؟! ئاخر لە کوێی
دونیادا بووە سەرۆک وەزیران زانیاریی ئەوەی لەبەردەستدا بێت لەنێو
کابینەی حکومەتەکەیدا وەزیر یان بەڕێوەبەری گشتیی یان ھەر فەرمانبەرێکی
دیکە، گەندەڵە و بێدەنگی ھەڵبژێرێ و فایلەکان لەلای خۆی کڵۆم بداو لە
شوێن داداگا یان پەرلەمان بۆ کاری کەسیی بەکاریان بھێنێ؟!
من بەلامەوە سەیرە ئەم شتە عاجباتیانە لەم کابرایە دەبینن و کەسیش فزە
ناکا، بە راستیی ئەمە نیشانەی پرسیار لەسەر زۆر شت دادەنێ، ئەم
گاڵتەجاڕییەی لێرە روو دەدا، لە ھیچ شوێنێکی دونیا باوەڕ ناکەم جورئەت
بکا خۆی پێشان بدا، چونکە ئێمە لە میانەی خوێندنەوەی لاپەڕەکانی
مێژووەوە، کۆدەتامان بینیوە، بەڵام نەمان بیستووە یان نەمان بینیوە،
حکومەتێک ھەبێ خۆی ئیش بۆ پەکخستنی کارەکانی خۆی بکا، خۆی کار بۆ
ناشیرینکردنی جوانییەکان ئەگەر بوونیان ھەبێ بکا؟! ئەم کارەی سەرۆک
وەزیرانی عێراق پێیھەڵدەستێ، ئەوە بۆ ھەموو لایەک دەسەلمێنێ، خۆری
عێراق لە ئاوابووندایە، چونکە بە ئەقڵیەتی کودەتا حوکمڕانی ناکرێ،
بەڵام دەبێ بە جورئەتەوە قسەی لەسەر بکەن؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|