په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٠\٢٠١٠

حیزبە ئیسلامییەکان
مەترسییە گەورەکەى ئاییندەى کوردستان.


راپۆرتى شیکارى: شاخەوان برایم عەبدوڵا


ئەگەرچى بەر لەراپەڕین تەنیا بزووتنەوەى ئیسلامى وەک حیزبێکى ئیسلامى سیاسى لەگۆڕەپانەکەدابوو، بەڵام دوابەدواى راپەڕین، دامەزراندنى حیزبى ئیسلامى سیاسى رووى لەزیادی کردو"یەکگرتووى ئیسلامی کوردستان"لەدیارترینیان بوو کە لەژێر کاریگەرى بەرنامەو ئەجێنداى ئیخوانییەکان هاتەگۆڕەپانەکەوە بەلەبەرچاوگرتنى هەڵومەرجى ناسەقامگیرى سیاسى ئەوساو شەڕى ناوخۆى یەکێتى و پارتى و نەبوونى هوشیاری ئایینى و سیاسى تاکى کوردیش فاکتەری سەرەکی بوون لەدروستبوونى ئەم حیزبەو سەرجەم حیزبە ئیسلامییەکانى دیکەى کوردستان و دواتریش رەخساندنى هەڵومەرجێکى لەبار بۆ ئازادى رادەربڕین و دامەزراندنى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و بڵاوکراوەو کەناڵە جۆراوجۆرەکانى میدیا بوونە هۆى زیاتر گەشەسەندنى حیزبە ئیسلامییەکان تائاستى داواکردنى دەسەڵات و بەشداریکردن لەململانێ سیاسییەکاندا.


بڕوابوون بەدیموکراسى یان لەناچارییەوە.


ئاماژە سیاسى و نێودەوڵەتییەکان، بەڵگەیەکى ئاشکران لەوەى هیچ کۆمەڵگەیەک کە حیزبە ئیسلامییەکان حوکمڕانێتیان کردووە،پرۆسەى دیموکراسییان تێدا سەرکەوتوونەبووە،بەدیوەکەى تریشدا، ئەگەر پیادەشیان کردبێت لەناچارییانەوەبووە بۆ مانەوە لەدەسەڵات،نەک بڕوابوون بەخودى دیموکراسیى،هەڵبژاردنەکەى ئەم دواییەى کۆمارى ئیسلامى ئێران، بەڵگەیەکى ئاشکرایە لەوەى ئەحمەدى نەژاد،زۆرترین ساختەکارى ئەنجامدا بۆ مانەوەى لەدەسەڵاتداو لەبەرانبەریشدا ریفۆرمخوازەکان ناڕەزاییان دەربڕى و ئەوەبوو لەنێوەندى رۆژنامەگەرى و سیاسییەتى نێودەوڵەتشیدا دەنگۆیەکى گەورەی دروستکردو لەناوخۆیی ئێرانیشەوە چەندان کەس بوونە قوربانى سیاسەتە فاشیلەکەى نەژادو ئیسلامییەکانى کوردستانیش هەڵپەى ئەوەیانە مۆدیڵە فاشیلەکەى نەژاد بۆ ئێرە بگوازنەوە. نووسەرو رۆشنبیرى عێراقى، دکتۆر رەشید خەییون لەبارەى بڕوابوونى حیزبە ئیسلامییەکان بەدیموکراسییەوە گوتویەتى:ئەگەر ئیسلامییەکان بیانتوانیایە بەبێ دیموکراسییەت بگەنە خواستەکانیان،بەهیچ جۆرێک لەبارەى دیموکراسییەوە نەدەدوان و پەناشیان بۆى نەدەبرد.ئەمە ئاماژەیەکى روونە لەوەى حیزبە ئیسلامییەکان،تەنیا بۆ گەیشتن بەدەسەڵات،باسى دیموکراسی دەکەن،ئەگینا لەجەوهەردا بڕوایان پێى نییەو ڕێگرى لەئاڵوگۆڕى دیموکراسییانەى دەسەڵاتدا دەکەن.


ئیسلامییەکان و پێوەندییان بەوڵاتانى دەرەکییەوە.


بەپێى زانیاری راپۆرتێکى شیکاری کە لەژمارەى34ى گۆڤارى"چرکە"لەسەر پێوەندى حیزبە ئیسلامییەکان بەوڵاتانى دەرەوە، ئاماژە بەوەکراوە کەحیزبە ئیسلامییەکان دابەش بوونە بەسەر چەند وڵاتێکى دەرەکى،کۆمەڵى ئیسلامى سەر بەئێران و یەکگرتووى ئیسلامی بەر تورکیا کەوتووەو بزوتنەوەى ئیسلامیش بەهۆى ئەوەى زیاتر بڕواى بەسوونەگەرایی هەیە،بۆتە داردەستى وڵاتى سعودیە.هەر لەدرێژەى راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە ئەو وڵاتانە دەیانەوێت لەڕێگەى ئەم حیزبانەوە پرۆگرامەکانى خۆیان لەهەرێمى کوردستاندا پراکیتک بکەن.کەواتە حیزبە ئیسلامییەکان هێندەى مەغزایەکى دەرەکى لەپشت ئەجێنداى کارکردنیانەوە ئامادەگى هەیە،خزمەتکردنى ئایین و پێشکەوتنى هەرێم لەبەرنامەى ئەواندا نییەو خاوەنى پرۆژەى تایبەت بەخۆیان نین،لەکاتێکیشدا ئەو حیزبانە لەلایەن وڵاتانى دەرەکییەوە پشتگیری دارایی دەکرێن و پارە لەحکومەتى هەرێمیش وەردەگرن کە یەکگرتووى ئیسلامى(450،000000)ملیۆن و بزووتنەوەى ئیسلامى (80،000000)ملیۆن و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستانیش (300،000000)ملیۆن دینار مانگانە وەردەگرن. وەرگرتنى پارە بۆ بەرژەوەندى وڵاتانى دەرەکى فاکتەرێکى نێگەتیڤە بۆ ئاڵۆزکردنى ئاسایش و خولقاندنى قەیرانى جۆراوجۆر لەنێوخۆى هەرێمداو لەم نێوەندەشدا هەرێم لەسەرێتى بەدواداچوون لەم بارەیەوە بکات و سزاى ئەو حیزبانە بدات کە بەرنامەو پلانى دەرەکى دەگوازنەوە کوردستان،چونکە مەترسییەکەى زۆر لەوە گەورەترە وەک چاوەڕوان دەکرێت.


بارەگەى حیزبى جێگرەوەى قوتابخانەکان.


بارەگەى حیزبە ئیسلامییەکان بەتایبەتى بارەگەکانى یەکگرتوو بوونەتە جێگرەوەى قوتابخانەکان لەوێدا بەبیانووى قورئانخوێندن هەوڵى زیادکردنى نفوزى یەکگرتوو دەدرێت تاوەکو لەم کڵاورۆژنەیەوە بگەنە دەسەڵات.بەپێى ئەو زانیارییانەى کە لەدەمى چەند منداڵێکەوە دەستم کەوتوون لەبارەگەى حیزبە ئیسلامییەکاندا سەرەڕاى ئەوەى منداڵان فێرى نوێژو پەروەردەى ئایینى کراون،پێیانیشگوتراوە گوێ لەگۆرانى و مۆسیقا نەگرن و کچەکان لەچک بکەنە سەریان و تێکەڵاوى کوڕان نەبن و تەماشاى کەناڵە عەلمانییەکان نەکەن و رەوشتى فیلم و دراما ئێرانییەکان پەیڕەو بکەن کە لەکەناڵى حیزبە ئیسلامییەکانەوە پەخش دەکرێن.کارەساتەکە لەگەڵ پێگەیشتنى ئەو نەوەیەدا دەست پێدەکات کە پەروەردەکراوە بەوەى گوێ لەگۆرانى نەگرێت و تێکەڵاوى یەکترى نەبن و گۆشکراوبن بەبەرنامەو جۆرە کوولتوورێکى توندڕەوانە کە لەگەڵ خۆیدا ماڵوێرانى بەجیهاندا بڵاوکردۆتەوە.


ئومێد قەرەداغى،نووسەرو شارەزاى هزرى ئیسلامى سیاسی لەژمارەى669ى هاوڵاتیدا دەڵێت:لەهیچ شوێنێکى دونیاى دیموکراسى و مەدەنیدا نەبووە حیزب لەجیاتى پرۆژەى نوێنەرایەتیکردنى خەڵک و پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان، پرۆژەى فێرکردنى نوێژو رۆژى هەبێت.ئەم دەستەواژە رەخنەییانە ئاراستەى یەکگرتووى ئیسلامى کراوەو لەئێستاکەشدا باسکردن لەم حیزبە، وەکو ئەوەوایە باسى سەرجەم حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستان بکرێت،چونکە تەنیا لەرووى ناوەوە لەیەک جیاوازن،ئەگینا هەمان بەرنامەو ئەفکارى یەکتریان هەیەو هێشتاکەش ناکۆکییەکى قووڵیان لەنێواندایە لەسەر کۆنترۆڵکردنى ئیسلام بۆ بەرژوەوەندى حیزبیان و زیادکردنى پێگەى جەماوەرییان،مەترسییەکان لێرەوە دێنە پێشەوە،هەرکە حیزب لەڕێگەى کادیرەکانییەوەو بەمەبەستى چەواشەکردن و رێگەخۆشکردن بۆ گەیشتنە دەسەڵات،مێشکى منداڵان بشواتەوە بەمەبەستى هاتنەدى مەرامە سیاسییەکانیان.


میدیا و هەڕەشەى ئیسلامییەکان.


سەرەڕاى ئەوە ئیسلامییەکان زۆرترین رەخنە لەدەسەڵات و عەلمانییەکان دەگرن، بەپێچەوانەوە خۆیان قەبووڵى رەخنەگرتن ناکەن و چاودێرێکى وردى میدیاکان دەکەن بەتایبەتى ئەو دەزگەو نووسەرانەى لەسەر ئیسلامییەکان دەنووسن،ئیدى لەڕێگەى میدیاو مینبەرەکانى مزگەوتەوە هێرش دەکرێتە سەر نووسەرەکەى و هانى خەڵکى دەدرێت بۆ ئەنجامدانى توندوتیژى. ئەمە کەى رەوایە لەژێرسایەى دەسەڵاتێکدا کە بەردەوام بانگەشەى دیموکراسى تێدا بەرزدەکرێتەوە مەلایەک تۆمەتى بێ ڕەوشتى و قەحپەیی بۆ هونەرمەندێکى ئافرەت دروست بکات،ئەمەش لەکاتێکدایە دەسەڵات و داواکارى گشتى و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لێى بێدەنگن و رەوت و هاوشێوەو قسەکەرى لەم جۆرەش بەبەرنامەوە لەزیادبووندابن و لەلایەنى دەوڵەتانى زلهێزەوە پشتگیرى بکرێن بۆ تێکدان و شێواندنى هەڵومەرجى هەرێم.


قەبووڵنەکردنى فرە ئایینى.


سەرەڕاى موسڵمانبوونى زۆرینەى خەڵکى کوردستان،لەپاڵ ئەمەشدا لەپەیڕەوانى ئایینەکانى دیکەشى تێدایەو بەوپێیەش کە دوو حیزبى عەلمانى ئێستاکە لەدەسەڵاتدان، ئاماژەکان ئەوەیان دەرخستووە کە دژى چەوساندنەوەی ئایینى بوونەو لەسەر ئاستى سیاسیش گرنگترین وەزارەت بەکەسێکى مەسیحى دراوەو هەزاران فەرمانبەرو بەرێوەبەر بەشدارن لەبەڕێوەبردنى لەحکومەتداو دەکرێت ئەمەش وەک سەرەتایەکى باش سەیربکرێت بۆ پێکەوەژیانى ئایینەکان.ئەگەرچى هەندێجار لەلایەن توندڕەوانى ئایینییەوە کە ئاماژەکان ئەوەیان دەرخستووە سەربە حیزبە ئیسلامییەکان بوونەو بەچاوى جیاوازییەوە تەماشاى پەیڕەوانى غەیرە ئیسلام کراوە کە لەژێر کاریگەرى هەندێ مەلاى حیزبە ئیسلامییەکانەوەبووەو لەمینبەرەکانەوە هانى کەسانێک دراوە بەچاوى جیاوازییەوە تەماشاى غەیرە ئیسلامی بکرێت، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى تاوەکو ئێستاکە حیزبە ئیسلامییەکان چ لەپەرلەمان و چ لەرووى کۆمەڵایەتییەوە خاوەنى بەرنامەیەک نەبوونە بەمەبەستى پێکەوەژیانى ئایینەکان،بەدیوەکەى تریشەوە رۆژانە میدیای حیزبە ئیسلامییەکان بانگەشەى تاک ئایینى دەکرێت و ئەمەش توندوتیژى و ناسەقامیگرى و پێشێلکردنى مافى بەرانبەرى لێدەکەوێتەوە.


مزگەوت لە مەڵبەندى خواپەرستییەوە بۆ بانگەشەى ئیسلامییەکان.


هەرچەندە مزگەوت مەڵبەندى خواپەرستییە، لەگەڵ ئەمەشدا حیزبەکان بەپێى بارودۆخ و پێویستییان مزگەوتییان بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکارهێناوە،بەڵام لەئێستاکەدا ترسەکە لەوەدایە کە حیزبە ئیسلامییەکان بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژاو خۆیان خزاندۆتە مزگەوتەکانەوەو لەشکرێک مەلایان دروستکردووە بەتایبەتى لەقەزاو ناحیەو گوندەکاندا تاوەکو بەرنامەى حیزبە ئیسلامییەکان بەخەڵکى رابگەیەنن و لەبەرانبەریشدا دەسەڵات نەرمى نواندووەو بەجۆرێک لەجۆرەکان هاریکاریش بووە لەپەرەسەندنى دیاردەکەداو رەمەزانى ئەمساڵیش بەڵگەیەکى ترە کە میدیاى دەسەڵات و عەلمانییەکان لەو مانگەدا بەهەزاران بەرنامەو سەدان گۆرانى ئایینییان بەرهەم هێناو ئەمەش بێ بەرنامەیی و سیاسەتى دووفاقى عەلمانییەکان نیشاندەدات و بەدیوەکەى تریشەوە لەبەرژەوەندى ئیسلامییەکان شکایەوە.سەرەڕاى پێویست نەبوونى وەزارەتى ئەوقاف،پێدانى وەزارەتەکە بەئیسلامییەکان هەڵەیەکى ستراتیژى دەسەڵاتە کە بەم هۆیەوە بەشێک لەداهاتى دەوڵەت کەوتۆتە ژێردەستی ئیسلامییەکان و لەپێناوى بەرژەوەندى حیزبییاندا خەرج دەکرێت و دواتریش کۆمەڵگە باجەکەى دەدات.


حیزبى ئیسلامى سیاسى، ئەو رەوتە ئایینییەیە کە ئیش لەسەر بەئیسلامیکردنى کۆمەڵگەو دەوڵەت و بارى رۆشنبیرى و هونەرى و ئەدەبى و کولتوورى دەکات و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە پاڵ بە بەهاو ئینتیما نەتەوایەتییەکان دابدات و شوناسێکى داخراوى ئایینى و سیاسى بەبەرۆکى کۆمەڵگەدا بکات، لەهەمان کاتیشدا سنوورێک بۆ ئازادى تاک و کۆمەڵگە دابنرێت و کایە جیاجیاکان بکەونە ژێر دەسەڵاتى پیاوانى ئایینى و دەوڵەت و دەزگەکانى پیاوانى ئایینی بەڕێوەى ببەن.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا