حکومه‌تی ئوسترالیا داوای لێبوردن له گه‌لی ئابوریگین ده‌کات.
ڕۆژی سێشه‌ممه، ڕێکه‌وتی 13/2/2008، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئوسترالیا پرۆژه‌ی داوای لێبوردنی له گه‌لی ئابوریگین سه‌لماند سه‌باره‌ت به‌و تاوانانه‌ی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌کانی پێشوی ئوسترالیا له ڕابردوودا ده‌رحه‌ق به‌و گه‌له ئه‌نجامیان داوه. شایانی باسه ئابوریگینیه‌کان به‌شێکن له خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئوسترالیا و پێش داگیرکردنی ئه‌و کیشوه‌ره له‌لایه‌ن ئه‌وروپیه‌کانه‌وه له‌وێ نیشته‌جێ بوون و له مێژووی دووردا له‌سه‌رده‌ستی کۆلۆنیالیزمی ئه‌نگلۆ ساکسۆنیه‌وه ڕووبه‌ڕوی جینۆساید بوونه‌ته‌وه. ساڵی ڕابردوش تۆنی بلێری سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوی به‌ریتانیا داوای لێبوردنی له ڕه‌شپێسته‌کان کرد بۆ ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی سپیپێسته‌کانی وڵاته‌که‌یه‌وه له سه‌رده‌می کۆیله‌داریدا چێشتویانه و به تاوانێکی دڕندانه و ئاکارێکی به‌ربه‌ریانه پێناسه‌ی کردن. به‌هه‌مان شێوه حکومه‌تی یابانیش په‌یتا په‌یتا داوای لێبوردن بۆ کۆلۆنیاله‌کانی پێشوی خۆی ده‌سه‌لمێنیت و پۆزش ده‌هێنیته‌وه بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی که کاتی خۆی به‌هۆیه‌وه دووچاری کۆمه‌ڵکوژی و چه‌وساندنه‌وه و داگیرکاری بوونه‌ته‌وه.
بێگومان ئه‌م نه‌ریته نه‌رێتکی شارستانی و مرۆڤانه‌یه که گه‌له چه‌وسێنه‌ر و سه‌رده‌سته‌کانی ئه‌و کات بۆ گه‌ل و چینه چه‌وساوه و زۆرلێکراوه‌کانی ده‌هێننه‌وه. هێنانه‌وه‌ی پۆزشیش ده‌رحه‌ق به تاوانگه‌لێک که ماوه‌یه‌کی زۆری به‌سه‌ردا چووه و له ئێستادا له‌و وڵاتانه‌دا هیچ بنه‌ما و شوێنه‌وارێکیان نه‌ماوه ته‌نها لایه‌نێکی مه‌عنه‌وی ده‌به‌خشێت و گیانی قوربانیه‌کانی ئاسوده ده‌کات و ڕێز‌و که‌رامه‌تی ئینسانیان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
ئێمه له‌میانه‌ی ئه‌م ڕووداوه‌دا له‌ڕژێمه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان ده‌پرسین، ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه په‌یڕه‌وی له‌م سیاسه‌ت و نه‌ریته‌ی سه‌رده‌م بکه‌ن و له هه‌موو پارچه‌کاندا داوای لێبوردن له گه‌لی کورد بکه‌ن سه‌باره‌ت به‌و تاوانانه‌ی له ئێستا‌و ڕابردوودا به مه‌به‌ستی له‌ناوبردن و جینۆساید کردوویانه و ده‌یکه‌ن مه‌خابن داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌تاکو ئێستا به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌تی کۆلۆنیالیزمه‌وه ده‌ڕواننه گه‌له‌که‌مان و نه‌ک هه‌ر خۆیان به‌دوور ده‌گرن له په‌یڕه‌وکردنی ئه‌م نه‌ریته و هێناناوه‌ی پۆزش بۆ گه‌لی کورد به‌ڵکو تازه به تازه به پێش چاوی دنیاوه به گفتار و کردار، به ئاگرو ئاسن به‌رده‌وامن له‌سه‌ر سیاسه‌تی نکۆڵیکردن و له‌ناوبردن و داگیرکردنی کوردستان.
ئێمه وه‌ک ناوه‌ندی چاک داوا له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و گه‌لی کورد ده‌که‌ین فشاری خۆیان بخه‌نه سه‌ر حکومه‌تی عێراق بۆ سه‌لماندنی داوای لێبوردن له گه‌لی کورد سه‌باره‌ت به‌و تاوانانه‌ی ده‌چنه خانه‌ی جینۆساید و له‌لایه‌ن حکومه‌ته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراقه‌وه ئه‌نجامدراون. جێگه‌ی باسه ئه‌م خاڵه یه‌کێکه له ڕاسپارده‌کانی کۆنفرانسی به‌جیهانیکردنی جینۆسایدی گه‌لی کورد که له به‌رواری 26_ 28 ی یانوه‌ردا له‌شاری هه‌ولێر به‌سترا و به‌دوایدا ڕاسته‌وخۆ علی ده‌بباغ، وته‌بێژی حکومه‌تی عێڕاق ڕه‌تی کرده‌وه و ئاماده نه‌بوو قبوڵی بکات به بیانوی ئه‌وه‌ی حکومه‌تی تازه‌ی عێڕاق به‌رپرسیار نیه له‌و تاوانانه‌ی ڕژێمی پێش‌و پێی هه‌ستاوه.
ئێمه به توندی وته‌که‌ی قسه‌که‌ری حکومه‌تی عێراق سه‌ر‌کۆنه ده‌که‌ین و ئه‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌خه‌ینه پێش چاوی که ئه‌و نایه‌وێت بیانبینێت. له‌هه‌مان کاتدا ئه‌وه بیر ئه‌م قسه‌که‌ره ده‌خه‌ینه‌وه مه‌گه‌ر هه‌ر خودی حکومه‌تی ئێستای عێڕاق نیه قه‌ره‌بوی زه‌ره‌ر و زیانه‌کانی داگیرکردنی کوێت ده‌کاته‌وه و ته‌نها له بودجه‌ی ساڵی 2008 بڕی 2 ملیارد دۆلاری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخاکردووه. ئه‌وه‌ش بیر ئه‌م به‌ڕێزه ده‌خه‌ینه‌وه که سه‌رۆک کۆماری عێڕاقیش له یه‌که‌م سه‌ردانی خۆیدا بۆ وڵاتی کوێت به ناوی حکومه‌تی عێڕاقه‌وه پۆزشی بۆ گه‌ل وحکومه‌تی هێنایه‌وه له کاتێکدا ئه‌م ڕووداوه له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمه‌که‌ی سه‌دام که‌وتۆته‌وه و گه‌لانی عێڕاق لێی به‌رپرسیار نین. بۆیه ده‌بێت گه‌له‌که‌مان هیچ بیانویه‌ک له‌م حکومه‌ته و هیچ داگیرکه‌رێکی تری قبوڵنه‌کات بۆ نه‌سه‌لماندنی ئه‌م داواکاریه و زیاتر له‌جاران موکوڕ بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی، چونکه سه‌لماندنی ئه‌م داواکاریه بێجگه له‌وه‌ی مافێکه له هه‌مان کاتدا زامنێکیشه بۆ پاراستنی گه‌له‌که‌مان، که‌هه‌ر ئێستا‌و ڕۆژانه له ته‌واوی ناوچه‌که‌دا ڕووبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی له‌ناوبردن ده‌بێته‌وه.
ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد-چاک-
|