٥\٤\٢٠١٤ حکومەتی مرۆڤە گورکەکان!
جاران بە سێ یان چوار خێزان لە خانوویەکی بچووکدا شوێنیان دەبوویەوە و ژیانێکی زۆر سادە بەڵام ئاسوودە دەژیان، ئێستا بە پێچەوانەوە خانووەکان گەورە و پان و پۆڕ و باڵابەرز و جوانن، بەڵام مرۆڤەکان پووچ و بێ شکۆ و نائارام و نائاسوودەن، ئەم گۆڕانکارییە رووکەشە بێ کرۆکە بۆ چی دەگەڕێتەوە و هۆکاری چیە مرۆڤەکان بێ ئۆقرەن و باری دەروونییان لەوپەڕی شڵەژاویی دایە؟ هەموو ئەمانە بۆ نەبوونی پلان و بەرنامە دەگەڕێتەوە بۆ رێکخستنی ژیان.
لە وڵاتانی دەرەوە مرۆڤەکان کار دەکەن، ماندوو دەبن، بەڵام بەرهەمی کارەکەیان بۆ بەختەوەریی خۆیان بەکاردەهێنن، رێگە بە خۆیان نادەن ببن بە کۆیلەی پارە و بەچۆکدا بێن و شکۆمەندیی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، چونکە وڵاتەکەیان لەوە دڵنیایانی کردووەتەوە پێویست بەوە ناکا بۆ کاتی پیرییان لە دڵەراوکێدا ببن، لەوێ وڵات ئارامیی بە هاوڵاتیان دەبەخشێ و وەکو باوکێک مامەڵە لەگەڵ هاونیشتیمانیانی دەکا، لێرە ئۆخەی ئۆخەی هەر کەس بۆ خۆیەتی، بۆیە ئەوە حاڵمانە، حکومەت ئەوە بە لایەوە ئاساییە ژیانی بەکۆمەڵ بکەوێتە ژێر پرسیارەوە و کەس ئەم وڵاتە بە هی خۆی نەزانێ و هەر کەسە چۆن و بە چ شێوەیەک بۆی لوا و بواری بۆ رەخسا لاقەی زەوی کشتوکاڵیی و شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکان بکا.
حوکمڕانێک ئەوە لە مێشکیدا نەبێ وڵات بکا بە
باوکێکی خەمخۆر بۆ هاوڵاتیانی و بێدەربەست بێ لە ئاستی خەڵکی هەژار و
کەم دەرامەتدا، حکومەتی گورگەکانە نەک مرۆڤەکان، ئەو جۆرە سیاسەتە
سیاسەتی بەگورگکردنی مرۆڤەکانە، ئەوەندەی کار بۆ کوشتنی رۆحی مرۆڤبوونی
مرۆڤ دەکا، کار بۆ بەرجەستەکردنی مۆڕال ناکا لە ناخ و ویژدانی
تاکەکاندا، بۆیە دەبێ لە وڵاتی گورگەکاندا، ئەوە زۆر بە لامانەوە
ئاسایی بێ، هەمووان لە بەرنامەیان دایە درۆ لەگەڵ ئەویتر بکەن و خۆیان
وەکو مرۆڤ پێشان بدەن، بەڵام لە راستییدا لە هۆڤێکی دڕندە و مەترسییدار
زیاتر نین و نابن؟
|