په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٤\٢٠١١

حیزبە بچووکەکان لە نێوان ئەرکى نەتەوەیى و دوکان و بازاڕى سیاسی دا.


حەمەڕەش ئەحمەد  


بۆ ئەوەى دواى ئەم نووسینە نەبمە جێگاى تانەى دۆست و هاوێیان چونکە تەمەنى کارى سیاسى من لەناو ئەو حیزبانەدا بووە کە پێیان دەڵێن حیزبە بچووکەکان کە ئەمەش زیاتر رەنگدانەوەى لەسەر حیزبەکانى دەرەوەى پەرلەمان هەیە، هەرچەند بە رای من حیزبى بچووک و گەورە لەسەر زۆرى و کەمى ئەندامەکانى نەوەستاوە بە قەد ئەوەى لەسەر رادەى فیداکاریی وسەربەخۆیى ئیرادەى سەرکردایەتى ئەو حیزبە وەستاوە بەڵام بەهەرحاڵ لەسەر زارى خەڵک وا پۆڵێن کراوە و دەگوترێ حیزبە گەورە بچووکەکان، لەهەمانکاتدا بەوە دڵخۆشم کەدۆست و هاورێکانم ئەوراستیەباش دەزانن کەمن ئەوەندەى قوربانیم داوەو تێکۆشاوم لەپێناو گەشەپێدانى بیرى کوردانە و پێگەیاندنى کادرەکانمان بە هزرێکى پاک و بێگەرد نەک نیو ئەوەندە بیرم لەوە نەکردۆتەوە کە چۆن سەروەت و سامان لەرێگاى حیزبەوە کەڵەکە بکەم بەڵکو بیرم لەوەش نەکردۆتەوە کە ماڵ و منداڵمان دەبێت ژیان باش بگوزەرێن، لەهەمانکاتدا رووى قسەم زیاتر لەو حیزب و لایەنانەیە کە لە روداوە گەورە و بچووکەکانى سەرگۆرە پانى سیاسى کوردستان خاوەن هیچ هەڵوێستێک نین و ئەستەمە بزانى ئەوانە سەربەچ میتۆدێکى فکرین تەنها و تەنها ئەرکیان ئەوەیە تووند دەست بە پاروى چەوى حیزبەکەیانە و بگرن و لێنەگەرێن بکەوێتە بەر شاڵاوى برین و قرتاندن.

 

بۆیە بەراى من وادەخوازێت راستى ئەو قۆناغەى ئێستاى خەباتى سیاسى زۆرێک لەحیزبە بچووکەکان کوردستان وەک خۆیى سەیربکرێت و لە خۆمان بپرسن داخۆ کارى گەرى و ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەیى و چینایەتیەکانى ئەم حیزبە بچووکانە چییە لەلایەکى ترەوە بابپرسین کام لەم حیزبانە خزمەتیان بەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان کردووە و خزمەتەکان چین یان گەرکەمێک ورتر بلێین ئەو حیزبانە چەندە توانیویانە خزمەت بە کادر و ئەندامانى خۆیان بکەن و خزمەتەکان چین و چۆن ئەوکادرو ئەندامانە پەروەردەى فکرى و سیاسى کراون و بۆرەنگدانەوەیان لەناو کۆمەڵگادانییە بۆ تاکو ئێستا لە هیچ راگەیاندنێک نەمان بینى نەمان بیست ئەندامێکى سەرکردایەتى یاخود کادرێکى ئەو حیزبانە پرۆژەیەکى سیاسى یان خزمەتگوزار یان پێشکەش بەگەلەکەیان بکەن، یاخود بۆ تاکو ئێستا کادرەکانیان ناسراو نین و نەبوونەتە پێشەنگى بڵاو کردنەوەى بیرى نوێى کوردایەتى بۆئەوەى دواجارببنە سەروەتێکى نەتەوەیى.

 

کەواتە زەرورەت و گرنگى هە بوونی ئەو حیزبانە لە کوێدایە جگه‌ له‌ پاراستنى بەرژەوەندى بازنەى سکرتێر و خزمەنزیکەکانى نەبیت، کەواتە دەسەڵاتى سیاسى ئەرکێکى گرنگى نەتەوەیى دەکەوێتە سەرشان بۆئەوەى پێش لەو دوکان و بازارە سیاسیانە بگرێت کە بە دروشمى گەورە و چاو بەستنى دەسەڵاتى سیاسى خۆیان بردۆتە پێش ئەوە لەکاتێکدا هەڵبژاردنى مانگى تەموزى ساڵى رابردوو رووى راستى هێز و پێگه‌ی جەماوەرى ئەم حیزبانەى بۆ بۆخەڵک دەرخست و بۆمان دەرکەوت دواى وەرگرتنى ئەو هەموو پارەیە لەسەر حسابى میللەت نەیانتوانى دەنگى ئەندامانى خۆشیان وەدەست بێنن.

 

بۆیە پێویستە دەسەڵاتى سیاسى چیدى سەروەت و داهاتى میللەت بە قورگى ئەو حیزبانەدا نەکات کە دواجار تەنها چەند کەسێکى باڵاى ئەو حیزبە سوومەند دەبن و کارى راستە‌قینەى سیاسى خۆیان وندەکەن و دەبنە بازرگانى پلەیەک، هاوێیەکم بۆى باس کردم کە زۆرترین ئەو کەسانەى ماماڵەى کرین و فرۆشتنى خانوو زەوى دەکەن سکرتێر و مەکتەب سیاسى هەندێک لە حیزبە بچووکەکانن، بۆیە بە مەبەستى پێشگرتن لەو دیاردە ناشارستانى و خۆبەخێوکردنەى سیاسیەکان لەسەر حسابى قووتى خەڵک پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان یاسایەکى مۆدێرن و گونجاو بەلەبەر چاو گرتنى َواقیعى ئەمرۆى کوردستان دەربکات بۆ ئەوەى رووکارى پلورالیزم و دیموکراسى کوردستان ناشیرن نەبێ.

 

لەلایەکى ترەوە دەسەڵاتى سیاسى کوردستان پێویستە لەوە تێبگا گەر لە دواى ساڵى نەوەدەکان بە مەبەستى پینە و پەرۆکردنى هەڵوێست و بەکارهێنانیان لە رووداوەکاندا ئەم حیزبانە بەکارهاتبن ئێستا قۆناغەکانى خەباتى سیاسى پێمان دەڵێت ئەم جۆرە سیاسەتە کۆتای هاتوە و رەوشى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستان روو لە کرانەوەیە و رۆژانە بە سەدان میوانى بیانى و راگەیاندکارانى نێودەوڵەتى سەردانى کوردستان دەکەن و واقیعى کوردستان بە چاوى خۆیان دەبینن.. واتا دەسەڵات چیتر پێویستى بەوە نییە لەژێر سێبەرى خۆیدا خەڵکى تر هەڵوێستەکانى بۆ رتووش بکات، لە هەموو شى گرنگ تر بەشى زۆرى خەڵکى کوردستان ئەو راستیە باش دەزانن پێداگریی مانەوەى ئەم حیزبانە لە لایەن سکرتێرەکانیانەوە بەم دۆخى مت بوون و گەشەنەکردنە تەنها دوکان و بازاڕى سیاسیە چونکە لە مەیدانى پراکتیکدا بینیمان دواى تەواوبوونى وادەى کورسى سەدەقەى پەرلەمان کە لە لایەن دەسەڵاتەوە درابوو بە بەشێک لەم حیزبانە، دەنگى هەموویان نەیانتوانى باى نیو کورسى دەنگ بۆ خۆیان بێنن.

 


hamarash_79@yahoo.co.uk

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک