په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هیوادارم بەرنامەى(زووم ئین ) وەکو خۆى بەردەوام بێت!


بەشدار عه‌لی    

 

 


چەند رۆژێک لەمەو بەر چەند تێبینیەکم لەسەر داخستنى بەرنامەى( زووم ئین) کەلە تەلەفزیونى کوردستانى پارتى پێشکەش دەدرێت بڵاوکردەوە،کە لەلایەن ستافى بەرنامەکە پێم راگەیەندرا کە لە دەمى بەرێوبەرى پۆلیسى هەولێر پێیانراگەیاندراوە کە وەزیرى هەرێم بۆ کارووبارى ناوخۆ بریارى داوە لەبەر ئەوەى کە لەم بەرنامەیە (سەرپێچى و رووداوى دڵتەزێن زۆر پیشان دەدرێت) بۆیە باش نیە ئەو رووداو و دیاردانە روو بەدەرەوە پیشان بدرێت،هەر ئەو کات من لە بابەتەکەم ئەوەم نوسیبوو کە ئەو هەفتەیە دوا ئەلقەى بەرنامەکە دەبێت(کە ئەمە بریارى ستافى بەرنامەکە بوو)بەڵام بەبێ ئەوەى ستافى ئەو بەرنامەیە هیچ روونکردنەوەیەک بنوسن لەسەر ئەو کێشەیە کە چۆن کێشەکەیان چارەسەر کرا!، دواى دوو هەفتە بریارە ئەم پێنج شەممەیە ئەلقەیەکى تازە لەبەرنامەى زووم پێشکش بکرێت،دیارە ئەوە بۆمن جێگاى خۆشحاڵیە و دەستى هەر کەس و دەزگایەک دەکوشم کە بیانەوێت پەیامى راستى بە گوێ و چاوى خەڵک بگەیەنن و دیاردە ناشیرنەکانى کۆمەڵگاى کوردستان بخەنە بەردەم دەسەڵاتدارانى کوردستان بۆ ئەوەى کەمێک لە کێشە و گرفتەکانى خەڵک بەرەو چارەسەرێک بروات و شانى قورسى گەنجان و لاوانى کوڕ و کچ و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و کاسبکارانى کوردستان سووک بێت ،بەبرواى من بەرنامەى زووم ئین تارادەیەک هەوڵى دەدا ئەمە بێت بەتایبەت لە بەرنامەکانى سەرەتاى.


دوایى ئەوەى کە بەردەوام بوون لەسەر بەرنامەکە بە پێویسم زانى ئەو چەند ووشەیە بۆ خەڵکى کوردستان و خودى بەرنامەى زووم بنوسم،چونکە من لە زمانى خۆیانەوە گواسبومەوە کە ئەو بەرنامەیە چیتر بەردەوام نابێت،بەڵام ئەوەى جێگاى تێرامانە،ئایا چۆن ئەو بەرنامەیە بریارى راگرتنى درا خێرا ئیستا بەردەوام دەبێت؟!ئایا چیتر ئەو بەرنامەیە دیاردە نەشیاو و سەرپێچى و رووداوەکانى کوشتن و بڕین و دزى و گەندەڵى(کە دیاردەى هەمە رۆژەى کۆمەڵگاى کوردستانن )بەبرواى من تەنها ئەوە خاڵى بەهێزى بەرنامەکە بوو،پیشان نادات؟ئایا کە هێزى ناوخۆ و ئەوانەى کە دەیانەوێت ئەو وڵاتەمان بە بەهەشت نیشان بدەن، ئیستا بە چ مەرجێک رازى بوونە کە ئەو بەرنامەیە بەردەوامى هەبێت؟


هیوادارم هیچ یەکێک لەمانە نەبێت و ستافى بەرنامەکە هیچ مەرج و سازشێک قبوڵ نەکەن،چونکە ئەگەر ئەو بەرنامەیە بە ئاقارێکى تردا بروات و بە مەرج کاربکات،نەکردنى باشترە لە کردنى، خەڵکى کوردستانیش پیشاندانى راستیەکان و سەرپێچى و کارە نەشیاوەکان و دیاردە مەترسیدارەکان، دڵى ئاو دەخواتەوە،بێگومان مەرجى دەسەڵاتدارانیش شاردنەوەى ئەمانەیە!

 


15-4-2008